به‌رپرسانى كۆمه‌ڵ: ده‌ستێكى ناوخۆیى له‌پشته‌وه‌ى موشه‌كبارانكردنى باره‌گاكانمانه‌وه‌ بوو

كۆمه‌ڵى ئیسلامى مه‌كته‌به‌ عه‌سكه‌رییه‌كه‌ى زیندوو ناكاته‌وه‌

به‌رپرسانى كۆمه‌ڵ: ده‌ستێكى ناوخۆیى له‌پشته‌وه‌ى موشه‌كبارانكردنى باره‌گاكانمانه‌وه‌ بوو

569 خوێندراوەتەوە

كۆتاییەكانی مانگی ئازاری ئەم ساڵ، 16 ساڵ به‌سه‌ر موشه‌كبارانكردنى بنكه‌و باره‌گاكانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان له‌ ناوچه‌كانی هه‌ورامان و ئه‌حمه‌د ئاوا لەلایەن هێزەكانی ئەمریكا لەمیانی پرۆسەی گەردەلولی بیاباندا  تێپه‌ڕده‌بێت، تائێستا ئه‌و ڕوداوه‌ به‌ته‌مومژاوى و هه‌میش نیگه‌رانى له‌بیر و زیهنی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌ت لایه‌نگرانی ئه‌و حزبه‌ دا ماوه‌ته‌وه‌، كه‌بوو به‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی 43 ئه‌ندام و برینداربونى ده‌یان ئه‌ندامى تر ، به‌رپرسانى ئه‌و حزبه‌ زانیارى نوێتر له‌سه‌ر ڕوداوه‌كه‌ ده‌ده‌ن و هاوكات به‌رده‌وامى ڕه‌خنه‌كانیان له‌و حزبه‌ى ده‌ستى ئه‌مریكاى برده‌ سه‌ر باره‌گانیان , له‌گفتوگۆیه‌كى (دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ) دا دوپاتده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ڕه‌خنه‌ی به‌شێك له‌به‌رپرسان و ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی ئیسلامییه، هۆكاری به‌ئامانج گرتنی حزبه‌كه‌یانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه،‌ به‌وپێیه‌ی پێشووتر دڵنیاییان به‌ ئه‌مریكا دابوو ئه‌وان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ ئه‌نسار و ئیسلامه‌وه‌ نییه‌ و ته‌ئكیدیان كردبوه‌وه‌ هه‌ر كار و كرده‌وه‌یه‌كی ئه‌و گروپانه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ هه‌ژمار نه‌كرێت ئه‌و گروپه‌ دوورن له‌سیاسته‌كانى كۆمه‌ڵه‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ئه‌ندامی مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ریی ئه‌وكاتی كۆمه‌ڵ، به‌توندی هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌مریكاو به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و تۆمه‌تباریان ده‌كات به‌تێوه‌گلانیان له‌ هێرشكردنه‌ سه‌رباره‌گاكانیان و بۆ دیپلۆماتیك ده‌ڵێت:"هه‌رچه‌نده‌ به‌ڵگه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌مان له‌به‌رده‌ستدا نییه،‌ كه‌ ئایا چ لایه‌نێكی كوردی له‌پشت هێرشه‌كانی ئه‌مریكاوه‌بوو بۆ سه‌ر باره‌گاكانمان به‌ڵام دڵنیاین هێزی كوردی له‌پشت هێرشه‌ نامرۆڤانه‌كه‌ی ئه‌مریكاوه‌ بووه‌ به‌ئامانجی سڕینه‌وه‌ی حزبێكی كاریگه‌ری وه‌ك كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان".

به‌ڵام محمد بامۆكی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سیاسی، پێچه‌وانه‌ی ئه‌ندامه‌كه‌ی پێشووتری مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ری حزبه‌كه‌ی، ئۆباڵی هێرشه‌كه‌ بۆسه‌ر باره‌گاكانیان بۆ ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و به‌دووری ده‌زانێ ده‌ستی ڕاسته‌وخۆی لایه‌نێكی كوردی له‌پشته‌وه‌ بوبێت.

،،

دوای هێرشه‌كه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری كۆچكردووى گشتی یه‌كێتی نیشتیمانى، نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ و خودی علی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كردوه‌ و تێیدا ئۆباڵی ڕوداوه‌كه‌ی خستبووه‌ ئه‌ستۆی كۆمه‌ڵ كه‌ قسه‌و ئاگاداركردنه‌وه‌كانی یه‌كێتیان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتوه‌ و پێشوه‌خت ناوچه‌ی هه‌ورامانیان جێنه‌هێشتوه‌

به‌ڵام هه‌ردوو به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ی كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی مادی و مه‌عنه‌وه‌ قوربانیانی ڕوداوه‌كه‌ هاوڕابوون، و وه‌ك ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ده‌ڵێت:"دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر ڕوداوه‌كه‌ به‌ڵام هیچ لایه‌نێكی كوردی ئاماده‌نه‌بوو ته‌نانه‌ت سڵاوێكیشمان لێبكات، چونكه‌ به‌شێكیان ده‌ستیان له‌ڕوداوه‌كه‌دا هه‌بوو، به‌شێكی دیكه‌شیان له‌ترسی ئه‌مریكا و خراپی دۆخی كۆمه‌ڵ نه‌یانده‌وێرا بێنه‌پێشه‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكاربوو له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی2005 كۆمه‌ڵ به‌لیستێكی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات و هیچ لایه‌نێك ئاماده‌نه‌بوو هاوپه‌یمانی سیاسیمان له‌گه‌ڵ ببه‌ستێت".


دوای هێرشه‌كه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری كۆچكردووى گشتی یه‌كێتی نیشتیمانى، نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ و خودی علی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كردوه‌ و تێیدا ئۆباڵی ڕوداوه‌كه‌ی خستبووه‌ ئه‌ستۆی كۆمه‌ڵ كه‌ قسه‌و ئاگاداركردنه‌وه‌كانی یه‌كێتیان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتوه‌ و پێشوه‌خت ناوچه‌ی هه‌ورامانیان جێنه‌هێشتوه‌، هه‌رئه‌وكاتیش علی باپیر هۆكاری به‌ده‌مه‌وه‌ نه‌هاتنیان به‌ده‌م ئاگادارییه‌كه‌ی یه‌كێتییه‌وه‌ به‌هۆی دیاری كردنی شوێنێكی نه‌گونجا‌وه‌وه‌ بوو له‌ڕوی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه‌‌، ئه‌گه‌ر به‌هاتایه‌و كۆمه‌ڵ به‌و بژاردانه‌ی كه‌بۆی دانرابوو قایل بوایه‌، كۆمه‌ڵ ده‌كه‌وته‌ ژێر مه‌ترسی هه‌ژموونی هێزه‌كانی یه‌كێتی له‌زۆنی سه‌وز.

،،

 بەرپرسانی كۆمەڵ ئەوە ئاشكرا دەكەن، ئاگادار كردنەوەی پێشوەختەی یەكێتی بۆ چۆڵكردنی ناوچەكە ڕوداوێكی پلان بۆ داڕیژڕاو و ڕێكخرابووە

ئاگادار كردنه‌وه‌كه‌ى یه‌كێتی بۆ جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌جێهێشتنی ناوچه‌كانی ئه‌حمه‌د ئاواو هه‌ورامان له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌وه‌، ئه‌و سه‌ره‌نجه‌ی لای ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید دروست كردووه‌، كه‌ڕوداوه‌كه‌ ڕوداوێكی پلان بۆدڕێژراوو ڕێكخراوبووه‌، ده‌ڵێت:"له‌ زۆربه‌ی بۆنه‌ و دیداره‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیداره‌ی ئه‌مریكا باسمان له‌ڕوداوی مووشه‌كبارانكردنى باره‌گاكانمان كردووه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌مریكییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی پێویست نه‌هاتوون به‌ده‌م داواكارییه‌كانمانه‌وه‌".

بامۆكیش نایشارێته‌وه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ماف له‌ زلهێزێكی وه‌ك ئه‌مریكا، كه‌ئێستا حكومی هه‌موو جیهان ده‌كات كارێكی هه‌روا سانا نییه‌، به‌ڵام دڵنیاییش ده‌دات به‌ لایه‌نگران و هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك كۆمه‌ڵ و به‌دیاری كراوی ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆڵ ناده‌ن، تاوه‌رگرتنه‌وه‌ی ماف بۆ ماف خوراوان و به‌دادگای گه‌یاندن و وه‌رگرتنه‌وه‌ی ماف له‌تاوانبارانی ئه‌و ڕوداوه‌.

"ئه‌وه‌ی ده‌رهه‌ق به‌كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان له‌ناوچه‌كانی هه‌ورامان و ئه‌حمه‌د ئاوا كرا، جگه‌ له‌موئامه‌ره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆی هیچ پێناسه‌یه‌كی دیكه‌ هه‌ڵناگرێت و پێویسته‌ ئه‌مریكا ڕاسته‌وخۆ قه‌ره‌بووی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان و شه‌هیده‌كانی بكاته‌وه، چونكه‌ تائێستاش بریندارانمان به‌ده‌ست برینه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و گومانمان له‌مه‌ترسیداری ئه‌و چه‌كه‌ هه‌یه‌ كه‌له‌هێرشه‌كه‌دا به‌كار هێنراون‌". ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید وای وت.


دوای هێرشه‌كان و جێهێشتنی ناوچه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌وه‌ بۆ ده‌ڤه‌ری پشده‌رو به‌تایبه‌ت ناوچه‌ی داره‌شمانه‌، ئه‌و حیزبه‌ كۆتایی به‌خه‌باتی چه‌كداری هێناو، بووه‌ حیزبێكی مه‌ده‌نی ئه‌مه‌ش لای هه‌ندێك له‌ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ئه‌و حیزه‌ به‌پاشه‌كشه‌ی كۆمه‌ڵیان زانی له‌پڕۆسه‌ی سیاسی.

،،

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید : ئێستاش  مه‌ترسییەكان ڕەوینەتەوە  بیركردنه‌وه‌ له‌ زیندووكردنه‌وه‌ی مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ری به‌دوور ده‌زانم و هه‌موو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌هێزی خۆمانی ده‌زانین و بیركردنه‌وه‌ له‌دروست كردنی هێزێك له‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ نیشتیمانییه‌كان شه‌رعیه‌تدانه‌ به‌ هێزی میلیشیا

به‌ڵام ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید پێیوایه‌ له‌قۆناغی ئێستادا كۆمه‌ڵ به‌دۆخێكی سه‌قامگیر و جێگیردا گوزه‌ر ده‌كات و لایه‌نگرێكی زۆری هه‌یه‌ و توانییویه‌تی خۆی بسه‌لمێنێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ :"خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر بونه‌ته‌ قه‌ڵغانێك بۆ پاراستنی كۆمه‌ڵ و پێشووتر كۆمه‌ڵ دوای كۆتای هاتنی ڕژێمی له‌ناوچووی به‌عس ئامانجی له‌چه‌ك ته‌نها خۆپاراستن بوو نه‌ك هێرش كردن ئێستاش كه‌ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ ڕه‌وینه‌ته‌وه‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ زیندووكردنه‌وه‌ی مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ری به‌دوور ده‌زانم و هه‌موو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌هێزی خۆمانی ده‌زانین و بیركردنه‌وه‌ له‌دروست كردنی هێزێك له‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ نیشتیمانییه‌كان شه‌رعیه‌تدانه‌ به‌ هێزی میلیشیا".

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵ، نیگه‌رانه‌ له‌لاوازی لایه‌نی دارای حزبه‌كه‌ی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانییوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی پێویست قه‌ره‌بووی بنه‌ماڵه‌ی قوربانییه‌كان بكه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێت:"وه‌ك كۆمه‌ڵی ئیسلامی ته‌نها توانیومانه‌ موو‌چه‌یه‌ك(شه‌هیدانه‌) بۆ بنه‌ماڵه‌ی قوربانییه‌كان ببڕینه‌وه‌، له‌كاتێكدا ژماره‌یه‌كی زۆر برینداریان به‌هۆی ڕوداوه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ به‌شێوه‌یكی پێویست به‌ده‌میانه‌وه‌بن".

شه‌وی 21له‌سه‌ر 22ی مانگی سێ ساڵی 2003 له‌میانی پڕۆسه‌ی گه‌رده‌لولی بیابان بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی هێزه‌كانی به‌عس له‌عێراق، هێرش كرایه‌ سه‌ر باره‌گاكانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان كوژرانی زیاتر له‌43 ئه‌ندامی ئه‌و حیزبه‌ى لێكه‌وته‌وه‌، تا ئێستاش ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی لێدوانی له‌سه‌ر هۆكاری هێرشه‌كه‌ نه‌داوه‌ و ئاماده‌ش نیه‌ قه‌ره‌بوى قوربانیانى ڕوداوه‌كه‌ بكاته‌وه‌.

 

author photo

رۆژنامەنووس