د.یوسف محەمەد: بەهۆی هەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە كورد لە شەڕی داعشدا بە دۆڕواوی هاتە دەرەوە

چاوپێکەوتنی د.یوسف محەمەد لەگەڵ دیپلۆماتیک مەگەزین

د.یوسف محەمەد: بەهۆی هەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە كورد لە شەڕی داعشدا بە دۆڕواوی هاتە دەرەوە

7792 خوێندراوەتەوە

دیداری هێمن باقر

لەم چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ دیپلۆماتیک مەگەزین، د.یوسف محەمەد،سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان، دەربارەی خۆپیشاندانەکان و کێشەکانی حوکمڕانیی هەرێم و بەدیلی بزوتنەوەی گۆران بۆ ئەم بارودۆخە و هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغداد وەڵامی پرسیارەکانی دیپلۆماتیک مەگەزین دەداتەوە، هەروەها باس لە سەرەتاکانی دروستکردنی ئەم کابینەیەی حکومەت و پرۆژەکانی گۆران دەکات لەو کاتەدا کە چۆن ویستویانە فراکسیۆنێکی گەورە لەگەڵ یەکێتی و ئیسلامییەکان دروست بکەن و سەرۆکایەتی حکومەت لە پارتی وەربگرنەوە.


دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین:  هۆكار چییه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌م ڕۆژه‌ گه‌شتووه‌، ئایا هۆكاره‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ وه‌ك جه‌نابت وتت" سه‌ركرده‌ى نه‌خوێنده‌وار حكومدارى ئه‌م وڵاته‌یه‌" یان پیلانێكى ئیقلیمى دژ به‌كورد، بووه‌ته‌ هۆكارى دروستبوونى ئه‌م بارودۆخه‌؟


د. یوسف محه‌مه‌د: هۆكار زۆرن بۆ دروستبوونى ئه‌و بارودۆخه‌ى كه‌ ئێستا خه‌ڵكى كوردستانى تێدا ده‌ژى، هۆكارى ده‌ره‌كى‌و هۆكارى ناوخۆیی، به‌ڵام به‌ڕاستى فاكته‌رى ناوخۆیی گرنگترین هۆكاره‌ بۆ دروستبوونى ئه‌و بارودۆخه‌ى كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان هاتۆته‌ ئاراوه‌.

وه‌ له‌ فاكته‌رى ناوخۆیشیدا به‌دیاریكراویش ده‌سه‌ڵاتدارێتى له‌كوردستاندا به‌رپرسه‌ له‌و دۆخه‌، چونكه‌ هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى سه‌رمایه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ له‌ بوارى نه‌وت‌و غازدا، خاوه‌نى زه‌وى‌و زارى زۆرى به‌پیتى كشتوكاڵییه‌، خاوه‌نى تواناى مرۆیی زۆر گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ له‌كوردستاندا كه‌مى هێناوه‌ بریتییه‌ له‌ جۆرى ئیداره‌دانى ئه‌م جۆره‌ له‌ سامانى مرۆیی‌و سامانى ماددى‌و سامانه‌ سروشتییانه‌ى كه‌ له‌كوردستاندا هه‌یه‌.

،،

نوخبەی دەسەڵاتداری هەرێم نەخوێندەوارن بە هاوكێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكان، نەخوێندەوارن بە شێوازی نوێی حكومڕانی، نەخوێندەوارن بە حكومی ڕەشید، لەگەڵیشیدا بەتاڵانبردن‌و گەندەڵی‌و بەهەدەردانی.

DFV
د.یوسف محمد، لە ٢٠١٧.١٢.٢٦ دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند

ئه‌وه‌ى له‌كوردستاندا كه‌مى هێناوه‌، شێوازى مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌ ئه‌و پێشهاتانه‌ى كه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كانى ده‌ورو به‌رمان سوودیان له‌شه‌ڕى داعش وه‌رگرت، توركیا سودى له‌شه‌ڕى داعش وه‌رگرت‌و له‌سوریا ته‌ده‌خولى كرد، ڕووسیا توانیویه‌تى بێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌، ئێران توانیویه‌تى سودێكى گه‌وره‌ له‌شه‌ڕى داعش وه‌ربگرێت، عێراق توانى سودى لێوه‌ربگرێت، ئه‌وه‌ى نه‌یتوانى سود له‌م شه‌ڕه‌ ببینێ، بریتیبوو له‌ هه‌رێمى كوردستان.


نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵكو له‌دواى شه‌ڕ ئێمه‌ زۆر به‌ دۆڕاوى هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندى به‌ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڕاستى كاتێك كه‌ باسى ئه‌وه‌مان كرد حكومڕانى به‌ نه‌خوێنده‌وار ناكرێت، واته‌ نه‌خوێنده‌وار به‌ هاوكێشە نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمییه‌كان، نه‌خوێنده‌وار به‌ شێوازى نوێى حكومڕانى، نه‌خوێنده‌وار به‌ حكومى ڕه‌شید، له‌گه‌ڵیشیدا به‌تاڵانبردن‌و گه‌نده‌ڵى‌و به‌هه‌ده‌ردانى سامانى وڵات له‌لایه‌ن ئه‌و نوخبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ى هه‌رێمه‌وه‌ كه‌ به‌رپرسیارێتى یه‌كه‌میان له‌ ئه‌ستۆدایه‌ له‌و دۆخه‌ى كه‌ ئێستا هاتۆته‌ ئاراوه‌.


دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: چۆن له‌ خۆپیشاندانه‌كانى ئه‌مجاره‌ ده‌ڕوانیت به‌تایبه‌ت كه‌ هه‌ولێرو دهۆكیشى گرتۆته‌وه‌؟


د. یوسف محه‌مه‌د: ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كى خۆرسكانه‌ى خه‌ڵكى كوردستانه‌ به‌رانبه‌ر به‌ ژیانى ڕۆژانه‌یان، به‌رانبه‌ر به‌ سیستمى حكومڕانى، به‌رانبه‌ر به‌و چه‌قبه‌ستوییه‌ سیاسییه‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كوردستاندا هه‌یه‌. له‌ سه‌رئه‌نجامى ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ى به‌سه‌ریاندا هاتووه‌ خه‌ڵكى كوردستان هه‌وڵده‌ده‌ن به‌شێوازى مه‌ده‌نیان گوزارشت له‌داواو مافه‌ ڕه‌واكانیان بكه‌ن، بڕوا ناكه‌م له‌ هیچ وڵاتێك له‌ وڵاتانى ئه‌وروپاش ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان مووچه‌ى هه‌شت مانگیان لاى حكومه‌ت بێت‌و به‌ نیو مووچه‌و چاره‌كه‌ مووچه‌ وه‌ریبگرن، توندو تیژى دروستنه‌بێت.


ئه‌وه‌ى زۆر نابه‌رپرسیارانه‌ ده‌جوڵێته‌وه‌ بریتییه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم، ئه‌وان كه‌گوێ بۆ خواست‌و داواكانى خه‌ڵك ناگرن، له‌گه‌ڵیشیا په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر زه‌برو زه‌نگ‌و به‌رتوندوتیژى تا ئاساتى شه‌هیدكردنى خۆپیشانده‌ر.

،،

" بڕوا ناكه‌م له‌ هیچ وڵاتێك له‌ وڵاتانى ئه‌وروپاش ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان مووچه‌ى هه‌شت مانگیان لاى حكومه‌ت بێت‌و به‌ نیو مووچه‌و چاره‌كه‌ مووچه‌ وه‌ریبگرن، توندو تیژى دروستنه‌بێت،گومانى ئه‌وه‌ ده‌به‌م كه‌ له‌داهاتوودا توندوتیژى په‌ره‌بگرێت له‌ ئه‌نجامى به‌رده‌وامبوونى ئه‌م دۆخه‌ى كه‌ هێشتا له‌ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه‌".

VFR
د.یوسف محەمەد لە نوسینگەی تایبەتی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ـ هەولێر


هیوادارم ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ى جامه‌كه‌ پڕببێت‌و لێى بڕژێت، پێش ئه‌وه‌ى خه‌ڵك له‌ڕێگه‌ى مه‌ده‌نى نا ئومێد ببێت بۆ گه‌یاندنى خواسته‌كانى.


گومانى ئه‌وه‌ ده‌به‌م كه‌ له‌داهاتوودا توندوتیژى په‌ره‌ بگرێت له‌ ئه‌نجامى به‌رده‌وامبوونى ئه‌م دۆخه‌ى كه‌ هێشتا له‌ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه‌.


دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: یه‌كه‌مینجاره‌ به‌وشێوه‌ به‌ربڵاو و ئاشكرایه‌ خۆپیشاندانه‌كان ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ هه‌ولێرو دهۆك، گه‌شتنى خۆپیشاندان بۆ ئه‌وێ، گرنگییه‌كه‌ى له‌ چیدایه‌؟


د. یوسف محه‌مه‌د: هه‌میشه‌ ناڕه‌زاییه‌كان گشتگیربوون، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات ته‌نها له‌سنورێك زیانى به‌خه‌ڵك نه‌گه‌یاندووه‌، له‌ هه‌موو هه‌رێمى كوردستان زیانى به‌خه‌ڵك گه‌یاندووه‌، جا له‌ قوت‌و مووچه‌ بێت یان له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان یان له‌ پرسى خاك‌و مافه‌ ده‌ستورییه‌كان تا پرسى كارو بژێوى ڕۆژانه‌، له‌ كرێكارێكه‌وه‌ تا سه‌رمایه‌دارێكى ڕه‌سه‌ن زیانى به‌ركه‌وتووه‌.


ناڕه‌زایه‌تییه‌كان هه‌میشه‌ گشتگیربوون، به‌ڵام ده‌ربڕین له‌ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكیتر جیاوازى هه‌بووه‌، به‌تایبه‌تى پارێزگاى سلێمانى هه‌ر له‌ ڕابردووشدا داینه‌مۆى ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بووه‌، كاتێك پارێزگاى سلێمانى خۆپیشاندانى ده‌كرد، نوێنه‌رایه‌تى ته‌واوى خه‌ڵكى كوردستانى ده‌كرد.


ئێستا ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازیی و ئه‌منی، ئه‌وه‌ى له‌هه‌ولێر و دهۆك حاكمه‌ تاڕاده‌یه‌ك كه‌مبۆته‌وه‌و پاشه‌كشه‌ى كردووه‌، ئه‌وه‌ وایكردووه‌ خه‌ڵك بێنه‌ سه‌رشه‌قام، ئه‌گه‌ر له‌ ڕابردوودا خه‌ڵكى ئه‌وناوچانه‌ له‌ڕێگه‌ى ده‌نگدانه‌وه‌ گوزارشتیان له‌ ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان كردبێت، ئێستا جێگه‌ى خۆشحاڵییه‌ كه‌ ده‌بینین به‌گه‌رمى‌و به‌گوڕوتینه‌وه‌و به‌شێوازى مه‌ده‌نیانه‌ به‌رگرى له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌ن.

DFV
د.یوسف محەمەد لەگەڵ نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری کۆچکردووی بزوتنەوەی گۆڕان

،،

 "ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستاندا لاواز بووه‌، سه‌رۆكێكمان هه‌بوو كه‌ به‌رده‌وام ماوه‌كه‌ى بۆ درێژ ده‌كرایه‌وه‌ ئێستا ئه‌و له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌ماوه‌، گۆڕانكارى گه‌وره‌تر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق‌و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستاندا ڕوو ده‌دات".


دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ كارى له‌سه‌ر نائومێدكردنى خه‌ڵك كردووه‌، به‌ڵام خۆپیشاندانه‌كانى ئه‌مجاره‌ وه‌ڵامى ئه‌و كاره‌ى ده‌سه‌ڵاتى دایه‌وه‌؟


د. یوسف محه‌مه‌د: به‌ڵێ ئه‌وه‌ ڕاسته‌و ده‌یانه‌وێت خه‌ڵك نائومێد بكه‌ن له‌ گۆڕانكارى، گۆڕانكارى ڕوویداوه‌، به‌ڵام له‌سه‌رخۆ بووه‌، گۆڕانكارى ڕوویداوه‌و ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستاندا لاواز بووه‌، سه‌رۆكێكمان هه‌بوو كه‌ به‌رده‌وام ماوه‌كه‌ى بۆ درێژ ده‌كرایه‌وه‌ ئێستا ئه‌و له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌ماوه‌، گۆڕانكارى گه‌وره‌تر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى پەرلەمانی عێراق‌و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستاندا ڕوو ده‌دات.


دوو ڕێگه‌مان له‌ به‌رده‌مه‌ بۆ گۆڕانكارى، ڕێگه‌یه‌كیان ئه‌وه‌یه‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى كه‌ هه‌میشه‌ سڵى نه‌كردۆته‌وه‌ له‌ په‌نا بردن بۆ توندوتیژیى، ئێمه‌ش په‌نا بۆ توندوتیژى به‌رین، كه‌ئه‌مه‌ ڕێگه‌یه‌كى خوازراو نییه‌و شه‌ڕ دروست ده‌بێت‌و هه‌ر شه‌ڕێكیش له‌م ناوچه‌یه‌دا دروستببێت به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ستێوه‌ردانى ده‌ره‌كى دێته‌ ئاراوه‌، ئه‌زموونى ڕابردووش ئه‌وه‌ى پێوتووین كه‌ ئه‌م هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ هیچكات باكیان به‌ خیانه‌ت نییه‌، هه‌ركاتێك لێیان قه‌ومابێت په‌نایان بردووه‌ته‌ به‌ر نه‌یاره‌كانى كورد، به‌هێزى به‌عسیشه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ له‌ قازانجى خه‌ڵكى كوردستان نییه‌.


ڕێگه‌ى دوومیان، ڕێگه‌ى مه‌ده‌نى‌و فشارى به‌رده‌وامى خه‌ڵكه‌ به‌ ئیراده‌و به‌به‌رده‌وامى، ئه‌و ڕێگایه‌ى كه‌ هه‌موومان گرتومانه‌ته‌به‌ر، وه‌ به‌دڵنیاییشه‌وه‌ ئه‌م ڕێگایه‌ لێكه‌وته‌ى ده‌بێتو ده‌توانین بڵێین قۆناغى داهاتوو پرشنگدارتر ده‌بێت له‌ ئێستا.

FVT
د,یوسف محەمەد 

،،

" دوو ڕێگه‌مان له‌ به‌رده‌مه‌ بۆ گۆڕانكارى، ڕێگه‌یه‌كیان ئه‌وه‌یه‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى كه‌ هه‌میشه‌ سڵى نه‌كردۆته‌وه‌ له‌ په‌نا بردن بۆ توندوتیژیى، ئێمه‌ش په‌نا بۆ توندوتیژى به‌رین، كه‌ئه‌مه‌ ڕێگه‌یه‌كى خوازراو نییه‌و شه‌ڕ دروست ده‌بێت‌و هه‌ر شه‌ڕێكیش له‌م ناوچه‌یه‌دا دروستببێت به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ستێوه‌ردانى ده‌ره‌كى دێته‌ ئاراوه‌".


دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین گۆڕانكارى به‌ هه‌ڵبژاردن دێته‌ دى یان به‌ خۆپیشاندان؟


د. یوسف محه‌مه‌د: پێویسته‌ خه‌ڵك بۆ داواكردنى مافه‌كانى هه‌میشه‌ ئاماده‌بێت، جا به‌ مانگرتن‌و پرۆتستۆبێت یان خۆپیشاندان، به‌ڵام شا ڕێگه‌ى گۆڕانكارى هه‌ڵبژاردنه‌، به‌تایبه‌ت هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌مساڵ.


ئه‌و ميكانيزمانه‌ى كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراقه‌وه‌ گیراونه‌ته‌به‌ر، وه‌ ئه‌و ئالیه‌تانه‌شى كه‌ له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى كوردستانه‌وه‌ گیراونه‌ته‌به‌ر، وا ده‌كات كه‌ ته‌زویر زۆر كه‌مببێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ هه‌ڵبژاردن‌و ده‌نگدان به‌وانه‌ى نوێنه‌رایه‌تى ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كان ده‌كه‌ن، ده‌توانرێت گۆڕانكاریی گه‌وره‌ بهێنرێته‌ ئاراوه‌.


هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌مجاره‌ گرنگییه‌كه‌ى له‌وه‌دایه‌ كه‌ بۆ چوار ساڵى ئاینده‌ ڕه‌نگڕێژى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، بۆیه‌ خۆپیشاندانه‌كان گرنگن‌و له‌ویش گرنگتر هه‌ڵبژاردنه‌.


دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: خه‌ڵك پێیوایه‌ هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى‌و پارتى نه‌یانتوانیوه‌ وه‌كو به‌دیل خۆیان پیشان بده‌ن، ته‌نها وه‌كو هێزێكى به‌شدار خۆیان نمایشت كردووه‌و نه‌یانتاوانیوه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ له‌ پارتى‌و یه‌كێتى وه‌ربگرن، خه‌ڵك چۆن ئه‌و متمانه‌یه‌ى هه‌بێت كه‌ هێزى به‌دیل له‌ كوردستاندا دروست بووه‌و ده‌توانێت گۆڕانكارى سیاسى ئه‌نجام بدات؟


د. یوسف محه‌مه‌د: ئه‌وه‌ وانییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ خۆمان وه‌كو هێزى به‌دیل پیشانداوه‌، به‌رنامه‌یه‌كى به‌دیلمان هه‌بووه‌ له‌به‌رانبه‌ر به‌رنامه‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه‌.

FVT
د.یوسف محەمەد لەکەڵ ئەمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ـ ٢٠١٧.١٠.١١

،،

"توركیا سودى له‌شه‌ڕى داعش وه‌رگرت‌و له‌سوریا ته‌ده‌خولى كرد، ڕوسیا توانیویه‌تى بێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌، ئێران توانیویه‌تى سودێكى گه‌وره‌ له‌شه‌ڕى داعش وه‌ربگرێت، عێراق توانى سودى لێوه‌ربگرێت، ئه‌وه‌ى نه‌یتوانى سود له‌م شه‌ڕه‌ ببینێت، بریتی بوو له‌ هه‌رێمى كوردستان."


دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: واته‌ خۆتان به‌ به‌دیلى پارتى‌و یه‌كێتى ده‌زانن؟


د. یوسف محه‌مه‌د: له‌گشت هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشوودا پرۆژه‌ى به‌دیلمان هه‌بووه‌، پرۆژه‌ى به‌دیلمان بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ خستۆته‌ ڕوو، له‌ ڕووى سیستمى حكومڕانى‌و ده‌سه‌ڵاتى ته‌شریعى له‌ ڕووى ئابورى‌و ژیان‌و له‌ ڕووى پێشمه‌رگه‌و ئاسایشه‌وه‌ پاكێجى ته‌واومان هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ى وایكردووه‌ ئێمه‌ له‌ڕابردوودا نه‌بینه‌ به‌دیل ده‌نگى خه‌ڵك بووه‌، ئێمه‌ هێنده‌ ده‌نگمان نه‌هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جێگه‌ى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بگرینه‌وه‌، به‌و كورسیانه‌شه‌وه‌ كه‌ هه‌مان بووه‌ ته‌حه‌داى گه‌وره‌مان كردووه‌، پرۆژه‌ى ئۆپۆزیسیۆن بوونمان بردووه‌ته‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌، ده‌نگى ناڕه‌زایه‌تى شه‌قاممان برده‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌، به‌ 24كورسى په‌رله‌مانه‌وه‌ توانیمان پرۆژه‌ى سه‌رۆكى هه‌تا مردن بوه‌ستێنین له‌ هه‌رێمى كوردستانداو توانیمان ببینه‌ ته‌حه‌دایه‌كى گه‌وره‌ بۆ ئه‌م سیستمه‌ حكومڕانییه‌.

،،

" ئه‌وه‌ى وایكردووه‌ ئێمه‌ له‌ڕابردوودا نه‌بینه‌ به‌دیل ده‌نگى خه‌ڵك بووه‌، ئێمه‌ هێنده‌ ده‌نگمان نه‌هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جێگه‌ى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بگرینه‌وه‌، به‌و كورسیانه‌شه‌وه‌ كه‌ هه‌مان بووه‌ ته‌حه‌داى گه‌وره‌مان كردووه‌، پرۆژه‌ى ئۆپۆزیسیۆن بوونمان بردووه‌ته‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌، ده‌نگى ناڕه‌زایه‌تى شه‌قاممان برده‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌، به‌ 24كورسى په‌رله‌مانه‌وه‌ توانیمان پرۆژه‌ى سه‌رۆكى هه‌تا مردن بوه‌ستێنین".

FG
سەردانی عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بۆ ماڵی د.یوسف محەمەد ـ سلێمانی ـ ٢٠١٧.٦.١٣


دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: به‌شداریكردنتان له‌ حكومه‌تدا هه‌ڵه‌ نه‌بوو؟


د. یوسف محه‌مه‌د: له‌ قۆناغى یه‌كه‌مدا پرۆژه‌ى ئۆپۆزیسیۆن بوونمان خسته‌ ڕێ، زۆرترین پرۆژه‌مان بۆ هه‌موو كه‌م‌و كورتییه‌كان خسته‌ڕوو، ئه‌و ته‌علیقه‌مان لێده‌درا كه‌ ئه‌مانه‌ حیزبى پرۆژه‌ن.


دواتر چووینه‌ ناو ده‌سه‌ڵات‌و حكومڕانییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پرۆژانه‌مان جێبه‌جێ بكه‌ین، به‌ڕاستیش هه‌نگاوى گه‌وره‌مان نا، هه‌ر له‌ دروستكردنى یاساى سندوقى داهاته‌ نه‌وتییه‌كان‌و دروستكردنى كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى هاوسه‌نگ، گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و پرۆژه‌ ده‌ستوره‌ هه‌ڵه‌یه‌ى كه‌ به‌باڵاى یه‌ك كه‌سدا دورابوو، ئه‌مه‌ كارێكى گه‌وره‌ بوو كه‌ ئه‌نجامدرا.

له‌ بوارى ئابوریش پرۆژه‌یه‌كى گه‌وره‌مان ئاماده‌كردبوو، ئه‌و ڕۆژه‌ى ڕێگریمان لێكرا قه‌راربوو پرۆژه‌كه‌ ڕابگه‌یه‌نین، له‌بوراى مووچه‌ى كابانى ماڵ‌و بیمه‌وه‌و پرۆژه‌مان ئاماده‌كردبوو، به‌ڵام ڕێگریكردن له‌ ئێمه‌و وه‌ستانى په‌رله‌مان پرۆژه‌كه‌ى په‌كخست، وه‌ستانى پرۆسه‌ى درێژكردنه‌وه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم، دیسان ده‌ستكه‌وتى ئێمه‌یه‌ كه‌ كاك مه‌سعود پاش ڕیفراندۆم وازى هێنا.


ئه‌وه‌ى كێشه‌ى گه‌وره‌ى بۆ ئێمه‌ دروستكرد كێشه‌ى ئابورى بوو له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، ئێمه‌ پرۆژه‌مان بوشێوه‌یه‌ داڕشتبوو كه‌ موازنه‌ى هه‌رێمى كوردستان بۆ ساڵێك 13 تا 14 ملیار دۆلار بێت، ئێمه‌ هێشتا له‌ په‌رله‌مان سوێندمان نه‌خواردبوو قه‌یرانى ئابورى ده‌ستى پێكرد، هه‌ر له‌و كاته‌دا كێشه‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غداد هاته‌ كایه‌وه‌ له‌سه‌ر نه‌وت‌و بودجه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ بڕدرا، واته‌ ئێمه‌ چوینه‌ ناو ده‌سڵاتێكه‌وه‌ كه‌ قاسه‌یه‌كى به‌تاڵى هه‌بوو.


سه‌ره‌ڕاى ئه‌وانه‌ش تا ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بووین‌و له‌ حكومه‌ت بووین، نه‌مان هێشت یه‌ك دینار له‌ قوت‌و مووچه‌ى خه‌ڵك كه‌م بكه‌نه‌وه‌، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش له‌ ئارادابوو، ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كى زۆر توند ڕه‌تمان كرده‌وه‌، دواى ڕێگریكردن له‌ ئێمه‌و له‌ وه‌زیره‌كانمان فرسه‌تیان هێناو سیستمى پاشه‌كه‌وتیان چه‌سپاند.

،،

" وه‌ستانى پرۆسه‌ى درێژكردنه‌وه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمی کوردستان دیسان ده‌ستكه‌وتى ئێمه‌یه‌، كه‌ كاك مه‌سعود پاش ڕیفراندۆم وازى هێنا".


دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: جارێكیتر ئاماده‌ن بچنه‌ ناو حكومه‌تێكى بنكه‌ فراوانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى‌و پارتیدا ؟


د. یوسف محه‌مه‌د: ئێمه‌ خوازیارى ئه‌وه‌ین كه‌ خه‌ڵكى ده‌نگى ئه‌وه‌مان پێبدات كه‌ ئێمه‌ حكومه‌ت دروستبكه‌ین، ئێمه‌ له‌ خولى پێشووش هه‌وڵماندا له‌ده‌ره‌وه‌ى پارتى حكومه‌ت دروستبكرێت كه‌ لیستى یه‌كه‌میش بوو، ئێمه‌ سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كه‌ گفتوگۆمان كرد، ئه‌وكاته‌ لیژنه‌ى هه‌ماهه‌نى ئۆپۆزیسیۆنمان هه‌بوو، من به‌ناوى كاك نه‌وشیروانه‌وه‌ سێ بژارده‌مان خسته‌ به‌رده‌مى ئه‌و دوو لایه‌ن ئیسلامییه‌.


بژارده‌ى یه‌كه‌م ئه‌وه‌بوو كه‌ فراكسیۆنه‌كانمان له‌په‌رله‌مانى كوردستان یه‌ك بگرێ، به‌ هه‌موومانه‌وه‌ چل كورسیمان ده‌كرد، ده‌بووینه‌ فراكسیۆنى گه‌وره‌و ده‌مانتوانى سه‌رۆك وه‌زیرانیش دیارى بكه‌ین‌و دواتر له‌گه‌ڵ پارتى‌و یه‌كێتى گفتوگۆ بكه‌ین كه‌ له‌ حكومه‌ت به‌شدار ده‌بن یان نا.


وتمان ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ناكه‌ن با یه‌ك تیمى مفاوه‌زاتمان هه‌بێت‌و به‌یه‌ك به‌رنامه‌ى هاوبه‌شه‌وه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتى‌و یه‌كێتى بكه‌ین، ئه‌گه‌ریش نا ئه‌وا با به‌پرۆژه‌یه‌كى هاوبه‌ش‌و به‌ تیمى جیاوازه‌وه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ل؟َ پارتى‌و یه‌كێتى بكه‌ین.


كۆمه‌ڵ به‌ هه‌رسێ ڕێگاكه‌ ڕازیبوو، یه‌كگرتوو به‌ هیچیان ڕازینه‌بوو، بۆیه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ شكستى خوارد.

VGY
د.یوسف محەمەد

،،

 ئه‌م هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ هیچكات باكیان به‌ خیانه‌ت نییه‌، هه‌ركاتێك لێیان قه‌ومابێت په‌نایان بردووه‌ته‌ به‌ر نه‌یاره‌كانى كورد، به‌هێزى به‌عسیشه‌وه‌.


دواى ئه‌وه‌ كاك نه‌وشیروان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو جێگرانى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى و له‌گه‌ڵ هێرۆخانیش قسه‌ى كردبوو، بۆ ئه‌وه‌ى گۆڕان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى كوتله‌ى گه‌وره‌ دروستبكه‌ن له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌مان پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى‌و لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان گفتوگۆ بكه‌ن‌و ئه‌مان حكومه‌ت دروستبكه‌ن.


كاك نه‌وشیروان به‌ڵێنى به‌ یه‌كێتى دابوو كه‌ سه‌رۆكوه‌زیران بۆ ئه‌وان بێت، له‌برى ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ قبوڵ بكرێت، یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى ئه‌مه‌ى دزه‌ پێكردبوو بۆ ڕۆژنامه‌ى " شه‌رقول ئه‌وسه‌ت"و به‌ڕۆژنامه‌كه‌ى وتبوو، كاك نه‌وشیروان ده‌یه‌وێت ئێمه‌و گۆڕان موئامه‌ره‌ له‌ پارتى بكه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌مه‌ قبوڵ ناكه‌ین.


ئێمه‌ ئه‌مجاره‌ خۆمان ده‌مانه‌وێت حكومه‌ت دروستبكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌نگ‌و كورسیمان باییی ئه‌وه‌ نه‌بوو، به‌دواى ڕێگه‌یتردا ده‌گه‌ڕێین له‌ هاوپه‌یمانێتى، به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا به‌ بێجێبه‌جێكردنى به‌رنامه‌كانمان ناچینه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌.

DVT

د.یوسف محەمەد

،،

"كاك نه‌وشیروان له‌گه‌ڵ جێگرانى سكرتێرى یه‌كێتى و هێرۆخان قسه‌ى كردبوو، بۆ ئه‌وه‌ى گۆڕان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى كوتله‌ى گه‌وره‌ دروستبكه‌ن له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، كاك نه‌وشیروان به‌ڵێنى به‌ یه‌كێتى دابوو كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ئه‌وان بێت، یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى ئه‌مه‌ى دزه‌ پێكردبوو بۆ  " شه‌رقولئه‌وسه‌ت"و به‌ڕۆژنامه‌كه‌ى وتبوو، كاك نه‌وشیروان ده‌یه‌وێت ئێمه‌ و گۆڕان موئامه‌ره‌ له‌ پارتى بكه‌ین".


دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین: خه‌ڵك ده‌پرسێت چۆن ده‌توانرێت ئه‌م دۆخه‌ تێبپه‌ڕێنرێت، چۆن ده‌وانرێت ئه‌م قه‌یرانانه‌ى تووشى هه‌رێمى كوردستان بووه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، ئایا له‌ ڕێگه‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حكومه‌ته‌وه‌ ده‌بێت یان له‌ ڕێگه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌؟


د. یوسف محه‌مه‌د: هه‌ردوو ڕێگاكه‌ گونجاونن ده‌بوو پێشتر ئه‌م حكومه‌ته‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌و هه‌ستیان به‌ به‌رپرسیارێتى بكردایه‌ چونكه‌ شكستیان هێناوه‌ له‌ حكومڕانیدا، له‌ڕووى ئابورییه‌وه‌ شكستیان هێناوه‌، له‌ ڕیفراندۆم شكستیان خوارد، له‌ پاراستنى خاكى كوردستان شكستیان خواردو له‌ 51%ى خاكى كوردستانیان دۆڕاند، ده‌بوو هه‌ستیان به‌ به‌ر پرسیارێتى بكردایه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌مانه‌ شه‌هامه‌تى هه‌ستى به‌رپرسیارێتییان نییه‌.

df
وتاری د.یوسف محەمەد لە کۆنفرانسی وزەی عێراق ـ بەغداد ـ ٢٠١٨.٣.٢٩


ئێستا شاڕێگه‌ بریتییه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن، من ده‌مه‌وێ به‌ هاووڵاتیانى كوردستان بڵێم گه‌ر پارتى‌و یه‌كێتى به‌م ستافه‌ى ئێستایانه‌وه‌ له‌ حكومڕانیدا بمێننه‌وه‌، نابێت چاوه‌ڕوانى هیچ گۆڕانكارییه‌ك بین له‌ دۆخى بژێوى هاوڵاتیانى كوردستان، چونكه‌ ئه‌م ستافه‌ خه‌ڵكى كوردستانیان خستووه‌ته‌ ژێر بارى قه‌رزى گه‌وره‌وه‌، قه‌رزى گه‌وره‌ى پاره‌و قه‌رزى گه‌وه‌ى نه‌وت، به‌م قه‌رزانه‌وه‌ ناتوانی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غداد بكه‌ین، ئه‌وه‌ى ده‌توانێت گۆڕانكارى دروستبكات، گۆڕانكاریكردنه‌ له‌ ستافى حكومڕانيكردن له‌ هه‌رێمى كوردستان.


ئه‌گه‌ر ئه‌م ستافه‌ى كه‌ حكومڕانى ده‌كه‌ن له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن‌و ئه‌وانه‌شى كه‌ له‌به‌غدا نوێنه‌رایه‌تى كورد ده‌كه‌ن، بگۆڕدرێن، ئه‌وا ده‌توانین به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنى به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى، فشار بكه‌ین بۆ هێنانه‌وه‌ى پاره‌ دزراوه‌كانى خه‌ڵك كه‌ براونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش پێویستى به‌ گۆڕینى نوێنه‌رایه‌تى هه‌رێم هه‌یه‌ له‌ به‌غداد، له‌ڕێگه‌ى هێنانه‌وه‌ى ئه‌و پارانه‌وه‌ ده‌توانرێت بارودۆخى ئابورى باشبكرێته‌وه‌و قه‌رزه‌كانیش ته‌سفییه‌ بكرێن.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری