چیرۆكى سایه‌ق ته‌كسییه‌ كورده‌كه‌و سه‌رۆكوه‌زیرانى هۆڵه‌ندا

بۆچى سه‌رۆكوه‌زیرانى هۆڵه‌ندا به‌ده‌ستى چه‌پ ته‌وقه‌ى له‌گه‌ڵدا كردووه‌؟

چیرۆكى سایه‌ق ته‌كسییه‌ كورده‌كه‌و سه‌رۆكوه‌زیرانى هۆڵه‌ندا

716 خوێندراوەتەوە

خالید ڕەزا - هۆڵه‌ندا

سەری ساڵ، بۆنەیەکە بۆ کۆبوونەوەی خیزانەکان‌و بەسەر بردنی کاتێکی خۆشی خێزانی. سەرۆكوەزیرانی حکومەتی هۆڵەنداش وەک هەر هاووڵاتیەکی وڵاتەکەی شەوی سەری ساڵی لەگەڵ دایک و کەسوکارەکەی بەسەر برد، بەلام هەر خۆی بەتەنها نەک بە قافڵەی حیمایەو مەترەلۆزەوە.

 

دانا سەلام و مارک رووتە

ئەم وێنەیە کە ئەیبینی ئەوە (Mark Rutte) مارک ڕووتە، سەرۆک وەزیرانی هۆلەندایە کە لەشەوی سەری ساڵ دا بە تەکسی هاتوچۆی کردووە، چیرۆکی ئەم وینەیەش بەم جۆرەیە:

سێ هەفتە بەر لە هاتنی سەری ساڵ، مارک ڕووتە لە رێی کۆمپانیایەکی تاکسیەوە، داوایکردووە بۆ شەوی سەری ساڵ تاکسیەکی بۆ دابین بکەن، کۆمپانیای تاکسییەکەش خاوەنی یەکێ لەو تاکسیانەی کە بۆ ئەوانیش کار ئەکا، را ئەسپێرن کە سەرۆك وەزیر لەو ئادرەسەوە ببات بۆ شوینێکی ترو بچێتەوە بە شوینێ دا. ئەوانیش ئەم ئیشە بە کاک دانا سەلام دەسپێرن کە کوڕە کوردێکی کەرکوکییه‌و ماوەی ٢٢ ساڵە لەشاری دیلفت ی وڵاتی هۆڵەندا ئەژی.

کاک دانا وتی کە ئەو ئیشەیان پێ سپاردم بەلامەوە قورس بوو کە سەرۆکوەزیران ببەم و بیهێنمەوە، وتی وام ئەزانی ئێستە یەک دوو بۆدی گاردی لەگەڵدایە، کەچی کە چووم بە شوینیدا، هەر خۆی بەتەنها و بەجل و بەرگیکی زۆر سادە و ساکارەوە وەک لە وینەکەدا ئەیبینن لە ماڵی دایکی هاتە دەرەوەو منیش دابەزیم و فەرموم لێکرد، وتی دەستی چەپی بۆ هێنام تەوقەی لەگەڵکردم، وتی ببورە لەبەر ئەوەی لە سواری پاسکیل کەوتووم دەستی راستم ئازاری پێ گەیشتووە بۆیە ناتوانم زۆر بەکاری بهێنم. لەگەل سوار بووندا کەوتە پرسیار کردن لێم، لە چ وڵاتێکەوە هاتوویت؟ وەزعی ئیش و کار و ... پرسی. پێموت کە من خەڵکی کوردستانی عیراقم زیاتر لە ٢٠ ساڵە لێرە ئەژیم، بۆمباسکرد کە لە ساڵی ٢٠١٤ وە ئیشمان باش بووە.

 

وتی منیش پێم خۆشە گوێم لە قسەی وابێ. دوای ئەوەی گەیاندمە ماڵی ئامۆزاکانی کە بۆ شەوی سەری ساڵ لەوێ کۆببوونەوە سەعات ١ ی شەو چومەوە بە شوینی دا، دابەزیم دەرگای بۆ بکەمەوە نەیهێشت و دوای پیرۆزباییکردنی سەری ساڵ خۆی دەرگاکەی کردەوە و سوار بوو، لە ڕێگا تەلەفۆنە نۆرماڵەی خۆیی دەرهێناو بە لایڤ هەردو ئاگرە گەورەکەی سەر کەناری دەریای پیشاندام، وتی گڕی ئاگرەکە زۆرەو لەوانەیە کێشە دروست بکات. لەکاتی گەیشتن دا هەم وەک رێزلێنان و هەم وەک بەشێک لە کەلتوری خۆمان پیم وت تەنها پارەی سەرێک حساب ئەکەم، قبوڵی نەکرد وتی تۆ ئیش ئەکەیت ماڵ و منداڵت هەیەو زەریبە ئەدەیت، لە کۆتایدا ٥ یۆرۆ لە حەقی خۆم زیاتری دامێ. پێش خوا حافیزی داوای کارتی خۆمی لێکردم و ژمارەی مۆبایلەکەی خۆشی دامێ، وتی هەرکاتێک ئیشم بە تەکسی هەبوو خۆم یەکسەر تەلەفۆنت بۆ ئەکەم، پێوویست ناکات لە سکرتاریەتەوە ئەوە بکەم.

 

دانا سەلام و خالید رەزا

 

 گیرانەوەئ ئەم باسەمان بۆ ئەوە نیە کە بەراوردی سەروەزیری ئێرەو، ئەوانەی لای خۆمان بکەین و داوایان لێبکەین کە وەک ئەم سادە و ساکار بن، بەلام خۆ ئەتوانین داوای ئەوەتان لێبکەین کە لەسەر حسابی میللەت سفرەو خوانەکانتان مەڕازێننەوە، داواتان لێبکەین لانی کەم رەتڵی ریزە سەیارە جام ڕەشەکانتان و، سێتی مارسیدسە ڕەشەکانتان و، قافڵەی دریژو مەترەلۆزی دوای خۆتان کەم بکەنەوە، کە بەسەر جادەکاندا ئەڕۆن ڕێز لە یاساکانی هاتوچۆ بگرن، خەڵک هەراسان مەکەن، مەهێڵن پاسەوانەکانتان مۆڕە لە خەڵک بکەن، هەر هیچ نەبێ با بەرپرسە حکومی‌و حیزبیەکانی وڵاتی خۆمان کە ئەچن بۆ (پرسە) با ڕەتڵی سەیارەکانیان لەناو چەقی جادەکاندا ڕانەگرن و، تۆزیک ڕێز لەخەڵک و خاوەن پرسەکان بگرن !!

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك