كوردستان موكریانى:  لە باشووری کوردستان ھیچ بایەخێک بە زمانی کوردی نادرێ

  لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە دەبینم زمانی کوردی بەرەو دوو زمان دەڕوات

 كوردستان موكریانى:  لە باشووری کوردستان ھیچ بایەخێک بە زمانی کوردی نادرێ

757 خوێندراوەتەوە

 گروپى گوڵنار

دکتۆرە کوردستان موکریانی، کچی ناودار گیو موکریانییە‌و مامۆستای زمانی کوردییە، له‌م دیداره‌دا كه‌ گروپى گوڵنار له‌گه‌ڵیدا سازی داوه‌، باس له‌ بارودۆخى زمانى كوردى ده‌كات‌و پێیوایه‌ زمانى كوردى له‌ باشورى كوردستان له‌ پاشه‌ كشه‌دایه‌و له‌سه‌ر ئاستى چوار پارچه‌كه‌ى كوردستانیش زمانى كوردى به‌ره‌و دوو زمانى ده‌ڕوات.

 

 

 دیبلۆماتیك: ھەوڵی بنەماڵەکەت بۆ خزمەت کورد چۆن ھەڵدەسەنگێنیت؟

 موکریانی: مامم لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابوردوو ھاتۆتە کوردستان، چۆتە تەورێزو پاشتر چۆتە ئەفغانستان و ئەستەمبوڵ و پاشتر چۆتە ئەرمینیاو پاشتر ڕووسیاو فەڕەنساو دوو ساڵ لە سعوودیە بووە، لەو گەڕانانەشدا دەستنووسی کوردی کۆکردۆتەوە، بەڵام لە ساڵی ٩١٣ – ٩١٤ لە حەڵەب نیشتەجێ دەبێت، خەریکی مۆرھەڵکەندن دەبێ، ھەروەھا لەسەر بەردی گرانبەھا ناوی ھەڵکۆڵیوە، پارەیەکی زۆر کۆدەکاتەوەو بەو پارەیە دەچێتە ئەڵمانیاو چاپخانەیەک دەکڕێ و دەیھێنێ لەوێ دایدەمەزرێنێ، بەڵام لە کاتێکدا دەبێت کە جەنگی یەکەم دەست پێدەکاو میراتی دەوڵەتی عوسمانی دابەش دەکەن، وڵاتی سوریا بەر فەڕەنسا دەکەوێ، ئەویش لەوێ خەریکی وشەی کوردی دەبێ، بەڵام فەڕەنسا لە بەرنامەیدا نەبووە ھیچ مافێک بدا بە کورد، بۆیە مامم دەگرن و بەندی دەکەن، پاشتر بە مەرجێک ئازادی دەکەن کە لە سوریا نەمێنێ و بێتە باشووری کوردستان، پێیان گوتووە لە عێراق بەریتانیا حوکمەتێکی ناوچەیی کوردی دادەمەزرێنێ بڕۆ بۆ ئەوێ و کوردایەتییەکەت لەوێ بکەو ئێرە جێی کوردایەتی نییە، ئەویش ناچار دەبێت لەگەڵ باوکم ساڵی ١٩٢٣ دێنە بەغدا بەڵام کە دەبینن باروودۆخ باش نییە دەگەڕێنەوە، بەڵام ھەر تەنگیان پێھەڵدەچنن و دەڵێن ئێرە جێی ئێوە نییە، ساڵی ١٩٢٥ بە چاپخانەکەیانەوە دێنەوە بۆ بەغداو شەش مانگ نیشتەجێ دەبن، لەو کاتەدا دەنگۆی ئەوە دەبێت کە سەید تەھای نەوەی شێخ عوبەیدوڵای نەھری دەبێتە حوکمڕانی ئەو دەوڵەتە کوردییەی کە ئەوان دایدەمەزرێنن، یا حەمدی بەگ بابان، یا مەلیک مەحموود، بەڵام مامم دەزانێت کەوا لە سلێمانی چاپخانەیەک ھەیەو ئینگلیز دایمەزراندووە، دەڵێ کە لە بابان چاپخانە ھەیە با منیش لە سۆران و لەمبەرەوە چاپخانەیەک دامەزرێنم، ئیدی سەید تەھا دەیبات لەگەڵ خۆی و ساڵی ١٩٢٦ چاپخانەکەی لە ڕەواندوز دادەمەزرێنێت بە یەکجاریی و ناوی لێدەنێت (زاری کرمانجی) واتە شێن و گریانی کورد، لەو کاتەدا گۆڤارێکیش ھەبووە بەناوی (لسان العرب) لە بەغدا دەردەچوو، عەرەب نەیزانیوە کە واتای ئەو ناوە چییەو ھەروایان زانیوە (زمانی کوردی)یە، چونکە لێرە دەگوترێت: بە چ زارێک قسە دەکەیت، دەگوترێت: بە زاری کوردی..

ئەو گۆڤاری (زاری کرمانجی) لە ساڵی ٩٢٦ – ٩٣٢ بەردەوام دەبێ و ٢٤ ژمارەی لێ دەردەچوێنرێت، چونکە دایدەخەن و داخستنەکەشی لەبەر ئەوە دەبێت کە لەوێدا باسی پەرلەمانتارەکانی کورد دەکا لە بەغدا کە خەمی کوردیان نییەو کێشەی کورد بەلایانەوە گرنگ نییە، لەبەر ئەوە گۆڤارەکە دادەخەن.

 

 

،،

ئێستا کوردێک ھێندەی خەمخۆری فێربوونی زمانی ئینگلیزییە ئەوەندە خەمخۆر نییە کە لە پەنای زمانەکەی خۆیدا خۆی پێ بگەیەنێت، یا زمانەکەی خۆی باش بزانێ و شارەزای بێت، چونکە تۆ ئەگەر زمانی دایکت نەزانی ھیچکات ناتوانی زمانێکی بێگانە بە باشی فێر ببیت

 

دیبلۆماتیك: بوونی ئەم ھەموو شێوەزارو دیالێکتە تا ڕادەیەک گورزی لە زمانی کوردی نەداوە کە نەبێتە زمانێکی یەکگرتوو.؟ ئایا بوونی ئەم شێوەزارانە زمانەکەیان لاواز کردووە یا دەوڵەمەند؟

موکریانی: من وای دەبینم دەوڵەمەندیان کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەوڵەتت نەبووەو نەیتوانیوە سوود لەو ھەموو دیالێکتانە وەربگرێت کەوا ھەن، ئەگەر دەوڵەتت ھەبا، یەکێک لەو دیالێکتانە دەبوو بە زمانێکی فەرمی، باسی زمانی ستاندارد ناکەم، چونکە زمانی ستاندارد زۆری دەوێ، بەڵام دەبوو بە زمانێکی فەرمی، ئێستاش لە باشووری کوردستان کە سەیر دەکەیت دیالێکتی کرمانجی خواروو وەکو فەرمی لێھاتووە. بەڵام ئایا لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە چی دەڵێیت.؟! من ئێستا دەیبینم کە بەرەو دوو زمان دەڕوات.! زمانی کوردی بەرەو ئەو دوو دیالێکتە فەرمییە دەڕواو دەبێتە دوو زمانەوە. ئەوانیش کرمانجی خواروو و کرمانجی ژوروو.

 

 

دیبلۆماتیك: ھەر لەناو باشووردا ئەم جیاکاریی و دوو کەرت بوونە ھەیە، یا باشوور و باکوور پێشڕەویی ئەم بە دوو زمان بوونەن.؟

موکریانی: سەرنجی باشووری کوردستان بدە لە ئێستادا زمانی کوردی ھیچ بایەخێکی پێ نادرێت، ئەوەندەی بایەخ بە زمانی ئینگلیزی دەدرێت ئەوەندە بایەخ بە زمانی کوردی نادرێت، ئێستا کوردێک ھێندەی خەمخۆری فێربوونی زمانی ئینگلیزییە ئەوەندە خەمخۆر نییە کە لە پەنای زمانەکەی خۆیدا خۆی پێ بگەیەنێت، یا زمانەکەی خۆی باش بزانێ و شارەزای بێت، چونکە تۆ ئەگەر زمانی دایکت نەزانی ھیچکات ناتوانی زمانێکی بێگانە بە باشی فێر ببیت، ئەوە زانست وا دەڵێ قسەی من نییە، بەپێی ئەزموون خەڵک دیوییەتی کە وایە، لەلایەکی تریشەوە لە ناوچەی بادیناندا ئێستا کە نووسراوێک دێت لە دھۆکەوە بۆ ھەولێر بە کرمانجی ژوورو دەنووسرێت، ئەمە لەسەر ئاستی باشووری کوردستان.. لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە وەری بگرین ئێستا بزاڤێک ھەیە لەباکووری کوردستان بۆ نووسین و وەرگێڕان کەمێک بایەخ بە لایەنە ڕۆشنبیرییەکە دەدەن، بەڵام بە ئەلف و بێیەک دەینووسن کە ئەلف و بێیەکە ئەلف و بێی لاتینیە، وە دیالێکتەکەشی دیالێکتی کرمانجی ژورووە، تۆ لێرە بە ئەلف و بێیەک دەنووسی ئەلف و بێی کوردی – عەرەبییە، وە دیالێکتەکەشت دیالێکتی کرمانجی خوارووە، کەواتە ھاوتەریب پێکەوە دەڕۆن، وە ناشگەنە یەک، کە دەشبێتە دوو زمان بێگومان دەشبێتە دوو نەتەوە.

 

،،

ئەوانەی لە کۆڕی زانیاریی کورد بوون لە بەغدا نەک ھەر ھیچیان بۆ زمانی کوردی نەکرد، بگرە ھەموویان ئیشیان بۆ خۆیان دەکرد، ھەر یەکەو چەند کتێبێکی چاپکرد بۆ خۆی

 

 

دیبلۆماتیك: ئەگەر ئێمە بمانەوێت زمانێکی یەکگرتوو یا ستاندارد بۆ کورد دابڕێژین، پێویستە لە ھەر شێوەزارێک مڵۆیەک لە وشە بێنین و زمانەکەی پێ بنیاد بنێین یا ئەو شێوەزارە کامەیە کە خۆی سەربەخۆ دەتوانێت ببێتە ئەو زمانەی کە ھەر چوار پارچەکە دانی پێدا بنێن.؟

موکریانی: ئەگەر بێت و لە ھەر دیالێکتێک شتێک بێنین و ڕستەیەکی پێ درووست بکەین ئەوە تۆ زمانێکی ترت درووست کردووە، دەبێ یەکێکیان بێت، ئەو یەکەش ئەگەر بە ڕێگەی ئایین بێت ئەوە ئەو ھۆکارە بەسەر چووە، وەک ئەوەی کە قورئان ھات و زمانی یەکگرتووی عەرەبی داڕشت، بۆ نموونە ئێستا مەڕۆکانییەک بێنە لەگەڵ بەسرەییەک قسە بکەن ھیچ لە یەک تێناگەن، بەڵام کە بە کتێب دەخوێننەوە تێدەگەن، چونکە بۆ قورئان دەگەڕێتەوە، قورئان زمانەکەی پاراستن، کەوایە ئێمە ئەو ھۆکارە ئایینییەمان نییە.. لەوانەیە ئەو نووسراوانەی کە لە ھەولێر دەردەچن وە دابەش دەکرێنە سەر ناوچەکانی تر ئەمە ببێتە زمانی فەرمی، چونکە لە پایتەختەوە دەردەچێت، بۆ نموونە ئێستا لە ھۆڵەندا شارێک ھەیە کەناڵی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆ لەو شارە پەیدا بوو زۆربەی خەڵکە ڕۆشنبیرەکە لەوێ پەیدا بوون، دەبینی دیالێکتی ئەو شارە زاڵ بوو بەسەر ناوچەکانی تردا.. ھی کوردستانیش دەبێتە نموونەیەکی لەو جۆرە.

ھەتاوەکو ئێستا ئێمە دەیان کەناڵی تەلەفزیۆنیمان ھەیە، بە سەدان ڕادیۆمان ھەیە یەکێکیان ناڵێت ئەمە زمانی فەرمی حکومەتە، دەبێ تۆ زمانێکی فەرمیت ھەبێ و بڵێیت ئەمە زمانی فەرمی حکومەتە، ئەم کەناڵە زمانحاڵی حکومەتە، وە دەبێت بە یەک دیالێکت قسە بکەن نابێ ببێ بە دوو سێ دیالێکت.

 

 

دیبلۆماتیك: ئەوەی لە حەفتاکاندا ھەمانبوو کۆڕی زانیاریی کوردو یەکێتی نووسەرانی کورد ئەمانە چیان کرد؟

موکریانی: ئەوانەی لە کۆڕی زانیاریی کورد بوون لە بەغدا نەک ھەر ھیچیان بۆ زمانی کوردی نەکرد، بگرە ھەموویان ئیشیان بۆ خۆیان دەکرد، ھەر یەکەو چەند کتێبێکی چاپکرد بۆ خۆی.

 

،،

دەبێ لە پۆلی یەکەمەوە بزانی چی دەدەی بە خوێندکارو بە چ زمانێکیش دەیدەیتێ، وە ئاستەکەی چۆنە، لەوێ تۆ دەتوانی ئەو وشانە زیندوو بکەیتەوە کەوا بەکار نایەن و پشتگوێ خراون، ئەمەش کاری وەزارەتی پەروەردەیە

 

 

دیبلۆماتیك: حوجرەو خانەقاکانی ئێمە لە ڕابوردوودا، زاناو عاریفانی کوردەواریی چۆن توانیویانە خزمەتی زمانەکەمان بکەن؟

موکریانی: من زۆر بەیانیان گوێ لە شیعرەکانی (ناڵی) دەگرم بە دەنگی کچێک ناوی (ئاواز)ە، چونکە نالی لە حوجرە گەورە بووە، ھەمیشە بیر دەکەمەوەو دەڵێم: باشە ئەمە چ شتێک ھانی ئەم زانایەی داوە بە زمانی کوردی و بەو شێوە کوردییە بنووسێت.؟ ئەمە لە کاتێکدا عەرەبی و فارسیشی زانیوە، دەیتوانی بە فارسی و عەرەبیش بنووسێت و ناوبانگێکی گەورەتریشی دەبوو، بەڵام بەداخەوە ھێشتا مافی خۆی نەدراوەتێ بەھیچ شێوەیەک، جا بمانەوێ و نەمانەوێ ئەمە حوجرە پێی گەیاندووە، چەند کتێبێکم نووسیوە کە ٣٣٦ شاعیری تێدایە، لەوێدا باسی بەرھەمی کورتەیەک لە ژیانیانم کردووە، ئەوانەیان کە کۆنن ھەموویان لە حوجرەکاندا پێگەیشتوون و فێری خوێندن و خوێندنەوەی کوردی بوون، وا دیارە لەوێ کە گوڵستانی سەعدیان خوێندووە، گوتوویانە: نابێ ئێمەش شتێکمان ھەبێت بەکوردی.؟ جا نالی و وەفایی و مەحوی و ئەدەب یەکێکن لەوانە، ھیچ دەوڵەت و کیانێکیش نەبووەو دەیانتوانی بە زمانی بێگانەش بنووسن، ئافەرین بۆیان کە بە زمانی کوردی ئەو شیعرە پڕ واتاو جوانانەیان نووسیوە.

 

دیبلۆماتیك: لەناو شاعیرانی کلاسیکدا کامیان زیاتر وشەی کوردی لە بەرھەمەکانیدا جێکردۆتەوە؟

موکریانی: سێ کوچکەی بابان و وەفایی و ئەدیب.

 

 

 

 

دیبلۆماتیك: چی بکەین بۆ سەرلەنوێ ھێنانەوەی وشەگەلێکی ڕەسەنی کوردی بۆ ناو نووسین و فەرھەنگ و زمان و شیعرمان، بەتایبەت زۆرجار شێرکۆ بێکەس کە قەسیدەیەکی نوێی دەخوێندەوە دەیگوت: کۆمەڵێک وشەی نەبیستراو ھەن لەم قەسیدەیەدا کە لە فەرھەنگەکانی گیو و خاڵ و ھەژاردا ھەن و من جێم کردوونەتەوە؟

موکریانی: تاکە ڕێگا بریتیە لە خوێندنگەکان، دەبێ سەر لەنوێ ئەو بابەتانەی کە بە زمانی کوردین ئەو وشانەیان تێبخرێتەوە، چونکە ئێستا ھەندێ بابەت ھەن وازیان لێھێنراوەو بە زمانی کوردی ناخوێندرێن و کراونەتە ئینگلیزی، دەبێ لە پۆلی یەکەمەوە بزانی چی دەدەی بە خوێندکارو بە چ زمانێکیش دەیدەیتێ، وە ئاستەکەی چۆنە، لەوێ تۆ دەتوانی ئەو وشانە زیندوو بکەیتەوە کەوا بەکار نایەن و پشتگوێ خراون، ئەمەش کاری وەزارەتی پەروەردەیە، کە دێیت ھانی شاعیرو نووسەرەکان دەدەیت دەبێ بەلانی کەمەوە چەند دەزگایەکت ھەبێ بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، دەبێ ئەو تەلەفزیۆنانەی کە ھەن چەند زنجیرە باسێکت ھەبن کە باسی خەمی تاکی کورد دەکەن، ئەوسا دەبینی چەند وشە دێتە ناوەوە کە ھەر نەبیستراون، ئێمە ھەزارەھا کەسایەتیمان ھەن کە کەس باسی نەکردوون، با وەزارەتی ڕۆشنبیریی بڵێت من ئەمساڵ دەمەوێ لەسەر ئەوەندە کەسایەتی کوردی زنجیرەی تەلەفزیۆنی ھەبێت، تۆ بەم ھەنگاوە زمانەکە دەپارێزیت و دەوڵەمەندی دەکەیت و لەوانەش وشەی نوێ بێنە ناوییەوە، لە ھەمانکاتدا دەبێ ئەکادیمیایەک ھەبێ بەناوی ئەکادیمیای زمانی کوردی، ئەم ئەکادیمیایە کاری ئەوە بێت کە سیاسەتێکی زۆر ڕەوان داڕێژێ بۆ بەرژەوەندی زمانی کوردی و بووژاندنەوەی و گەشەسەندنی، دەبێ ھیچ نەبێت بەرنامەیەکی تێرو تەسەلی ھەبێت، نابێ تەنیا ئەوانەی لەوێدا ھەن تەنھا ھی باشووری کوردستان بن، دەبێ ئەندامی تێدا بێ لە باکوورو ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا، ئێمە زانای زۆرمان ھەن لە دەرەوەی وڵاتن و ھی پارچەکانی تری وڵاتن، ئەمانە ئەگەر لە ناوەوەش نەژین دەتوانین لەڕێی تەکنەلۆژیاوە کە یارمەتیدەرێکی باشە کاری ئەندامێتی بکەن، ھەر ئێستا چیت نووسیوە دەتوانی بۆی بنێریت و ئەویش بۆ تۆی بنێرێت، بۆ ئەوەی ئێمە بیر بکەینەوەو خەم بخۆین کە ئەو زمانە نەبێتە چەند زمانێک، ئەوەش ئیشی ئەکادیمیای زمانە، دەبێ خەمخۆریی ئەو زمانە بێت.

کاتێک لە زانکۆ تۆ دەخوێنیت دەبێ زمانی خوێندنت بە زمانی کوردی بێت، بەڵام ئێستا بە زمانی کوردی نییە، لەوانەشە بەلایەوە شەرم بێت خوێندنەکەشی بە کوردی بێت، زۆر پشتگوێ خراوە..

کەواتە وەزارەتی ڕۆشنبیریی دەبێ بەشداری تێدا بکا، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی خوێندنی باڵا، وە ئەکادیمیایەک دامەزرێ بەناوی ئەکادیمیای زمانی کوردی، بۆ ئەوەی بتوانێ ئەم ئەرکە بەجێ بێنێ.

 

،،

 من چاوەڕێم نەدەکرد لە سەردەمێکدا کە حکومەتی خۆتە بەڵام بایەخ بە زمانی کوردی نەدا

 

دیبلۆماتیك: زمانی ئێمە لە ئێستادا لە بەردەم ھەڕەشەو پووکانەوەو لاواز بووندایە، یا خونچەیەکەو بەرەو پشکوتن و گەشە دەڕواو دەبێتە گوڵ؟

موکریانی: دەپشکوێ بەڵام بەرەو دوو زمانی، دەبێتە دوو گوڵ، بۆیە ھەر خونچە بێت باشترە، ئەگەر وا بڕواو گوێی نەدرێتێ بەرەو دوو زمانی دەڕوا، من وەکو زمانەوانێک وای دەبینم، ئەو حاڵەتەش تەنھا بۆ پارچەیەکی وڵات نییە بەڵکو لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە ئەم دوو زمان بوونە ڕوو دەدا.

 

 

دیبلۆماتیك: دوو ئیدارەیی و دوو جوگرافی و دوو مێژوویی، ئایا زمانیش وەک ئەوانی دیکە بووە قوربانی ئەو سیاسەتە؟

موکریانی: بەڵێ بۆتە قوربانی، کێشەکە لێرەوەو لە باشوورەوە دەستی پێکردووە کە زمانەکەمان ببێتە دوو زمان، پارچەکانی تر زۆر ئاگایان لە باشوور نییە، لە ڕۆژھەڵاتدا ھەبێ و نەبێ ڕادیۆیەیەک و یەک دوو گۆڤارە دەردەچێت ھیچی تری تێدا نییە، ھەموویان چاویان لە باشوورە، کەناڵەکانیش ھیچیان ناڵێن من زمانحاڵی حکومەتم و ئەمە زمانی فەرمی منە، بۆیە بە ھەموو دیالێکتێک قسە دەکەن، دەبێ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ھەبێ تەنھا ڕۆشنبیریی بێت، ئێستا ئێوە کە وەک گرووپی گوڵنار ئەو ڕۆڵە دەبینن، بە سەدان کەسایەتی ئێمە ھەبووە لە ڕابوردوودا بە سەدان بیرەوەریی جوان و نەگوتراویی ھەبوو ھەمووی لەگەڵ خۆی بردە ژێر گڵ، دەبێ وەزارەتی ڕۆشنبیریی با کەناڵێکی تەلەفزیۆنی دابنێت تەنھا بچێت لەگەڵ ئەم خەڵکە قسە بکاو ژیانیان کۆ بکاتەوە، بەمە دەتوانی ئەو زمانە ببووژێنیتەوە، باشە ئەگەر تۆ ئەو زمانەت نەبێ بە چی دەتوانی کەلتوورت ببووژێنیتەوەو کەلتوورت ھەبێ؟

 

 

دیبلۆماتیك: ھەمیشە دەگوترێت زمان فاکت و ھۆکاری مانەوەی سەرەکی ھەر میللەتێکە، ئایا بە لاوازبوون و پووکانەوەی زمانەکەمان میللەتەکەشمان ھەڕەشەی نەمانی دێتە سەر.؟

موکریانی: بەڵێ بێگومان، ھەبوون و بەردەوام بوونی ھەر میللەتێک بە ڕێگەی زمانە، وە ھەبوونی ھەر ڕۆشنبیرییەکیش بە ڕێگەی زمانە، ئەگەر ئەو زمانە نەبێت بە چی لە یەکتر تێبگەین.؟ ئەگەر ئەو زمانەش ھەر ئاوا بێ بەخت بێ و کەس گوێی نەداتێ، کەس خەمخۆریی نەبێت، چۆن ناپووکێتەوە.؟ من چاوەڕێم نەدەکرد لە سەردەمێکدا کە حکومەتی خۆتە بەڵام بایەخ بە زمانی کوردی نەدا.

 

،،

ھەورامی زۆر جار دەڵێ دیالێکتەکەی من لە ئاڤێستا نزیکە، بەڵام ھەموو زمانێکی سەر بە گرووپی زمانانی ئێرانی وە ھەموو دیالێکتێکی سەر بە زمانانی ئێرانی مافی ئەوەی ھەیە بڵێ منیش لە ئاڤێستا نزیکم، سەرچاوەکەم ئاڤێستایە، لە ڕاستیشدا وایەو سەرچاوەکەی ھەموویان بۆ ئاڤێستا دەگەڕێتەوە

  

دیبلۆماتیك: تا چەند پێتوایە چەپۆکی داگیرکارانی کوردستان وا دەکا زمان وەک گیایەکی بە ورەو وزە لە ژێر تاوێرە بەرددا زیاتر بێتە دەرەوە، ھەست ناکەیت تا چەپۆکی سەدام و ڕژێمەکەی بەسەر کوردستانەوە ھەبوو، وە ئێستا چەپۆکی ئێران و تورکیا زیاتر وای کردووە خەڵک بە تەنگ زمانەکەی خۆیەوە بێت و خەڵک خولیای فێربوون و خوێندنەوەی بەو زمانە زیاتر دەبێت؟

موکریانی: ڕاستە ئەوسا زیاتر بوو، ئەوەش نەک ھەر بۆ زمان بگرە بۆ ھەستی نەتەوەییش ھەروایە، شتێکت بۆ بگێڕمەوە کاتێک کە گۆڤاری ڕۆشنبیریی نوێمان دەردەکرد، لە ژمارە سەدو ئەوەندەیدا وتارێکی تێدا بوو کە دکتۆر جەمال ڕەشید نووسیبووی، من لەگەڵ موسلیح جەلالی قسەم کردو گوتم: ئەمە لەسەر (نێڤەرتیتی)یە ئەگەر بکرێت لەسەر بەرگەکەی وێنەیەکی (نێڤەرتیتی) دابنێیت، چونکە ئەو دەیویست شتێکی سرووشتی دابنێت، ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە لەو گۆڤارەدا بڵاوکرابوویەوە باسی کاریگەریی میتانییەکانی دەکرد لەسەر فیرعەونەکانی میسر، جا (نێڤەرتیتی) کچێکی کوردستانی بووە نەک کورد، لە ڕۆژئاوای کوردستان بووەو بە مەزەندە دەگونجێت لە زاخۆ بووبێت، ھەرچەندە لە پەرتووکی (سینۆھە)شدا باسکراوەو بە باشیش ناوی ناھێنن، (سینۆھە)م خوێندەوە تەنھا لەبەر ئەوەی بزانم لەسەر (نێڤەرتیتی) چی دەڵێت، ھەمووی باسی خراپەی ئەو ئافرەتەیە لە کاتێکدا واش نییە.

 

 

دیبلۆماتیك: لەبارەی دیالێکتی ھەورامییەوە چی دەڵێیت.؟ تا چەند یاساکانی زمانەوانی لەم دیالێکتەدا جێگیرن؟

موکریانی: ھەورامی زۆر جار دەڵێ دیالێکتەکەی من لە ئاڤێستا نزیکە، بەڵام ھەموو زمانێکی سەر بە گرووپی زمانانی ئێرانی وە ھەموو دیالێکتێکی سەر بە زمانانی ئێرانی مافی ئەوەی ھەیە بڵێ منیش لە ئاڤێستا نزیکم، سەرچاوەکەم ئاڤێستایە، لە ڕاستیشدا وایەو سەرچاوەکەی ھەموویان بۆ ئاڤێستا دەگەڕێتەوە، وە ھەورامیش دیالێکتێکە لە دیالێکتەکانی زمانی کوردی، ئەوەندە شوێنەکەی شاخاوی بووەو ئەوەندە دوورە دەست بوونەو خەڵک تێکەڵیان نەبووە، بۆیە دەبینی ھەورامی ماوەتەوەو گەشەسەندنەکەی ھەر لەناو خۆی بووەو لەگەڵ دەورووبەرەکەی نەبووە، تەنانەت زازاش ھەروەک خۆی ماوەتەوە، باشترین نموونەش وەرە ئاکرێ لەبەر ئەوەی لەنێوان سۆران و کرمانجە دەبینیت ھەردووکی تێدایە، جا ھەورامیش دیالێکتێکە لە دیالێکتەکانی زمانی کوردی ئەگەرچی ئەگەر ئەویش وا بڕوا دەبێتە زمانێکی سەربەخۆ.

 

 

دیبلۆماتیك: مەبەستت چییە کە دەبێتە زمانێکی سەربەخۆ؟

موکریانی: مەکەنزی بە دیالێکتێکی زمانانی ئێرانی دادەنێ بە دیالێکتی کوردی دانانێ.

 

دیبلۆماتیك: ئەو ھۆکارانە چین کەوا دەکەن لە داھاتوودا ھەورامی ببێتە زمانێکی سەربەخۆ چین؟

موکریانی: لەبەر ئەوەی چەند کەناڵی تەلەفزیۆنیت ھەیە کە بە ھەورامی بن.؟ چەند خوێندنگەت ھەیە کە بە ھەورامی بخوێندرێ تێیدا.؟ چەند بەرھەمت ھەیە بڵاوبووبێتەوە بە دیالێکتی ھەورامی.؟ ئەم ھۆکارانە وا دەکەن لە ناوخۆی خۆیدا بمێنێتەوە ھەر بۆ خۆی پەرە دەسەنێت و وەکو زمانێکی لێدێت، گرنگی نەدان بەو دیالێکتە لە میدیاو خوێندندا دەبێتە ھۆکاری ئەوەی ببێتە زمانێکی سەربەخۆ، یا ئەگەر ئەوانەی ھیچ نەبوو وردە وردە دەپووکێتەوەو نامێنێ، لە کاتێکدا زۆر دەوڵەمەندە بەتایبەت لە وشەدا.

 

دیبلۆماتیك: نەبوونی ھەورامی لە میدیاو خوێندندا وای کردووە کە ببێتە زمانێکی سەربەخۆ؟

موکریانی: بەڵێ، یا ئەگەر ئەوانەی نەبوو وردە وردە دەپووکێتەوەو نامێنێت، لە کاتێکدا زۆر دەوڵەمەندە، لە وشەدا زۆر دەوڵەمەندە. من وەک زمانەوانێک ھەموو دیالێکتەکانی زمانی کوردیش خۆش دەون، چونکە زمانی کوردیم خۆش دەوێت.

 

author photo

گروپی گوڵنار، ده‌سته‌یه‌ك گه‌نجی خوێنده‌وارو ڕۆژنامه‌نووسن‌و هه‌رجاره‌و دیدار له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی، یان ڕۆشنبیری،

یان هونه‌ری ئه‌نجام ده‌ده‌ن‌و " دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین" هه‌فتانه‌ یه‌كێك له‌ دیداره‌كانی ئه‌وان بڵاو ده‌كاته‌وه‌