فیدا مورادخان: سەرەتای دروستبوونی ناکۆکی له‌ ئیسلامدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساتی نەخۆشکەوتنی پێغەمبەر

شتێک نییە ناوی فیکری ئیسلامی کوردی بێت

فیدا مورادخان: سەرەتای دروستبوونی ناکۆکی له‌ ئیسلامدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساتی نەخۆشکەوتنی پێغەمبەر

1830 خوێندراوەتەوە

فیدا موراد خان، نوسه‌رو لێكۆڵه‌رى فیكرو ڕه‌وتى ئیسلامى، لەم گفتوگۆیەی  لەگەڵ دیپلۆماتیك مەگەزین دا ، سه‌باره‌ت به‌ دیارده‌ى سه‌له‌فیه‌ت‌و ڕیفۆرمى ئایینى‌ ده‌دوێت‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ڕەوتى سه‌له‌فى نامۆیە بە دینداریی کوردەواریی‌و پێیشیوایه‌ شتێک نییە بەناوی فیکری ئیسلامی کوردی.

دیپلۆماتیك: لەدوای وەفاتی پێغەمبەری ئیسلام (د. خ)، کۆمەڵێکی زۆر فیکرەو گروپ دورستبوون کە تێڕوانینی هەریەکێک لەو گروپانە بۆئاین جیاوازبوو، بەبڕوای تۆ هۆکاری ئەم جیاوازی‌و تێڕوانینانە جیاوازانه‌ بۆچی دەگەڕێتەوە؟

فیدا موراد خان: لەڕاستیدا سەرەتای دروستبوونی ناکۆکی و خیلاف دەگەڕێتەوە بۆ ساتی نەخۆشکەوتنی پێغەمبەر (د.خ) و پەراوێزخستنی ڕۆڵی ئەنصارییەکان ( خەڵکی شاری مەدینە) لەکاتی دانانی جێنشینی پێغەمبەر، پاشان ناڕەزایی مسوڵمانان لە دەسەڵاتی خەلیفە عوسمان و گەمارۆدان و کوشتنی خەلیفە لە ناو شاری مەدینە، زەقبوونەوەی ئەم خیلاف‌و ناکۆکییە لەسەردەمی خەلیفە عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب دەرکەوت، کاتێک موعاویەی کوڕی ئەبو سوفیان ئامادە نەبوو بەیعەت بداتە عەلی تاوەکو بکوژانی خەلیفە عوسمان ڕادەست نەکات و سزایان نەدات، ئیدی خیلاف و ناکۆکی لەم سەردەمە گەیشتە لوتکەو بەم هۆیەوە جەنگی خوێناوی لە نێوان معاویەو عەلی و لەنێوان عائیشە و عەلی سەریهەڵدا.

,,

فیدا موراد خان: دروستبوونی ئەم هەموو گروپ و مەزهەبانە ئیسلامی پێغەمبەریان شێواند

لەپاش ئەم ڕووداوانە چەندین گروپ و فیرقەو کۆمەڵ و مەزهەبی فیقهی و عەقیدی و کەلامی دروستبوون، پاڵنەری سیاسی هۆکاری دروستبوونی هەندێک لەم فیرقەو کۆمەڵانە بوون. هەروەها خوێندنەوەی عەقڵانی بۆ دەقە ئایینییەکان و خوێندنەوەی تەقلیدی و پشت بەستن بە ڕیوایەت و وتەی پێشینان هۆکارێکیتری دروستبوونی ئەم ناکۆکی و خیلافانە بوو.

دیپلۆماتیك: بەشێک لەڕەخنەگران دەڵێن یەک خودایە هەیەو یەک پەرتووکی ناردووە بۆ مسوڵمانان و یەک پێغەمبەری ناردووە، بەلام بە سەدەها گروپ و فکرەی جیا دروست بوون‌و ئەم ئەم گروپانە هەموویان زیادەن کاریگەریان نه‌رێنییان دەبێ لەسەر ئیسلام، لەمڕوەوە سەرنجت چییە؟

فیدا موراد خان: دروستبوونی ئەم هەموو گروپ و مەزهەبانە ئیسلامی پێغەمبەریان شێواند، نەک هەر ئیسلام خودی مسوڵمانان بوونەتە قوربانی ناکۆکی و خیلافی هەزار ساڵ پێش ئێستا. لەو بڕوایەدام ئەم ناکۆکییە تا چەندین سەدەیتر دەخایەنێت. کێشە هەرە گەورەکە لێرەدایە، ئەم هەموو ڕیوایەت و فەرموودانە بە فلتەری ئەم گروپ و مەزهەبانەدا تێپەڕیون. تاوەکو زیهنییەتی مەزهەبیەت و پیرۆزکردنی سەلەف و هێڵەسورەکانی مێژووی ئیسلامی و کەسایەتییەکانی ئەم مێژووە تێنەپەڕێنین، ناتوانین لەم هەموو گروپ و فیرقەو مەزهەبانە ڕزگارمان ببێت.

,,

فیدا موراد خان: سەلەفیەت بە مانا گشتی و فراوانەکەی نەک هۆکارە، بەڵکو سەرچاوەی ئەم توندڕەویەیە

دیپلۆماتیك: یەکێک لەو فکرانەی کە لەم چەند ساڵەی ڕابوردو گەشەی کرد فکرەی سەلەفی بوو، دەمەویت بپرسم مێژووی ئەم فکرەیە بۆ کەی دەگەڕێتەوە‌و سەلەفی لەچییەوە هاتووە ؟

فیدا موراد خان: سەلەفیەت یان ڕەوت و ڕێبازی و مەنهەجی سەلەفی هەر بەم کەسانە ناگوترێت کە هەڵگری پاشگری وشەی سەلەفی-ن، یان بانگەشەی گەڕانەوە بۆ ڕێبازی (سەلەفی صالح) دەکەن. بەڵکو هەر ڕەوت و ڕێبازێک بۆ تەفسیرکردن و تێگەیشتن لە ئایین بگەڕێتەوە بۆ ڕاوبۆچوون و تەفسیری سەلەف ئەوا هەڵگری ڕەوتی سەلەفییە یاخود پێی دەڵێن سەلەفی. ئەمانیش چەندین جۆریان هەیە.

بۆ نمونە: کەسێک لە تەفسیرکردنی ئایەتێکی قورئانی پیرۆز لە تێڕوانین و تەفسیری تەبەری و ئیبن کەسیر و قورتوبی و هتد، دەرنەچێت ئەو کەسە سەلەفییە. هەرچەندە ناو لەخۆی بنێت ڕیفۆرمخواز و میانڕەو و لەم جۆرە ناوە بریقەدارانە.

سەلەفیەت واتا: سەدەی یەکەم و دووەم چۆن لە ئایین تێگەیشتوون، دەبێت مسوڵمانان تا ڕۆژی قیامەت بەم شێوەیە لێی تێبگەن. دەبێت مرۆڤی هەزار ساڵ پێش ئێستا چەندە لە ئایین حاڵی بووە، ئێمەش هەر ئەوەندە. مێژووی دروستبوونی ئەم ڕەوتەش بۆ ناکۆکی نێوان ڕەوتی ئەهلی ڕیوایەت و ئەسەر و ئەهلی ڕەئی دەگەڕێتەوە.

دیپلۆماتیك: بەماوەیەکی زۆرکەم ئەم فکرەیە واتە فکرەی سەلەفی، لەناو جیهانی ئیسلامیدا تەشەنەی کرد، هۆکاری زوو گەورەبوونى ئەم فکرەیە چییە؟

فیدا موراد خان: بە تێڕوانینی من گەشەسەندنی ڕەوتی سەلەفیەت بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنمەوە:
یەکەم: نەبوونی خوێندنەوەو دیدو تێڕوانین و تەفسیرێکی نوێ بۆ ئایین وایکردووە ڕەوتی سەلەفیەت گەشەبکات. سەرەتا ئیسلامییەکان بەناوی ڕابوون و صەحوەی ئیسلامی هاتنە مەیدان بەڵام دواتر لەبەر ململانێی کورسی و دەسەڵات پەرتەوازەبوون.
دووەم: پشتگیریکردنی دەسەڵات لە ڕەوتی سەلەفی، پێموایە ئەوە بەڵگەنەویستە کە دەسەڵاتدارانی وڵاتە ئیسلامییەکان بۆ نمونە میسڕ و سعودیە، لە پشت بڵاوکردنەوەی ڕێبازی سەلەفین. ئەوان بەم هۆیەوە دوو ئامانج دەپێکن، هەم لەدژی ئیسلامییەکان بەکاریان دەهێنن، هەم بەشێکی زۆر لەگەنجان بێئاگا دەبن لە پرسی ئازادی و ماف و دیموکراسی و خۆشگوزەرانی. بەڵکو ئەم گەنجانە سەرقاڵ دەبن بە خیلافی فیقهی و ناکۆکی نێوان خۆیان.

نمونەی ئەم فەوزا و ناکۆکییەی نێوان مەلا و وتاربێژە سەلەفی و ئیسلامییەکان لە کوردستانی خۆمان زۆر بە ڕوونی دیارە.

دیپلۆماتیك: بەشێک پیانوایە کە یەکێک لە هۆکارەکانی توندڕەوی فکرەی سەلەفیزمە ئایە تا چەند ئەم قسەیە ڕاستە؟

فیدا موراد خان: سەلەفیەت بە مانا گشتی و فراوانەکەی نەک هۆکارە، بەڵکو سەرچاوەی ئەم توندڕەویەیە.
بۆ نمونە توندڕەوێکی ئیسلامی حوکمی دەستبڕین و ڕەجمکردن و قاچبڕین و کوشتنی هەڵگەڕاوە لە ئایین و حەرامبوونی مۆسیقاو واجببونی حیجاب و بگرە نیقاب و ڕەوایەتیدان بە کەنیزەک و کۆیلەکردنی کافر و بێباوەڕان بە شەرعی خوا دەزانێت و تا سەر ئێسقان باوەڕی پێیەتی، مسوڵمانێکی سەلەفیش هەمان باوەڕ و ئیمانی هەیە.
ئیدی توندڕەویی هەر ئەمەیە. گەنجێک نوێژ نەکات لەلای ڕەوتی سەلەفیەت کافرەو حەرامە هاوسەرگیرییی لەگەڵ کچێکی مسوڵمان بکات، بەڵگەشت بۆ دێنێتەوە کە ئەمە حوکمی خودا و پێغەمبەرە.

دیپلۆماتیك: وڵاتی خۆشمان بەدەرنیە لەو فکرە سەلەفیە کە لەم چەند ساڵەی ڕابوردو بەشێکی زۆر لە گەنجانی کوردستان سەرسامی ئەم فکرەیەبوون، ئایە تاچەند ئەم فکرەیە لەگەڵ کلتورو تەقالیدی کوردستان یەک دەگرێ؟


فیدا موراد خان: وەک لە پێشتر ئاماژەم پێدا لە غیاب و نەبوونی خوێندنەوەو تێڕوانینێکی عەقڵانی و ویژدانی بۆ ئایین، ڕەوتی سەلەفی گەشەی سەندووە، هەناردەکردنی ڕەوتی سەلەفیەت بۆ وڵاتان بەڵگە نەویستە.
هەرچەندە ئەم ڕەوتە نامۆیە بە دینداریی کوردەواریی، بەڵام ئەوان زۆر بە ئاگایی کار لەسەر ئەم پرسە دەکەن، بۆ نمونە مەلایەکی سەلەفی بۆ پشتگیریکردن لە فیکرەکەی خۆی و دژایەتیکردنی بەرامبەر دەیگوت: کوا ئەمە لەگەڵ ئەخلاقی کورد و کۆمەڵگەی کوردی دەگونجێت.
ئەوان بەناوی خوداو پێغەمبەر و لە مینبەر و کەناڵەکان فیکرەی خۆیان ئاراستەی کۆمەڵگە دەکەن.

دیپلۆماتیك: بۆچی لە کۆمەڵگەی کوردیدا ڕووە عیرفانییەکەی دین لە پاشەکشەدایەو لەبەرامبەریشدا بیری سەلەفیەت گەشەی کردووە؟


فیدا موراد خان: سەلەفیەت پێچەوانەی عیرفانیەتە، عیرفانیەت خۆخەریککردنە بە ناخ‌و ڕۆح، و خوێندنەوەیەکی قووڵە بۆ دەقەکان. بەڵام سەلەفیەت خوێندنەوەیەکی ڕووکەشییە بۆ دەقەکان.
عیرفانیەت زیاتر خەریکە بە خود وەک نەفس، حوکم لەسەر خودی خۆی دەکات. بەڵام سەلەفیەت سەرقاڵە بە حوکمدان لەسەر خەڵک.
هەرچەندە من پێموایە ئێستا سەرەتای لەدایکبوونەوەی عیرفانیەتە یاخود ئیمانێکی ویژدانی، چونکە لە سەردەمی عەقڵانیەت و پێشکەوتن چیتر مرۆڤ ناتوانێت لەگەڵ ئەم تەفسیرە ڕووکەشییەی ئایین ڕێبکات.
عیرفانیەت دەیەوێت ئیماندار بگاتە پلەی کامڵبوون لە مرۆڤایەتیدا. هەر ئەمەشە ئامانجی ئایین.

دیپلۆماتیك: دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی چەندە پەیوەندییان بە شێوازو خەمڵاندنی جۆری دیندارییەوە هەیە؟


فیدا موراد خان : گومانی تێدا نییە سیاسەت و ئابوری و کۆمەڵایەتی هۆکاری سەرەکین بۆ دیاریکردنی جۆری دینداریی تاکەکان.
سلوکی دیندارێکی کۆمەڵگەی عەرەبستانی سعودی و خەلیجی جیاوازە لە سلوکی دیندارێکی کۆمەڵگەی ئەفغانی و ئێرانی و کوردی. زۆرجار دۆخی ئابوری هۆکاری دروستبوونی توندڕەوی ئایینییە. گەنجێکی بەشمەینەت تەمەنی دەگاتە ۲٥ ساڵ هێشتا ژیانی لە خاڵی سفڕەوە دەستپێدەکات، لەڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ماف و ئازادییەوە کێشەی هەیە. ئیدی ئەم جۆرە ژیانە وا لە گەنج دەکات سەرگەردان و بێبڕیار بێت و زۆر بە ئاسانی بکەوێتە داوی توندڕەوی.
بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات کە سیاسەت و ئابوری و پرسە کۆمەڵایەتییەکان وەک سێکوچکەی نەهامەتی باڵی بەسەر کۆمەڵگەدا کێشاوە.

,,

فیدا موراد خان: هەوڵێک بۆ ڕیفۆرمی ئایینی شکست دێنێت تاوەکو ڕیفۆرم لە پرسە بەناو نەگۆڕەکانی ئایین نەکرێت

دیپلۆماتیك: شتێک هەیە ناوی فیکری ئیسلامی کوردی بێت و تایبەتمەندی خۆی هەبێت؟

فیدامورادخان: بەبڕوای من شتێک نییە بەناوی فیکری ئیسلامی کوردی، هەرچەندە ئیسلام وەک ئایینێکی جیهانی دەردەکەوێت بەڵام مۆرک و فیکر و کلتوری عەرەبی بەسەردا زاڵە. هەر ئەم زاڵبوونەی کلتور و بیرکردنەوەی نەتەوەییە بە خراپ بەسەر ئیسلامدا شکاوەتەوە.
ئەوەی گرنگە لە کۆمەڵگەی کوردی خوێندنەوەیەکی مرۆڤانەیە بۆ ئیسلام. کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە بەها مرۆییەکانە نەک خۆسەرقاڵکردن بە دروستکردنی ئیسلامی کوردی کە من بە وەهمی دەزانم.
ئیسلامێک ڕێک هاوتەریب بێت لەگەڵ ئیمانێک ناخ و ڕۆح ئارام بکات و هەڵگری بەهاباڵاکان بێت و لەسەر بنەمای ڕەگەز و ڕەنگ و نەتەوە و بیروباوەڕو جیاوازی لەنێوان مرۆڤەکان نەکات.


دیپلۆماتیك: ڕیفۆرمی ئاینیی چییەو چۆن ئەنجام دەدرێت و دەبێت کێ ئەنجامی بدات؟


فیدا موراد خان: بە تێڕوانینی من هەموو هەوڵێک بۆ ڕیفۆرمی ئایینی شکست دێنێت تاوەکو ڕیفۆرم لە پرسە بەناو نەگۆڕەکانی ئایین نەکرێت.
ئەوە کەی ڕیفۆرمە بەدەم ترس و لەرز و دەیان پینەو پاساو تا ڕەئی و بۆچوونێکی فیقهی مەزهەبێک ڕەتدەکرێتەوە؟.
بۆ نمونە: ڕیفۆرم چ مانا و نرخێکی هەیە کە ئافرەت تەنها لەسەر بنەمای جیاوازی ڕەگەز لە پیاو کەمتر بێت لە میرات و شایەتیدان؟!
ڕیفۆرمی ئایینی واتا سەرلەنوێ خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ تەواوی ئایین. نەک خۆخەریککردن بە فەتوا و فیقهی شافعی و حەنەفی.

هەمان ئایین بەڵام تێگەیشتنێکی جیاواز. خۆ ئەمە کوفر نییە. ئایا تێگەیشتنی مەولانای ڕۆمی لە ئایین لەگەڵ تێگەیشتی شێخ ئیبن باز جیاواز نییە؟
هەردووکیان سەر بە یەک ئاینن بەڵام ئاسمان و ڕێسمانیان جیاوازە.

ئەرکی ڕیفۆڕمی ڕاستەقینە دەکەوێتە ئەستۆی بیرمەندو توێژەرو نووسەرە دڵسۆز و خەمخۆرەکان، هەروەها ناوەندو کەسایەتییە ئاینییەکانیش دەتوانن پێشەنگبن لە ڕیفۆڕمی ڕاستەقینە.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس