چۆمسکی ده‌رباره‌ى کوردستانی رۆژئاوا ده‌دوێت

چۆمسکی ده‌رباره‌ى کوردستانی رۆژئاوا ده‌دوێت

723 خوێندراوەتەوە

و. هوشیار مەحموودی

پرسیار: جاری پێشوو کاتێک لێمان پرسیت وتت بەشار ئەسەد چەکی کیمیاوی بەکارهێناوە. پێتوایە چ بەڵگەیەکمان هەیە بۆ ئەوەی وەها تۆمەتێک بدەینە پاڵ بەشار ئەسەد؟

نۆام چامسکی: تۆمەتەكه‌ سەرەتا زۆر جێی گومان بوو. رۆبێرت فیسک کە راپۆرتنووسێکی زۆر باشە وتی نەیوت هەڵەیە بەڵکوو وتی [ ئەو تۆمەتە] زۆر پشت ئەستوور نییە. سیمۆن هێرش وتارێکی رەخنەگرانەی باشی نووسی و خەڵکی دیکەش باسەکەیان ناتەواو هێشتەوە. بەڵام لەو کاتەوە چاوەدێرانی جیهانی بەڵگەی پێویستیان کۆکردووەتەوە و روونیان کردەوە کە چەکی کیمیاوی بەکار هێنراوە.

پرسیار: سەرچاوەیەکی هەواڵی کوردی لە زمانی تۆوە وتوویەتی کە دەبێ ئامریکا لە سووریە بمێنێتەوە بۆ ئەوەی کوردەکان بپارێزێ. ئایە ئەمە شیکردنەوەیەکی پڕاوپڕه‌ بۆ روونکردنەوەی هەڵوێستی تۆ؟

چۆمسكى: من لە سەرچاوەیەکی کوردییەوە قسەم نەهێناوە بەڵکوو ئەوە روانگەی خۆمە. پێموایە پەلێکی بچووکی سەربازی ئامریکا لە ناوچە کوردنشینەکان ناتوانن بە توانستێکی کەمی خۆیانەوە بەهیچ لایەکدا بجووڵێن، چونکو تەنانەت هەندێجار چەکداریش نین. ئەمانە جۆرێ رێگری دەکەن لە ئەگەری دەستدرێژی و هێرشی تۆرکیا کە ئەو دڕندەییە پەرە پێدەدا کە ئەنجام درا لە دژی کوردەکان.

 پرسیار: مەبەستت ئەوەیە کە کوردەکان بپارێزێ لە دەست تورکیە نەک سووریە؟

چۆمسكى: رەنگە سووریەش هەبێ. دێر یان زوو ناچارن لەگەڵ دەوڵەتی سووریە رێکەوتن بکەن. بەڵام نیگەرانی سەرەکی لە ئێستادا دەستدرێژی تورکیەیە کە هەنووکەش روویداوەو لەناوخۆی تورکیە لە ئارادایە. تورکیە چووەتە ناوەوەی دوو بەشی سووریە؛ عەفرین، ئەویش بە دڕندەییەوە کە تورکیە لە هەندێ لە ناوچە کوردییەکان بەکاری هێنا ئەگەر درێژ ببوایەتەوە بۆ باقی ناوچە کوردییەکان زۆر ناحەز دەبوو و پێموایە لەمڕووەوە ئەم تیۆرییە مانا دەبەخشێ.

پرسیار: من پێموابوو کە تۆ لە دژی هێزەکانی ئامریکای کە لە سووریەدا بۆ شەڕ بەکار بهێنرێن.

چۆمسكى: ئەمە هیچ پێوەندییەکی بە شەڕەوە نییە، بەڵکوو پێوەندیی بە پاراستنی ناوچە کوردییەکانەوە هەیە کە بە هەڵکەوت خەریکە تیایدا گەشەیەکی جوان بێتە ئاراوە. بۆ ئەوەی بیانپارێزین لە گرژترین دوژمنانیان کەوا بۆ ساڵانێکی زۆر دڕندەییەکی زۆریان بەدژیان بەکارهێنا. پێموایە لەم ڕووەوە مانابەخشە.

 

پرسیار: باشە تا ئەو جێگەی ئامریکا لە شەڕی سوریا خۆی وەرداوە، ئایا دەکرێ ئێمە لە شەڕی سووریەدا خۆتێوەردەین؟

چۆمسكى: بەستراوەتەوە بەوەی مەبەستت چیە لە خۆتێوەردان لە شەڕ. ئایا ئێمە تەقەمەنی بدەین بە نەیارانی بەشار. زۆر ئەستەمە کە وا بڵێین. لەبیرت بێ کە رژێمی ئەسەد رژیمێکی دڕندەو قاتڵە. بەڵێ جاران دەوڵەتێکی یاسایی بوو، بەڵام خۆی بەرپرسیارە لە زۆربەی ئەو بێڕەحمی و دڕندەییانەی کەوا پێشهاتن.

با بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای سەرەتا. لەو کاتەدا رێپێوانێکی زۆر ئاشتییانەی دوور لە توندوتیژی لە ئارادابوو کە داواکاری چاکسازییەکی زۆر کەم بوو و خوازیاری دیمۆکراتیزەکردنەوەی سیستمێکی تەواو ملهوڕ بوون و هەروەها چاکسازی ئابووری.

بەڵام بە سەرکوتێکی چەپەڵ وڵام درانەوە. ئەوە بوو کە شەڕی ناوخۆی هەڵگیرساند. هەروەها کۆمەڵێکی هێز هەبوون لە سووریادا، جۆرێک هێزی دیمۆکراتیکی مامناوەندی چاکسازیخواز کە هەوڵیاندا خۆیان بهێڵنەوە بەڵام زۆر بە خێرایی لەلایەن هێزە جیهادییەکانەوە کەوتنە پەڕاوێز کە بەردەوام خەریکی سەرهەڵدان بوون. شەڕێکی ئاڵۆز بوو کە لایەنی جۆراوجۆری تێدا بوو. ئایا لەو ساتەدا دەبوو ئامریکا خۆی تێوەردا؟ ئەگەر رێگەیەک بووایە کە هێزە دیمۆکراتیکە راستەقینەکان بپارێزرێن بێگومان ئەوە کارێکی بەنرخ بوو کە بکرایە بەڵام لەوانە نەبوو رێوشوێنێکی لەو جۆره‌ بووبێ.

 

پرسیار: من پێم وابووە کە تۆ دژی ئەوەی کە ئامریکا رۆڵی پۆلیسی جیهانی بگێڕێ.

چۆمسكى: من بەدژی پۆلیسیش نیم. ئەگەر دز لە ماڵی من بدا ئەوا تەلەفوون بۆ پۆلیس دەکەم. من دژی پۆلیسم کە بێجێ لە شوێنێ بن. بەڵام جیهانی کۆمەڵایەتی و سیاسی سیستمێکی رێسامەند نیە کە تیایدا یاسایەک رێک لە سەرەوە تا خوارەوە جێبەجێ بکرێ. بێمانایە وا بیر بکەینەوە. ژیان زۆر لەوانە ئاڵۆزترە. دەبێ بیر لە دەرەنجامەکانی ئەوە سیاسەتانە بکەیتەوە کە قسەی لێ دەکەی. بۆ نموونە بیر لە ئەو پەلە هێزە سەربازییەی ئامریکا بکەرەوە لە رۆژاوا؛ ناوچە کوردنشینەکان. من نامەوێ هێزەکانی ئامریکا لە دەرەوەبن بەڵکو تەنیا دەمەوێ رەشەکوژی کوردەکان روونه‌دات. وایە. هەندێجار ناچاری هەڵبژێری.

پرسیار: ئایا ئەوە شەڕێکی ئامریکا و روسیایە بەڵام لەلایەن نوێنەرەکانیانەوە دەکرێ؟

چۆمسكى : ئەوە تەواو بەلاڕێدا چوونە. ئەوە شەڕێکی رژیمی ئەسەد بوو بەدژی زۆرینە جەماوەری خەڵکی سووریا.

سه‌رنج:
ئەمه‌ چاوپێکەوتنێکی ماڵپەڕی پرایمۆ ناتمێگ بوو لەگەڵ نوام چامسکی کە فرە لایەن بوو، بەڵام وەرگێڕ تەنیا ئەو بەشەی وەرگێڕا کە سەبارەت بە کوردستانی رۆژاوا بوو.
https://www.youtube.com/watch?v=_EdXNCI51yA

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك