سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى : گەڕانەوەی به‌رهه‌م ساڵه‌ح زیانێكى  زۆرى گه‌یانده‌ پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێم ‌‌‌‌

سەرقاڵی پێکھێنانی تۆڕێکی میدیایین و خۆمان بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو ساز ده‌كه‌ین

سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى : گەڕانەوەی به‌رهه‌م ساڵه‌ح زیانێكى زۆرى گه‌یانده‌ پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێم ‌‌‌‌

3426 خوێندراوەتەوە

دیپلۆماتیك مەگەزین

ئارام قادر سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى نیشتیمانى له‌وه‌ڵامى چه‌ند پرسێارێكى تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین دا بۆ یه‌كه‌مجار باس له‌وزیانه‌ ده‌كات كه‌ گەڕانەوەی د. به‌رهه‌م ساڵه‌ح سه‌رۆكى پێشووى هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراتى و دادپه‌روه‌رى ( هه‌مان حزبه‌كه‌ى ئێستاى ئارام قادر به‌ڵام پاشگره‌كه‌یان له‌كۆنگره‌یه‌كى ناوخۆیی دا گۆڕی), بۆ ناویەكێتی و بونی بەسەرۆك كۆماری عیڕاق ، به‌وته‌ى ئه‌و, گه‌یاندیه‌ پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێم, هاوكات به‌رنامه‌ى خۆیان وه‌كو حزبێكى سیاسى نوێتر  بۆ ئاینده‌ ئاشكرا ده‌كات.

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین : باله‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین, بۆچى د.به‌رهه‌م ساڵه‌ح هاوپه‌یمانى دروست كرد و دواتریش به‌جیهێیشت, نهینینه‌كه‌ چى بوو..؟


ئارام قادر : لای هەمووان روونە، بارودۆخی سیاسی کوردستان جۆرێک لە بۆشایی تێدا دروستبوو، ئەوەیش نەبوونی ھێزێکی نیشتمانی بوو کە پاشخانی سیاسی و سنوری جوگرافی و چوارچێوەی نەتەوەیی و ئایینی تێپەرێنێت، ئەوەی پێویست بوو بۆ گۆرەپانی سیاسی کوردستان داھێنانی نەریتێکی سیاسی نوێ بوو کە مرۆڤ بکاتە سەنتەر بۆ جمومجوڵ و چالاکیەکانی، حزب زۆرە لە کوردستان، بە ڵام بە داخەوە سیاسەتکردنی تەندروست و سیاسەتکردن لە پێناو بەرژەوەندیە نیشتمانییەکان زۆر لاواز بووە، ھاوپەیمانی ھاتە بوون بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەو لەیەکەم ھەنگاویدا توانی ئەو بەربەستە بشکێنێت و کۆمەڵێک کەسایەتی پاشخان جیاوازو ئایدێۆلۆژیای ھەمەچەشن پێکەوە توانیمان کارێکی جوان بکەین و سەرکەوتووش بوین لەوەدا کە تێروانینی جیاواز و ئایدۆلۆجیا و مەزھەب و پاشخانی سیاسی جیاواز رێگر نەبێت لەوەی کاری پێکەوەیی ئەنجام بدەین، ئەوەی بەڵگەنەویستە پرۆسەی گۆرانسازی بە تاکەحزب و کەسایەتییەک و گروپێک ناکرێت.

،،

سەرۆكی هاوپەیمانی :  گەر پشتیوانی داراییمان ھە بووایە ھاودیدانمان موچەیان دەبوو، کە ئێستا لە سەدا نەوەدو ھەشتی ھاودیدان خۆبەخشانە کاردەکەن و لەسەر گیرفانی خۆیان ھاتوچۆ دەکەن


پێویستە هێزە چاکەخوازەکان لە بەرەیەکدا کۆببنەوە و کار بۆ باشترکردنی دۆخی سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزاری بکەن، ئێستاش هەمان بڕوامان هەیە، بۆیە هاوپەیمانی وەکو پرۆژەیەکی کۆکەرەوە دامەزرێنرا. پرسی گەڕانەوەی د. بەرهەم ساڵح-یش بۆ ناو یەکێتی هیچ نهێنییەکی تێدا نییە و چیرۆکەکە لای هەمووان ڕوون و بێپەردەیە.

خۆی و ھەندێک لە هەڤاڵەکانیشی کە بڕیاریاندا بگەڕێنەوە ناو یەکێتی و بەیاننامەکەش لە پرێس کۆنفرانسێدا لە ئۆفیسی هاوپەیمانیی ڕاگەیەنرا ، ھەر ئەو کات راستییەکانمان خستە روو، ئێستا ئێمە سەرقاڵی کاری خۆمانین و نامانەوێت خۆمان بەو هەواڵانەوە سەرقاڵ بکەین، چونکە قسەکردن لەو بابەتە لە ئێستادا بە پێویست نازانین.

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین : ده‌وترێت به‌ڕێزت پێتباشبووه‌ د.به‌رهه‌م ساڵه‌ح بگه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ناو یه‌كێتى ... هۆكاره‌كه‌ى چى بوو..؟

ئارام قادر : هەنگاوی گەڕانەوەی د. بەرهەم بۆ ناو یەکێتی پەیوەندی بە تێڕوانینی د. بەرهەم خۆیەوە بووە، ئێمە پێمان خۆشبوو هاوپەیمانی بەردەوام بێت ئەوەشمان بە روونی ڕاگەیاند، هەوڵماندا ھاودید و دەنگدەرەکان و هەموو ئەو خەڵکەی ئومێدێکیان بە پڕۆژەکە هەبوو بێھیوا نەکرێن، ئەو ھەنگاوەی دکتۆر بەرھەم زیانی زۆری گەیاندە پرۆسەی سیاسی بە شێوەیەکی گشتی، ئێستا دۆخەکە بەشێوەیەکیترە و ھاوپەیمانیی نیشتمانی درێژە پێدەری ئەو پرۆژەیەیەو ھەر چەندە ئەرک و کارەکەمان زۆر قورس کرا بەڵام ھاووڵاتیان شایستەی ئەوەن قوربانیان بۆ بدەین و کار بکەین بۆ ئەوەی ئەو بێ ھیوایی و ڕەشبینینەی خەڵک بگۆڕین بۆ خەمخۆری و ئومێدی زیاتر.

،،

سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى : هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئێمە و  د. بەرهەم ساڵەح دا نیە


دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین : له‌كاتى گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ ناو یه‌كێتى   د.به‌رهه‌م ساڵه‌ح پرسى پێى كردن..؟ داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حزبه‌كه‌ى لێكردن؟

ئارام قادر : دکتۆر بەرھەم دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردو زۆرینەی دەستەی دامەزرێنەرو ئەنجومەنی بەرێوەبردن و ھاودیدان بریاری بەردەوامیاندا، ئەوەش بە دۆکیۆمێنت پارێزراوە لە ١٩/٩/٢٠١٨، دواتر ئەوەمان راگەیاند کە ھاوپەیمانی پرۆژەیەکی فیکری، رۆشنبیری و سیاسیەو پەیوەست نیە بە تاک و کەسایەتییەکەوە و زەرورەتێکی گۆڕەپانی سیاسی کوردستانەو بەردەوام دەبێت و ئەو ھاودیدانەش کە ئێستا لەگەڵمان نین رێز لە بڕیارەکەیان دەگرین و باوەرمان بە ئازادی تەواو ھەیە لە کاری سیاسیدا.


دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: ئێستا په‌یوه‌ندیتان چۆنه‌ و چ جۆرێكه‌ له‌گه‌ڵ  د.به‌رهه‌م ساڵه‌ح؟
ئارام قادر : هیچ پەیوەندییەک نییە لەنێوانماندا.

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: تاچه‌نده‌ ئه‌و زانیارییه‌ ڕاسته‌ له‌ ئێستادا پارتى پاڵپشتى دارایى و مه‌عنه‌ویتان ده‌كات..؟

ئارام قادر: ئەوە زانیاری نییە، پڕوپاگەندەیە، واتەواتی سیاسیە بۆ بێھیواکردنی ئەو کەسانەی ھیوایەکیان ماوە و بڕیاریان داوە خۆبەخشانە کار بکەن، گەر پشتیوانی داراییمان ھە بووایە ئێستا ھاودیدانمان موچەیان دەبوو، کە ئێستا لە سەدا نەوەدو ھەشتی ھاودیدان خۆبەخشانە کاردەکەن و لەسەر گیرفانی خۆیان ھاتوچۆ دەکەن، گەر ھاوکاری ماددیمان لە ھەرلایەکەوە ھەبووایە ئێستا کە ناڵی ئاسمانیمان بەگەڕدەخست وەک چۆن پێشتر کەناڵی خەندان کاری دەکرد.

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: ئێستا چۆن حزبه‌كه‌تان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن؟ له‌ڕووى ڕێكخراوه‌ى و ئاینده‌یه‌وه‌ ده‌تانه‌وێ چ بكه‌ن؟خه‌ڵكتان زۆر له‌گه‌ڵدا ماوه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى به‌هۆى به‌رهه‌م ساڵه‌حه‌وه‌ بون به‌هاوپه‌یمانى..؟

ئارام قادر : قۆناغی خۆرێکخستنەوە و تەشکیلاتی ئۆرگانەکانمان تێپەڕاندووە و سەرقاڵی خۆتۆکمەکردنی ناوخۆیین و دەمانەوێت دەستەبژێرێکی سەرکردایەتی ئامادە بکەین لە ھەموو بوارەکاندا، زیاد لە ئەگەرێک لەبەردەمماندا کراوەیە و باشترینەکانیان هەڵدەبژێرین، باشترینەکان بۆ دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان، دەمانەوێت هێزێک بین دەستکاری نەریتی سیاسی و حزبایەتی لە کوردستان بکەین، بڕوامان بەوە نییە زۆرترین خەڵک لەچوارچێوەی حزبێکدا کۆبکەینەوە و بیانکەینە کادری حزبی، بۆیە ئێمە قەوارەیەکین پشت بە دەنگدەر و خەڵکی کوردستان دەبەستین و ئامانجمان باشترکردنی ژیانی هەموو هاوڵاتییەکی ئەم کوردستانەیە، نەک باشتکردنی ژیانی کادرە حزبییەکانی خۆمان لەسەر حسابی هاوڵاتیانی کوردستان، زۆرینەی ھاودیدان بەردەوامن لە گەڵمان بە جیاوازی بیرو بۆچوونەکان .


دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: ده‌وترێت زۆربه‌ى چالاكیه‌كانتان له‌فه‌یسبوكه وه‌یه‌ ‌و مه‌یدانیه‌ن غیابن هۆكارى ئه‌مه‌ چیه‌..؟

ئارام قادر : ئەوەی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێتەوە دوای ئەوە دێت کە لە واقیعدا جێبەجێی دەکەین، ئۆفیسەکانی ھەولێرو سلێمانی و دھۆک کراونەتەوە و لە دەرفەتێکی نزیکدا ئۆفیسەکانی گەرمیان و ھەڵەبجەش دەکەینەوە و نوێنەرایەتیمان لە زۆرێک لە وڵاتانی دەرەوە دیاریکردووە و لە ھەمانکاتدا سەرقاڵی پێکھێنانی تۆرێکی میدیایین بە شێوەیەکی سەردەمیانە، و خۆمان سازدەکەین بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو.

،،

سەرۆكی هاوپەیمانی :بڕوامان به‌ سڕینه‌وه‌ى هیچ حزب و لایه‌نێك نیه‌ و ئۆپۆزسیۆن به‌به‌شێك له‌سیستمى سیاسى ده‌زانین و ده‌سه‌ڵات خاوه‌ندارێتى نیشتیمان و خه‌ڵك ناكات به‌ڵكو فه‌رمانبه‌رێكه‌ بۆ پێشكه‌ش كردنى خزمه‌تگوزارى.

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: ئێستا خۆتان به‌حزبى مه‌عاره‌زه‌ ده‌زانن یان نزیك له‌ده‌سه‌ڵات؟
ئارام قادر : پاش راگەیاندنی کابینەی حکومەت، ھاوپەیمانی پرۆژەی خۆی رادەگەیەنێت، پەیوەندیمان باشە له‌گه‌ڵ تێكڕاى حزبه‌كان ,باوه‌ڕمان به‌ ناكۆكى سیاسى نیه‌ و ده‌مانه‌وێت ململانێى سیاسى بكه‌ین, ده‌رفه‌ت زۆره‌ له‌به‌رده‌مماندا بۆ خزمه‌تكردنى خه‌ڵك, هه‌ر قه‌واره‌ و حزبێكى سیاسى نه‌یتوانی هه‌ردوو ڕۆڵى ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن ببینێت , كه‌واته‌ بونیاد و سروشتى ئه‌و حزبه‌ ناته‌ندروسته‌ و گرفتى تێدایه‌, ئێمه‌ پڕۆژه‌مان بۆ هه‌ردوو دۆخى ئۆپۆزسیۆنبوون و چوونه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌.


له‌باره‌ى په‌یوه‌ندیشمان به‌حزبه‌كانى دیكه‌وه‌, بڕوامان به‌ سڕینه‌وه‌ى هیچ حزب و لایه‌نێك نیه‌ و ئۆپۆزسیۆن به‌به‌شێك له‌سیستمى سیاسى ده‌زانین و ده‌سه‌ڵات خاوه‌ندارێتى نیشتیمان و خه‌ڵك ناكات به‌ڵكو فه‌رمانبه‌رێكه‌ بۆ پێشكه‌ش كردنى خزمه‌تگوزارى.


دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: بۆچونتان له‌سه‌ر كابینه‌ى نوێ چۆنه‌؟ ئایا درێژكراوه‌ى كاره‌كانى هه‌مان كابینه‌كانى پێشوو ده‌بێت..؟
ئارام قادر : گرفت له‌كابینه‌ى حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان و دامه‌زراوه‌كاندا نیه‌, گرفت له‌سروشتى تیِڕوانینى حزبه‌كانه‌وه‌یه‌ بۆ ئیداره‌دانى حكومه‌ت و په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌كانى دیكه‌, هه‌تا حزب وه‌كو ئامڕازێك بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانج و به‌رژوه‌ندییه‌ تایبه‌تیه‌كانى له‌حكومه‌ت و په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌كان بڕوانێت, ئه‌و دامه‌زراوانه‌ كارى سروشتى خۆیان ناكه‌ن و ڕۆڵیان نابێت له‌گۆڕینى دۆخى هه‌رێمى كوردستان .


بۆیه‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كى باشتر بوونى دۆخى كوردستان و كاراتربونى حكومه‌ت و په‌رله‌مان , گۆڕینى سروشتى حزب و تیِڕوانینه‌كانیه‌تى بۆ سه‌رخان و ژێرخانى هه‌رێمى كوردستان تا بیركردنه‌وه‌ى حزبه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بونیاد بنرێت كه‌چۆن یه‌كتر تێكبشكێنن و ناكۆكیه‌كان قوڵبكه‌نه‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نیشتیمانیه‌كان بكه‌نه‌ قوربانى ناكۆكى خۆیان بارودۆخ خراپتر ده‌بێت و حكومه‌ت و په‌رله‌مانیش سه‌ركه‌وتو نابێت.