كورد له‌ كوێی ئه‌و ئاگره‌دایه‌ خه‌ریكه‌ له‌ ناوچەکەدا هه‌ڵده‌گیرسێت ؟

گفتوگۆی دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین له‌گه‌ڵ مه‌سعود عه‌بدولخالق

كورد له‌ كوێی ئه‌و ئاگره‌دایه‌ خه‌ریكه‌ له‌ ناوچەکەدا هه‌ڵده‌گیرسێت ؟

3618 خوێندراوەتەوە

دیداری ڕەزوان زەڵمی


به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌ لایه‌ن ڕژێمی سوریاوه‌ له‌ شاری دۆما له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردوودا، قه‌یرانی سوریای برده‌ قۆناغێكی تره‌وه‌، هاوكاتیش ململانێی نێوان زلهێزه‌كانی له‌ سوریا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش چووه‌ قۆناغێكی تازه‌وه‌، دۆناڵد تره‌مپ هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌شاندنی گورزیی سه‌ربازیی ده‌كات له‌ دژی به‌شار ئه‌سه‌د، ڕوسیاش به‌ توندنی به‌رگریی له‌ ئه‌سه‌د ده‌كات، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا پێشهاتی تازه‌ بۆ كورد له‌ سوریا دێته‌ پێشه‌وه‌، لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا كورد له‌ كوێی ئه‌و ئاگره‌دایه‌ له‌ سوریا بڵێسه‌ ده‌دات ؟

مه‌سعود عه‌بدولخالق چاودێری سیاسیی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ده‌داته‌وه‌ ده‌رباره‌ی شوێن و ئاینده‌ی كورد له‌و گۆرانكارییه‌ نوێیانه‌ی دوای هەرەشەکانی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دێنە ئاراوە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.


خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست..گۆڕه‌پانی زلهێزه‌كان

مه‌سعود عه‌بدولخالق ده‌ڵێت:" وڵاته‌ زلهیزه‌كان كاتێك ده‌یانه‌وێت گه‌شه‌ بكه‌ن دێن له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌راست راهێنانى خۆیان ده‌كه‌ن، به‌درێژایی مێژوو ئه‌م ناوچه‌یه‌ گۆره‌پانى زلهێزه‌كان بووه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى جه‌نگه‌كانیان و به‌ده‌ستهێنانى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، بۆ نموونه‌ كاتێك ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ وڵاتێكى زلهێزى دیكه‌ى وه‌ك ڕوسیا مامه‌ڵه‌ى كۆتایی بكات، دێت له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌رست جه‌نگى پێ ده‌فرۆشێت، چونكه‌ ئه‌وان لێزانن جه‌نگه‌كانیان نابه‌نه‌ نێو ماڵى خۆیان".

SDXC
مەسعود عەبدولخالق، چاودێری سیاسیی


ده‌رباره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د دوای بۆردومانكردنی دۆما به‌ چه‌كی كیمیایی، مه‌سعود عه‌بدولخالق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات " تره‌مپ له‌ ده‌وڵه‌تداریی نازانێت و وه‌ك سه‌رۆكى كۆمپانیایه‌ك مامه‌ڵه‌ ده‌كات، ته‌نها بیرى لاى قازانجه‌، له‌ كاتێكدا ده‌وڵه‌ت له‌ ئابوریی و قازانج و كۆمپانیاش گه‌وره‌تره‌، تره‌مپ بریاری دابوو سوپاكه‌ی له‌ سوریا بكشێنێته‌وه‌، به‌ڵام كاتێك زانى قازانجى نه‌كردووه‌ له‌ سوریا، پاشگه‌زبووه‌وه‌ و بریاریدا بمێنێته‌وه‌ و گورزی سه‌ربازیش له‌ سوریا بدات".

،، 

" به‌درێژایی مێژوو ئه‌م ناوچه‌یه‌ گۆره‌پانى زلهێزه‌كان بووه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى جه‌نگه‌كانیان و به‌ده‌ستهێنانى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، بۆ نموونه‌ كاتێك ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ وڵاتێكى زلهێزى دیكه‌ى وه‌ك ڕوسیا مامه‌ڵه‌ى كۆتایی بكات، دێت له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌رست جه‌نگى پێ ده‌فرۆشێت".

مه‌سعود عه‌بدولخالق پێیوایه‌، ئه‌مریكا نایه‌وێت له‌ سوریا بدات وه‌ك عێراقى 2003 چونكه‌ نایه‌وێت سوریا وه‌ك عێراق بكات به‌ پرۆژه‌ى خۆى، به‌ڵكو ته‌نها لێدانى بچوكن، ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ چه‌ند سه‌ربازگه‌یه‌ك یان كۆشكى سه‌رۆكایه‌تى له‌ سوریا بكاته‌ ئامانج، ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ هه‌ر هیچ روو نه‌دات و كێشه‌كه‌ ببرێته‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و له‌وێ چاره‌سه‌رى بكه‌ن.

 كورد و پێشهاتەکانی دوای هەرەشەکانی ترەمپ

مه‌سعود عه‌بدولخالق، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی تره‌مپ له‌ به‌شار ئه‌سه‌د و ئه‌گه‌ر وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازیی دژی حكومه‌تی سوریا و كاریگه‌رییه‌كانی بۆ سه‌ر كورد ده‌ڵێت:" له‌ ئه‌گه‌رى روودانى جه‌نگى نیچمه‌ سارد له‌ نێوان روسیا و ئه‌مریكا كه‌ له‌ سوریا یه‌كلاى ده‌كه‌نه‌وه‌، كورد زیان ده‌كات چونكه‌ هه‌میشه‌ له‌جه‌نگى زلهێزه‌كان لاوازه‌كان و هه‌ژاره‌كان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو زلهێزه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا رێكبكه‌ون ئه‌وكات له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كورده‌ و دۆخى ئاسایش و سه‌قامگیریی بۆ كورد ناكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌".

SDF
دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پۆتین

عه‌بدولخالق بڕوای وایه‌، بارودۆخى كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ ناكه‌وێته‌ مه‌ترسى جدییه‌وه‌، چونكه‌ زلهێزه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ و وڵاتانى ده‌وروبه‌ر كاتێك زه‌واجێكى سیاسى ده‌كه‌ن و رێكده‌كه‌ون و له‌سه‌ر شتێك، ئه‌وا ماوه‌ى رێكه‌وتنه‌كه‌یان كورته‌ و زۆر ناخایه‌نێت، بۆ نموونه‌ كاتێك روسیا و توركیا و ئێران رێكده‌كه‌ون زۆر به‌ زوویی رێكه‌وتنه‌كه‌یان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، چونكه‌ دوورن له‌ یه‌كتر و هه‌میشه‌ جه‌نگێكى سارد له‌ نێوان خودى خۆیاندا هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا ناتوانین بڵیێن دۆخی كورد به‌ره‌و خراپتر ده‌روات.

،،

 "له‌ ئه‌گه‌رى روودانى جه‌نگى نیچمه‌ سارد له‌ نێوان روسیا و ئه‌مریكا، كورد زیان ده‌كات چونكه‌ هه‌میشه‌ له‌جه‌نگى زلهێزه‌كاندا لاوازه‌كان و هه‌ژاره‌كان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو زلهێزه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا رێكبكه‌ون ئه‌وكات له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كورده‌ و دۆخى ئاسایش و سه‌قامگیریی بۆ كورد ناكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌".


هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌"ئه‌گه‌رى زۆره‌ جارێكى دیكه‌ پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تى بۆ كورد بگه‌رێته‌وه‌، به‌مه‌رجێك كورد بزانێت چۆن سوود له‌م ره‌وشه‌ ئاڵۆزه‌ وه‌ر ده‌گرێت له‌ ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها ده‌بێت له‌ نێو ماڵى خۆى له‌ ئاستى هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی كوردستان یه‌كگرتوو بێت، بشزانێت چ سه‌ركرده‌یه‌ك بۆ ئه‌ركی دیپلۆماسیی و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتان ڕاده‌سپێرێت، چونكه‌ ئه‌مرۆ زلهێزه‌كانى دونیا هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان دۆستى كوردن به‌ڵام له‌هه‌ندێك سه‌ركرده‌ى كورد نیگه‌رانن".

SDV
سەربازانی ئەمریکا و شەڕڤانانی یەپەگە ـ خۆرئاوای کوردستان ـ ٢٠١٧.٤.٢٥

،،

"ئه‌گه‌رى زۆره‌ جارێكى دیكه‌ پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تى بۆ كورد بگه‌رێته‌وه‌، به‌مه‌رجێك كورد بزانێت چۆن سوود له‌م ره‌وشه‌ ئاڵۆزه‌ وه‌ر ده‌گرێت له‌ ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها ده‌بێت له‌ نێو ماڵى خۆى له‌ ئاستى هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی كوردستان یه‌كگرتوو بێت، بشزانێت چ سه‌ركرده‌یه‌ك بۆ ئه‌ركی دیپلۆماسیی و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتان ڕاده‌سپێرێت".


له‌ كۆتایی گفتوگۆگه‌یدا له‌گه‌ڵ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین، مه‌سعود عه‌بدولخالق چاودێری سیاسیی جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو كورده‌ وتیشی:" له‌ئێستادا هه‌ڵوێستى ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌تایبه‌ت سوریا زۆر لاوازه‌، چونكه‌ به‌ به‌رچاوی ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ توركیا هێرشى كرده‌ سه‌ر عه‌فرین كه‌ شارێكى كوردییه‌، تره‌مپ بریاریدا ئه‌مریكا بكشێته‌وه‌ له‌ سوریا به‌ڵام نه‌كشیاوه‌، كورد ده‌توانێت سوود له‌م هه‌موو ده‌ستپێشخه‌رییانه‌ وه‌ربگرێت و ئه‌مجاره‌ به‌جدى له‌ گۆره‌پانى نێوده‌وڵه‌تى داواى مافى خۆى له‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كان بكات".

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان