د. موستەفا پێنجوێنی: دەبێت ئایین و سیاسەت پێكەوە كار بكەن

د. موستەفا پێنجوێنی: دەبێت ئایین و سیاسەت پێكەوە كار بكەن

1509 خوێندراوەتەوە

دیداری، گروپی گوڵنار


بەهۆى هەڵكشانى تەمەنییەوە بەسەرهات و ڕووداوەكان زۆر بەگرانى دێنەوە خەیاڵی، كاتێك ماندوو دەبوو لە وەڵامدانەوەى پرسیارێك و نەیدەتوانى بە درووستی بێڵێ، دەیگوت: بچنە پرسیارێكى تر، تا بەڵكو ئەوەى پێشووبێتەوە خەیاڵم.
دكتۆر موستەفا پێنجوێنی، پیاوێك گەیشتۆتە كۆتاییەكانى تەمەنی و لە تەمەنی 90 ساڵیدایە، ئەو دەمێك موفتی موسڵ و ماوەیەكیش مامۆستا بووە لە وڵاتی قەتەر، لەم گفتۆگۆیەدا لەگەڵ " گروپی گوڵنار" بەشێك لە بیرەوەرییەكانى دەگێڕێتەوە.

گوڵنار: دكتۆر موستەفا پێنجوێنی كێیە؟
پێنجوێنی: من پێنجوێنیم و لە پێنجوێن لەدایكبووم، لەساڵی 1930، خوێندنی سەرەتاییم لەوێ دەستپێكرد، لە پۆلی دووەم دا سەركەوتوو نەبووم، مزگەوتیش لە خوێندنگەكەوە نزیك بوو، چووم جزمێ قورئانم كڕی بە (20) فلس، هاتمە لاى مامۆستا كە وانەى قورئانى پیرۆزم پێ بڵێ و ئەویش تا سوورەتی (والفجر) قورئانى پێگوتم، دواى ئەوە مامۆستایەك هەبوو گوێی لێدەگرتم كە بخوێنمەوە، لە (الفجر)ەوە تا كۆتایی قورئان خۆم دەمخوێندەوە و مامۆستاش گوێی بۆ دەگرتم و بەو شێوەیە قورئانم خەتم كرد، ئینجا مەلایەك هەبوو مامۆستا مەلا ئیسماعیل عبدالرحمنیان پێدەگوت، دوو كوڕی هەبوو، موحەممەد و سابیر. لەگەڵ ئەوان دا ڕێككەوتم، موحەممەد دەرسی (تەسریفی زنجانى) بە من بڵێ و منیش لەبەرم دەكرد و لەكاتى گەڕانەوەدا دووبارەم دەكردەوە، هەندێ مناڵ و عائیلە كە بەو شێوەیە بینیومیان، گوتبوویان: ئەو كوڕەى مەحموودی حاجی موستەفا تێكچووە و لەڕێگە لەبەر خۆیەوە قسە دەكات!

،،

ئیتر (تەسریفی زنجانی)م تەواوكرد، عەوامیلم خوێند، پاشان كە ئەوانەم تەواوكرد چووم بۆ شێخەڵمارێن، چوومە ماڵ پوورم، پوورم خەوتبوو دڵم نەهات خەبەرى بكەمەوە تا دونیا ڕووناكی كرد، مامۆستا مەلا موحەممەدى شێخەڵمارێن، خەڵكی پێنجوێن بوو لە بنەڕەت دا، مامۆستا لێی پرسیم: خەڵكی كوێی؟ گوتم: پێنجوێنیم.

فەرمووی: تۆ خزمی خۆمانى، ماوەیەك لەلای ئەویش مامەوە. مامۆستا مەلا موحەممەد لە ئەولیا بوو، من تووشی نەخۆشییەك بووم لە خەوم دا كۆمەڵێكم بینین، گوتم: ئەو كۆمەڵەیە چین؟ گوتیان: ئەوانە لە خزمەتی پێغەمبەرى خوادان (صلى الله علیە وسلم)، منیش گوتم: دە وەرە بچۆرە خزمەت پێغەمبەرى خوا و عەرزی بكە و پێغەمبەریش عەرزی خوا بكا كە ئەم نەخۆشییەى من تا كەى وا دەبێ و چاك نابم؟! بەیانى مامۆستا تەشریفی هێنا و چوو دەستنوێژ هەڵگرێ، پێش ئەوەی دەستنوێژ هەڵگرێ، دەرگاى حوجرەكەى كردەوە و فەرمووی: موستەفا! گوتم: بەڵێ قوربان. فەرمووی: بەرقییەكەت گەیشت! چوو بەلاى كارى خۆیەوە و منیش ماوەیەك بەو شێوەیە مامەوە، وات دادەنا كە من بۆ دەرس خوێندن نەچووم، پیاوێكى وابوو كە لە خزمەتی دا دادەنیشتیت هەستت دەكرد كەرامەت و وەرع و هاوەڵێتی وەردەگریت. بەردەوام بووم لە دەرس خوێندن و دەستمكرد بە خوێندنی (سیوتی) و كەمێكم لێخوێند و گوتم ئیتر من لێرە دانانیشم و دەڕۆم، سەیرى ئەو خاڵە شینەى دەستم بكەن، كاتی خۆى (قەڵەم ئووچ) هەبوو و دەیانكرد بە مورەكەبەكەدا و پێیان دەنووسی، قەڵەم ئووچێكم لەبەر یەخەدا بوو، لەڕێگە پیاوێكم بینی موسافەحەى لەگەڵ كردم، سەرى قەڵەم ئووچەكە چوو بە دەستم دا، شەست ساڵ بەر لەئێستا بوو كەچی هێشتا شوێنەوارەكەى بەدەستمەوە ماوە!


گوڵنار: كەى چوویت بۆ گوندی چنگیان و كەسایەتی مەلا

عارفی چنگیان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
پێنجوێنی: پاشتر ڕٍێگەى چنگیانم گرتەبەر بۆلاى مامۆستا مەلا (عارف) یا ئەبو موعتەسەمیان پێدەگوت، مامۆستا مەلا عارف پیاوێك بوو لە چاكەكاران، مەلا (حەسەنی هیندی)ش لەوێ بوو، فەقێ دەچوون ئێوارە نانیان كۆدەكردەوە، ئافرەتێك لە تەنیشت مزگەوتەكە بوو بە مامۆستاى گوت: "نابێ هیچ فەقێیەك بێت نان لە ئێمە وەرگرێ جگە لەو فەقێیە (مەبەستی من بوو)، ئەم فەقێیە هەمووی ئەدەبە، دەبێ هەر ئەو بنێرن بۆ نان". مامۆستا مەلا (حەسەنی هیندی) موعەمماى دەخوێند، مامۆستا مەلا (عارف) ڕۆژی پێنج جوزئ قورئانى نەزر كردبووە سەر خۆى و دەیخوێند، جا دەیفەرموو: موعەمما در لغت اسم مكان است * مكانی تعمیە مفهومی ان است. بەو شێوەیە لە چنگیان مامەوە و مامۆستاى چنیگان هەر جارەى بچووایە بۆ باخ منی دەبرد لەگەڵ خۆی دا، منیش عەسایەكم هەبوو لەگەڵ مامۆستا دەڕۆشتم بۆ باخ، مامۆستا زۆر بەلوتف بوو لەگەڵ من، ماوەیەكی زۆر لەوێ مامەوە، كەواكەم دڕابوو و پینەم كردبوو، پینەكەش دڕابوو، دەرپێكەشم دیار بوو، دەرپێكەشم دڕابوو، مەلا (حەسەنی هیندی) دەرپێیەكی بۆ سەندم و بەرگدروو بۆى دووریم و كردمە پێم و دڵم زۆر پێی خۆشبوو، چونكە دایپۆشیم.

گوڵنار: بەسەرهاتی چوونی خۆتمان بۆ بگێڕەوە بۆلاى دایكت؟
پێنجوێنی: هەر لە چنگیان بووم كە بیستم دایكم نەخۆشە و لە نەخۆشخانەیەكی سلێمانى خەواندوویانە، لە باخەوە لەگەڵ مەلا (حەسەنی هیندی) گەڕامەوە بۆ چنگیان، بەرچینەیەك ترێ و میوەم ڕنی و چووم بۆ سلێمانى، چوومە نەخۆشخانە و دایكمم دی فەرمووی: بۆچی هاتی خۆت عەزییەت داوە؟ (بەگریانەوە ئەم بەسەرهاتەى گێڕایەوە) منیش گوتم: ئاخر هاتم چاوم بە چاوت بكەوێ، فەرمووی: من چی لەو میوەیە بكەم؟ گوتم: بیدە بەو نەخۆشە فەقیرانەى كە لەلات خەوێنراون، ئەو ڕۆژە لەگەڵ باوكم گەڕابوونەوە لەڕێگا كۆچی دوایی كردبوو.

گوڵنار: هۆكار چییە كە پێنجوێن بۆتە مەڵبەندی زانست و زانایان؟
پێنجوێنی: ئەسڵی مەعدەنەكە لەوێ داواكاریی عیلم بوو، پەیوەندیان دەكرد بە زانایانەوە، خوێندەواریان وەرگرت، هەستام لە پێنجوێنەوە چووم بۆ مەریوان، لەوێ ماوەیەك مامەوە نەبوونی و هەژارى و غەریبی تەنگیان پێهەڵچنیم بەڵام هەر داواى زانستمان دەكرد و سارد نەدەبووینەوە، ئەوەی كە باسی دەكەم شەست و پێنج ساڵ پێش ئێستایە، لەوێ یەكێكم لابوو مەلا (موحەممەدی سەلیمی) بانەیی بوو و كۆچی دوایی كرد، پێكەوە هاتینە دارۆخان، ماوەیەك لاى قازی (ڕەحیم) بووین، پاشان لەوێوە هەڵكەنراین بۆ لاى مامۆستا مەلا (عبدالله) ناوێك كە خەڵكی دارۆخان بوو بەڵام لە وێنە دادەنیشت، ماوەیەكیش لاى ئەو مامەوە و پاشتر ئەویشم بەجێهێشت. ئەو سەردەمە خەڵك بەدواى زانست دا دەگەڕا، عەوداڵی زانست بوو، هەركەسێك شتێكی زیاتر بزانیایە لە پێشتر بوو، منیش لەگەڵ ئەو چینە زانستخوازە تێكەڵبووم بە جلی دڕاوی و برسییەتی، بە پێخاوسی.


گوڵنار: كەى هاتیتە سلێمانى؟
پێنجوێنی: دواى ئەوە هاتمە سلێمانى و لەسەر فەردەى گەورەى ناو لۆرییە گەورەكان سواربووم، من عێراقی بووم و ئەوان ئێرانى بوون، لەڕێگا سەیارەكان وەستان و شۆفێرەكانی چوون بۆ ناو كێوڵی، كە ڕەقس و سەمایە كێوڵی و ئێمەش ماینەوە تا هاتنەوە، كە گەیشتە سلێمانى دابەزین، لێیان پرسین: ئێوە خەڵكی كوێن؟ من گوتم: من پێنجوێنم. پرسیاریان كرد لە موختار گوتیان: ئەم پیاوە دەڵێ من پێنجوێنیم و كوڕی فڵان كەسم. گوتی: ڕاست دەكا، ئەسڵی پێنجوێنییە. ئەوانى تر ئێرانى بوون و گرتنیان و ناردنیانەوە بۆ شوێنی خۆیان، وەڵا مینش لەگەڵیان ڕێككەوتم لەگەڵیان چووم بۆ ئێران و ئەو ڕێگەیەم گرتەبەر و چوومەلاى مامۆستا مەلا عبداللەى كەشێنەیی، جەنابى مامۆستا ئێستا لەژیان دایە و دەژی, ویستبووی بێت سەردانێكى سلێمانى بكا من ببینێت بەڵام حكومەت نەیهێشت. وە هەر ئەویش بە یەكەم مامۆستای ژیانم دەزانم.


گوڵنار: لەبارەى مەلا عبدالرحمنی گەورەى پێنجوێنییەوە چیت لەبیرە و چی لەبارەیەوە دەڵێیت؟
پێنجوێنی: جەنابى مامۆستا مەلا عبدالرحمنی پێنجوێنی سەییدە و بریڤكانییە، كوڕێكى هەبوو بەناوى مەلا ئەحمەد و مەلاى گوندی باشماخ بوو. (پرسیارێكى ترم لێ بكە تا بەڵكو بێتەوە خەیاڵم).


گوڵنار: پەیوەندیت لەگەڵ شیعر و ئەدەبیاتی كلاسیك چۆن بوو؟
پێنجوێنی: زۆر حەزم لە شیعر دەكرد، بەتایبەت شیعرەكانى قانع. لەگەڵ شیعرەكانی مەولەوییش دا نێوانم زۆر خۆشبوو. جارێكى تر مەولەویی تاوەگۆزی درووست نابێتەوە.

گوڵنار: قانعت بینیوە لەژیانتا؟
پێنجوێنی: بەڵێ زۆرم بینیوە، جا ئەوە مەیموونێك هاتبوو چووبووە دوكانى دارتاشێكەوە، مەیموونەكە گونی چووبوو بە تڵیشی ئامێرێك دا كاتێك كە پوازەكەى دەرهێنابوو گونی گرتبوو، جا قانع ئەیگوت: نەبووە بە عادەت ئەفەنی و كڵاش مەیموون كەى ئەبێ بە وەستاى دارتاش. دواى ئەوە قانعم لە كەركووكیش دا بینیوە، جارێك گوتی: من كاغەزێكت بۆ دەنووسم بۆلاى ئاغاى بابانییەكان و بچیت بەڵكو مەلا ڕەمەزانیت بدەنێ، گوتی: ئەم بابانییە كوێرە و موسافەحەى كەس ناكات و تۆش موسافەحەى مەكە. كاغەزەكەم هەڵگرت و چووم و كە گەیشتمە ئەوێ سەلامم كرد و جوابیان دامەوە، گوتم: من لاى قانعەوە هاتووم و ئەم كاغەزەى ناردووە بۆ جەنابت. گوتی: كاغەزەكە چی تیا نووسراوە؟ گوتم: تیایا نووسراوە كە ببمە مەلاى ڕەمەزانى لاى تۆ. گوتی: تۆ ئەم مانگى ڕەمەزانە لێرە دانیشی دوو دینارت دەستناكەوێ، دەستی كردە باخەڵییەوە و دوو دینارى دەرهێنا و دایمێ و گوتی: بچۆ بۆ دێیەكی تر بۆ مەلا ڕەمەزانى و بەڵكو لەوێش شتێكی ترت دەستكەوێ. منیش هەڵسام ئەو دوو دینارە هەندێكیم دا بە كتێب و كراسێكم پێ كڕی و هەندێكیشیم هەڵگرت، ئینجا هاتمەوە بۆ كەركووك.


گوڵنار: ئەگەر قانع بەو شێوەیە نامەى لاى كاربەدەستانى بابان خواردبێتی، چۆنە خۆى بەو هەژارییەوە ژیاوە و تەنانەت بە شاعیرى چەوساوەكانى كوردیش ناوی دەركردووە و زۆر هەژارانە ژیاوە؟
پێنجوێنی: دایكی زاناتر و ئەدیبتر بووە لە قانع خۆى، دایكی ناوى خاتوو خورشید بووە، عالمێكى زۆر گەورە بووە، بەڵام خۆى ئاشێكى لە شارەزوور درووستكرد، لە شوێنێكی ئاشەكەدا نووسیبووی: جێگەى كەر بەستنەوە، كۆمەڵێك ئەفەندیش بۆ سوعبەت هاتبوون لەژێر ئەو نووسینەدا وەستابوون، قانع هات و گوتی: ئەوە ئێوە خوێنەوارن؟ گوتیان: بەڵێ. گوتی: ئەى تەماشاتان نەكردووە كە چیم نووسیوە بە بان سەرتانەوە؟ كە تەماشایان كرد نووسراوە شوێنی كەر بەستنەوە. گوتی: جا چۆن لەوێ دا دەوەستن؟ ماوەیەكی زۆر لە شارەزوور مایەوە, زۆر بە هەژارى ڕایبوارد.


گوڵنار: لەگەڵ ئەدەبیات و شیعرى فارسی دا نێوانت چۆنە؟
پێنجوێنی: پەیوەندیم زۆر خۆشە لەگەڵ ئەدەبیاتى فارسی.


گوڵنار: كەى بەخزمەتی مامۆستا مەلا عبدالكریمی مودەڕیس گەیشتی؟
پێنجوێنی: توحفەیەكی ئیبنوحەجەرم هەڵگرت گوتم دەچم بۆلاى مامۆستا مەلا عبدالكریم، بەیانیان ئەو ناخەوێتەوە توحفەى لەلا دەخوێنم لە مزگەوتی شێخ عبدالقادرى گەیلانی لە بەغدا، خەریكی توحفە بووین گەیشتینە شوێنێك، گوتم: مامۆستا لەم جێگەیەدا دەرسەكە ناڕوا، كتێبەكەى لێوەرگرتم و شتێكی لەسەر نووسی و بۆى زیادكرد، ئینجا هەر گوتمەوە مامۆستا هەر ناڕوا. فەرمووی: وەڵا پێشتر فەقێیەكم لابووە تۆ تامی ئەو فەقێیە دەدەى، منیش گوتم: بەهەرحاڵ ئەگەر تۆ منت بەدڵە ئەوا مۆڵەتێكى زانستی شەرعیم بدەرێ، مامۆستاش فەرمووی: بڕۆ سبەینێ وەرەوە، منیش سبەى چوومەوە سەیر دەكەم مۆڵەتەكەى بۆ نووسیوم كە تا ئێستاش لەلام ماوە، خەتەكەشی زۆر خۆشبوو، مامۆستا مەلا عبدالكریم لە كۆتایی تەمەنی دا تووشی لەبیرچوونەوە بووبوو، كۆمەڵێك هاتن بۆلاى مەلا حەمەیاسین و شێخ ڕەییان، لەپڕێك دا مامۆستا لێیان زویر بوو و فەرمووی: ئیتر نەیەن و پرسیار لە من مەكەن، بڕۆن پرسیار لەو پیاوە بكەن (پەنجەى بۆ من درێژكرد). پاشان بەو جۆرە مۆڵەتەكەى پێبەخشیم. دواتر پیاوێك هەبوو (مەحموود الحدیدی) لاى من مۆڵەتی شەرعی وەرگرتووە، پیاوێكى موسڵمان بوو، بەو جۆرە لاى جەنابى مامۆستا بووم.

،،

هەروەها لەبارەى زوهد و تەقواى جەنابی مامۆستا مەلا عبدالكریمەوە بۆتان باس دەكەم كە مامۆستا مەلا كەریم پیاوێكى ساڵح بوو، دونیای بە فلسێك نەدەكڕی، لە حوجرەكەى دانیشتبوو خەریكی نووسین دەبوو، ئەگەریش كەسێك بهاتایە پرسیارێك یا داواكارییەكی لێبكردایە، بۆی جێبەجێدەكرد و نیوەڕۆش پیاوێكى لابوو دەیفەرموو: بچۆ لەو چێشتخانەیە نانمان بۆ بهێنە، ڕۆژێك لەگەڵ مامۆستادا نانم خوارد، نانێكى زۆر سادەى دەخوارد.


گوڵنار: جەنابت لەگەڵ زاناگەلێكى زۆرى عەرەب و ئیسلامیی تێكەڵی و ئاشناییت هەبووە، چۆن بەراوردى زانست و تێگەیشتنی مامۆستا مەلا عبدالكریمی مودەڕیس دەكەیت لەگەڵ ئەو زانایانەدا؟
پێنجوێنی: ئەگەر زانست و زوهد و تێگەیشتنی مامۆستا مەلا عبدالكریمی مودەڕیس لە هی هەموو زانایانى عەرەب زیاتر نەبووبێ، كەمتر نەبووە، ماوەى مانەوەكەشم چەند مانگێك بوو لە خزمەتی دا، ئێواران سوارى تەكسی دەبووین لە گەیلانییەوە بۆ مەیدان چونكە نوێژی عیشاى لەوێ دەكرد، كە نوێژمان دەكرد سوارى تەكسی دەبوویەوە دەچوویەوە بۆ گەیلانی، منیش دەچووم لە ئوتێل نزار دەخەوتم.


گوڵنار: ئەو ماوەیەى لە بەغدا بووی عەلائەدین سەججادیت بینی؟
پێنجوێنی: بەڵێ دەمناسی و ئاشنابووین پێكەوە، عەلائەدین سەججادی پیاوێكى زۆر زۆر زۆر خوێنەوار بوو لە شیعر و ئەدەبیات دا، هیچكەس نەدەگەیشتە ئاستی ئەو لەو بوارەدا. ئینجا شێخ موحەممەدى خاڵ قازی بوو لە سلێمانی و پاشتر گواسترایەوە بۆ موسڵ، مەلا عوسمانێكى جبووری عەرەب هەبوو لاى ئەو خوێندبووی، شێخ موحەممەدى خاڵ فەرمووی: با بڕۆین سەردانێكى بكەین، جا ئەو مەلا عوسمان جبوورییە لاى قازی پێشترى سلێمانى خوێندبووی، قازی دواترى سلێمانیش كە شێخ موحەممەدى خاڵ بوو هاتبوو بۆ موسڵ لەوێ بووبوو بە قازی و سەردانى مەلا عوسمانى كردەوە.


گوڵنار: لە زانا كوردەكان دا بە كێ زۆر سەرسام بوویت؟
پێنجوێنی: جەنابی مامۆستا مەلا عبدالكریمی مودەڕیس. بەكۆچی دواییەكەشی زۆر كاریگەربووم، چونكە بەشێك لە زانست و كتێبەكانیم وەرگرتبوو، ئیجازەى عیلمیم لێوەرگرتبوو، زنجیرەى ئیجازەكەش وایە دەڕوات تا دەگاتە پێغەمبەرى خوا (سەلامی خواى لەسەربێت).


گوڵنار: لەبارەى قورئانى پیرۆزەوە چی دەڵێیت؟
پێنجوێنی: بەدڵنیاییەوە پێتان دەڵێم قورئان تا ئێستا حەقیقەتی بەیان نەكراوە، قورئان زۆر گەورەیە.


گوڵنار: دیدی جەنابتان لەبارەى فەرموودەوە چییە؟
پێنجوێنی: هەركەسێك فەرموودەى پێغەمبەرى خوا ڕەت بكاتەوە و پێی وابێت قورئان كافییە بۆ ژیان و جیهانبینی و پەرستشمان بەبێگومان لاى من كافرە، ئەوانەى كەوا تانە لە بوخارى و موسلیم دەدەن، بەوە لاى من كافر دەبن، هیچ گومانت نەبێ لەوەى كە ئەو كەسەى تانە لە بوخارى و موسلیم و سەحیحەكەیان دەدا پێی كافر دەبێت، جارێك بوخارى هاتووە فەرموودە وەربگرێت لە كەسێك و ئەو كەسەش حەیوانێكى خۆى لێ بەلەسە بووە و ویستوویەتی حەیوانەكەى بگرێتەوە، هیچی پێ نەبووە و ویستوویەتی بە درۆ بە حەیوانەكە بڵێ خواردنم پێیە بۆت تا بیگرێتەوە، ئیمامی بوخارى گەڕاوەتەوە و كە لێیان پرسیوە بۆچی گەڕایتەوە؟ فەرموویەتی: كەسێك بتوانێت درۆ لەگەڵ حەیوانێك دا بكا، دەشتوانێت درۆ بە دەم پێغەمبەرى خواوە بكات!


گوڵنار: لەبارەى شێخ مەحموودى حەفیدەوە چی دەڵێیت؟
پێنجوێنی: مەلیك مەحموود هاتە شێخەڵمارێن، دەهات و دەچوو و دەیگوت: (عرب یعرب تعریبا) جنێوی بە دایكی عەرەب دەدا، مامۆستا مەلا موحەممەدى شێخەڵمارێنیش پێی دەگوت: یا شێخ تۆ پیاوێكى موحتەرەم و بەڕێزی، ئەم قسە گوتنە لایەق نین بە كەسایەتی تۆ، كاتی نوێژی مەغریب بوو، نوێژ دابەسترا، شێتێك هات و ڕووی كردە ماڵی مام عوسمان ناوێك و گوتی: نییەتمە سێ ڕكات نوێژ دەكەم بۆ فاتەى مام ئوسمان الله اكبر! ئەو هەموو خەڵكە دەستیكردە پێكەنین و نوێژەكەیان بەتاڵكردەوە بە مامۆستا مەلا موحەممەدیشەوە. شێخ مەحموودی حەفیدیش لەگەڵ جەماعەتەكە نوێژی كرد.


گوڵنار: كەى زەواجت كرد؟
پێنجوێنی: كەمتر لە پەنجا ساڵە، خێزانم ئامۆزامە،
مناڵەكانیشم (نوورەدین كە دوو كوڕ و دوو كچی هەن).


گوڵنار: سەرنجت لەسەر فرەژنی چییە لەئیسلام دا؟
پێنجوێنی: كەسێك موحتاج نەبێ بەو پرۆسەیە لاى من درووست نییە، موحتاجی ئەوەیە تۆ ژن دەهێنیت ئەگەر بۆ شەهوەت و ئارەزوو بێ مەیهێنە، چونكە دادپەروەرى لەنێوانیان دا نایەتەدی، بۆیە یەك ژن بەسە، دوێنێ لە قەتەرەوە بەڕێزێك پرسیارى ئەم بابەتەى لێكردم، منیش گوتم: نیو ژن بەسە!

گوڵنار: چەند وڵاتی دونیا گەڕاوی؟
پێنجوێنی: میصر و سعودیە و قەتەر و عێراق و ئێران. لەساڵی 1994ەوە لە وڵاتی قەتەر نیشتەجێم، لەوێ لەمزگەوت خەریكی دەرس گوتنەوە بووم بەتایبەت (جمع الجوامع)، ئێستاش كتێبخانەكەم لەشارى موسڵە كۆى ئەو كتێبانەى كە لە كتێبخانەكەم دایە بە دوو لۆرى گەورە دەگوازرێنەوە، بەس ئەوە بیست و پێنج ساڵە بەجێم هێشتووە و كابرایەكم بەلاوە داناوە بەناوى (س. م.)، گوتی: ماڵەكەم بدەرێ تێی دا نیشتەجێبم، گوتم: ئەوە كلیلەكان. ماڵی ئاوابێت زۆر هەوڵی داوە تا كەس نەچێ بەلای دا. بەنیازم لەداهاتوودا بیانخەمە شوێنێك كە موسڵمانان سوودیان لێ ببینن. لەمیسریشم بڕوانامەى دكتۆرام بەدەستهێنا و دكتۆر عەلى قەرەداغی ئامادەى گفتوگۆى دكتۆراكەم بوو. میسری خەڵكی باشی تێدایە، بەڵام كەمن ئەوانەى كە بتوانی سوێندیان پێ بخۆى، میسری كە كەوتنە تەماح و چاوچنۆكی دونیاوە دەتفرۆشن.


گوڵنار: با لەباسی میسرەوە بچین بۆ باسی سەیدقوتب؟
پێنجوێنی: سەیدقوتب (رحم الله وغفرالله لنا ولە) پیاوێكە درووست نابێتەوە، پیاوێكی موبارەك هەبوو لە موسڵ، ئەو شەوەى كە سەیدقوتبی تێدا لەسێدارە درابوو، هەستابوویەوە تەقەى لە دەرگاى دراوسێكانى دابوو، دەیفەرموو: هەڵسن و مەخەون ئەمشەو یەكێك لە ئەولیایانى خوا و موفەسیرى گەورەى قورئان لەسێدارە دەدرێت و شەهید دەكرێت، مامۆستا مەلا عبدالرحیمی پەرخی هەبوو، لەگەڵ ئەو چووین بۆ سەردانى ئەو پیاوەى كە تەقەى لە دەرگاى دراوسێكانى دابوو بۆ شەهیدكردنی سەیدقوتب (دەستی كردە گریان)! الله سەیدقوتب! تۆ دەتەوێ لەبارەى سەیدقوتبەوە قسەت بۆ بكەم؟ منیش دەڵێم بەبێگومان سەیدقوتب لە ئاسمان دا ڕێگاى بۆ كراوەتەوە! ئەو جەمال عبدالناصرە لەدواڕۆژدا هیچ خێرێكى دەستناكەوێ، إن شاْ اللەشی ناوێ، بەبێگومان هیچ خێرێكى دەستگیرنابێ تەنها لەبەر شەهیدكردنی سەیدقوتب! ئەوانەشی كە قەومی و نەتەوەیین زۆر خراپن، چونكە نەتەوەیی عەرەب خراپن.


گوڵنار: كورد لەچاو میللەتانى ترى ئیسلامیی چۆن دیندارێكە؟
پێنجوێنی: كورد میللەتێكى موسڵمانە، بەڵام هەڵە و پەڵەى لە ئیسلامەتییەكەی دا هەیە، وە كورد ئیسلامیی خۆشدەوێ و حەز لە ئیسلام دەكا.


گوڵنار: جەنابت تا چەند باوەڕت بە پێكەوەیی كارى سیاسیی و ئیسلامیی هەیە؟
پێنجوێنی: لە سەردەمی پێغەمبەرى خوادا ئایین و سیاسەت لە یەك جودا نەبوون، وە پێموایە دەبێ ئایین و سیاسەت پێكەوە كار بكەن، ئینجا دەبێ ئایین حوكم بكات، وە ئەوانەش كە پێیانوایە ئیسلام بەرەو نەمان و پووكانەوە دەچێ، ئەوە خۆیان بەرەو پووكانەوە و نەمان دەچن، ئیسلام هەر پەیامى خوایە و بەرەو بەرزی و شكۆمەندی دەڕوا.


گوڵنار: لەبارەى تەسەوفەوە چی دەڵێیت؟
پێنجوێنی: تەسەووف بە ماناى ڕووحانییەت هەركەسێك ئینكارى بكات پێی كافر دەبێت، چونكە هەموو مرۆڤێك پێویستی بە ڕووحانییەت هەیە، ئێستا ئیمامی غەزالی (رحم الله) پیاوێكى زۆر بەرز و گەورەیە، تۆ بچی ئینكارى عیلم و تێگەیشتنی ئەو بكەیت لە بوارى تەسەووف و عیرفان و ڕووحانییەت دا، نابێ. لەبوارى ڕووحانییەت دا هەركەس ئینكارى تەسەووف بكا پێی كافر دەبێت، بەڵام نەك بە ماناى ئەوەى شێخێكت هەبێت و ببێتە دەستگر و واسیتەى نێوان خوا و بەندە، ئەوە شیركە و شتێكى بێزراوە و بەهیچ جۆرێك پەسەند نییە. دەستی شێخەكەت ماچ بكەیت و بە گاگۆڵكێ بچی بۆلاى و پێت وابێ لە پردی سیڕات دا دەتكاتە ئەوبەرەوە، ئەوانە هەموویان پڕوپووچین. تەسەووف بریتییە لە پەیوەندییەكی ڕووحی و مەعنەوی تاكەكەسی نێوان بەندە و خوا، بریتییە لە بە عەشق و چێژەوە پەرستشكردن بۆ خواى تاقانە.


گوڵنار: چۆن و كەى شێخ عوسمانى بیارەت بینی؟
پێنجوێنی: حەمید شەعبان هەبوو، فەرماندەى هێزی پیادەی عێراقی بوو، گوتی: نایەی بچین بۆلاى شێخ عوسمانى بیارە كە لە بەغدا نیشتەجێیە؟ منیش پێمخۆشبوو پێكەوە چووین، كە چووین سەیر دەكەین شێخ عوسمان حەلقەى زیكرى هەیە و پرسیاریان لێدەكرد و كاتبەكەى دەینووسی، ئینجا كە ئێمە چووین تاوەیەكی خستە سەر ئاگر و شفتەى حازر كردبوو دەیبرژاند و سێ چوار جار بە منی گوت: چۆن ئەمە دەناسی؟ منیش برایەكم هەبوو بەناوى سۆفی عومەرەوە كە موریدی خۆیان بوو، گوتم: من ئەم پیاوە دەناسم لەڕێگەى سۆفی عومەرى برامەوە. ئیتر شفتە و خواردنی دەرخواردداین و ئیشەكەمان كرد و گەڕاینەوە، ئەویش دەستیكردەوە بە دەرسخوێندن و وەڵامدانەوەكانى خۆى.

 

author photo

گروپی گوڵنار، ده‌سته‌یه‌ك گه‌نجی خوێنده‌وارو ڕۆژنامه‌نووسن‌و هه‌رجاره‌و دیدار له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی، یان ڕۆشنبیری،

یان هونه‌ری ئه‌نجام ده‌ده‌ن‌و " دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین" هه‌فتانه‌ یه‌كێك له‌ دیداره‌كانی ئه‌وان بڵاو ده‌كاته‌وه‌