ئایا واز لە خواردنى گۆشتى سوور بهێنین؟

چۆن‌و چه‌ندێك گۆشتى سوور بخۆین؟

ئایا واز لە خواردنى گۆشتى سوور بهێنین؟

511 خوێندراوەتەوە

گۆشتی سوور بە چەندین ڤیتامین و کانزا دەوڵەمەندە کە بۆ دەوڵەمەندکردن و هەمەڕەنگکردنی ژەمەکانمان گرنگن، بەڵام لەو ساڵانەی دوایی نێوبانگی گۆشتی سوور هەندێک زڕاوە، چونکە هەندێک توێژینەوە ئاماژە بە پەیوەندیی نێوان خواردنی گۆشتی سوور و تووشبوون بە شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن و سستبوونی گورچیلە و چەندینی دیکە دەکەن، بەڵام ئایا بەڕاستى هەموو خواردنێکى گۆشتى سوور بۆ جەستە زیانى هەیە؟

 

،،

خواردنی رووەکی لەبری گیانەوەری، ئەگەری تووشبوون بە شەکرە بە راددەی 62% کەمدەکاتەوە، هەروەک ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشکیش کەمدەکاتەوە.

 

 گۆشتی سوور وەک خۆراکێکی سەرەکیی مرۆڤ

گۆشتی سوور ئەو گۆشتەیە کە لە گیاندارە شیردەرەکانەوە وەردەگیرێ. هەندێک کەس رۆژانە بەشێوەی جیاواز دەیخۆن. بەگشتیش، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە زۆرێک ژەمەکانماندا هەیە.

لە وڵاتێکی وەکوو ئەمریکا ساڵی 2016 هەر کەسێک بە تێکڕا 48 کیلۆ گۆشتی سوورى خواردووە، ئەمەش کەمبوونێکی بەرچاوە بە بەراورد بە چەند دەیە لەمەوبەر، بۆ نموونە ساڵی 1970 هەر تاکێکی ئەمریکایی 66 کیلۆ گۆشتی سوورى خواردووە. تەنیا لە دەیەی رابردوودا ئەمریکاییەکان بە راددەی 10% خواردنی گۆشتی سووریان کەمکردووەتەوە، کەمترین بڕیش ساڵی 2014 خوراوە کە 45 کیلۆگرام بووە بۆ هەر کەسێک.

بادانەوە بەرەو خۆراکی رووەکی

بەگوێرەی رووپێوییەکی ساڵی 2016، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەی رووەکخۆرەکان گەیشتووەتە هەشت ملیۆن کەس.ئەوانەشی تەواو نەبوونەتە رووەکخۆر، مەیلیان بەرەو خواردنە رووەکییەکان چووە. بۆ نموونە هەمان رووپێوی دەریخستووە 37%ی ئەو ئەمریکیانەی لە دەرەوەی ماڵ ژەمێکیان بەڕێکردووە، خواردنی رووەکییان هەڵبژاردووە نەک گیانەوەری. 36%ی ئەوانەی خواردنی رووەکییان هەڵبژاردووە، گوتوویانە بۆ پاراستنی تەندروستییان ئەوە دەکەن.

بەپێی نوێترین رێنمایی ئەکادیمیای خۆراک و شەکرەی ئەمریکایی، خواردنی رووەکی لەبری گیانەوەری، ئەگەری تووشبوون بە شەکرە بە راددەی 62% کەمدەکاتەوە، هەروەک ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشکیش کەمدەکاتەوە.

،،

گەرمکردنی گۆشت بۆ پلەی ئێجگار بەرز (بە نموونە کاتی سوورکردنەوە و برژاندن) ماددەگەلێکی تێدا دروستدەکات کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات.

 

 

گۆشتی سوور و شێرپەنجە

ئۆکتۆبەری 2015 رێکخراوی جیهانیی تەندروستى، بۆ یەکەمجار بە فەرمی رایگەیاند لەنێوان خواردنی گۆشتی سوور و تووشبوون بە شێرپەنجە پەیوەندی هەیە. بەهێزترین پەیوەندی نێوان گۆشت و شێرپەنجە خواردنی گۆشت بوو لە شێوازەکانی گۆشتی دەستکاریکراو (لەقوتوونراو یان هەر رێگەیەکی دیکەی هەڵگرتن و تەمەندرێژکردنی).

ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە لە شێرپەنجە (کە دامەزراوەیەکی سەر بە رێکخراوی تەندروستی جیهانییە)، دوای پێداچوونەوەی 800 توێژینەوەی زانستیی پێشوو، هەندێک داتای لەبارەی پەیوەندیی نێوان گۆشت و شێرپەنجە بڵاوکردەوە.

ئاژانسەکە رایگەیاند کە خواردنی رۆژانەی 50 گرام گۆشتی دەستکاریکراو ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن بە راددەی 18% زیاددەکات.

ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە لە شێرپەنجە پەیوەندی بینیبووەوە لەنێوان خواردنی گۆشتی سوور و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکانی رێکە و کۆڵۆن، پەنکریاس و پرۆستات.

هەروەها بەپێی راگەیێندراوی ئینستتیوتی نیشتیمانیی ئەمریکی بۆ توێژینەوە لە شێرپەنجە، گەرمکردنی گۆشت بۆ پلەی ئێجگار بەرز (بە نموونە کاتی سوورکردنەوە و برژاندن) ماددەگەلێکی تێدا دروستدەکات کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات.

،،

ساڵی 2013 توێژینەوەیەک دەریخست خواردنی گۆشتی سوور ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زیاددەکات، جا گۆشتەکە چەور بێت یان نا.

 

سستبوونی گورچیلە

لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا 661 هەزار کەس کێشەی سستبوونی گورچیلەیان هەیە کە حاڵەتێکە تێیدا گورچیلەکان چیدی توانایان نییە خوێن خاوێنبکەنەوە لە پاشەڕۆ زیانبەخشەکان.هۆکارە سەرەکییەکانی سستبوونی گورچیلە بریتین لە شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن، بەڵام توێژینەوەیەکى مانگی تەمموزی ساڵی پار پەیوەندی بینییەوە لەنێوان زۆر خواردنی گۆشتی سوور و سستبوونی گورچیلەکان.

توێژینەوەکە لە جۆرناڵی زانستی (the American Society of Nephrology) بڵاوبووەوە و دەریخست لەوانەی بەشداری توێژینەوەکەیان کرد، ئەو 25%ەی زۆرترین گۆشتیان خواردبوو ئەگەری تووشبوونیان بە سستبوونی گورچیلە بە راددەی 40% زیاتربوو لەو 25%ەی کە کەمترین گۆشتیان خواردبوو.

نەخۆشییەکانی دڵ

لە ئەمریکا ساڵانە 610 هەزار کەس بە نەخۆشییەکانی دڵ دەمرن، لەسەر ئاستی جیهانیش یەکەم هۆکاری مردنە.توێژینەوەیەکی ساڵی 2014 کە لەسەر 37 هەزار کەس کراوە، دەریخستووە ئەو پیاوانەی رۆژانە 75 گرام گۆشتی سووری دەستکاریکراو (لەقوتوونراو و رێگەکانی دیکەی هەڵگرتن و تەمەندرێژکردن) دەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە سستبوونی دڵ 1.28 ئەوەندەی ئەو کەسانەیە کە رۆژانە 25 گرام و کەمتر دەخۆن.

ساڵی 2013 توێژینەوەیەک دەریخست خواردنی گۆشتی سوور ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زیاددەکات، جا گۆشتەکە چەور بێت یان نا.

توێژینەوەیەکی دیکە دەریخستووە رەگەزی ئێڵ-کارنیتین لە گۆشتی سووردا لەلایەن بەکتریای ریخۆڵەوە هەرسدەبێ و دەگۆڕدرێ بۆ مادەیەک بەنێوی TMAO کە توێژینەوە لەسەر مشک دەریخستووە رێخۆشدەکات بۆ رەقبوونی خوێنبەرەکان، ئەو حاڵەتەش ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک زیاد دەکات.

،،

 باشترین شت سنووردارکردنی خواردنی گۆشت و زیادەڕەوینەکردنە لە خواردنی، نەوەک تەواو دوورکەوتنەوە لە گۆشت.

 

چەندە گۆشت بخۆین؟

سەرەڕای ئەو زیانانەی گۆشت کە باسمان کردن، نابێ لەبیرمان بچێ کە گۆشتی سوور پڕە لە رەگەزی خۆراکیی بەسوود.بۆ نموونە 100 گرام لە گۆشتی سوور 25%ی پێداویستی رۆژانەی جەستە بە ڤیتامین B3، هەروەها 32%ی پێداویستی جەستە بە زینک پڕدەکاتەوە.ئەو ئاسنەی لە گۆشتدا هەیە زۆر باشتر لە ریخۆڵەدا هەڵدەمژرێت لەوەی لە سەرچاوە رووەکییەکاندا هەیە. جگە لەوانە، گۆشتی سوور بە سیلینیۆم، ڤیتامین B6 و چەندینی دیکە دەوڵەمەندە.

بەپێی ئەو بەڵگە زانستییانەی تاوەکو ئێستا هەن، باشترین شت سنووردارکردنی خواردنی گۆشت و زیادەڕەوینەکردنە لە خواردنی، نەوەک تەواو دوورکەوتنەوە لە گۆشت.

ئینستتیوتی ئەمریکی بۆ توێژینەوە لەشێرپەنجە رێنماییداوە کە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەلە هەفتەیەکدازۆرتر لە 18 ئۆنس (نیو کیلۆگرام) گۆشتی سوور نەخورێت.

داواش دەکات هیچ بڕێک گۆشتی دەستکاریکراو نەخورێت. مەبەست لە گۆشتی دەستکاریکراو گۆشتی قوتووە، یان هەر رێگەیەکی دیکە بۆ تەمەندرێژکردنی گۆشت. نموونەکانی گۆشتی دەستکاریکراو: گۆشتی قوتوو، سالامی، گوشتی وشککراو، سۆسج، باسترمە، هۆتدۆگ.

تێبینی: ئەم بابەتە بۆ رۆشنبیری تەندروستییە و بۆ کەسانی تەندروستە، ئەگەر نەخۆشییەکی دیاریکراوت هەیە، دەبێ رێنمایی تایبەت لە پزیشکەکەت وەربگری، بابەتەکانی رۆشنبیریی تەندروستی نابنە جێگرەوەی راوێژکردن بە پزیشکەکەت