ئارام شێخ محەمەد: ئەگەر دۆخی عێراق تێکبچێت، دۆخی کوردستانیش تێک دەچێت

ئارام شێخ محەمەد: ئەگەر دۆخی عێراق تێکبچێت، دۆخی کوردستانیش تێک دەچێت

1209 خوێندراوەتەوە

دیداری، بڕوا کەمال

لەم دیدارە تایبەتەدا لەگەڵ " دیبلۆماتیک مەگەزین" ئارامی شێخ محەمەد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی عێراق دەودوێت و ئاماژە بەوە دەکات کە خۆپیشاندانەکان سەد دەر سەد خۆرسکن و دەشڵێت: ئەگەر گۆڕانکاری سیاسی ڕوو نەدات فەوزا دروست دەبێت و ئەگەر بارودۆخی عێراقیش تێکبچێت، دۆخی هەرێمی کوردستانیش لەڕووی دارایی و ئابوری و یاساییەوە تێک دەچێت".

 دیبلۆماتیک مەگەزین: لەئێستادا عێراق بەقۆناغێکی زۆر هەستیاردا ئەڕوات و خۆپیشاندانەکانیش بەردەوامەو داوای چاکسازی دەکرێت، دەمەوێت سەرنجی بەڕێزت بزانم لەسەر کۆی ڕووداوە سیاسییەکانی عێراق؟

ئارام شێخ محەمەد: زۆر بەکورتی، ئەمەی لەئێستادا ڕووئەدا لەعێراقدا ئەنجامە، نەتیجەی درێژکراوەی چەند ساڵەی عێراقه کە نەیتوانیوە بەشێوەیەکی باش سیستەمێکی باش پێشکەش بە هاوڵاتییان بکات، کێشەیەکی زۆری خزمەتگوزاری هەیە، کێشەیەکی زۆری ئابووری هەیە، کێشەی کەرتی کشتوکاڵ، ئەتوانین بڵێن لەسەدا ٩٠ ى پەکخراوە، لەڕووی کێشەی داراییەوە، عێراق قەرزێکی زۆری لەسەرەو گەندەڵیش بەرۆکی گرتووە، لەدوای ساڵی ٢٠٠٣و ٢٠٠٤و لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس تاوەکو ئیستا حکومەتە یەک لە دواییەکەکان نەیان توانیوە بنبڕی گەندەڵی بکەن، ئەو پارە دزاراوانەی کە چوونەتە گیرفانی ئەم و ئەوەوە، تاوەکو ئیستا نەتوانراوە بگێڕدرێتەوە، واتە هەم بارودۆخی ئابوری و هەم بارودۆخی دارایی و هەم بارودۆخی خزمەتگوزاری ئەمانە هەمووی کێشەن له سیستەمی حکومڕانیدا، بۆیە ئەمانە وایکردوە بەشێوەیەکی بەرچاو خەڵک بێتە سەرشەقام، ئەم ناڕەزایەتییانە تەعبیرە لە ناڕەزایەتی خەڵک وەک بێ کاری، کێشەی نیشتەجێی بوون، نەبوونی دەرفەتی کار، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ئەمانە هەمووی کێشەی گەورەن، ئەمانە وایکردوە شەپۆلێکی گەورەی خەڵک بێنە سەرشەقام و داوای گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی بکات، داوای چاکسازی بکات، داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەڕلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات، بۆئەوەی گۆڕانکاری لەسیستەمی دەسەڵاتداری دا هەبێ و، حکومەتێک بێتە بەرکار کە حکومەتی دابەشکاری حیزبەکان نەبێ و بتوانێ خزمەت بەهاوڵاتیان پێشکەش بکات.

،،

ئەوەی کە دەوترێ ئەم خۆپیشاندانانە دەستی دەرەکی لەپشتەوەیە من ئەم بابەتە بەدور دەزانم و پڕاوپڕ بیرکردنەوەی دەسەڵاتدارانە بۆ خۆ دزینەوە لە داواکارییەکانی خەڵک و ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی

 

 

دیبلۆماتیک مەگەزین : هەندێک پێیانوایە کە ئەم خۆپیشاندانانە پیلان بۆداڕێژراو بووەو لەخودی عادل عبدولمەهدى موهیدی ئەدات، چونکە ئەم قەیرانانە هی کابینەکانی پێشووترە بۆچی لەم کابینەیە ناڕەزایەتیەکان بەم شێوەیەی لێکرا؟

ئارام شێخ محەمەد: ئەزانی مەوزوعەکە بەو جۆرەیە کە لەسەری عادل عبدولمەهدی-دا شکاوەتەوە، بەو پێیەی ئەو ئێستە سەرۆکی حکومەتە، لەبەر ئەوە خەڵک ئێستا ڕوودەکاتە ئەو، ئێستا نە عەبادی سەرۆکی حکومەتەو نە مالیکی، خەڵک ئێستا ڕوو دەکاتە ئەو شەخسەی کەئێستا نوێنەرایەتی دەکات و کارگێڕی بە دەستەوەیە، ئەگەر بێینە سەر واقیع ئەم بابەتە وەک باسم کرد ئەنجامە کە ئێستا خەڵک تێی کەوتووە، ڕاستە لەکابیەنەکانی تریش گەندەڵی هەبووە، بەڵام کە خەڵکی بەم شێوە نەهاتۆتە سەرشەقام دەگەڕێتەوە بۆدوو هۆکار،

یەکەم: ئەوەیە خەڵک ئیتر لەمە زیاتر تەحەمولی نەماوە.

دووەم: لەسەرەتای پێکهێنانی ئەم حکومەتەدا دەبوایە بەخێرایی کۆمەڵێک ئیجرائات بکرایە کە بەشێوەیەک لەشێوەکان وایدەکرد ئەم ناڕەزایەتیانە سەریشى هەڵبدایە ڕەنگە بەمشێوە توندەى ئێستا نەبوایە، بەڵام ئەمەیان گشتگیرە، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە خەڵک چیتر تەحەمولی نەماوەو ئاستەکەی تر کە ئەم وەزعەی ئێستای بەخۆیەوە بینیوە، پەیوەندی بە تەشکیلی حکومەتەوە هەیە، دەبوو هەر لەسەرتاوە کۆمەڵێک هەنگاوى چاکسازى بنرایە، لەدەورەی پێشووتردا کە ئێمە لە پەڕلەمان بووین پاکێجەکانی چاکسازی پەسەندکراو کۆمەڵێک چاکسازی باشی ئەنجامدا، ئەوچاکسازیانە لە حکومەتەوە دەستی پێکرد کۆمەڵێک پۆستی گەورە ئیلغاکرانەوە، جێگرانی سەرۆک وەزیران و جێگرانی سەرۆک کۆمار نەمان و موچە بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کرایەوەو باج زیاد کرا، دامەزراندن کەمکرایەوە لەبەرامبەردا پەرە بە کەرتی تایبەت درا، ئەمانە زنجیرەک چاکسازی بوون کە لەسەرتاوە کران، سەرەڕای شەڕی گەورە لەگەڵ داعش و ڕزگارکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش و دابەزینی نرخی نەوت ، بەڵام ئەم جارە ڕاستیەکەی هیچ شتێک نەکرا، وەعدێکیش درابوو لەماوەی ساڵێک چاکسازی ئەنجام بدرێت وئەنجام نەدرا، ئەمانەش بوونە هۆکاری ئەوەی لەیەک بدرێت و بتەقێتەوە.

 

ئەوەی کە دەوترێ ئەم خۆپیشاندانانە دەستی دەرەکی لەپشتەوەیە من ئەم بابەتە بەدور دەزانم و پڕاوپڕ بیرکردنەوەی دەسەڵاتدارانە بۆ خۆ دزینەوە لە داواکارییەکانی خەڵک و ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی و پێم وایە، لەهەموو پڕۆسە دیموکراتییە ناکامڵەکان و نادیموکراتەکاندا قسەی دەسەڵاتداران و هاوشێوەکانیان هەمیشە ئەم قسەیە دەکرێت، کاتێک خۆپیشاندانێک ڕوو ئەدات ئەوە دەوترێ دەستی دەرەکی تێدایە، چونکە ئەگەر تۆزێک بە عەقڵ زۆریش نا لێکی بدەینەوە خەڵک باروگوزەرانی باشبێ و ژیانی خۆشبێ و هەلی کاری بۆڕەخسابێ و شوێنی نیشتەجێیبوونی هەبێ، دەستی دەرەکی چۆن ئەتوانێ ئاوا لەخەڵک بکات بەم شێوە بەرفراوانە بێنێتە سەرجادە و ئاوا خەڵک بتەقێنێتەوە و سڵ لە مردن نەکاتەوە، بەلام ئەکرێ خاڵێکی تر باس بکرێ ئەویش ئەوەیە، ئەم بابەتە وەک هەموو بابەتەکانیتر ئەکرێ دەستی دەرەکی ئیسفادەی لێی بکات و بۆ مەرامی تایبەتی بەکاربهێنرێ و بۆ ئەوەی ئەمەش ڕونەدات ئەبێ دەسەڵات ئاوڕ لە داواکارییەکانی خەڵک بداتەوە، چونکە لە وڵاتێکی وەک عێراقدا هەم دەوڵەتە ئیقلیمییەکان، هەم دەوڵەتە زلهێزەکان بەدڵنیایەوە دەست ئەخەنە جموجۆڵەکان و ئیستیغلالی دەکەن، هەندێک هەیە دروشمی تایبەت بەخۆی و ئەجێندای سیاسی تێکەڵ بەخۆپیشاندانەکان دەکات، هەموو ئەمانە کاریگەری خۆی هەیە بەڵام ئەوەی کەبووترێ بەتەنها هێزی دەرەکی لەپشتەوە بێت، بەڕای من ئەوە خۆدزینەوەیە لەوەڵامدانەوەی خەڵک بۆچاکسازی، چونکە ئەوخۆپیشاندانانە خۆپیشاندانی خەڵکە.

 

،،

كێشەی گەورەی ئەم خۆپیشاندانە ئەوەیە نوێنەرایەتیەکی سیاسی دیاریکراو و سەرێکی یەکگرتووی نیە

دیبلۆماتیک مەگەزین: ئایندەی خۆپیشاندانەکان چی بەسەر دێت ئایە هیچ ئەنجامێکی دەبێت؟

ئارام شێخ محەمەد: بەدڵنیایەوە ئەنجامی دەبێت پرسیارە گەورەو گرنگەکە لێرەدایە، ئایا ئەنجامی خۆپیشاندانەکە بەرەو کوێی دەڕوات، ئایا خۆپیشاندانەکان فەوزای لێ دەکەوێتەوە یان ئەنجامێکی بەرهەمدارو ڕێخراوەییی ئەبێ، تاوەکو ئێستا خۆپیشاندانی خەڵکە، تاوەکو ئێستا کێشەی گەورەی ئەم خۆپیشاندانە ئەوەیە نوێنەرایەتیەکی سیاسی دیاریکراو و سەرێکی یەکگرتووی نیە، بەڵام ئەمە ماناى وانیە کە بەشێک لە داواکانیان سیاسی نین، و کێشەکە ئەوەیە لەگەڵ هیچ کەسێک مامەڵە ناکەن و بینیمان هەرسەرکردەیەک دەچێتە ناویان دەری دەکەن و ئەمەش وا دەکات بڵێین کە ئەم خۆپیشاندانانە لەسەدا سەد خۆپیشاندانێکى خۆڕسکە، لایەنێکى باشەکەی ئەوەیە کە بەهۆى ئەم فشارو خۆپیشاندانەوە دەنگی خەڵک دەبیسترێ، ولایەنێکى تریشى تری ئەوەیە ئەگەر ئەم خۆپیشاندانانە بەردەوام بن و ئەنجامی دامەزراوەیی نەبێت بکێشێتە فەوزاو هەندێک لایەن بەکاری بهێنن بۆ تۆڵەکردنەوە لەیەکتری، چونکە ئەم وەختانە گونجاوە بۆ تۆڵەکردنەوەو وەک ئەڵێن تەسفیەی هەندێ حسابات چی ناوخۆیی، یان دەرەکی، کە ئەم حاڵەتە بەدڵنیایەوە خراپەو تەمەنا دەکەین دۆخەکە باڵ نەکێشێتە دۆخى دووەم و ئەنجامێکی باشی هەبێ، ئەگەر چاکسازییەکان گەورەبن و لە ئاستى چاوەڕوانى خەڵکابێت تاوەکو خەڵک تورەییەکەی دابمرکێنێتەوە، بەڕای من بەم شێوازە ئایندەی باش دەبێت.

،،

نێوانی هەرێم و بەغداد کاتێک باشە کە عێراقێکی موستەقیرو ئارام بێ

 

 

دیبلۆماتیک مەگەزین: موقتەدا سەدر دەڵێت ئەگەر عادل عەبدولمەهدی دەست لەکار نەکێشێتەوە ئەوا عێراق بەهەمان شێیوەی سوریا و یەمەن دەبێت، وە خۆپیشاندەرانیش داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەدەکەن، ئایا حکومەت ناکەوێتە فەراغی یاسایی؟

ئارام شێخ محەمەد: یەکەم نازانم موقتەدا سەدر مەبەستی چییە ئەو قسەیە دەکات، ئەوە شتێکە دەبێت خۆی جوابی بداتەوە مەبەستی چیە، بەڵام ئەگەر بارودۆخەکە چارەسەرنەکرێ و ئەوگۆڕانکاریە خێرایە ڕونەدات، ڕەنگە سەربکێشێتە فەوزا، وە ڕەنگە ئەوقسەیەی موقتەدا سەدر لەو ڕوانگەیەوەبێت، نمونەش هەیە لە لیبیا لەدژی دیکتاتۆریەت خەڵک هاتە سەرشەقام بەڵام دوایی بوو بە جەنگى ئەهلی، یان سوریاو نمونەى یەمەنمان هەیە، لەبەر ئەوە لەعێراقدا ئەم دابەش بوونەی بەسەر هێزەکاندا هەیە، کورد چەند بەشێکە، عەرەبی سوننە چەند بەشێکە، شیعە چەند بەشێکە، ئەم هێزانە لەناو خۆیاندا هێزی چەکداری گەورەیان هەیەو ناوچەی گەورە گەورەیان بەدەستەوەیە، بە تایبەتی لەناو شیعەدا حەشدی شەعبی هەیە دابەش بووە بەسەر چەند گروپ و چەند فەسیلەیەکدا، دابەش بوون بەسەر چەند کۆمەڵە خەڵکێکدا سەربە ئەحزابی سیاسین، بۆیە ئەگەر گۆڕانکارییەکی سیاسی ڕوونەدات ئەوە دەبێتە فەوزا، دوور نیە ئەوەی موقتەدا سەدر باسی دەکات یەکێکە لەو ئیحتیمالاتانەی کە پێشبینی دەکرێ ڕووبدات، تەمەنای ئەوە دەکەین کە ڕوونەدات.

سەبارەت بەداواکارى دەستلەکارکیشانەوەى عادل عەبدولمەهدى و هەڵبژاردنى پێشوەخت، دەستوورى عێراق تەواوى ڕێوشوێنەکانى دیاریکردوە، ئەگەر سەرۆک وەزیران دەستلەکارنەکێشێتەوە، پەرلەمان دەتوانێت متمانەى لێوەربگرێتەوە، ئەم ڕێکارە لەبڕگەى 8ى مادەى 61دا بەڕوونى ئاماژەى پێکراوە، بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختیش ئەگەر سەرۆکی حکومەت لەکاتی لێپریسنەوەدا نەبێت ئەتوانی داواکاریەک پێشکەشی سەرۆک کۆمار بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان، یان یەک لەسەرسێى پەرلەمانتاران داوایەک پێشکەش بەسەرۆکى پەرلەمان بکەن، دواى تەواوکردنى هەنگاوە یاساییەکانیش پەڕلەمان هەڵدەوەشێتەوە و، حکومەت دەبێتە کار بەڕێکەرو تەواوى ڕێکارەکانى تریش بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنی پێشوەخت لە دەستوردا دیاریکراوە، بۆیە بۆ مەسەلەی هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان لەم حاڵەتەدا وڵات تووشی هیچ جۆرە فەراغێک ناکات، چونکە دەستور حسابی بۆئەم مەسەلانە کردوە، ئەمە دەمێنێتەوە سەر قەناعەتی لایەنەسیاسییەکان تاچەند لایان وایە ئەمە دەبێتە چارەسەر، پاشان لەحاڵەتێکدا ئەمە ڕووئەدات کە خۆپیشاندەران بڕۆنەوە ماڵەکانیان چونکە لە دۆخێکى وەک ئەوەى ئێستادا هیچ ئەنجام نادرێت.

دیبلۆماتیک مەگەزین: کاریگەری ئەم خۆپیشاندان و هەڵوەشاندنەوەی حکومەت سەبارەە بە کورد چی دەبێت، ئایە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغداد چی بەسەر دێت؟

ئارام شێخ محەمەد : بەبڕوای من نێوانی هەرێم و بەغدادو هەرێم کاتێک باشە کە عێراقێکی موستەقیرو ئارام بێ، من ڕەئی خۆشم وایە و پێشووتریش ئەم قسەیەم کردوە و ئەگەر بێ و بارودۆخی عێراق تێک بچێت، دۆخی هەرێمی کوردستانیش لەڕوی ئابوری، لەڕوی یاسایی، لەڕوی دارایی تێک ئەچێت، چونکە ئێمە وەکو چوارچێوەیەک بەسراوینەتەوە بەدەوڵەتێکەوە کە ناوی عێراقە، تاوەکو ئێستا عادل عبدولمەهدی نەرمیەکی باشی نواندوە بەرامبەر هەرێمى کوردستان لەمەسەلەی نەوت و موچە، لەگۆڕینی حکومەت یان لەتێکچوونی بارودۆخی حکومەت هەمو ئەم بابەتانە و شتی تریش دەکەونە ژێر مەترسی و هەڕەشەوە.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس