ڕێبین هەردی : كاك نه‌وشیروان بڕواى به‌وه‌ هێنابوو گۆڕان به‌ته‌نها هیچى پێناكرێت

ئەگەر کاک نەوشیروان بمایە بەرەیەکی گەورەتری لەگۆڕان دروست دەکرد

ڕێبین هەردی : كاك نه‌وشیروان بڕواى به‌وه‌ هێنابوو گۆڕان به‌ته‌نها هیچى پێناكرێت

1063 خوێندراوەتەوە

له‌م  گفتو گۆیەدا له‌گه‌ڵ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین، نوسه‌رو ڕۆشنبیر ڕێبین هه‌ردى، باسله‌ به‌شداریكردنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ حكومه‌ت‌و ڕێكه‌وتنى نێوان پارتى‌و گۆڕان ده‌كات‌و ڕێكه‌وتنه‌كه‌ى نێوانیان به‌ گوماناوى ناو ده‌بات‌و ده‌شڵێت ئه‌گه‌ر کاک نەوشیروان بمایە بەرەیەکی گەورەتری لەگۆڕان دروست دەکرد، وه‌كو ئه‌و ئاماژه‌ى پێده‌دا لەو ئاخیرانەدا كاك نه‌وشیروان زۆر بڕوای بەوە کردبوو گۆڕان بەتەنیا هیچی پێناکرێ.

دیپلۆماتیك مەگەزین: بەشێک پێیانوایە لەدوای وەفاتی کاک نەوشیروان بزوتنەوەی گۆران دور کەوتۆتەوە لە و پرەنسیپ‌و بنەمایانەی کەلەسەری دورست بووە، له‌مڕوه‌وه‌ سەرنجی بەڕێت چییە؟

،،

 ڕێبین هەردی : دوجێگری سەرۆکی پەڕلەمان بەدەست پارتیەوەیە، وە لەهەمووی کارەساتر لەلیژنەی یاسایدا کە یەکێکە لەگرنگترین لیژنەکانی ناو پەڕلەمان، پارتی زۆرینەی بردو لەناو ئەو لیژنە یاسایەدا بێئەوەی برادەران هیچ قسەیەک لەسەر ئەمە بکەن هیچ هەلوێستێکیان نەبوو

ڕێبین هەردی: خۆی ڕاستییەکەی بەشێک راستی لەو قسەیەدا هەیە، بزوتنەوەکە دوای کاک نەوشیروان بێدەنگییەکی زۆری پێوە دیارە، بەشێکی وەکو هێزێکی ڕەخنەگری هاوکیشەیەکی دیاریکراو تاڕادەیەکی زۆر لەدەستداوە، هێزێک بوو بەدەنگێکی بە جورئەتەوە بەرگری لەپرۆژەیەک دەکردو سەرسەختانە بەدژی ئەم حکومڕانیەدا دەچویەوە، ماوەیەکی زۆرە له‌ بێدەنگیەکی گەورەدا غەرق بووە، ماوەیەکی زۆرە، هەڵویستیان وەک جاران ڕەخنەگرانە نەماوە، نەرمییەکی زۆریان نواند، ماوەیەکی زۆر بیدەنگیەکی زۆریان پێوەدیار بوو، وە لەدوا ساتەکانیشدا ڕێکەوتنێکی زۆر جێگەی گومانەوى لەگەڵ پارتیدا دروست کرد، ئەم ڕێکەوتنە لەهەموو ڕوویەکەوە لای من سەیرە، چونکە لەم ڕێکەوتنەدا، ئەزانی پەڕلەمان ئەمجارە بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵی پارتی پێوە دیارە.

دووجێگری سەرۆکی پەڕلەمان بەدەست پارتیەوەیە، وە لەهەمووی کارەساتر لەلیژنەی یاسایدا کە یەکێکە لەگرنگترین لیژنەکانی ناو پەڕلەمان، پارتی زۆرینەی بردو لەناو ئەو لیژنە یاسایەدا بێئەوەی برادەران هیچ قسەیەک لەسەر ئەمە بکەن هیچ هەلوێستێکیان نەبوو، نەک هەڵوێستیان نەبوو بگرە تەبا لەگەڵ ئەمەیا ڕۆیشتن، ئەمە تەواو ناکۆکە بە هەموو ئەو بۆچوونانەی کەگۆڕان لەسەر حکومرانی هەیبووە، کە نابێ تاكلایه‌نه‌ كارى وا بکرێ، دەبێ بڕیار بڕیاری هاوبەشبێ، سیستەمەکە بەجۆرێکبێت هەموومان تێیدا بەشدار بین، نەک هەرئەوەی بەشداری وەزارەت و لەپۆستا بەشداربین، لەحکومڕانیدا، لەشیوازی دیاریكردنى سیاسەتی وڵاتدا، ئێستاکە بەهۆی ئەم ڕێکەوتنە هەمووی لەدەستچووە، لەلیژنەی یاسایدا پارتی زۆریەنەیەو پارتی چی بوێت بەزۆرینە تێیدەپەڕێنێت، لە سەرۆکایەتیدا هەرشتێک پارتی پێیڕازی نەبێ ناڕوات، وە کردویانە بەشەرعیش، بەمە ڕازیبوون ئیتر چۆن ناکۆک نییە بەوەی کە گۆڕان پێشوتر داوای دەکرد.


دیپلۆماتیك مەگەزین: بەبڕوای تۆ بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەحکومەتدا، هەنگاونانه‌ بۆ دوورکەوتنەوە لە دەنگی شەقام‌و ئۆپۆزیسیۆن؟

ڕێبین هەردی: لە ئۆپۆزیسیۆن دەرچوون، ئیستاکە لەحکومەتدان، تازە ئۆپۆزیسیۆن نەمان، بەشداردەبن لەحکومەتا، من پێشم سەیرە کەبەشدارن لەحکومەڕانیەکدا کە هەتاکو دوێنێ ئەو حکومڕانییە ئەوانی لەسەر ئەوەی کە دەیانویست دەستکاری یاسایەک بکەن دەركرد، بەبڕوای من کاری ڕاست ئەوەبوو لەپاش ئەو هەموو بەدگومانیەوە، ئەم چوار ساڵە ببونایه‌ته‌وه‌ به‌ ئۆپۆزیسیۆن، لایەنی کەم بۆئەوەی بزانن ئەم هێزانە ئەم چوارساڵە چیدەکەن چۆن وا بەئاسانی بروا بە وەعدێک دەکەن کە سەرەتاکانی دڵخۆشکەر نییە، سەره‌تاکانی کۆنتڕۆڵکرنی هێزێکە بەسەر هەموو دەزگا شەرعیەکانی ئەم وڵاتە، ئەوە تاکە دەزگایەکە بەدەست پارتیەوە نەمابوو پەڕلەمان بوو بەڕاستی ئێ ئەمجارە پەڕلەمانیشی لێسەندنەوە، سەرۆکی هەرێمیان لێ دەسەنێ، سەرۆکی وەزیرانیشیان لێدەسەنێت، ئێ لەبەرئەوە ئۆپۆزیسیۆنی چی، ئۆپۆزیسیۆن نەماون، ئەم بەشداریە بەڕاستی بەشداریەکە بۆ وەرگرتنی هەندێک پۆست، وەریشیان گرتووە زیاد لە لەو جارەیتر وەرگرتووە کەم کە ٢٥ کورسیان هەبوو، ئێستا بە ١٢ کورسییەوە ئەوەندیان وەرگرتووە کە لە رابردو بە ٢٥ کورسی وەریان نەگرتووە.

دیپلۆماتیك مەگەزین: بەو پێیەی کەبەرێزت لەگەڵ خوالێخۆشبوو کاک نەوشیروان زۆر نزیک بوویت بەبڕوای تۆ ئەگەر کاک نەوشیروان بمایە هەمان ئەم بریارەی ئەدا کە ئێستا بزوتنەوەی گۆران داویەتی؟


ڕێبین هەردی: زۆر بەدڵنیایەوە ئەتوانم بڵیم نەخێر، بەهیچ شیوەیەک، بەهیچ شیوەیەک ڕازی نەئەبوو پەڕلەمان بکەوێتە دەست هێزێک ئەو هێزە چ پارتی بێ چ یەکێتی بێ، هەرگیز بەوە ڕازی نەدەبوو قەت لیژنەی یاسایی هێزێک بەته‌واوەتی کۆنترۆڵی بکات وەهەموو بەرنامەسیاسیەکەی ئەوەبوو، لەکاک نەوشیرواننیان پرسی تۆچیت دەوێ؟ وتی یەک ڕستەیە سیستەمەکە بگۆڕین بۆپەڕلەمانی، ئێ باشە تۆ پەڕلەمان بدەیتە هێزێک بەسەریازاڵبوو ئیتر ئەو حەزە دەمرێ، هەموو فکرەی گۆڕان ئەمە بوو کە دەسەڵات لەکوردستاندا دابەشبکرێ، بریار تێیدا هاوبەشبێ، هیچ هێزێک تەسەروف نەکات بەدەسەڵاته‌وه‌، ئیستا تۆهەموو ئەمانەت تەسلیمکردوە بەهێزێک، هێزێک ئەتوانێ هەموو یاسایەک کە بیەوێ تێیبپەڕێنێ، بەخۆشی بێ بەناخۆشی بێ، وە شەرعیەتیشت داوەتێ، من پێم وایە کاک نەوشیروان بمایە ئەمەی نەدەکرد.

،،

ڕێبین هەردی : ئەگەر کاک نەوشیروان بمایە بەرەیەکی گەورەتری لەگۆڕان دروست دەکرد، یەعنی لەو ئاخیرانە زۆر بڕوای بەوەکردبوو گۆڕان بەتەنیا هیچی پێناکرێ، واته‌ زۆر بیری لەوە دەکردوە کە شتێکی تازە دروست بکات، من پێموایە ئەگەر تەمەن هاوکاری بکردایە هەوڵی بۆئەوە ئەدا ئەمجارە کەلە هەڵبژاردندا بەژداری دەکات بە کوالیسیۆنێکی گەورەترەوە بەژداری بکا، تەنیا خۆی نەڕواتە ناو ئینتیخاباتەوە چەند هیزێک کۆبکاتەوە بەیەکەوە رێکبکەون


من پێموایە ئەگەر کاک نەوشیروان بمایە بەرەیەکی گەورەتری لەگۆڕان دروست دەکرد، یەعنی لەو ئاخیرانە زۆر بڕوای بەوەکردبوو گۆڕان بەتەنیا هیچی پێناکرێ، واته‌ زۆر بیری لەوە دەکردوە کە شتێکی تازە دروست بکات، من پێموایە ئەگەر تەمەن هاوکاری بکردایە هەوڵی بۆئەوە ئەدا ئەمجارە کەلە هەڵبژاردندا بەژداری دەکات بە کوالیسیۆنێکی گەورەترەوە بەژداری بکا، تەنیا خۆی نەڕواتە ناو ئینتیخاباتەوە چەند هیزێک کۆبکاتەوە بەیەکەوە رێکبکەون، ئەم پێشنیارە بەبرادەرانیش وترا، بەلام کاریان بۆئەمە نەکرد، هەر حەزیان کرد بەتەنیا بچن، ئەمە نەتیجەکەیەتی.


دیپلۆماتیك مەگەزین : چاودێران پێیانوایە کە بەرەی ئۆپۆزسیۆن لەم کابینەیەدا بەرەیەکی زۆر لاواز دەبێ، لەم ڕەوە سەرنجی بەڕێزت چییە؟

ڕێبین هەردی: بێگومان بەرەیەکی زۆر لاوازدەبێ، چونکە دوو هێزە، ئەویش نەوەی نوێیەو یەکگرتووە، نەوەی نوێ بەڕاستی بڕێکی زۆر لە منداڵی سیاسیان پێوە دیارە، توندڕەوییەکیان پێوە دیارە کە کەسیان قبوڵ نییه‌، هێزێکە قسەکانی چەندە شاز بێ بەڵام هەست دەکەیت کاری پێکەویان زۆر کەمە، هەتا یەکگرتوو کە هێزێکە لەئۆپۆزسیۆنایە، هەنگاوەکانیان باش نییە بۆئەوەی بتوانن لەگەڵ یەکگرتوودا بەرەیەک پێکبهێنن، هیچ نەبێ دەنگیان بەرزتربێ، دوو هێزمان هەیە لەئۆپۆزیسیۆن کە هێشتا حکومەت پێکنەهاتووە ناکۆکیەکی زۆریان لەبەینی خۆیاندا دروست کردوە، لەوەی لیژنەی یاسایدا دەرکەوت هیچیان دەنگیان بەکادیرەکەی یەکگرتوو نەدا بۆئەوەی بچێتە ناو لیژنەی یاسایی لەبەر هەندێک ناکۆکی خۆیان، ئەم هێزانە لە ناکۆکی بچوکی خۆیاندا غەرقبوون، پێموایە ئۆپۆزیسیۆنی ئەمجارە ئۆپۆزسیۆنێکی لاواز دەبێت ئەگەر ئاوابێ.

دیپلۆماتیك مەگەزین: کەموکورتیەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن چیە لەئێستادا، بۆ ئەوەی ڕۆڵو پێگەیان بەهێزتر بێ‌و کاریگەریان هەبێ لەسەر دەسەڵات دەبێ چی بکەن؟


ڕێبین هەردی: دەبێ جارێ ئۆپۆزیسیۆن دەبێ تێبگات لەوەی کەبەشێکە لەسیستەمەکە، ئۆپۆزیسیۆن نەهاتووە بۆئەوەی شۆڕش بەرپا بکات، واز لەو خەیاڵە بێنن هەندێکیان واقسە دەکەن دەڵێی شۆڕش دەکەن، باسی ڕوخاندن دەکەن، ئۆپۆزسیۆن ئیشی نەڕووخاندنە، ئیشی شۆڕش کردن نییه‌، ئیشی فشارکردنە لەم هێزانە وە پیشاندانی خۆیەتی وەک ئەڵتەرناتیڤی ئەم هێزانە ، بەڵام لەگەل ئەوەشدا ئامادەی هاوکارییە‌و دیالۆگ ناپچڕێنێ، بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لەجیاتی ئەوەی خەریکی ئەوەبێ دوژمن بۆخۆی زیاد بکات، ئیستا ئەمە زۆربەی ئیشەکانیانە، ئەبێ دۆست بۆخۆی زیاد بکات، چونکە ئۆپۆزیسیۆن بەحوکمی ئەوەی کورسی کەمە ناتوانێت کاریگەری هەبێ، ئیلا دەبێ پەیوەندى زیاد بێ، ئەبێ هێزیتر قەناعەت پێبێنی بە بۆچونەکانی‌و وەبیان هێنێتە هەمان بەرەوە، ئەمە ئیشێکە کەهەردوو بەرەکە لاوازن هەم یەکگرتوو ئیلاقاتی لاوازەو پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ هیزەکانی تردا نییە، هەم نەوەی نوێش، لەبەرئەوە بەڕوای من خاڵی یەکەم واز هینانە لەفکرەی ئەوەی کە هاتوون بۆ ڕوخاندن و شۆڕش.

ئێوە هاتوون بۆ چاکسازی وگۆڕانکاری لەڕێی شەرعیەوە، لەبەر ئەوە پێوویستیت بە دروستکردنی پەیوەندی هەیە، نەک بەکوشتنی هەموو عیلاقاتێک.

ئۆپۆزسیۆن نابێ تەسلیم بێت بەئیرادەی دوو هێزەکە، واته‌ بە ئیرادەی زۆرینە تەسلیم بێت، لەکاتێکدا شتی چارەنووسساز دێتە پێش، لەوەدا دەبێ دەنگی دلێربێ، بەڵام بەداخەوە لەدوو تاقی کردنەوەدا هەردووکیان نەوەی نوێ باش نەبوو، بەلام یەکگرتوو باشبوو، لەدانیشتنی یەکەمی پەڕلەماندا یەکگرتوو و یەکێتی موقاتەعەی دانیشتنەکان کرد دەبوایە لەوەدا دەنگ بەرزبکەنەوە ڕازی نەبن بەو موقاتەعەیە وەڕازی نەبن ئەو ڕێکەوتنە هەروابەئاسانی بڕوات، لە لیژنەی یاسایشدا بەبڕوای من لەتاقیکردنەوەکەدا دەرنەچوون، دەبوو ڕێگە نەدەن هێزێک بەتەنیا کۆنتڕۆلی لیژنەی یاسایی بکات، ئەبوایە ئەوەیان بسەپانایە کەدەبێ هەموو هێزەکان نوێنەریان لەوێ هەبێ، وە نابێ زۆرینە بەدەست هیچ هیزێکەوە بێ بەتەنیا، لەو دوو تاقیکردنەوەیه‌دا دەرنەچوون، بابزانین لە تاقیکردنەوەی ترا چۆن دەرئەچن.

دیپلۆماتیك مەگەزین: گله‌یی لە ڕۆشنبیران هه‌یه‌ كه‌ هیچ کاریگەریەکیان نییە لەسەر دەسەڵات ئەوەش هۆکارەکەی بۆئەوە دێنەوە کە بەشێکی زۆری نوسەرو ڕۆشنبیران دابەشبوون بەسەر هێزە سیاسیەکانداو، ئەمەش وایکردوە کە ڕۆشنبیران هیچ گرنگییەکان نەبی ، ئایە ئەم قسەیە تاچەند ڕاستە؟

ڕێبین هەردی: ئیشی ڕۆشنبیر چییە، هەر کەسەو ئەوشتە دەڵێت کەبڕوای پێیەتی، من پێموایە هەرکەسێک لەکاروباری گشتیدا ئیشبکات کەم تازۆر کاریگەری دەبێ، بەڵام کاریگەری وەک حیزبی سیاسی نییە، ئیشی ڕۆشنبیر وەکو حیزبی سیاسی نیە، چونکە ئیشی ڕۆشنبیر دەستکاریکردنی هۆشیاری خەڵکە، بەبروای من تاڕادەیەک بەشێک لەسەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ڕۆشنبیری ئێمە توانیویوتی دەستکاری هۆشیاری خەڵکی بکات کەم تازۆر، بەلام تۆ تەسەورت وابێ کە ڕۆشنبیرانی ئێمە بتوانن دەسەڵات بگۆڕن ئەمە ڕاستنییە.

ڕۆشنبیر یەکێکە لەڕەگەزەکانی گۆڕانکاری، یەکێکە لەو هێزانەی کە دەتوانێ هۆشیاری ئینسانەکان بگۆڕێت، بیکات بەهۆشیاریەکی ڕەخنەی، بەشێک لەم دەورە بینراوە، بەلام پڕۆسەی گۆڕانکاری پێووسیتی بەهیزی سیاسیتر هەیە گۆڕانکاری بەڕۆشنبیر نەکراوەو ناشکرێ، لەهیچ شوێنێکی دنیا نەبووە، یەکێکە لەڕەگەزەکانی گۆڕانکاری، بەڕای من بەشێک لەڕۆشنبیران ئەم دەورەیان بینیوە، وە دەشیبینن وەدەشبێت بەردەوامم بن.

،،

 ڕێبین هەردی : من پێمباش نیە کە ناکۆکی ناوخۆمان ڕەنگ بداته‌وە بۆ ئەوەی ناکۆکی خۆشمان لەبەغدادا دژی یەک بوەستنین، ئێمە لەبەغداد کۆمەڵێک پرسمان هەیەو کۆمەڵێک کێشەمان هەیە، کێشەی هەموومانە کێشەی نە یەکێتیە بە تەنیا نەگۆرانە بەتەنیا نەوەی نوێیە، کێشەی هەموومانە، کیشەی زەویمان لەگەڵیان هەیە، کێشەی ئابوریمان لەگەڵیان هەیە

دیپلۆماتیك مەگەزین: پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەئێستادا چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

ڕێبین هەردی: بێگومان په‌یوەندیەکه‌ بەتەنگژەدا دوڕوات، ئێمە لەمەشدا جاران دڵمان خۆشبوو هیچ نەبێ لەبەردەم بەغدادا یەکین، بەڵام ئیستا بەهۆی ناکۆکییەکانی خۆمانەوە ئەو یەکبوونەشمان لەوێ لەدەستداوە، ئەوە ئەمەیان من بەخراپی دەزانم، من پێمباش نیە کە ناکۆکی ناوخۆمان ڕەنگ بداته‌وە بۆ ئەوەی ناکۆکی خۆشمان لەبەغدادا دژی یەک بوەستنین، ئێمە لەبەغداد کۆمەڵێک پرسمان هەیەو کۆمەڵێک کێشەمان هەیە، کێشەی هەموومانە کێشەی نە یەکێتیە بە تەنیا نەگۆرانە بەتەنیا نەوەی نوێیە، کێشەی هەموومانە، کیشەی زەویمان لەگەڵیان هەیە، کێشەی ئابوریمان لەگەڵیان هەیە، کێشەی هیزی پێشمەرگەمان لەگەڵیان هەیە، هەمو ئەم کێشانەمان هەیە، واباشە لەمانەدا یەکگرتووبین، بەمانای ئەوەنا کە بچیتە ژێر ئەو داوایەوە کەدوو هێزەکە دەیکەن، دەبێ ئەو دووهێزە فێربن کە شتێک لەبەغداد دەکەن بەپرسوڕا بیکەن، ئەبێ بەپڕۆژەی سیاسی هاوبەشەوە موناقەشە بکەن، من لەگەڵ ئەوەدام.

بەداخەوە نەدوو هێزە گەورەکە بەم نەفەسەوە ئیش دەکەن نەهێزەکانیتریش ئەم لێک تیگەشتنەیان تیدایە، ئەم ساڵ پێموایە ساڵێکی باشنابێ بۆ فراکسیۆنە کوردییەکان لەبەغداد، پێموایە ناکۆکی زۆر لەبەینی خۆیاندا دروست دەبێ.


دیپلۆماتیك مەگەزین: لەچەند ساڵی رابردو هەرێمی کوردستان بەقەیرانێکی قورسدا تێپەڕی بەبڕوای بەڕێزت لەم کابینە نوێیەدا کێشەو قەیرانەکان چارەسەردەبێ؟

ڕێبین هەردی: ئەگەر بەغداد ئەم موچەی بنێرێت بەشێک لەقەیرانە ئابورییەکان ڕەنگە چارەسەرببێ، بەڵام من پێموایە ئەم سیستەمە حکومڕانیە دورو نزیک ناتوانێ کێشەکانی کوردستان چارەسەر بکات، وە ئەم سیستەمە بەس قەیران دروست دەکات، بەس کێشەی قوڵتر دەکاتەوە، نەئەتوانێ ئازادییە فەردییەکان بچه‌سپێنێ، نە ئەتوانێ مافەکانی مرۆڤ بپارێزیت، نەئەتوانی بنبڕی گەندەڵی بکات، لەبەر ئەوە من پێموایە کوردستان لە قەیران‌و کێشە ڕزگاری نابێ.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس