چیا عه‌باس :ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا بتوانێت له‌گۆڕه‌كه‌ى بێته‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌م گۆڕانه‌ى ئێستا هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌

نەوشیروان مستەفا بێ ئومێد بوو به‌ڵام ئه‌لته‌رناتیڤه‌كه‌ى ته‌سلیم بوون به‌پارتى نه‌بوو

چیا عه‌باس :ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا بتوانێت له‌گۆڕه‌كه‌ى بێته‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌م گۆڕانه‌ى ئێستا هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌

4402 خوێندراوەتەوە

چیا عه‌باس هاوڕێى نزیكى ده‌یان ساڵه‌ و كه‌سیى متمانه‌پێكراوى نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌ له‌كه‌نارى دانوبه‌وه‌ تاوه‌كو خڕى ناو زه‌نگ ئاگادارى سه‌رجه‌م خه‌بات و پڕۆژه‌ و نهێنیه‌كانى ژیانى سیاسیى نه‌وشیروان مسته‌فایه‌و له‌كاتى دامه‌زراندنى گۆڕانیشه‌وه‌ یاوه‌رێكى بەردەوامی بوە تا دواساتەكانی ژیانی لەلەندەن.له‌ڕێگه‌ى دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ه‌وه‌ كۆمه‌ڵیك نهێنى گرنگ و هۆكارى دامه‌زراندنى پرۆ گۆڕان له‌لایه‌ن خۆى و ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڕیێ گۆڕانخوازه‌كانیه‌وه‌ وچه‌ند به‌رنامه‌یه‌كى خودى نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌ ئه‌و ئاگاى لێبووه‌ ئاشكرا ده‌كات.

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین : مه‌به‌ست له‌ئامانج و دروستكردنى پرۆ گۆڕان چیه‌ و تاچه‌نده‌ ده‌نگده‌ر و هه‌ڵسوڕاوانى گۆڕان ئاگادارن له‌پرۆ گۆڕان و پێداویستیه‌كانى بوونى وه‌كو ڕه‌وتێكى نوێ بۆ گۆڕانخوازى له‌نێو گۆڕاندا...؟

چیا عه‌باس : دواى شكستى گۆڕان له‌دو هه‌ڵبژاردنى یه‌ك له‌دواى یه‌كدا, وه‌كو كۆمه‌ڵیك هاوڕیێ گۆڕانخواز له‌زۆربه‌ى وڵاتانى ئه‌وروپا و ناوه‌وه‌ى هه‌رێم, هۆشدارینامه‌ و هه‌میش پڕۆژه‌یه‌كمان بۆ ڕێكخه‌ر و جڤاته‌كانى گۆڕان نارد و تێدا سه‌ره‌ڕاى هۆكاره‌ ده‌ره‌كییه‌كان بۆ شكستى گۆڕان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان هۆكاره‌ ناوخۆییه‌كانیش كه‌ سه‌ره‌كى بون بۆ ئه‌و شكسته‌ له‌و هۆشدارى نامه‌یه‌دا ڕونكرابویه‌وه‌ و به‌سه‌ركردایه‌تى گۆڕانیشمان وتبو ئێوه‌ سه‌ركه‌وتو نه‌بون له‌سه‌رخستنى گۆڕان و شكستتان هێنا, و داومان كردبو به‌گفتوگۆ ڕێوشوێنیك بۆ ده‌ربازركردنى گۆڕان له‌و قه‌یرانه‌ تێكه‌وتوه‌ دابنرێت و هه‌میش ڕێگه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى بدۆزرێته‌وه‌, به‌ڵام هیچ وه‌ڵامیكیان نه‌داینه‌وه‌ وبه‌ڵكو كه‌وتنه‌ دژایه‌تیكردنى یه‌كه‌به‌یه‌كه‌ى ئه‌و گروپه‌ى كه‌ ناویان له‌پرۆژه‌كه‌دا هاتبو, به‌شێوه‌یه‌ك دژایه‌تیه‌كه‌یان كرد به‌شه‌خسى له‌گه‌ڵمان,كه‌ زانیمان وه‌ڵاممان ده‌ستناكه‌وێت و ئاماده‌ش نین ددانبنێن به‌ داواكارى پڕۆژه‌كه‌ماندا, دیسمبه‌رى ساڵى پار له‌لاهاى كۆبونه‌وه‌یه‌كى فراوانمان كرد و پرۆژه‌ى پرۆ گۆڕانمان ڕاگه‌یاند.

،،

  چیا عەباس :سەركردایەتی ئێستای گۆڕان شكستیانهیێنا بۆیە پرۆ گۆڕانمان بۆ فشار كردن دروست كرد.

پڕۆ گۆڕان واتا پڕۆژه‌ى گۆڕان, له‌گۆڕانه‌وه‌ بۆ گۆڕان, ئامانجیشمان فشار دروستكردنه‌ له‌سه‌ر ده‌زگا ڕه‌سمیه‌كانى گۆڕان بۆ ئه‌وه‌ى له‌به‌رنامه‌و ستراتیژى گۆڕان لانه‌دات و ڕێگه‌ى په‌یوه‌ندیكردنیشمان به‌گۆڕانخوازانه‌وه‌ كراوه‌یه‌ و ئه‌و گۆڕانخوازه‌ى ناڕازییه‌ له‌سیاسه‌ته‌كانى ئیستاى گۆڕان و خواستى چاكسازى له‌گۆڕاندا هه‌یه‌ ده‌توانێت ببێته‌ ناو پڕۆژه‌كه‌ى ئێمه‌وه‌.


دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین : وه‌كو له‌چه‌ند ڕاگه‌یه‌نراو و قسه‌كانتدا ده‌رده‌كه‌وێ گۆڕان هیچ داواكارییه‌كى ئێوه‌ى جێ به‌جێ نه‌كردوه‌ و دواى نزیكه‌ى پێنج مانگ , به‌پێچه‌وانه‌ى خواسته‌كانى ئێوه‌وه‌ كاریان كردوه‌ و بڕیارى گه‌وره‌شیانداوه‌, پاساوه‌كه‌شیان ئه‌وه‌یه‌ سیاسه‌ت ده‌كه‌ن و جڤاتى نیشتیمانى ته‌نها ده‌زگاى شه‌رعیه‌تیدانه‌ بۆ سیاسه‌ته‌كانیان, ئیدى ئێوه‌ ده‌تانه‌وێ چ بكه‌ن..؟

،،

چیا عەباس : جڤاتی نیشتیمانی دامەزراوەیەكی دەستەمۆیە و كوڕانی نەوشیروان مستەفا گۆڕان بەڕێوە دەبەن


چیا عه‌باس : ئێمه‌ باش له‌وه‌ تێگه‌شتوین بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان نه‌خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن به‌ڕێوه‌ى ده‌بات و نه‌جڤاتى نیشتیمانى .

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین : ئه‌ى كێ به‌ڕێوه‌ى ده‌بات..؟

چیا عه‌باس : كوڕه‌كانى كاك نه‌وشیروان به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌ن, جڤاتى نیشتیمانیش دامه‌زراوه‌یه‌كى په‌رته‌وازه‌ى له‌تبووى ده‌سته‌مۆیه‌ و موخاته‌به‌شمان كردون و هه‌مو شتێكیشمان پێوتوون.

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین :نه‌وشیروان مسته‌فا كارى بۆ ئه‌مه‌ كرد كه‌ ئێستا گۆڕان ده‌یانكات..؟ گۆڕانیش پاساوى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ زۆربه‌ى هه‌نگاوه‌كانیان ده‌گه‌ڕیینه‌وه‌ بۆ شه‌رعیه‌تى ئه‌و..؟

چیا عه‌باس : ئه‌گه‌ر ئێستا نه‌وشیروان مسته‌فا بیتوانیایه‌ له‌گۆڕه‌كه‌ى هه‌ستێته‌وه‌ ئه‌م گۆڕانه‌ى ئێستاى هه‌ڵده‌وه‌شانده‌وه‌.

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین : زۆرجار دڵسۆزانى خۆت ئاسا ئه‌و مه‌ترسیه‌ى دواى مردنى خۆییان پێیوتوه‌, بۆچى شتێكى وه‌هاى نه‌كردوه‌ گۆِران به‌م ڕۆژه‌ نه‌گات..؟

چیا عه‌باس : دواى ئه‌وه‌ى وه‌زعى ته‌ندروستى خراپ بو ویستى پشویه‌ك بدات و دواتر گۆڕان دوباره‌ دابڕێژێته‌وه‌, نه‌خۆشیه‌كه‌ى جۆرێك له‌ڕێگرى ئه‌و كاره‌ى دروست كرد هه‌رچه‌نده‌ به‌ نیه‌ت نزیك بو, به‌ڵام قسه‌ كردنیشى له‌باره‌ى بارودۆخه‌كه‌وه‌ ڕه‌تده‌كرده‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌یوت هیچى تازه‌م بۆ خه‌ڵك نیه‌, چیان پێى بلێیم.

،،

 چیا عەباس : نەوشیروان مستەفا بێ ئومێد بو بەڵام ئەلتەرناتیڤەكەی تەسلیم بون بەپارتی نەبوو

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین : ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌كو باس ده‌كرێت بێ ئومێد بوه‌ هۆكاره‌كه‌ى چى بووه‌..؟
چیا عه‌باس : یه‌كێك له‌و شتانه‌ى بێ ئومێد بوو كه‌ خه‌باتى په‌رله‌مانى كۆتایى هاتووه‌, وڵاتانى ناوچه‌كه‌ش ڕێگه‌ى ناده‌ن له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ تا دێگه‌ڵه‌ زیاتر بڕوات.

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین :ئه‌مه‌ش نابێته‌ پاساو سه‌ركرده‌كانى ئێستاى گۆڕان بڵین ئه‌و هیچى پێنه‌كرا ئێمه‌ش پێمانناكرێت بۆیه‌ به‌و شێوه‌یه‌مان لێكردوه‌..؟

چیا عه‌باس : چیا عه‌باس :ڕاسته‌ ئه‌و بێ ئومێد بو, به‌ڵام ئه‌لته‌رناتیڤى هه‌بو, ئه‌لته‌رناتیڤه‌كه‌شى ته‌سلیم بوون نه‌بوو, دواى ڕێگرى كردن له‌سه‌رۆكى په‌رله‌مان و ده‌ركردنى وه‌زیره‌كانى گۆڕان ئیمانى به‌خه‌باتى په‌رله‌مانى نه‌ما, به‌ڵام ئیمانیشى به‌به‌كارهێنانى چه‌كیش نه‌بوو, یه‌كێك له‌وانه‌ى عێراقیه‌كان له‌گه‌ڵیدا باسیان كرد سه‌ربه‌خۆى ئیدارى ناوچه‌كان بوو به‌ڵام به‌هۆى مه‌سائیلى نه‌ته‌وه‌یه‌وه‌ ڕه‌تیكرده‌وه‌ و له‌ئاینده‌یه‌كى تردا من باسى ئه‌لته‌رناتیڤه‌كانى ده‌كه‌م.

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین : دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات گۆڕان ده‌ستبارى پارتى ده‌بێت ده‌ستور وه‌كو چۆن ئه‌وان ده‌یانه‌وێت تیپه‌ڕێت, ئه‌مه‌شى كرد ئێوه‌ ئیدى چیتان پێى ده‌كرێت كه‌ باوه‌ڕتان به‌و كاره‌ نیه‌ گۆڕان بیكات..؟

چیا عه‌باس : ئێمه‌ له‌هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین, كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ى گۆڕانیش كه‌ ئێستا به‌هۆى لاوازى جڤاته‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ بۆ شێوازى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌وانه‌ى ده‌بنه‌ ئه‌ندام و سه‌رچاوه‌ى قه‌رارى بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌, كۆسپه‌كان زۆرن به‌ڵام بێ ئومیدییش نابین.

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: ئه‌گه‌ر كوڕه‌كانى كاك نه‌وشیروان خاوه‌نى وه‌سێتى باوكیان بن و شه‌رعیه‌تیان هه‌بێ و وه‌كو ئێوه‌ ده‌ڵین ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر گۆڕاندا هه‌بێت, واتا گۆڕانكارى له‌نێو ئه‌و حزبه‌دا مه‌حاڵ نیه‌..؟

،،

چیا عەباس : كوڕانی كاك نەوشیروان باسی وەسێتە سەرەكیەكەی باوكی بۆ دابەشكردنی موڵكەكان ناكەن

چیا عه‌باس : قه‌ناعه‌تم به‌وه‌ هه‌یه‌ كاك نه‌وشیروان وه‌سێتى نه‌كردوه‌ گرده‌كه‌ و مومتله‌كاتى گۆڕان بكرێته‌ موڵكى شه‌خسى كوڕه‌كان, ئه‌و وه‌سێتى ئه‌وه‌ى كردوه‌ گرده‌كه‌ بكرێته‌ موڵكى گشتى و سه‌رجه‌م موڵك و ماڵه‌كانى گۆڕان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى بن و قابیلى ته‌سه‌ڕوف كردن نین له‌لایه‌ن هیچ كه‌سێكه‌وه‌ و و تاپۆى شه‌خس نه‌كرێت.

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: به‌ڵام باسى وه‌سێتى وه‌ها نه‌كراوه‌ و گرده‌كه‌ش تاپۆى شه‌خس كرا..؟
چیا عه‌باس : ئه‌وه‌ خه‌تاى كوڕه‌كانه‌ باسى ئه‌و وه‌سێته‌ ناكه‌ن.ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش حل بكرایه‌ له‌ 90 % كێشه‌كانى گۆڕان چاره‌سه‌ر ده‌كرا.

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین : كێ ڕێگرى له‌وه‌ كرد..؟

چیا عه‌باس : له‌ نماو دكتۆر یوسف بپرسه‌ ئه‌وان باش ده‌زانن.

دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین : تاكه‌ى به‌رده‌وام ده‌بن له‌ته‌یارى پرۆ گۆڕان

چیا عه‌باس : له‌كات و ڕوداوى تردا هاته‌ پێشه‌وه‌ قسه‌ى زیاترمان ده‌بێت, سه‌ره‌تا براده‌رانى خانه‌ى ڕاپه‌راندیش ویستیان به‌پۆست و پله‌ ڕازیمان بكه‌ن , به‌ڵام ئێمه‌ بۆ كڕین و فرۆشتن نین.

 

author photo

توێژه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس