ڕاوێژكارێكى كۆمارییه‌كان : سه‌رۆك تره‌مپ به‌رپرسانى باڵاى عێراق به‌ مافیا ده‌زانێت

"  سه‌رۆك تره‌مپ ده‌ڵێت ده‌بێت نەوتى عێراق ببه‌ین بۆئەوەی قەرەبووی ئەو سەروەتە بکەینه‌وه‌ کە لەعێراقدا سەرفمان کردووە"

ڕاوێژكارێكى كۆمارییه‌كان : سه‌رۆك تره‌مپ به‌رپرسانى باڵاى عێراق به‌ مافیا ده‌زانێت

1260 خوێندراوەتەوە

لەم دیدارەدا لەگەڵ دیپلۆماتیك مەگەزین، د. زەردەشت بابان ڕاوێژکاری کۆمارییەکانی ئەمه‌ریکا باس لە گرژییەکانی ئەم دوایەی نێوان ئەمریکاو ئێران و ئایندەی کوردەکانی ڕۆژئاوا لەدوای شەڕی داعش دەکات‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ هیچ داهاتوویەک بۆ کورد دانەنراوە لەسوریا، ده‌شڵێت ئابوری ئێران لەئاستێکی زۆر خراپ دایەو خراپتریش دەبێت.

دیپلۆماتیك: تازەترین بڕیاری ئیدارەی ئەمریکا بەرامبەر ئێران ئەوەیە کە سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرە وە، ئایە ئەم بڕیارە سەرەتایەک نییە بۆجەنگێکی گەورە؟

زەردەشت بابان: بەڕاستی لەکاتی دانیشتنەکانی خۆماندا بەتایبەتی کۆمارییەکان زۆربەی کەس لێرە وە زۆربەی کەسانی واشنتن شیکەرەوەی سیاسی بەو چاوە سەیریدەکەن ئەمە هەنگاوێکە وەکو چۆن پێش ئەوە پەلاماری عێراق درا ئەمەش یەکێکە لەو هەنگاوانەی کەئیدارەی ئێستای سەرۆک ترامپ ئەینێت بۆئەوەی لەداهاتوودا خۆی حازر بکات بۆ کارێکی سەربازی، بەڕاستی من وەکو ئاگام لە کارەکان بێت، لەبەر ئەوەی من خۆم کاربەدەستی حکومەتم، وە بەشێکم لەو حیزبەم کەدێتە بەردەستم، لەم کاتەدا بەڕاستی پلانمان نیە کە لەئێران بدەین یان هێرش بکەینە سەریان، ئەمەش لەبەر چەند هۆیەک، با ئێمە شتێکمان بیر نەچێت کەباسی سیاسەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا دەکەین، سیاسەتی ئەمریکا ئاوێنەیەکە بۆ سیاسیەتی ناوخۆیی ئەمه‌ریکا، واتای هەرشتێک لەدەرەوەی ئەمریکا ڕوو بدات پێوویستە لەناوخۆ بریاری لەسەر بدرێ، ئەمڕۆ بەڕاستی خەڵکی ئێمە حازر نییە کە بچێتە جەنگێکەوە لەگەڵ ئێران هۆکارەکەشی ئەوەیە، جەنگێک بە پەلاماردانی عێراق بەشکسترین جەنگێک دائەنرێت لەمێژووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبەرئەوەی بەڕاستی ئەمڕۆ کەس ئەو ئارەزووەی نییە کە کە بچێت هەمان هەڵە دووبارە بکاتەوه‌.

،،

 زەردەشت بابان : هەمیشە ئێران لەناوچەكەدا دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكایە

ئێمە لەکۆبونەوەی خۆماندا باسی شتێکمان کرد بەڕاستی گرنگە ئێمە پلانمان هەیە پلانی سەربازی دانراوە کەهێرش بکرێتە سەر ئێران ئەگەر پێوست بکات چەند پلانێکمان هەیە، بەڵام چەند پرسیارێک دیتە بەردەمان ئەگەر ئێمە پەلاماری ئێران بدەین ڕژێمی ئێران بڕوخێنین ئەبێ چاوەڕێی چیبکەین کێ دەتوانێ تەمسیلی ئیران بکات، ئایە ئێمە کۆنتڕۆڵمان دوای دەبێتەوە بەسەر ئێراندا، ئایە ئێمە دەتوانین سێ شەڕ بەرێوەبەرین یەكێک لەئەڤغانستان‌و یەکێک لە ئێران و یەکێک لە عێراق و وە ئێستاش لەسوریا کەئیستا دراوسێن و هاوسنورن بە یەکەوە، باشە ئێمە کەسێکمان هەیە کە دوای ڕژێمی ئێران بیخەینە ئەو جێگایە هەتاکو حەلێک ئەدۆزینەوە، بەڕاستی هەموو ئەم پرسیارانە جوابەکەی نێگەتیڤە، ئێمە بەتەماین لاوازی بکەین بە ئابوری وەخۆیی لەناوەوە وردە وردە بڕوخێت‌و یان کاتێکمان هەبێ تاکو بەدیلێکی بۆدائەنێنن.


دیپلۆماتیك: بەرپرسی سوپای پاسداران لەلێدوانێکی دەڵێت ئەگەر ئەمریکا ئەو بڕیارە جێبەجێبکات سەبارەت بە سوپای پاسداران ئەوا هێزەکانیان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی بەخۆیانەوە نابیننن، ئایە بەپێی ئەم قسەیە بێ بەرژەوەندەییەکانی ئەمریکا ناکەوێتە مەترسییەوە؟

زەردەشت بابان: ئێمە دائیمەن بەرژەوەندیمان لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەمەترسیدابووە، هه‌میشه‌ ئێران ئیشیکردووە لەدژی بەرژەوەندییەکانی ئەمه‌ریکا، ئێمە کاتێک پاسدار نەخرابووە لیستی تیرۆر کەمپێکی مارێنزی لەلوبنان تەقانەوە بەیارمەتی حیزبوللە (٢٧٥)کەسی ئەمەریکی تێداشەهید بوو، ئێمە خۆ پاسدارمان نەخستبووه‌ لیستی تیرۆر، لەکینیا یارمەتی ئەوانەییدا کەسەفارەتی ئەمریکا بتەقێنەوە چەند کەسیکی تێدا شەهید بێ، کەوابو ئێمە دائیمەن بەرژەوەندیمان لە خەتەر بووە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتوەکە بیانخەینە سەر تیرۆریست، خستنی پاسدار بۆسەر تیرۆریست لەسیاسەتی دەرەوەو ناوخۆی ئەمریکا، ئەمریکا کۆمەڵێک کاری گەورەی هەیە، پاشان ئێران دائیمەن بەوە ناسراوە کە خۆیان توڕە دەکەن هەڕەشە لەمو لەو دەکەن، بەڵام هیچكات هەڕەشەکانیان هیچ جێگە ناگرێ، ئەگەر شتیان پێبکرایە بەرامبەر ئەمریکا زووتر دەیان کرد، لەناوچەکە.

،،

زەردەشت بابان : عێراق هاوپەیمانی ئەمریكا نەبوە، عێراق وڵاتی شكستە


دیپلۆماتیك: لەئیستادا ئێران هەژموونی زۆر زیادیکردوە لەعێراق خوێندنەوەی ئەمریکا چۆنە بۆ عێراق، ئایە وەک بەشێک لە هاوپەیمانەکانی حسێبی دەکات یاخود بەپێچەوانەوە؟

زەردەشت بابان: نەخێر عێراق هاوپەیمانی ئەمه‌ریکا نەبووە وەکاتێک باسی وشەی عێراق دەکرێ وشەیەکی تردێ بەدوایدا پێی دەوترێ وڵاتی شکست، قەت عێراق سەیر نەکراوە وەک هاوپەیمانی ئەمەریکا قەت عێراق لەلیستی ئەمریکا نەبووە، عێراق ناوی نابردرێ وەک عێراق، بەڵکو بە وڵاتی شکست ناوئەبرێ بەتایبەتی کاتێک سەرۆک ترامپ کە باسی حکومەتی عێراقی دەکرد قەت نەیئەوت حکومەتی عێراق وە ئەمڕۆش وا ناڵێت بەڵکو ناوی دەبات بە مافیاکانی عێراق لەدانیشتنی خۆماندا چەندەهاجار وتوێتی‌و دەڵێت مافیاکانی عێراق، ئێمە حەقە بەڕاستی نەوتەکەیان بەرین و بۆئەوەی قەرەبووی ئەو سەروەتە بکەینه‌وه‌ کە لەعێراقدا سەرفمان کردووە، وەسەردانیکردنەکەی سەرۆک ترامپ بۆعێراق تەسبیتی ئەمە دەکات، ئەگەر عێراق هاپەیمانی ئەمریکا بوایە تەنانەت هاوڕێی ئێمەش بوایە وەکو وڵاتەکانیتری داوسێی، هەڵبەتە سەرۆک ترامپ چاوی بەیەكێک لە بەدەسەڵاتدارەکانی عێراق دەکەوت، بەکەسیشیانی نەوت وەهیچ وجودێکی نەسیاسی، نەئابوری، نەسەربازی بۆعێراق دانەنا کەهات بۆعێراق، کەوابوو عێراق نە لەڕاداری ئەمریکا دائەنرێ نەبە هاوڕێی دائەنرێ، نە بەهاوپەیمان دائەنرێ نە بەهاوبەشی بەرژەوەندیەکانی عێراقیش دائەنرێ، ئێمە تەنها عێراق بۆ خاک بەکار دەهێنین ئێمە چەندجار لەچاوپێکەوتنەکانی سەر تەلەفیزۆنەکانیش ئەمه‌م وتوو کەعێراق بەکار دەهێنین وەکو بنکەیەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانمان ناوچەکەدا.

دیپلۆماتیك: لەماوەی ڕابردو ئێران هەوڵی ئەوەی ئەدا کە هیلالێکی شیعی دروست بکات ئایە ئیدارەی ئەمریکا تاچەند سەرکەتوو بووە لەڕێگریکردن لەو هیلالە شیعیەی کە کەئێران بەتەمایەتی؟

زەردەشت بابان: ئەوهیلالە شیعیەکی کە بابڵێن زۆربەی ڕۆژنامەکان باسیان دەکرد بەڕاستی لە ئەمریکا ئەو گرنگییەی پێنادرێ، دواتر ئەمه‌ریکا پابەندە بە زیاتر ئەو جسرە زە مینیەیە کەئێران بەتەمایەتی کە لەتاران و بەغدادو، دیمەشق و لوبنان ببەستێتەوە بەیەک، وە بەڕاستی هیلالە شیعییەکە لەسیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوگرنگییەی پێناردێ وەکو ئەوەی ئەو پردە زەمینەیە چونکە ئەو پردە زەمینەی کەئێران بەتەمایە دروستیبکات‌و تاران بەغدادو دیمەشق و بەریروت ببه‌ستێتەوە بەیەکەوە، دەبێتە مەترسیەکی زۆر سەرەکی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمه‌ریکا لەناچەکەدا، وە بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل، ئێمە کەبڕیارماندا هێزی ئەمه‌ریکا بێڵینەوە لەسوریا لە دووسەد کەسەوە کردمان بە چوارسەدو کردمان بە هەزار کەس لەبەینی سوریاو ئەردەن، تەنها بۆئەو مەبەستە هێنابوومان کەو پردە زەمینەیە بشکێنن، ئێران نەئەتوانێ ئه‌و پردە زەمینییەکە دروستبکات، نە هیلالی شیعیەکەی كه‌ باس دەکرێ، چونکە ئابوورییەن وا دائەڕزێت، وەهەر ولاتێک ئەوە قانونێکی ئاڵتونییە لەسیاسەتی دەرەوەدا ولات ناتوانێی چالاک بێ لەدەرەوە یاخود کاریگەرەی سیاسی هەبێ ئەگەر ئابوورییەکەی باش نەبێت، ئابوری ئێران ئەمرۆ له‌ داتەپینایەو لەئاستێکی زۆر خراپدایە‌و وخراپتیرش دەبێ، لەبەرئەوە ئابوورییان بەرەو خراپ دەڕوات کەپارەش نەبوو بەڕاستی زۆر زەحمەتە تۆ بتوانی چالاکییەکان ببەی بەڕێوە.

دیپلۆماتیك: لەدوای ئەوەی ئەمه‌ریکا بڕیاریدا کە بەرزاییەکانی جۆلان وەک بەشێک لە ئیسرائیل بناسێنێ، وە لەدوای ئەمبڕیارەش کاردانەوەی وڵاتانی عەرەبی‌و یەکێتی ئەوروپاى لێکەوتەوەو دژی ئەم بڕیارەبوون، بەرژەوەندی ئەمریکا چی بوو لەم بڕیارەی؟


زەردەشت بابان: بەڕەئی من هۆکاری یەکەم سەرۆک ترامپ ویستی ئەوشتە بکات نەتانیاهۆ بۆئەوەی جارێکیتر لە هەڵبژادنەکاندا دەربچێتەوە، چونکە بەڕاستی ناتانیاهۆ توشی چەند کێشەیەکی یاسایی بووە لەئیسرائیل کەتۆمەت بۆئەوە کراوە کە هەندێک پارەی بۆ مەسەلەی گەندەڵی وەرگرتووە بەڕەئی من مەسەلەی جۆڵان گەورەترین موستەفید لێی حکومەتی ئیسرائیله‌ وەکو وڵات، به‌ڵام مه‌به‌ست هەڵبژادنەوەی ناتانیاهۆیه‌ لەهەڵبژاردنەکەدا، دوو ئەمڕۆ ئیسرائیل ئەتوانێ بەشێوەیەکی یاسایی هەموو هێزێکی سەربازی بەکار بهێنێ لەجۆڵان به‌تایبه‌ت بۆ ڕێگریكردنى ئه‌و ساروخه‌ ئێرانییانه‌ى كه‌ له‌ لوبنانه‌وه‌ دژ به‌ ئیسرائیل به‌كار ده‌هێنرێت.


دیپلۆماتیك: لەدوای کۆتایی هاتنی شەڕی تیرۆرستی داعش لەسوریا، ئایندەی کوردەکانی ڕۆژئاوا چی لێی بەسەردێ؟

زەردەشت بابان: بەڕاستی ئەوە پرسیارێکە زۆر جارباس دەکرێ، بەداخەوە هەندێک جارشت دەخوێنمەوە لەمیدیاکان، باسی کۆمەڵێک شت دەکرێ لەکوردستان هیچی وجودی نیە، من هیوادارم خەڵک لەڕێگای ئەم چاوپێکەوتنەوە ڕاستییەکان بزانێ، بەڕاستی هیچ داهاتوویەک بۆکورد دانەنراوە لەسوریا لەغەیری ئەوەی کەکورد بەشێک بێ لە سوریا، وە بەڕاستی هیچ پلانێک وەهیچ ستراتیجیەتێک نە بۆکەس نەبۆ کورد له‌ سوریا، هەموو کەسیک لەئەمەریکادا ئەزانێ ئەگەر کوردەکانی ڕۆژئاوا نەبوونایە ئەبوایە ئەمه‌ریکا سەربازێکی زۆری بهێنایە‌و مه‌ژغوڵبوایە بەشەڕی داعشەوە، بەڵام کوردەکانی ڕۆژئاوا توانیان بەشێوەیەکی سەربازی ئەوناوچانە لەسوریا پاکبكەنەوە، ئەگەر ئێمە سەیری بکەین لەسەدا سیی خاکی سوریا بەدەست کوردەکانەوەیە لەڕۆژهەڵاتی فوراتەوە.

بەڵام ڕاستی تاکو ئێستا پلانێکیان دانەناوە ستراتیجەتێکیان دانەناوە دوای شەڕی داعش ئایە چارە نوسی کورد چی دەبێ، چارەنوسی کورد لەده‌وری سوریا دەبێ، بەڕاستی ئێستا لەواشتنت کەس باسی ناکات دەڵێن ئێمە نامانەوێ حکومەتی سوریا دابەش ببێت، بۆ کورد واباشترە لەداهاتوودا لەگەڵ حکومەتی تازەی سوریادا دانیشێت‌و گفتوگۆ بکات، تەنها ئەمڕۆ بەڕاستی ئیدارەی ئەمریکا کوتۆتە ژێر زەختێکی زۆرەوە لەلایەن کۆمارییەکانەوە، وە لەلایەن هەندێک لەدیموکراتەکانەوە وەلەلایەن پنتاگۆنەوە بۆئەوه‌ی بمێنێتەوەو پارێزگاری لەکوردەکان بکات، بەڵام زۆربەڕاشکاوی ئەوە دەڵێم بەڕاستی سەرۆک ترامپ نەئەزانێ کورد چییە نەئەزانی جیاوازی چییە لەبەینی کوردی ڕۆژئاواو کوردی ڕۆژهه‌ڵاتدا وەچی پێوویستە بۆکوردی ڕۆژئاوا بکرێ، ئەمە حەقیقەته‌، ئه‌و یەکشتی لا گرنگە کشانەوەی سەربازەکانی ئەمه‌ریکا لەسوریا کەئیستا لەژێر زەختدا ئەو سەربازە ئەمه‌ریکیانەی لەوێ هێشتۆتەوە. بەڵام لەپنتانگۆنەوە زەختێکی گەورە هەیە دەڵێن دەبێ ئێمە بەوەفابین بۆکوردەکان‌و وەیارمەتیان بدەین، وە نەهێڵین بکەونە ژێر دەسەڵاتی تورکیا، لەئیستادا یەکپلان هەیە، ئەویش توشی هێرشکردنه‌ سه‌ر نەبن لەلایەن تورکیاوه‌، ده‌نا هیچ پلانێکی نەتازە نە کۆن نییە.

،،

 دیپلۆماسیەتی كوردی شكستی هێناوە و نەیتوانیوە پەیامی دەوڵەتی كوردی بگەیەنێتە دەرەوە


دیپلۆماتیك: زیاتر لە نیو سەدەیە ئەمەریکا پەیامی یەک پارچەیی خاکی عێراق بە کورد دەدات، بەبڕوای ئێوە بۆچی ئەمەریکا لەگەڵ سەربەخۆیی کوردا نییە؟

زەردەشت بابان: ئەوە چەند هۆیەکی هەیە، هەندێک پەیوەندی هەیە بەنێوخۆی ئەمه‌ریکاوە هەندێکیتر پەیوەندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ دیبلۆماسیەتی کورد شکستی هێناوە، نەیتوانیوە پەیامی دەوڵەتی کوردی بگەیەنێتە دنیای دەرەوە، پیشوترنووسیومە کە بۆچی کورد لەسیاسەتی دەرەوە شکست دەهێنێ، لەبەر ئەوەی سیاسەتی دەرەوەی کورد بەڕاستی لە کلتوری سیاسی ئەمریکاو دەرەوە تێناگات، زۆر زەحمەتە بتوانی پەیامەکەت بگه‌یه‌نێت، چونکە کلتوری سیاسی تێنەگەی زۆر زەحمەتە بتوانی بێی بۆدەرەوە و پەیامەکەت بگەیەنی، زۆر زەحمەتە ئەم جیلەى ئێستا کەلەکوردستان هەیە بتوانێ لەکلتوری سیاسیەتی دەرەوە تێبگەن.


لەبەر ئەوە ئەمڕۆ سەدەی ٢١، سیاسەت بە شێوەیەکی جیاوازدەکرێ وە پێوستی بەعەقڵەتێکی جیاوازهەیە، وەهەندێک هۆکاری جیپۆڵۆتیکی هەیە لەناچەکەدا بەڵام شتێکتبیرنەچێت ئەو وڵاتانەی کەداوای سەربەخۆییان کردووە ئیستا بوون بەسەربەخۆ، هەمان گرفتی جیبۆڵۆتیکیان هەبووە کەداوسێکانیان نەیاویستوە ببێ بەدەوڵەت، لەگەڵ ئەوەشدا بوون به‌ ده‌وڵه‌ت، لەبەرئەوەی خەڵکیان هەبووە لەکلتوری سیاسەتدا لەدەرەوە تیگەیشتوون‌و توانیویانە پەیامەکە بگەیه‌نن، کەوابوو هۆکارەکەی شکستی سیاسەتی دەرەوەی کوردەو تێنەگەیشتنیه‌تی لەسیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاو ئەوروپا.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس