ئه‌نفلۆنزا وه‌رزییه‌كان، هه‌ڕه‌شه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

"هه‌ندێك له‌میدیاكان نابه‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كه‌دا كردووه‌" 

ئه‌نفلۆنزا وه‌رزییه‌كان، هه‌ڕه‌شه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

346 خوێندراوەتەوە

له‌گه‌ڵ ده‌سپێكردنی وه‌رزی سه‌رماو سۆڵه‌، ده‌نگۆی بڵاو بونه‌وه‌ی ئه‌نفلۆنزا وه‌رزیه‌كان(به‌راز،كولێرا،باڵنده‌) له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌. وته‌بێژی ته‌ندروستیش سه‌ره‌رای ئاشكراكردنی چه‌ند حاڵه‌تێكی نه‌خۆشییه‌كه‌ دڵنایی به‌ هاوڵاتیانیش ده‌دات.

 

له‌ كۆتایی مانگی 12 ساڵی رابردوو، له‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌، به‌ڕێوبه‌ری گه‌ره‌نتینی ڤێته‌رنه‌ری سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكیدا، هاورده‌كردنی په‌له‌وه‌ر و به‌رووبومه‌كانی 31 وڵاتی بۆ هه‌رێمی كوردستان قه‌ده‌غه‌ كرد.

ناوی ئه‌و وڵاتانه‌ی هاورده‌كردنی په‌له‌وه‌ر و به‌رووبوومه‌كانی بۆ هه‌رێم قه‌ده‌غه‌ كراوه‌

 

،،

یه‌ك هاوڵاتی ناوی وه‌ك توشبوو به‌ ئه‌نفلۆنزای H1N1 (ئه‌نفلۆنزای به‌راز)تۆمار كراوه‌

 

 
دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین، زانیاری ورد له‌سه‌ر توشبوانی هاوڵاتیان به‌ ئه‌نفلۆنزا وه‌رزییه‌كان بڵاو ده‌كاته‌وه‌، و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وتوێژی له‌گه‌ڵ خاڵس قادر وته‌بێژی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان و ڕزگار علی به‌ڕێوبه‌ری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆپاراستنی ته‌ندروستی سلێمانی كردووه‌.

خاڵس قادر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان

 

 

خاڵس قادر وته‌بێژی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌ڕای نه‌شاردنه‌وه‌ی مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌نفلۆنزای (باڵنده‌) له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ڕه‌تیشی ده‌كاته‌وه‌ تا ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی توشبوو به‌و ڤایرۆسه‌ تۆمار كرابێت، و ته‌نها یه‌ك هاوڵاتی ناوی وه‌ك توشبوو به‌ ئه‌نفلۆنزای H1N1 (ئه‌نفلۆنزای به‌راز)تۆمار كراوه‌و ته‌ندروستی ئه‌و توشبووه‌ش ئیستا جێگیره‌ .

له‌ساڵی 2009 به‌هۆی كارلێكی مرۆڤ له‌گه‌ڵ به‌رازدا، ئه‌م ڤایرۆسه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌و هه‌ر به‌و ناوه‌شه‌وه‌ له‌نێوان هاوڵاتیان ده‌ناسرێت.

 

له‌دوای هاتنی چه‌كدارانی داعش بۆ ناوچه‌ سونییه‌كانی عێراق و ئاواره‌بونی ژماره‌یه‌كی زۆری دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان،مه‌ترسی زیاتری له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌نفلۆنزا وه‌رزییه‌كان له‌نێو ئاواره‌كاندا ده‌كرێت، به‌راورد به‌ناوه‌ندی شاره‌كان.

،،

خۆشبه‌ختانه‌ ده‌رمانی پێویست بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م ڤایرۆسانه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌

 

 
وته‌بێژه‌كه‌ی ته‌ندرووستی سه‌ره‌ڕای دڵنیایی له‌ سه‌لامه‌تی ته‌ندروستی ئاواره‌كان، به‌ڵام هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت:" پێویسته‌ ئاوڕی جدی له‌ ڕه‌وشی ئاواره‌كان بدرێته‌وه‌،چونكه‌ خراپی ژینگه‌ی ئاواره‌كان،هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ڕه‌وشی ته‌ندروستیان ده‌كات".

 

 

ئه‌م ڤایرۆسه‌، زیاتر منداڵانی تازه‌ له‌دایك بوو تا ته‌مه‌ن پێنج ساڵ، و كه‌سی به‌ته‌مه‌ن ، و خاوه‌ن نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان ده‌گرێته‌وه‌، و خۆپاراستنیش له‌م نه‌خۆشییه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ كوتانی منداڵان وپاكو خاوێنی و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌كه‌سانی توش بوو، و هه‌روه‌ها نه‌مانه‌وه‌ی زۆر له‌شوێنه‌ گشتییه‌كان.

 
به‌رپرسه‌كه‌ی ته‌ندروستی، په‌یامێك له‌ڕێگه‌ی دیپلۆماتیكه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی ته‌واوی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت:" خۆشبه‌ختانه‌ ده‌رمانی پێویست بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م ڤایرۆسانه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌، و چیتر نه‌خۆشییه‌كه‌ شایه‌نی ترس و دڵه‌ڕاوكێی نییه‌".

 

ڕزگار علی به‌ڕێوبه‌ری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆپاراستنی سلێمانی، سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌واڵانه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌باس له‌گیان له‌ده‌ستدانی هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانیی ده‌كه‌ن به‌هۆی ئه‌نفلۆنزاوه‌ و پێی وایه‌:"ئاستی ڕه‌وشی ته‌ندروستی پارێزگای سلێمانی وه‌ك سه‌رجه‌م پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراقه‌و ئه‌و نه‌خۆشیانه‌شی هه‌یه‌".

 

ئه‌م دڵنیایه‌ی وته‌بێژه‌كه‌ی ته‌ندروستی دوای ئه‌وه‌ دێت، یه‌كێك له‌ میدیا كوردییه‌كان، له‌هه‌واڵێكیدا ئاماژه‌ به‌بڵاو بونه‌وه‌ی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ داكات له‌پارێزگای سلێمانی و گوایه‌ له‌ناوه‌ڕه‌ستی ئه‌م مانگه‌وه‌ ،20هاوڵاتی توشی ئه‌نفلۆنزاكه‌بوون و شه‌ش توشبوویان گیانی له‌ده‌ست داوه‌ ، و به‌ناچاری ته‌ندروستی سلێمانی ژورێكی عه‌مه‌لیاتی بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ پێك هێناوه‌و ،هۆكاری شاردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌شیان بۆ بڵاو نه‌بوونه‌وه‌ی ترس و دڵه‌ ڕاوكێیه‌ له‌ناو هاوڵاتیاندا .

 

author photo

رۆژنامەنووس