پشكۆ نه‌جمه‌دین: سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵه‌و یه‌كێتى ناچاریان كردین ئاڵاى شۆڕش دروست بكه‌ین

پشكۆ نه‌جمه‌دین: سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵه‌و یه‌كێتى ناچاریان كردین ئاڵاى شۆڕش دروست بكه‌ین

778 خوێندراوەتەوە

دیدارى، بڕوا كه‌مال - به‌شى دووه‌م

لەبەشی دووه‌می دیدارەکەى لەگەڵ " دیبلۆماتیک مەگەزین" پشکۆ نەجمەدین نوسەرو ئەدیب‌و پێشمەرگەی شاخ، باسى کێشە نێوخۆیەکانی کۆمەڵەى ڕه‌نجده‌ران‌و یەکێتی و دروستکردنی ئاڵای شۆڕش ده‌كات‌ 

 

 ده‌ڵێت:" ئاڵای شۆرش بە واتای جیابوونەوە نەدەهات کە ئێمە جیا ببینەوە لە یەکێتی‌و كۆمه‌ڵه‌، بەڵکو بۆ پاراستنی خەسڵەتە ڕەسەنەکانی کۆمەڵەو ڕێگرتن بوو لە یەکسانکردنی کۆمەڵە بە حیزبێکی پانوپۆڕی وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕێگرتن لە لەگۆڕنانی ئەو ڕێکخراوە چەپە، پێویست و زەروورەت بوو".

 

 

دیبلۆماتیک مەگەزین: ئایە کەئاڵای شۆڕش دروست دەکەن‌و هێزەکانتان دەبەنە قەراغ ئامانجتان ئەوەبوو کە لە کۆمەڵەو یەکێتی جیا ببنەوە، یاخود درێژە بدەن بە فیکری کۆمەڵە؟

پشکۆ نەجمەدین: ئێمە ڕەوتێکی فیکری‌و سیاسیی نێو دەروونی کۆمەڵە بووین کە خوازیاری درێژەپێدانی خەسڵەتە فیکرییە ڕەسەنەکانی کۆمەڵە بووین. ئێمە لە هەوڵی پاراستنی هێڵ‌و ڕێبازی چینایەتیی کۆمەڵەو سەربەخۆییی ڕێکخراوەییدا بووین و دەمانوویست بێ جیابوونەوەو لە چوارچێوەی کۆمەڵەدا، درێژە بە ململانێی دیموکراتیانە بدەین و کێشەکان یەکلا بکەینەوە.

 

ئەوە ئێمە نەبووین کە بە خواست و ئارەزووی خۆمان لە کۆمەڵە دەرچووبین و ئاڵای شۆڕشمان دروست کردبێت، بەڵکە ئەوە سەرکردایەتیی کۆمەڵە و یەکێتی بوون کە هیچ دەرفەتێکیان بۆ خەباتی دیموکراتییانەی نێو تەلاری کۆمەڵە نەهێشتەوەو ناچاریان کردین کە ئێمە پێشنیازی ڕێکخراوی سێیەم واتە لە تەنیشت کۆمەڵەو شۆڕشگێڕانەوە، ڕێکخراوێکی دیکە چێ بکەین و لە چوارچێوەی یەکێتیدا کار بکەین. ڕۆیشتنی ئێمە بۆ ناوچەی قەرەداخ و نێوەندی دەسەڵاتی هێزەکانی یەکێتیی، ئەم بۆچوونەی من پشتڕاست دەکاتەوە کە ئێمە بەنیازی جیابوونەوە نەبووین و نەمانویست قەوارەی یەکێتی ببەزێنین و هێزەکەی کەرت بکەین، بەداخەوە کە وەها نەکەوتەوەو سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵە بژارەیەکی دیکەیان هەڵبژارد و پەلاماریان داین!

 

,,

بە ڕووخاندنی دەسەڵاتی بەعس، پەنجەرەیەکی ڕۆشن لەسەر چارەنووسی کورد لە باشووردا واڵا بوو

 

دیبلۆماتیک مەگەزین: لەوکاتەدا ئێوە بەعێراقچی تۆمەتبار دەکران، لەبەرانبەر چ بۆچۆنێکتاندا ئەم ناوەتان لێنرا؟

پشکۆنەجمەدین: پێشتر گوتم کە ڕەوت و بیرۆکەی" عێراقچییەتی"، لە ساڵی 1972ەوە، لە ڕێزەکانی کۆمەڵەدا کۆتاییهات. ئەوەی پاشتر وەکو تۆمەت زیندوویان کردەوەو ئێمەیان پێ دەناساند، جگە لە تۆمەتێکی بێ بنەما بۆ سەرکوتکردنی گرووپی ئێمەو بەرتەسککردنەوەی فەزای دیموکراتیی نێو کۆمەڵەو بزووتنەوە سیاسییەکە، هیچی دیکە نەبوو. ئێمە پێمان وابوو:

_ لە کوردستانی باشوورەوە، ڕێکخراو و حیزبی کرێکارانی کوردستان، بۆ سەرتاسەری کوردستانی گەورە دانامەزرێت و ئەم هەوڵ و بیرکردنەوەیە، جگە لە خەیال و وەهم شتێکی دیکە نییە.

_ کۆمەڵە تەنیا دەتوانێت ببێتە حیزبی پێشڕەوی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانی باشوور.

_ کێشەی کورد لە کوردستانی باشووردا، تەنیا لە پرۆسەی سەرکەوتنی بزووتنەوەی دیموکراتیی عێراقدا چارەسەر دەکرێت.

_ ڕێگەچارەی سەرکەوتنی شۆڕشی کورد، بەندە بە ڕووخاندنی ڕێژێمی بەعس و هەوڵدان بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی کورد لە عیراقی پاش سەدەمدا

 وەک دەبینین، مێژوو ئەوەی پشتڕاست کردەوە، کە تەنیا بە ڕووخاندنی دەسەڵاتی بەعس، پەنجەرەیەکی ڕۆشن لەسەر چارەنووسی کورد لە باشووردا واڵا بوو. هەموو ئەو سەرکردە و کادرانەی کە بە درۆ و مارانە، لە شاخ، هەڵگری بیری کوردستانیبوون بوون، کە سەدام و ڕێژێمەکەی ڕووخان، ئەوان بەشدارییان لە داڕشتنەوەی دەستووری نوێی عێراقدا کردو باسێکیان لە کوردستانیبوون و سەربەخۆییی کوردستان نەکرد! لەوەش زیاتر، لەپێناوی پۆست و پارەدا، ئەو کادرانە بوون بە ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی عێراق و وەزیر و گزیری عێراقی!

 

 

دیبلۆماتیک مەگەزین : زەرورەتی درستکردنی ئاڵای شۆڕش لەوکاتەدا چی بوو؟

پشکۆ نەجمەدین: وەک گوتم، ئێمە بە ئارەزوو ئاڵای شۆڕشمان دروست نەکردو جیابوونەوەش هیچ زەروورەتێکی نەبوو! بەڵام تێکۆشان بۆ پاراستنی خەسڵەتە ڕەسەنەکانی کۆمەڵەو ڕێگرتن لە یەکسانکردنی کۆمەڵە بە حیزبێکی پانوپۆڕی وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕێگرتن لە لەگۆڕنانی ئەو ڕێکخراوە چەپە، پێویست و زەروورەت بوو.

 

،،

پێش ئەوەی  ببم بە پێشمەرگە نە ئەدیب بووم و نە نووسەر


 

دیبلۆماتیک مەگەزین: لەساڵی ١٩٩٢ واز لەکاری سیاسی دەهێنیت و دەست دەکەیت بە کاری نوسین و ئەدەب، ئایە هەر لەسەرەتاوە کاری نوسینی خۆتت بکردایە باشتر نەبوو لەوەی کەبوویت بە پێشمەرگە؟

پشکۆ نەجمەدین : پێم وانییە باشتر بوایە! من پێش ئەوەی بچمە شاخ و ببم بە پێشمەرگە نە ئەدیب بووم و نە نووسەر!

ئەزموونی ژیان‌و ئەزموونی پێشمەرگەیەتیی ڕۆژگارە سەختەکان، زیندان و بەخۆداچوونەوە، خویندنەوە و تێڕامان لە بوون و ژیان و دەوروبەر، ناخ و هزرین و بونیادی ڕووحیی منیان لەنوێڕا هەڵشێلایەوە، دەرکەی سیاسەتیان کڵۆم دا و ڕۆژنەیان بۆ فڕێنی خەیاڵ و فەنتازیا، لە نووسیندا کردەوە!

 

 

دیبلۆماتیک مەگەزین: پاش ڕاگەیاندنی ئاڵای شۆڕش ماوەیەک زیندانی کران، ئایا ئەو ڕووداوە بوویە هۆکاری دوورکەوتنەوەت لە کاری سیاسی؟

پشکۆنەجمەدین: ڕۆژگاری زیندانی چیا، قۆناغێکی کاربڕ بوو لە ژیانی کەسەکی و سیاسیی مندا. زیندان بە هەموو ئازار و ئەشکەنجە ڕووحێێەکانییەوە، ماڵێک بوو بۆ لێخوردبوونەوە لە شۆڕش و سیاسەتی کوردی و خۆناسین و ئەوی دی ناسین! بەڵام مەکۆی بڕیاردانی جێهێشتنی سیاسەت نەبوو. من پاشی هەڵاتن لە زیندان، کوردستانم جێ هێشت و لە غوربەت و ئاوارەییدا ماڵێکم چێکرد. ئێمە لە کوردستان و لە کێشمەکێشەکانی خەبات و سیاسەتدا، هەموو دنیا و کێشەکانی کۆمەڵمان لە دەلاقەی تەسکی کۆمەڵێک کتێب و تیورە وشکەکانی فیکرێکەوە دەبینی کە خۆشمان لێی حاڵی نەدەبووین.

لە ئەورووپا، دونیام فراوان و هەمەلایەنتر بینی... تێگەیشتم کە سیاسەت و کێشە کۆمەڵایەتییەکان زۆر گەورەتر و پێچەڵپێچترن کە چارەسەرەکانیان لە فیکرێک و فەلسەفەیکدا بدۆزرێنەوە... جگە لەوەی کە من لەوە گەیشتم کە پێکهاتە و مینتالێتی من لەگەڵ سیاسەت هەڵناکەن و دەکرێ لە بواری ئەدەب و نووسیندا، من بتوانم کارێک بکەم کە لە سیاسەتدا ئیمکانی کردنی نەبێت.

من لەوێوە بڕیارم دا کە ئیلتزامی خۆم لەگەڵ هەر حیزبێکی کوردیدا بپچڕێنم و لە دونیای جوانی ئەدەبدا وزە و توانستی خۆم بەکار ببەم!

 

author photo

ڕۆژنامەنوس