به‌رپرسێكى ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ى كۆمه‌ڵ :ناوچه‌گه‌رێتى كۆمه‌ڵ به‌ره‌و كه‌رتبوون ده‌بات

ئه‌نجومه‌نی بانگه‌واز و به‌ڕێوه‌ بردن، له‌ بڕیاری ئه‌میری حزبه‌كه‌یان ده‌رچون

به‌رپرسێكى ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ى كۆمه‌ڵ :ناوچه‌گه‌رێتى كۆمه‌ڵ به‌ره‌و كه‌رتبوون ده‌بات

383 خوێندراوەتەوە

كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان بۆ جارێكی تر به‌شێك له‌ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ندامانی باڵای حزبه‌كه‌ی ده‌ست له‌كارده‌كێشنه‌وه‌ و هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌شیان بۆ قۆرخكاری بڕیاری سیاسی و ناشه‌فافی و نادادی له‌ ئیداره‌ دانی دارایی حزب و جیاوازی ناوچه‌گه‌رێتی ده‌گه‌ڕیننه‌وه‌.


له‌سه‌ر هۆكاری ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی سێ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان و به‌شێك له‌ئه‌ندامانی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری ئه‌و حزبه‌، دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین بۆ زانینى ورده‌كارى ئه‌و ڕوداوانه‌ كه‌ ڕووى له‌ژیانى سیاسى كۆمه‌ڵ كردوه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ سه‌لیم كۆی ئه‌ندامی سىه‌ركردایه‌تى ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان و لێپرسراوی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان و محمد سماقوڵی كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان , گفتوگۆیه‌كى سازدا.

,,

سه‌لیم كۆیی : ویستێك له‌ نێو كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان هه‌بوو كه‌ ئه‌و ئه‌ندامه‌ ناڕازیانه‌ ناچار بكرێن ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه،چونكه‌ ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردن كه‌ 12 بۆ 13 ئه‌ندامی له‌ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تین له‌سه‌ر بڕیاری خۆیان سوور بوون و ئاماده‌نه‌بوون داواكارییه‌كانمان جێ به‌جێ بكه‌ن‌.


دوای لابردنی به‌رپرسی پێشووتری مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان له‌پۆسته‌كه‌ی و دانانی كه‌سێكی دیكه‌ له‌شوێنه‌كه‌ى، به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ و ئه‌ندامانی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر ئه‌و كاره‌یان به‌ده‌رچوون له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆ و لابردنی سه‌رۆكێكی شه‌رعی هه‌ڵبژێردراو ناوزه‌ند كرد، ئه‌و كێشه‌یه‌ش به‌ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ ناڕازییانه‌ له‌حزبه‌كه‌یان كۆتایهات.

سه‌لیم كۆیی ئه‌ندامی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ نایشارێته‌وه‌ هه‌وڵێكی زۆریاندا تـا كێشه‌كان له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆوه‌ چاره‌سه‌ربكه‌ن به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌كراو و ده‌ڵێـت: "ویستێك له‌ نێو كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان هه‌بوو كه‌ ئه‌و ئه‌ندامه‌ ناڕازیانه‌ ناچار بكرێن ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه،چونكه‌ ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردن كه‌ 12 بۆ 13 ئه‌ندامی له‌ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تین له‌سه‌ر بڕیاری خۆیان سوور بوون و ئاماده‌نه‌بوون داواكارییه‌كانمان جێ به‌جێ بكه‌ن‌".


محمد سماقوڵی كارگێڕی مه‌ڵبه‌نی هه‌ولێری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان، ئه‌نجومه‌نی بانگه‌واز و به‌ڕێوه‌بردن به‌لادان له‌بڕیاره‌كانی علی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌ڵێت:"ئێمه‌ پێش ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌میری كۆمه‌ڵ ئیسلامی كوردستان كۆبوینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانمان له‌ڕێگه‌ی دانیشتنوو گفتوگۆوه‌ چاره‌سه‌ربكه‌ین و به‌شێك له داواكارییه‌كانیشمان له‌لایه‌ن مامۆستا علی باپیره‌وه‌ به‌هه‌ند وه‌رگیرا به‌ڵام دواتر ئه‌نجومه‌نی بانگه‌وازو به‌ڕێوه‌بردن بڕیاره‌كانی ئه‌میریان جێ به‌جێ نه‌كرد".

,,

محمد سماقوڵی:به‌شێكی زۆری ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵ له‌ سنووری سلێمانین و كه‌مترین باره‌گای حزب له‌هه‌ولێر كراوه‌ته‌وه‌ به‌راورد به‌سلێمانی به‌شێوه‌یه‌ك حه‌وت باره‌گای كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌سلێمانی هه‌یه‌، كه‌چی له‌هه‌ولێر دوو مه‌ڵبه‌ندیان له‌بینایه‌كدا كۆكردۆته‌وه‌ و ته‌واوی نه‌خۆشخانه‌كانی كۆمه‌ڵ(به‌خشین) سنووری سلێمانیان تێنه‌په‌ڕاندووه‌.

به‌شێك له‌ڕه‌خنه‌و هۆكاری ده‌ستله‌كار كێشانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كۆمه‌ڵ، كه‌له‌ڕاگه‌یه‌ندراوى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یاندا ئاماژه‌یان پێكردووه‌، بونی جیاوازی ناوچه‌ییه‌‌، به‌شێوه‌یه‌ك زیاتر گرنگی به‌ سلێمانی و ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین ده‌درێت له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستانه‌وه‌ به‌راورد به‌پایته‌ختی كوردستان كه‌ هه‌ولێره‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ ده‌نگده‌رێكی به‌رچاوی له‌و سنوره‌دا هه‌یه‌.


سه‌لیم كۆی له‌سه‌ر سه‌رۆكی پێشووتری مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر دێته‌ ده‌نگو هۆكاره‌كه‌شی بۆ سنووری مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ كه‌ له‌هه‌ولێربووه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت:"له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی پێشووی حزبه‌كه‌م له‌مپه‌ڕ له‌به‌ر ده‌م كاره‌كانی ئه‌و به‌رپرسه‌ گه‌نجه‌ به‌مه‌به‌ست له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ دروست ده‌كرا".


محمد سماقوڵی كۆمه‌ڵ به‌شارچێتی تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌ڵێت:"به‌شێكی زۆری ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵ له‌ سنووری سلێمانین و كه‌مترین باره‌گای حزب له‌هه‌ولێر كراوه‌ته‌وه‌ به‌راورد به‌سلێمانی به‌شێوه‌یه‌ك حه‌وت باره‌گای كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌سلێمانی هه‌یه‌، كه‌چی له‌هه‌ولێر دوو مه‌ڵبه‌ندیان له‌بینایه‌كدا كۆكردۆته‌وه‌ و ته‌واوی نه‌خۆشخانه‌كانی كۆمه‌ڵ(به‌خشین) سنووری سلێمانیان تێنه‌په‌ڕاندووه‌.


"ماوه‌ی 11 مانگه‌ مینحه‌ی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان، له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌وه‌‌ بڕدراوه‌، به‌هۆی دروستكردنی فشار لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ به‌ ناچار كردنی به‌رپرسانی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر به‌ئه‌نجامدانی چه‌ند كارێك كه‌‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ بوو، كاتێك مه‌ڵبه‌ند پابه‌ند نه‌بوون له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ڕه‌شه‌كه‌یان برده‌ سه‌ر و مینحه‌یان بڕین". ئه‌ندامه‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی وای وت.


له‌ماوه‌ی ڕابردوودا، ئه‌ندامه‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان، یان به‌شدارییان له‌ حزبی دیكه‌دا كردووه‌ یاخود خۆیان به‌ره ‌و حزبێكی تریان دروست كردووه‌، به‌ڵام هه‌ردوو ئه‌ندامه‌ باڵاكه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان سه‌ره‌ڕای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌شداری كردن له‌هه‌ر كایه‌یه‌كی سیاسی دیكه‌، ناشی شارنه‌وه‌ ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌یان دوای كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو به‌دوور نازانن، به‌شێوه‌یه‌ك سه‌لیم كۆیی ده‌ڵێت:"كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كران، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌ڵوێستمان ده‌ربڕی و له‌ئاینده‌دا ته‌نها چالاكی مه‌ده‌نی و ڕێكخراوه‌ی ئه‌نجامم ده‌ده‌ین و له‌ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستنانه‌وه‌، ئه‌وه‌ ئێمه‌ دواتر باس له‌گه‌ڕانه‌وه‌ و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو ئه‌و حزبه‌ ده‌كه‌ین".

له‌ماوه‌ی ڕابردوشدا چه‌ندین جار كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان ئه‌ندامه‌كانی ده‌ستیان له‌كار كێشاوه‌ته‌وه‌ له‌گرنگترینیان ئارام قادر و سه‌رگوڵ قه‌ره‌داغی و ئاكامه‌كه‌شى دروست كردنی حزبێكی نوێ بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجی به‌شێك له‌چاودێرانه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كردنی ئه‌و كێشه‌ نا‌وخۆییانه‌یه‌ له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆوه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ و خودی علی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان ، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا كێشه‌كان به‌ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ كۆتای دێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌و ئه‌ندامانه‌ دواتر له‌ بڕیاره‌كانیان پاشگه‌زده‌بنه‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناو حزبه‌كه‌یان.

 

author photo

رۆژنامەنووس