بەر لەوەی دوو كاپتنە ڕووسییەكە 52 كۆچبەرە كوردەكە بگەیەننە وشكانیو لەمەترسی ئاوی دەریای ناوەڕاست ڕزگاریان بكەن، لە ترسی گیرانیان لەلایەن پۆلیسی ئیتالییەوە یەختەكە بە سەرنشینەكانەوە جێدەهێڵنو بە مەلە خۆیان دەگەیەننە وشكانیو هەڵدێن.
سەرباری ئەوەی كە پێشتر 73 كاتژمێر لەبەردەم مەترسی شەپۆلی دەریادا بوون، بەڵام مەترسی خنكانیان لەو ساتەوە دەستپێدەكات كە هەردوو كاپتنی یەختەكە لەترسی پۆلیس هەڵدێنو یەختەكەش لەنگەری تێكدەچێتو تێكدەشكێت.
ئەو یەختەی كە دوازدە ڕۆژ لەمەوبەر، بەر لە گەشتنی بە وشكانی، لە كەناراوەكانی دورگەی " كرۆتۆن"ی ئیتالی تێكدەشكێت، سەرجەمی كۆچبەرەكانی ناوی كە ژمارەیان 52 كەسبووە، كورد بوون.
7 – 1 – 2019، یەختەكە لە كەناراوەكانی یۆنانەوە بە 52 كۆچبەری كوردەوە بەرەو كەناراوەكانی ئیتالیا بەڕێدەكەوێتو پاش مانەوەی سێ شەو و سێ ڕۆژ لە دەریای ناوەڕاستدا، لەنگەری تێكدەچێتو تێكدەشكێت.
یەختە نقومبووەکە
" هونەر عومەر"ی تەمەن 25 ساڵ كە خوێندكاری قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندنی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی بووە، یەكێكبووە لە سەرنشینەكانی یەختەكە، هونەر خەڵكی قەزای سەیدسادقەو چیرۆكی پڕ مەترسیو مەرگ ئامێزی 73 كاتژمێر مانەوەیان لەناو دەریای ناوەڕاستو هۆكاری نوقمبوونی یەختەكەو چۆنیەتی ڕزگاربوونیان بۆ " دیبلۆماتیك مەگەزین" باسدەكات.
هونەر عومەر
هونەر دەڵێت:" 7- 1- 2019 بە ڤان " بەچكە پاس، قاچاخچی بردینی بۆ پاترا بۆ كەناراوەكانی دەریای یۆنانو سەعات دوازدەی شەو گەشتینە ئەوێ، یەختەكە بە دووری 200 مەتر لە وشكانییەوە دوور بوو، دەبوو بە چوپ خۆمان بگەیەنیەنە ناو یەختەكە، ناڕەزاییمان دەربڕی، بەڵام ناچاریان كردین كە بەچووپ بڕۆین بۆ ناو یەختەكە، ئافرەتێكمان لەگەڵدا بوو كچێكی حەوت ساڵانو منداڵێكی ساوای چل ڕۆژەی پێبوو، داوای لێكردم منداڵەكەی بۆ بگەیەنمە ناو یەختەكە".
هونەر باسلەوە دەكات كە قاچاخچییەكان پێیانووتوون كە یەختەكە 25 مەترەو زانیاریشیان دەربارەی ئاو و هەوا وەرگرتووەو شەپۆلیش كەم دەبێتو وتویشیانە كە بە 33 كاتژمێر دەتان گەیەنێتە ئیتالیا.
بە وتەی هونەر، بە پێچەوانەی بەڵێنی قاچاخچییەكانەوە ئەوان 73 كاتژمێر لەناو دەریای ناوەڕاستدا بوونو چەندین جار شەپۆلی دەریا ئەوانی ڕووبەڕووی مەرگ كردووەتەوە.
وەكو هونەر عومەر بۆ " دیبلۆماتیك" ی باسكرد، ئەو بارودۆخە سەختەی بەسەر ئەواندا هاتووە، گوزارشتلێكردنی تەواو سەختەو بە ئاسانی وێنەو دیمەنی مەرگ ئامێزو مەترسیداری شەپۆلەكان كە هەشت تا دوازدە مەتر بەرز دەبوونەوە، ناگێڕدرێتەوەو باس ناكرێت، ئەو دەڵێت:" شەپۆلەكان شاخی گەورەیان دروستدەكرد".
بە وتەی هونەر، مانەوەی ئەو 52 كۆچبەرە كوردە سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو دەریادا، بەهۆی ئەوە بووە كە لەترسی دەستگیركردنیان لە لایەن پۆلیسی ئیتالیاوە، دوو شۆفێری یەختەكە بەناو دەریادا ئەوانیان بردووە بۆ سنورە ئاوییەكانی مەقدۆنیاو سڕبیا.
هونەر دەڵێت:" شۆفێرەكان وتیان دەچین بۆ شاری باری، بەڵام لە ترسی پۆلیس بۆ ئەو شارە نەچوونو وتیان دەتانبەین بۆ شاری كرۆتۆن، بەر لە گەشتنمان بە كەنارەوەكانی ئەو شارە، كاتژمێر چواری بەیانی پۆلیسی ئیتالیا بە یەختەكەی زانی، 300 مەتر زیاترمان مابوو بگەینە وشكانی، هەردوو شۆفێرەكە لە ترسی پۆلیس خۆیان هەڵدایە ناو ئاوەكەوەو بە مەلەكردن خۆیان ڕزگار كرد".
وەكو هونەر دەیگێڕێتەوەو باسیدەكات، پاش ڕاكردنی دوو شۆفێرەكە، لەنگەری یەختەكە تێكدەچێتو لار دەبێتەوە، سەرجەمی كۆچبەرەكان ڕووبەڕووی خنكان دەبنەوە، بەهۆی ئەوەی كە بەشێكی یەختەكە نوقم دەبێت.
هونەر ئاماژەش بەوە دەكات پاش ڕاكردنی دوو شۆفێری یەختەكە، هەڵكەوت محەمەدی تەمەن 23 ساڵ، ئەو گەنجەی خەڵكی سلێمانی كە تاكە قوربانی ناو یەختەكە بوو، هەوڵیداوە لەنگەری یەختەكە ڕابگرێتو ڕۆڵی شۆفێری ببینێت.
وێنەی هەڵکەوت محەمەد بە خنکاوی
هەڵكەوت محەمەد، پاش دە ڕۆژ لە ڕووداوەكە لە لایەن پۆلیسی ئیتالیاوە لە كەناراوەكانی شاری كرۆتۆن بە خنكاوی دەدۆزرێتەوە.
هونەر دەڵێت:" ڕەنگە هۆكاری خنكانی هەڵكەوت ئەوە بووبێت كە بەهۆی سوكانی یەختەكەوە قاچی شكابێت، یان ئازارێكی زۆری پێگەشتبێت".
هونەر دەشڵێت:" بەهۆی شەپۆلی دەریاكەوە هەڵكەوت زیاتر لە 440 مەتر ڕووەو قوڵایی دەریاكە لە یەختەكە دوور كەوتبوویەوە، گوێمان لێبوو هاواری دەكرد".
هونەر ئەوە باسدەكات كە دوای لاربوونەوەی یەختەكەو نوقبوونی بەشێكی، بەهۆی ئەوەوە كە مەلەكردن باش دەزانێت خۆی گەیاندووەتە وشكانیو لەگەڵ چەند كەسێكیتر لە كۆچبەرەكاندا كە ئەوانیش مەلەی باشیان زانیوە، توانیویانە بەهۆی حەبلەوە سەرنشینەكان ڕزگار بكەن.
منداڵە چل ڕۆژییەکە دوای ڕزگاربوونی
هونەر سەرسامی دەردەبڕێت بەرانبەر بە نەخنكانو نەمردنی ئەو منداڵە تەمەن چل ڕۆژییەی كە لەگەڵ دایكیدا بووەو دەڵێت:" سەرەتا دایكی منداڵەكەمان گەیاندە وشكانیو منداڵە تەمەن چل ڕۆژەكەشی بە باوەشی خوشكە حەوت ساڵییەكەیەوە بوو تا گەڕاینەوە بۆ ڕزگاركردنی ئەوانیش، كچە حەوت ساڵییەكەم خستە سەرشانمو منداڵەكەم بەناو ئاودا بە باوەشمەوە هەڵگرتبوو، وام دەزانی منداڵكە مردووە، وتم هیچ نەبێت با تەرمەكەی ببەمەوە بۆ لای دایكی، بەڵام كە گەیانمەوە لای دایكی منداڵكە دەستی بەگریان كردو ئیتر زانیم كە ماوەو نەخنكاوە".