خۆپیشاندانەکەی دهۆك و گوتار و شرۆڤەی دوبارەی پارتی

خۆپیشاندانەکەی دهۆك و گوتار و شرۆڤەی دوبارەی پارتی

1001 خوێندراوەتەوە

پارتی کەبەوە ڕانەهاتووە پێش شارەکانی تر خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە دهۆکەوە دەست پێ بکات، وە وێنایەکی بۆ شار و پارێزگاکە هەیە، کە ناوچەیەکی داخراوی پارتیە و هەرکەس شتێك بکات دەبێت بە مۆڵەتی ئەو بیکات، شرۆڤەی بۆ ڕووداوەکان گەرچی دوبارەکردنەوەی گوتاری چەسپاو و باوی پارتی بوو، شڵەژاوی پێوە دیاربوو.

بەشێ لە شڵە ژاویەکەش لە تۆمەتبارکردنی لایەنەکانەوە دەرکەوت،چونکە سەرەتا یەکگرتوویان تاوانبارکرد بەوەی لە پشت خۆپیشاندانەکەوەیە. وە ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی دوبارە کردنەوەی سیناریۆکانی ڕابردوویان لە بادینان لێکرد بەوەی دەشێ دووچاری کاردانەوەی ناسروشتی بێن!!


دواتر بازنەی تۆمەتبارکردنەکەیان بۆ چەندین هێزی تر فراوان کرد..؟ گوتاری تۆمەتبارکرنەکەش وابوو، کە لایەنەکان تاوانیان ئەنجام داوە. فراوانکردنی بازنەکەش وێناکردنی دۆخەکە بوو بۆ پارتیەکان کە حیزبەکەیان گەلەکۆمەی لەسەرە. ئەم دۆخەش لە ئەدەبیاتی پارتیدا لەڕابردوودا یەکسان بووە بە بە دوژمنکردنی بەرامبەر و کۆکردنەوەی سەرجەم تواناکان و بە ڕەوابینینی هەموو ڕێ و شوێنێك بۆ بەرگری لە خۆکردن. پارتی هەڵەیە گەر پێی وابێت، ڕیزکردنی سەرجەم هێزەکان لە بەرامبەر خۆیەوە هێزی ئەو دەردەخات، چونکە لە ڕاستیدا بێ توانایی دەردەخات لە توانای لە خۆگرتن و قەناعەتپێکردن و ڕێکەوتن. پارتی وا باشە لە بیری بێت لە سۆنگەی دەستبردنی هەڵە بۆ هەندێ دۆسیە لەسەردەمی قەیرانی قوڵی ئابوری و ڕقەبەرایەتی نێوخۆیدا.

 

لە ئێستادا پەڕلەمان لە قەیراندایە و بەرەیەکی ڕانەگەیەنراوی ،با کاتیش بێت، بەرامبەر خۆی دروست کردووە. خەڵك لە دۆخی خۆیان ناڕازین و وێنای نوخبەی حوکومڕان هێندەی تر شێواوە، بەجۆرێك وەك سیاسی و هێزی لێپرسراو بەرامبەر هاوڵاتیان زۆر مەترەح نەماون.کوردستانی باشوور بە خراپترین دۆخی خۆیدا تێپەڕ دەبێت و مەترسی لە سەر ئایندە دروست بووە. دۆخی لەم جۆرەش، پێش هەرشتێك، گێڕانەوەی ئاستێکی ماقوڵ لە تەوافوقی سیاسی دەخوازێت، بۆ ئەوەی بەر بە داڕوخانی دۆخەکە بگیرێت. کەچی هەنگاو و گوتارەکانی پارتی لە ماوەی ڕابردوو لەم خۆپیشاندانەشدا، ئەوەیان لێ ناخوێنرێتەوە خزمەت بەم ئامانجە بکەن و زۆر پەرۆشی تێپەڕاندنی دۆخەکەی پێوە دیار نیە! پارتی دەبێت خوێندنەوەی نوێی بۆ دۆخەکە هەبێت، قورسایی دۆخەکە و بێ منەتی سیاسەتەکانی خۆشی لەبەر چاوبێت و حساب بۆ شکاندنی دیواری ترس و نائومێدی خەڵکێکی زۆر لە واقیعی هەرێم و هەستیاری هێزەکانی تر بکات. دەنا دووچاری هەڵەی گەورە دەبێت و خۆی و هەرێم و گەلەکەشی باجی گەورە دەدەن.

 

گوتاری نەتەوەیش لە سۆنگەی تێکەڵبوونی بە ناکارایی و ململانێی نێو خۆیی بەشێ لە کاریگەریەکەی لە دەستداوە و ناتوانێ وەڵام گۆی دۆخێك بێت کە لە خودی خۆیدا دژ بە بەهاو پێوەرە نەتەوەییەکانە. سەبارەت بە یەکگرتووش، حەزەکەم دڵسۆزانە بڵێم، بنکە حیزبیەکە لە بادینان بەشێوەیەکی گشتی ناڕازی ئۆپۆزیسیۆنە، وەك ڕونیشە پاشخان برینداریشە، ئەوش وادەکات دووبارەکردنەوەی هەندێ هەڵە، ئەگەری ئەوە بێنێتە پێشەوە سەرکردایەتیەکەیان تێپەڕێنن، یاخود خودی سەرکردایەتی چی دی نەتوانێ وەك ڕابردوو مامەڵە بکات. دواقسەشم ئەوەیە بۆ ناوخۆی هەرێم بۆخۆتان و گەلی کوردستانیش وا باشترە، لەمە بەدوا، ئاسایش و ئەمانی ڕاستە قینە و درێژمەودای خۆتان، لە تەوافوقی سیاسی و چاکسازیەکی ڕاستەقینەیە و خزمەتکردنی خەڵك و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادی هاوڵاتیاندا ببیننەوە، نەك هێز و ناوچەی کۆنتڕۆڵکراوی حیزبی.

 

author photo

نوسەر و توێژەر