شۆڕشى كورد له‌ بیروه‌رییه‌كانى به‌هادین نورى دا

دیوەکەی تری شۆڕشی کورد

شۆڕشى كورد له‌ بیروه‌رییه‌كانى به‌هادین نورى دا

640 خوێندراوەتەوە

  به‌شى یه‌كه‌م

 

ئەمەی لێرەدا دەیخوێنیتەوە بە ئەدرەسی ( پرسی کورد و ئەزموونی کوردستانی عێراق ) لە واقیعدا بیرەوەرییەکانی خۆمە لەماوەی زێتر لە ٧٠ ساڵی ڕابردوودا ( لە چلەکانی سەدەی بیستەوە تا ئیستە).

 

من مێژوونووس نیم، بەڵام لە ساڵی ٩٤٦ وە چوومەتە ناو سیاسەت و حیزبایەتی و هاوچەرخی هەموو ڕووداوەکانی عێراق بووم بە کوردستانیشەوە. جەڵدی یەکەمی بیرەوەریەکانی خۆم لە ١٩٩٦ دا بە عەرەبی چاپکردووە. جەڵدی دوەمیشم نوسیوەو هێشتا بڵاوم نەکردۆتەوە. ئەم نامیلکەیەش کە بەکوردی نوسیوومە تەواوکەری ئەو دوو کتێبەیە.

 لەم کتێبەشدا ڕووداوەکانم وەکو خۆیان باسکردووە بەبێ هیچ گۆڕانکاریەک. هێندەش پێوەندی هەبێ بە کۆمێنت و شیکردنەوەی ڕووداوەکان ئەوە ڕاو بۆچوونی خۆمە تەنها خۆم بەرپرسیارم.

لەم نوسینەدا ناوی حیزب و کەسایەتی زۆر هاتووە. دەمەوێ لێرەدا بڵێم کە من هیچ کاتێ دوژمنایەتی شەخسی و کێشەم لەگەڵ هیچ کەسێ لەوانە نەبوەو نییە. من لە ڕوانگەی بەرژەوەندی گەل‌و نیشتیمانەوە باسی کارو باری سیاسیم کردووە، هەڵوێستی خۆم دەربریووە وەکو مارکسیەک، بەرگریم لە مافی نەتەوەیی ڕەوای گەلەکەم کردووە کە دووچاری دابەشکردن و ژێردەستەیی بوون‌و بە پێی بەرنامەی ( UN ) و پره‌نسیبی مرۆڤایەتی و نیو نەتەوەیی مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هەیەو لێیداگیرکراوە. من لە ساڵی ٩٥٢، کاتی سکرتیری حشع بووم، ئەم هەڵویستەم وەرگرتووەو تۆمارکراوە لەبەرنامەی حشع دا.

میللەتی کورد یەکێکە لەو میللەتە گەورانەی سەر ئەم گۆی زەمینە کە ژمارەی خەڵکەکەی لەسەروی ٤٠ ملوێنەوەیەو تا ئێستە، چەرخی ئینتەرنێت و ئەم پێشکەوتنە خەیاڵیەی زانست و تەکنیک، بێ بەشە لەمافی نەتەوەیی ڕەوای خۆی. هەموو ئەو کوردە تیکۆشەرە نەتەوەییانەی کە ئاڵای خەباتیان هەڵگرت لە پێناوی مافی ڕەوای گەلەکەیاندا، وەک دامەزرینەری حیزبی هیوا ڕەفیق حیلمی و دامەزرینەران و تێکۆشەرانی پارتی مستەفا بەرزانی و ئیبراهیم احمد و جلال تالەبانی و هەمزە عەبدوڵا و نەوشیروان مستەفا و علی عبدواللە و نوری شاوەیس و مەسعود بەرزانی و ساڵح یوسفی و کەمال فوئاد علی عەسکەری و فوئاد معصوم سامی عبدلرحمان و عدنان مفتی و محمود عوسمان و ڕەسوڵ مامەند و جوهر نامیق و گەلێ کەسی دیکەش، هەموو شایستەی ڕیزو تەقدیرن وەک دەستەی پێشەنگی بزوتنەوەی نەتەوەیی رزگاریخوازی کوردستان. بە بۆچونی من ئەم برایانە ئەگەر تووشی هەڵەش بووبن، ساڵانی پێش وەرگرتنی دەسەڵات لە ٩٩١ دا، چاوپۆشیان لێدەکری، جگە لە هەڵەی شەڕی برا کوژی کە بوو بە خۆرەیەکی کوشندە لە شۆڕشی کوردا.

 

 

 

پێشەکی یان دیوەکەی تری شۆڕشی کورد

 

٥٧ ساڵ لەمەوبەر، لە ئەیلولی ١٩٦١، بزوتنەوەی چەکداری کوردستانی عێراق دەستی پێکرد بە بڕیاری سەرکردایەتی پارتی بەهەردوو باڵەکەیەوە، باڵی مستەفا بارزانی سەرۆکی حیزب و باڵی مەکتەبی سیاسی کە ئیبراهیم احمد سکرتیری بوو. لەمەودای ئەم ٥٧ ساڵەدا بزووتنەوەکە بە وێسگەی جۆراو جۆردا تێپەڕیوە، سەرکەوتن و تێشکانی بە خۆیەوە دیوە، میللەتی کوردیش گەلێ ڕۆژانی خۆش و ناخۆشی دیوە، ڕۆژێ شایی و هەڵپەرکێ و ڕۆژێ شین و واوەیلا.

ئەرکی هەرە قورسی ئەم شۆڕشە بەسەر شانی پێشمەرگە گەنجەکانەوە بووە کە لەو ساڵانەدا دەیان هەزار شەهیدیان داوەو هەزاران کەمئەندامیان جێهێشتووەو هەزاران بەدیلگیراون‌و کوژراون. بەشێکی گەورەش لەو ئەرکە کەوتبووە سەر شانی گوندنشینانی کوردستان کە لە نیوە شەودا بە ڕووی خۆشەوە لەخەو هەڵدەستان بۆ پێشوازی لە پێشمەرگە و دابینکردنی خواردن‌و ئیسراحەتیان. بەبێ یارمەتی ئەو گوندنشینانە پێشمەرگە بەهیچ کلوجێ نەیدەتوانی ئەو شەڕە بکات. بەڵگەی ئەمەش دەرکەوت پاش ئەوە کە سەدام هەموو گوندەکانی هەرێمی ڕووخاند، لە ساڵی 1988 دا. شاریش ڕۆڵی خۆی هەبوو، باجی خۆیدەدا، بەیانێکی ئۆپۆزیسیۆن بە دیوارێکەوە هەڵواسرایە   خانووەکە دەڕوخێنرا یان لانی کەم خاوەن ماڵ دەخرایە بەندینخانەی بە عس.

 

کەس نازانێ لەم ٥٧ ساڵەدا چ مەینەتی و دەردیسەری و نەهامەتیەک تووشی ئەم وڵاتە بووە، ئەوانە نەبێ بەچاوی خۆیان دیویانە. بڕیار بەدەستانی شۆڕش بەدرێژایی ئەم ٥٧ ساڵە بۆتاکە جارێکیش لە میللەتەکەی خۆیان نەپرسی:

 ـ ئێوە، ئەی خەڵکی کوردستان، ڕاتان چیە بەم شۆڕشە کە بەناوی ئێوەوە بەرپامان کردووه‌؟

لەم ٥٧ سالەدا یەکێ لەسەرکردەکانی پارتی بیری لەوە نەکردەوە دیراسەیەک لەسەر ئەم پرسە بنووسێ، هەوڵی شیکردنەوەیەکی بابەتیانەی ئەوهەموو بەسەر هاتە تاڵەی وڵاتەکەی بدات و بپرسێ : ئەمە بۆ وەها ڕۆیشت و کێ بەرپرسیارە لەم هەڵە گەورانە؟ پاش هەڵگرتنی چەک بە ٢٧ ساڵ، هاوکات لەگەڵ وەستانی شەری عێراق ـ ئێران، شۆڕشی کورد خۆی لەنێو تونێلێکی تاریکدا دیتەوە: هەموو گوندەکانی کوردستان ڕووخێنران و بەبیلدۆزەر تەختکراون، پرۆژەی سەدام سەبارەت بە کیمیایباران و ئەنفال جێبەجێکراوە، پاشماوەی پێشمەرگە دەرکراون تا ئەودیوی هێڵی سنور لەگەڵ ئێران، هەزاران پێشمەرگەو لاوانی تێکۆشەر چوون، یان لەهەوڵدان بچن بۆ دەرەوەی وڵات لەشوێن پەنابەری. ئەم هەموو مەینەت و کارەساتە بەسەر میللەتی کوردا هات و نقەی ناڕەزایی نەبیسترا، نە لە ئەمریکا نە ئەوروپا نە مۆسکۆ نە لە ڕێکخراویکی جیهانی، پێش کیمیابارانی هەڵەبجە. ئەگەر سەدام دەستی بۆ ( بڤە ) نەبردایە، ئەگەر کوێتی بە خۆیی و نەوتەکەیەوە نەگرتایە، ڕەنگبوو تائیستاش میللەتی کورد لەو تونێلە تاریکەدا گیرۆدەی دەستی سەدام و عودەی بوایە. بەڵام گومڕایی و بێعەقڵی خودی دیکتاتۆر دۆخێکی وەهای خوڵقاند کە زلهێزەکان گورزێکی کوشندەی لێدەن و هەرێمی کوردستانیش لە ١٩٩١ وە ڕزگاری ببێ و بۆیەکەم جار لە مێژودا بۆماوەی ١٢ ساڵ سەربەخۆ بژی لەسایەی حکومەتی خۆیدا بەسەرپەرشتی سەرانی پارتی و یەکیەتی. پاش ڕووخانی سەدامیش ( ٢٠٠٣ )، ١٥ ساڵی دیکەش حکومەتی هەرێم وەکو بەشێ لەدەوڵەتی عێراق هاتۆتە کایە.

 واتە ٢٧ ساڵە پارتی و یەکیەتی حکومڕانی ئەم هەرێمەن. ( ٣٠ ) ساڵیش پێش ئەمە ( ١٩٦١ ـ ١٩٩١ ) سەرکردایەتی خەباتی چەکداری کوردیان کردووە. واتە ٥٧ ساڵە ئەم دوو حیزبە، وردتر بڵێین سەرانی ئەم دوو حیزبە سەرکردایەتی بزوتنەوەی چەکداری و دواتر حکومڕانی هەرێمییان کردووە.

من لەوڕۆژەوە چوومە ڕیزی حشع تائیستەش ٧٣ ساڵە، هاوچەرخی ڕوداوە سیاسیەکانی ئەم ٧٣ ساڵەم، چ لە کوردستاندا چ لە هەموو عێراقدا. لە ئاخرو ئۆخری ژیانمدا بە پێویستم زانی بیرو بۆچونی خۆم سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئەم ٥٧ ساڵە لە مێژوی بزافی چەکداری و دواتر حکومڕانی هەردو حیزبی نەتەوەیی. کە لە ئەسڵدا یەک حیزب بوون ـ بخەمە سەر کاغەز بۆ نەوەی ئەمڕۆش و نەوەکانی ئایندەش.

 خۆزگە خەڵکی دیکەش لە ڕۆشنبیران و مێژونوسان بە ئەرکی خۆیان هەڵسایەن، بیرو بۆچوونی خۆیان بخستایەتە ڕوو چ لە شیوەی موناقەشەیەکی بابەتیانەی ئەم تیزانەی منەوە بوایە چ لە شێوەی وتارو کتێبی تایبەت بە خۆیانەوە بوایە.

من بەلامەوە عەجیب نیە ئەگەر سەرکردەکانی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد لەوڵاتێکی دواکەوتوی وەک ئەم وڵاتەی ئێمەدا، لەهەوڵی بەدەسهێنانی مافی نەتەوەیی و ڕەوای گەلەکەیاندا، تووشی هەڵەی جۆراو جۆری گەورەو بچووک ببن. چوونکە بە ڕێگەیەکدا دەڕۆن کەلەوەو پێش پێیدا نەڕۆشتوون، ڕوو بە رووی نەیارێک دەبنەوە کە بە عەقڵ و لۆژیک قسە ناکات، مامەڵە لەگەڵ کەسانێکدا دەکەن کە دەسەڵات و سوپاو پۆلیس و بەندینخانەیان لە دەستدایە.

ڕەگوڕیشەی کێشەی کورد دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەکی دوری ئەم وڵاتانەی کوردیان تێدا دابەش کراوە : ئیمپراتۆریەتی عەباسیەکان و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دەوڵەتی فارس. کورد هەمووکاتێ بەش بەش بووە لە نێوان ئەمانەدا و زۆر کات ئاینیش یارمەتی دەر بووە بۆ لکاندنی کورد بە یەکێ لەم دەوڵەتانەوە. دابەش بوونی کورد کۆسپی سەرەکی بووە و تا ئیستەش سەرەکییە لە رێگەی دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردیدا. تەنها لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم هەلێکی لەبار هاتە کایەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لەلایەن بەریتانیاوە، کورد ئامادەبوو، هەوڵی بۆدا، حکومەتی شیخ مەحمودی حه‌فید لە سلێمانی دامەزرێنرا، ساڵێک مایەوە، بەڵام ئیمپریالیزمی بەریتانی رێگر بوو.

بە هەرحاڵ، پێویستە ئەوڕاستیە بزانین کە لە دۆخی ئەمڕۆدا هیچ ئاسۆیەک لەبەردەم کوردستانی عێراقدا نییە بۆ سەربەخۆیی ئەم میللەتە لە ڕێگەی زەبرو زۆر و چەکداریەوە. ڕێگەی گەیشتن بە هەموو مافێکی ڕەوای ئەم گەلە ڕێگە خەباتی ئاشتیانەیە لە سایەی عێراقێکی دیموکراتیدا. ئیستە نە عێراقی دیموکراتی هەیەو نە هەرێمێکی دیموکراتی.

با بگەڕێینەوە سەر ٥٧ ساڵەکەی خەباتی چەکداری و حکومڕانی لەلایەن هەردو حیزبی نەتەوەیی کوردەوە، پارتی و یەکێتی. لەم کتێبەدا باسی هەڵەکانیانم کردووە کە هەردووکیان لەسەر یەک ئاست بەر پرسیارنین. هەڵە هەیە بەتەنها لایەکیان بەرپرسیارەو هەڵەش هەیە هەردولا وەک یەک بەرپرسیارن، یان لایەکیان زیاتر بەر پرسیارە. لەم پێشەکیەدا ئاماژە بۆ ئەم هەڵانە دەکەم و دواتریش کەمێ بە درێژی لە کتێبەکەدا دەیخوێنیتەوە :

١ـ هەر لەسەرەتاوە، لە ١٩٦١ دا، دەسپێکردنی خەباتی چەکداری هەڵەیەکی ستراتیجی گەورەبوو پارتی بە هەردوو باڵەکەیەوە کردی.

٢ـ لە ٩٦٦ ـ ٩٧٠ باڵی مەکتەبی سیاسیی بەسەرکردایەتی ئیبرایم احمد هەڵەیەکی کوشندەی کرد کە چەکی هەڵگرت بە هاوکاری بەغدا دژی کورد.

٣ـ لە ١٩٧٥ ئاشبەتاڵی پاش ڕێکەوتنی جەزائیر تێشکانێکی زۆر گەورە بوو بۆ کورد. مستەفا بەرزانی بەتەنیا بەرپرسیارە لەم تێكشکانە.

٤ـ ٣١ ئابی ١٩٩٦ هەڵەیەکی گەورەیە لە مێژووی کوردا کە هەردوولای لێ بەرپرسیارن و لە پلەی یەکەمدا مەسعود بەرزانی.

٥ ـ شەڕی برا کوژی لەنێوان هەردوولا، کە لە ٩٦٤ وە دەستی پێکرد و هەتا ٩٩٧ بەشێوەیەکی بچڕ بچڕ هەر بەردەوام بوو گەورەترین و ترسناکترین هەڵەیە لە هەموو شۆڕشی کوردا و گەورەترین زیانیدا لەو شۆڕشە. لەم شەرەشدا زیانمەندترین جەولە شەڕی نەوەدەکان بوو کە هەلێکی لەکیسدا قەرەبوو ناکرێتەوە بۆ گەلی کورد.

٦ ـ شەشەمین هەڵەی کوشندە کە هەنگاوێکی زۆر گەورە بە خەباتی ڕزگاری خوازی ئەم گەلە چووە دواوە ڕیفراندۆمەکەی ئەیلولی ٢٠١٧ کە پارتی و یەکیەتی و یەکگرتووی ئیسلامی لێی بەرپرسیارن، زیاتر لە هەمووشیان مەسعود بەرزانی کە دەستی پێکردو سەرۆکایەتی کەیسەکەی کرد. ئەو ڕیفراندۆمەش زیانێکی زۆر گەورەی دا لەم میللەتە کە هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە.

 

 

لە سایەی سیاسەتی حیزبایەتی تەسک و قۆرخکردنی دەسەڵاتدا، واتە سیاسەتی دژ بە دیموکراسی، سەرانی پارتی و یەکیەتی بۆ نزیکەی ٢٠ ساڵ حکومڕانیان کرد بەبێ هیچ ئۆپۆزیسیۆێنێکی پەرلەمانی، هەتا ئەوکاتەی راپەڕینێ لە ناو ینکدا، بە سەرکردایەتی جێگری سکرتێری گشتی نەوشیروان مستەفا، بەرپا بوو بە پشتگیری ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی ناڕازی لە سیاسەتی یەکیەتی و پارتی. زادەی ئەم ڕاپەڕینە دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان بوو کە بەشداری کرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠٠٩ داو نزیکەی چوار یەکی کورسیەکانی پەرلەمانی هەرێمی بەدەستهێنا. زۆرینەی سلێمانی و دەوروبەری دەنگیاندا بە گۆڕان، زۆرینەی دهۆکیش دەنگیان دا بە پارتی و هەولێریش نەیتوانی، لە ژێر دەسەڵاتی پارتیدا، بە ئازادی دەنگبدات.

 پارتی کە شێکی وەهای دروستکرد کە تای ترازوی پارتی قورستر بکات. لە لایەکی دیکە شەوە لەدوای هەڵبژاردنی ١٩٩٢ وە هەمیشە دوحیزبی حکومڕان، بە تایبەتی پارتی، پشتیان بە تەزویر بەستووە لە هەڵبژاردنەکاندا، جگە لەبەکارهێنانی دەسەڵاتدارێتی و حیزبایەتی تەسک بۆ ڕاکیشانی دەنگی هاوڵاتیانی سادە. لەبەر ئەوە نەزانراوە دەنگی راستەقینەیان چەندە.

پارتی و یەکێتی لەم ٢٧ ساڵەدا بەردەوامبوون لە حکومڕانی بە ڕێڕەوی حیزبایەتی تەسک و لە گەندەڵکاری بە شێوەیەکی بەر بڵاوو ئاشکرا، بە ڵام ئەوگۆڕانکاریانەی بەسەر هەرێمدا هاتن، پاشی ڕزگار بوونی ٩٩١، بڕیاری دژە فڕین دژ بە سەدام، وەزعی کوردستانی گۆڕی و کەلە بەرێکی ڕاگەیاندنی لە حاڵ و ماڵی حکومراناندا دروستکرد، بۆ یەکەمجار لە ڕاگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆندا بەدەرچوونی ڕۆژنامەی ( هاووڵاتی ) لە شاری سلێمانی ـ هەر لە سلێمانیشدا شتی وەها دەکرا پەیدا ببێ و لە هەولێر، لە ژێر دەسەڵاتی بەرزانیدا، تا ئەم چرکەیەش شتی وەها نیە. دواتر گۆڤاری لڤین و ڕۆژنامەی ئاوێنە، دواتر تەلەڤیزوێنی گۆڕان، دواتر تەلەڤزوێنی ئین ئاڕ تی. ئەوەی لەم دەزگایانەوە بڵاو دەکرانەوە دەگەیشتنە دهۆک و هەولێر هەموو دنیا، واتە پارتیشی دەپێکا. ئازادی ڕاگەیاندن هەموو پۆخڵەواتی پارتی و یەکیەتی فەزحکرد.

 ئەوەش هۆکاری بنەڕەتیە بۆ ئەو قەیرانەی کە تێیدا دەژین و ئەو باڵباڵێنە کە وەزعی لێتاڵکردوون و مانەوەیانی خستۆتە ژێر هەڕەشەیەکی جدی. سەرانی ئەم دوو حیزبە تا ئێستە هیچ دەرسێکیان لەم هەڵەو تێشکانە گەورانەیان وەرنەگرتووە کە لە ساڵانی دوورو درێژی کوردایەتیاندا تێیکەوتوون. پێیانوایە کە پۆستی سەرکردایەتی ئەم هەرێمە تاپۆیە لەسەر هەردوو بنە ماڵەو مافی ڕەوای خۆیانە وەک ڕژێمی پاشایەتی بە ئیرس حکومڕانی بڕوات لە باوکەوە بۆکوڕ و کوڕەزا.... هتد.

 ئەگەر بە عەقڵ و لۆژیک بجووڵێن دەبێ واز لە قۆرخکردنی دەسەڵات و حیزبایەتی تەسک و کرداری دژ بە دیموکراسی و گەندەڵکاری و دژە شەفافیەت بێنن و بە شێوەیەکی شارستانیانەو دیموکراسیانەی هاوچەرخ، وەکو خۆیان دیویانە لە وڵاتە دیموکراتیەکاندا، بجوڵێن، دیموکراسیانە مونافەسەی حیزب و ڕێخراوی سیاسی تر بکەن، ئەوە دوا ڕۆژی سیاسی خۆیان دەبەستن بە دواڕۆژی گەلەکەیانەوە. ئەگەر بە پێچەوانەش بێ، بێگومان ئەنجامەکەی بەدڵی خۆیان نابێ.

 

 

 

 

 

 

دەسپێکی قۆنا‌‌غێکی نوێ لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد

 

بەرلەوەی قسە لە سەر ئێستە و دواڕژی کورد بکەین با ئاوڕێ لە مێژووی پێشووی بدەینەوە. کورد یەکێ لە چوار نەتەوە سەرەکیەکەی ئەم ناوچەیە بووە ( عەرەب، فارس، تورک، کورد ) عەرەب بۆ ماوەی 600 سال ئیمپراتۆریەتی ئیسلامیان بەڕێوەبردووە، تورکیش بۆ نزیکەى 500 ساڵ. فارسیش هەمیشە خاوەنى دەوڵەتى خۆیان بوون. بەڵام بە پێی مێژووى تۆمار کراو کورد قەت خاوەنى دەوڵەتى سەربەخۆ نەبوون. هەمیشە بەشبەش و داگیرکراو بوون. هێندێ ئەمارەتى کوردى پەیدا بوون کە دواینیان ئەمارەتی بابان بووە، برێتی بوون لە شێوەیەکى ئۆتۆنۆمى ئەو سەردەمانە. دەرکەوتنى هەستی نەتەوەیی هاوچەرخ بەشێوەیەکى سەرەتایی لە کتێبی (شەرەفنامەدا) ڕەچاو دەکرێ، لە شۆڕشەکانى شێخ سعید پیران لەسەدەى بیستەمەوە دژی ئیمپراتۆریەتی عوسمانى، شێخ محمودى حفید لە دواى جەنگى جیهانى یەکەمەوە و کۆمارى مە هاباد لە دواى جەنگى جیهانى دووەمەوە هەستى نەتەوەیی هاوچەرخ خۆی دەرخست. بەڵام تاکو کۆماری مەهابادیش دیاردەیەکى سروشتى بوو کە خەباتی ڕزگاریخوازى کورد بە سەرۆکایەتى ئاغایەک ( یان شێخێک یان ملایەک ) برپاببێ چونکە خەڵکى خوێندەوار هەرلە ناو ئەوانەدا هەبوون.

کۆتایی جەنگى جیهانى دووەم قۆناغێکى نوێی تۆمار کرد لە جوڵانەوەى ئازادیخوازى نەتەوەییدا. لەم قۆناغەدا سەرکردایەتى بزوتنەوەى کورد بە قۆرخکراوى نەما بوو بۆ شێخ و ئاغاکان، بەڵکو شێوازێکى نوێش لە سەرکردە پەیدا بوون نە کوڕە ئاغا بوون نە شێخ و مەلا بوون، بەڵکو لە توێژی ڕۆشنبیرانى هاوچەرخبوون. با سلیمانى و مهاباد بگرین بە نموونە. سلیمانى لە چلەکاندا سەرکردەى وەکو ڕەفیق حلمى بەخۆیەوە بینى کە ڕۆشنبیرێکى هاوچەرخ بوو، حیزبی هیوای دروستکرد، سەرکردەى وەکو علی عبدللا و برایم احمد و جلال تاڵەبانی بەخۆیەوە بینى کە ڕۆشنبیری هاوچەرخبوون و پارتی دیموکراتی کوردستانیان دامەزراند، لە هەمانکاتدا مەلا مستەفاى بەرزانى بینی کە شێخى عەشرەت بوو بەرلەوە ببێتە سەرۆکى پارتی و سەرۆکى نەتەوەیی. پاش زیاتر لە 70 ساڵ تا ئەم چرکەیە، ئەوشێوەیە لە کۆمارى مەهابادیش قازى محمد سەرکۆمار بوو حاجی بابا شێخیش سەرەکوەزیران بوو، مەلا مستەفاش یەکێ لە سەربازە سەرەکیەکانی بوو کە لە عێراقەوە چووبوو لە هەمان کاتدا کۆمەڵێ لە ڕۆشنبیرانى کوردى ڕۆژهەڵات و باشوور لە کایەدا بوون.

سەرکردایەتی شێوازى کۆن - عەشایەری - لەگەڵ سەرکردایەتى ڕۆشنبیرانی هاوچەرخ، کە بە هەردولایان سەرکردایەتى پارتییان پێکدەهێنا لەپاش شۆڕشی 14 تەموزى 1958 وە بۆ ماوەیەکى کورت توانییان پێکەوە بە تەبایی کار بکەن، واتە لە 1958 وە کە مەلا مستەفا لە یەکێتى سۆڤیەت گەڕایەوە بۆ 1962. ڕاستەوخۆ لە دوای گەڕانەوەى مەلا مستەفا لە یەکێتى سۆڤیەت بۆ بەغدا سەرکردایەتى حشع ( حیزبی شیوعی عێراق )، کە ئەوکاتە گەورەترین حیزبی سیاسی عێراق بوو، بە کوردستانیشەوە، پێشنیازێکى پێشکەشی سەرکردایەتى پارتی کرد کە مەلا مستەفا دۆستى هەموان و برا گەورەیەکى ناحیزبی بێت. ئەمە بۆ خۆیشی و بۆ بەرژەوەندی کوردو هەموو عێراقیش باشترە. بەڵام سەرکردایەتى پارتى ئەمەى ڕەتکردەوە و دیارە خودى مەلا مستەفایش لەگەڵ ئەم پێشنیازە نەبوو.

مه‌لامسته‌فا بۆ ماوه‌یه‌ك زیاده‌ ڕه‌وی كرد له‌ مه‌دح و سه‌نای عبدالكریم قاسم له‌ لایه‌ك و هێرشكرنه‌ سه‌ر حسع و هاندان له‌ دژی له‌ لایه‌كی دیكه‌. ئه‌مه‌ش له‌كاتێدا كه‌ دوای ١٤ تموز هاوپه‌یمانییه‌ك واژۆكرابوو له‌نێوان حشع و پارتیدا، به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا له‌وه‌دابوو كه‌ هه‌ولی جێبه‌جێكردنى بده‌ن. به‌ڵام هه‌ڵوێستی توندى به‌رزانی بوو به‌ كۆسب له‌ڕێگه‌ی هاوكاریدا.

 

 

خەباتی چەکداری لە ١٩٦١دا هەڵەیەکی ستراتیجی گەورە بوو

 

له‌ ١٩٦١دا ڕووداوێ هاته‌ ئارا كه‌ كاریگه‌ریه‌كى قووڵی به‌ جێهێشت له‌سه‌ر ئایینده‌ى عێراق به‌گشتی و كوردستان به‌ تایبه‌تی – ئه‌وه‌ هه‌ڵگرتنى چه‌ك بوو له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ دژی ڕژێمی نیشتمانى كۆرپه‌كه‌له‌ ١٤ ته‌موزى ١٩٥٨دا له‌دایكبوو به‌سه‌ركردایه‌تی ئه‌فسه‌رى نیشتمان په‌روه‌ر قاسم. تائێسته‌ بڕیارێكی سه‌ركردایه‌تی پارتیم نه‌دیوه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنى خه‌باتی چه‌كدارى بۆ جێبه‌جێكردنى فڵانه‌ ئامانج. به‌گومانم كه‌ بڕیارێكى له‌م چه‌شنه‌ هه‌بێ. كاك مسعود له‌ كتێبه‌ كه‌یدا به‌ڕاشكاوى نوسیوێتى كه‌ هه‌ڵگرتنى چه‌ك دژی قاسم هه‌ڵه‌بوو. ئه‌م ڕایه‌م له‌ هه‌ندێ سه‌ركرده‌ى دیكه‌یشى پارتی بیستووه‌. به‌ڵام هه‌موو ئه‌م دانپێدانانه‌ دره‌نگ هات. من ١٩٦٦دا له‌ كۆچكردوو یوسف حه‌ننام بیست كه‌ له‌ دانیشتنێكدا ( سەرەک عەشرەتى ئاکۆ عباس مامەند وتى : ئێمە _ ئاغاکان _ هێندێ تەقوتۆقمان سازکرد بۆ ترساندنى حکومەت بەشکو واز لە دابەشکردنى زەویەکانمان بێنن، پارتی هاتوو کردی بە شۆڕشی خۆی ).

ڕای شەخسی من ئەوەیە کە دەزگای هەواڵگرى بەریتانیا، کەلە هەموو دەوڵەتێکى دیکە زەرەرمەنتر بوو بە هۆی شۆڕشی ١٤ ته‌موزەوە، توانى بە شێوەیەک لە شێوەکان پارتی تێوە بگلێنێ بێ ئەوەى ئاگای لە خۆیبێ. ئامانج لەم شەڕەش لاواز کردن و ڕووخاندنى ڕژێمى قاسم بوو - ئەمە جێبەجێ کرا بە کودەتاى ٨ شوباتى ١٩٦٣ کە بەریتانیا و ئەمریکا ویستیان لە پشتەوە بوون و لێدانى بزوتنەوەى کۆمۆنیستی ئامانجێکى سەرەکی ئیمپرالیستەکان بوو. باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرۆکایەتی ابراهیم احمد بە حەماسەوە چوو بە پیر خەباتی چەکداریەوە. بەڵام پێموایە ئەوپرۆژەیە سەرینەدەگرت ئەگەر مەلا مستەفا قبوڵی نەکردایە. بەهەرحاڵ بێ ئەم پرسە شایستەى مشتومڕو لێدوانە : دەستپێکردنى خەباتی چەکدارى کورد دژی ڕژێمى قاسم لە جێگەى خۆیدا بوو؟ کارێکى دروستبوو؟ من بەهەڵەى دەزانم لەو کاتەدا، لەبەر ئەم هۆکارانەى خوارەوە:

 

- لە سەرەتای دامەزراندنى دەوڵەتى عێراقەوە ( ١٩٢٠ ) قەت سەرەکوەزیر بۆ عێراق دانەنراوە بێ ڕەزامەندى باڵوێزى بەریتانی. لە تەموزى ١٩٥٨ دا قاسم ئەم وەزعەى سەرەو ژێرکرد، عێراقی لە ئیمپرالیزم ڕزگار کرد، بۆ یەکەم جار حکومەتێکى نیشتمانی خاوێن دا مەزرێنرا، عێراق لە هاوپەیمانى بەغدا _ کە پاشکۆی ناتۆ بوو _ دەرهێنرا، قاسم یاسای چاکسازى کشتوکاڵی دەرکردو ڕژێمى دەرەبەگى هەڵوەشێنرا، دەستورێکى کاتی داڕێژرا کە پرنسیپی ( شەراکەتى کورد و عەرەب ) ى تێدا داڕێژرا، کۆمەڵێ کاری باش کرا. پارتی بەهیچ شێوەیەک، لە سەردەمى پاشایەتیدا، نزیکەى ٤٠ ساڵ نە بیری لە خەباتی چەکداری کردبووە نەداواى شتێکى زۆر لەوە کەمتریش کردبوو. تەنها ٣ ساڵ بەسەر ١٤ تەموزدا تێپەڕیبوو کە چەکى دژ بە قاسم هەڵگرت. ئەمە بە هیچ پێوەرێکى لۆژیکى پاساوى نەبوو. دەبوو شانسی بدرایە بە قاسم، کوشاری سیاسی و جەماوەرى بخرایەتە سەرى لە پێناوى دیموکراتیزە و هەڵبژاردنى پەرلەماندا ( کە قاسم بیناکەشی بۆ دروستکردبوو ). من دوپاتی دەکەمەوە کە پارتی، بێ ئەوەى ئاگاى لە خۆی بێ، یان بە ئاگاو زانیاری تەواوەوە، بەم چەکهەڵگرتنە ڕاکێشرایە نێو پرۆژەى کاری ئیمپرالیستەکان بۆ ڕووخاندنى ڕژێمى قاسم. ئەمەش هەڵەیەکى ستراتیژی مێژوویی بوو کە ئاسەوارى خراپی بە درێژەى ٦٠ ساڵی ڕابوردوو هەتا ئێستە دەبینرێ. ئەمە و تەمەنى ڕژێمەکەى تەموز هێشتا 3 ساڵ بوو. ئەم چەکهەڵگرتنە ناوەختە ڕژێمى قاسمى لاوازکرد و بە بەرژەوەندی ئیمپرالیزمى بەریتانى _ ئەمریکى شکایەوە، کەشێکى باشی خولقاند بۆ گرێدانى هاوپەیمانی لە نێوان پارتی و حیزبی بەعسی عەفلەقیدا کە بە تاوانى کۆدەتای ٨ شوباتی ١٩٦٣ کۆتایی هات. ئەمە بەرپرسیارییەتێکى گەورە دەخاتە ئەستۆی سەرکردایەتى پارتی بە هەردوو باڵە کەیەوە. دەبێ ئاماژە بۆ ئەوەش بکرێ کە پارتی هیچ کەڵکێکى لەم هاوپەیمانیتیە لەگەڵ بەعس بەدەستنە هێنا، بەڵکو شکایەوە بە زەرەرى زۆربەسەرمیللەتى کوردو هەموو عێراق و خودى پارتیشدا.

 

 سه‌رنج:

" پرسی کورد و ئەزموونی کوردستانی عێراق" بیروه‌رییه‌كانى سیاسه‌تمه‌دار به‌هادین نورى، سكرتێرى پێشووترى حیزبى شیوعى عێراقه‌و، " دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین"  به‌ چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌ك بڵاوى ده‌كاته‌وه‌.

 

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك