گفتوگۆ لەگەڵ نەوشیروان موستەفا

چاوپێکەوتنێکی بڵاونەکراوەی ڕێکخەری کۆچکردووی بزوتنەوەی گۆران

گفتوگۆ لەگەڵ نەوشیروان موستەفا

3056 خوێندراوەتەوە

وەرگێرانی لە فارسیەوە: ڕاشد کەمال

لە گەرمەی ڕووداوەکانی ٢٠١١ی و خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات، ڕۆژنامەنووسی ئێرانی ئیحسان هۆشمەند چاوپێکەوتنێک لەگەڵ نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری کۆچکردووی بزوتنەوەی گۆران ئەنجام دەدات و لە گۆفارێکی فارسی بڵاوی دەکاتەوە، لە وێدا وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەرەباری کوردستان و هەوڵەکانی بۆ گۆریسنی حوکمرانیی دەداتەوە، دوای تێپەربوونی نزیکەی 7 ساڵ، دیپلۆماتیک مەگەزین دەقی چاوپێکەوتنەکە بە زمانی کوردیی بڵاودەکاتەوە.

 ــ بە سوپاسەوە، بێزەحمەت گۆڕانکارییەکانی کوردستانی عێراقمان لە دوو دەیەی کۆتایی دا بۆ ڕوون بکەیتەوە ؟

 نەوشیروان مستەفا: بەبۆچوونی جیلی ئێمە هەموو جوڵە سیاسی و ئابووری و سەربازی و حکومی لە هەر قۆناغێکدا ئەولەویەت گەلێکیان هەیە. لە ساڵی ١٩٩١ کە لە کوردستانی عێراق ڕاپەڕینێک ڕووی دا و بووە هۆی دەرپەڕاندنی حیزبی بەعس لە کوردستانی عێراق، بۆشاییەکی ئیداری و ئەمنی و یاسایی دروست بوو، چونکە حکومەتێک لە کوردستانی عێراق نەمابوو. لەم ڕووەوە، لایەنی کوردستانی بەڕێوەبردنی کارەکانیان گرتەدەست و کوردەکان خۆیان بەرپرسیارێتیان گرتە ئەستۆ. بۆ ئێمە ئەمە یەکەم جاربوو لە مێژووی کوردستانی عێراقدا لەدوای شێخ مەحمود، لەساڵانی ١٩٢٠ەکاندا، کە توانیمان فەرمانڕەوایی خۆمان بەدەست بێنین و کاروباری سەرزەمینی خۆمان بەڕێوەبەرین. ئەمە بۆ ئێمە ئەزموونێکی زۆر گرنگ بوو. ئەم ئەزموونە پەیوەندی هەبوو بە پێگە جیاوازەکانی کوردەکان لە ئێران و سوریا و تورکیا و عێراق، چونکە هەریەکێک لە دراوسێکان بیروبۆچوونی جیاوازیان سەبارەت بە ئێمە هەبوو وە هیچ یەکێک لەوان نەیاندەویست کوردستانی عێراق وەک کیانێکی سیاسی تایبەتمەند دەرکەوێت.

 بۆ ئێمە لەم قۆناغەدا ئەولەویەت ئەوەبوو چۆن بتوانین بۆشاییەکان پڕکەینەوە و بۆ یەکەمجار پایەی دەوڵەتی کوردی دابنێین. ئێمە توانیمان چەند سەرکەوتنێک بەدەستبێنین و هەروەها توانیمان لە ماوەیەکی کەمدا هەڵبژاردن ئەنجامبدەین. هەڵبژاردن بەشێوەیەکی گشتی ئەنجامدرا و پەرلەمانی کوردستان دروستکرا و پەرلەمانیش حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بونیاد نا.

بۆ یەکەم جار وەزارەتەکانمان بونیاد نا، ئەو دامەزراوانەی کە بەعسییەکان بەجێیان هێشت کامڵمان کردوو توانیمان ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دروست بکەین لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان، وە توانیمان تاڕادەیەک لە بازرگانیدا چالاک بین تا ناوچەکەی خۆمان بەڕێوەبەرین. لە کاتێدا کە کاری گرنگی ئێمە لەو قۆناغەدا بونیادنانی دەزگا و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانبوو، دژایەتییەکی زۆر لەبەرامبەرمان هەبوو؛ بۆ نمونە: وویستی عێراق شکستی ئێمە بوو چونکە لەوان جیا بوبوینەوە؛ ئێران بەشێوەیەکی گوماناوی سەیری جوموجوڵەکانی ئێمەی دەکرد؛ تورکیا لەو باوەڕەدابوو کە ئەمە جوڵەیەکی ئازادی خوازانەیە و کاریگەری دەبێت لەسەر ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەوان، سورییەکانیش دژی فیدرالییەت بوون. بۆیە لە حاڵەتێکدابووین کە لە هەر چوار لاوە بە دوودڵی یان وەک دوژمن سەیریان ئەکردین. لەم ڕووەوە، پێویست بوو کە چاوپۆشی لە کەموکوڕی وئەو لاوازییانەی کە لە خۆماند هەبوو بکەین؛ لەگەندەڵییەوە بگرین تا گەندەڵی ئیداری و سوود وەرگرتن لە هێزی ناکارامە و بەگشتی لەهەموو شتە نەرێنییەکان چاوپۆشیمان کرد، ئەویش بەهۆی یەک ئامانجی بنەڕەتی کە دامەزراندنی هەرێمی کوردستانی عێراق بوو.

،،

"گەورەترین هەڵەیەک کە ئێمە ئەنجامماندا ئەوەبوو کە نەمانتوانی هێزەکانی پێشمەرگەی کە لە شاخ ڕێکمان خستبوون لە یەک سووپادا و بەشێوەی پیشەیی بۆ میللەت ڕێک بخەین. هەر حیزبێک هێزی چەکداری خۆی هێشتەوە؛ بۆ نمونە: یەکێتی و پارتی و هێزە بچوکەکانی تر هێزە چەکدارەکانی خۆیان هێشتەوە. کەواتە ئەوان نەک تەنها حیزبی سیاسی، بەڵکو حیزبی چەکداریش بوون"

ئێمە ئەو قۆناغەمان تێپەڕاند. بەڵام بەداخەوە لەپاش ئەم قۆناغە بۆ بەدەست خستنی هێز، لەنێوان حیزبی یەکێتی نیشتمانی و حیزبی پارتی دووچاری شەڕی ناوخۆ بووین. گەورەترین هەڵەیەک کە ئێمە ئەنجامماندا ئەوەبوو کە نەمانتوانی هێزەکانی پێشمەرگەی کە لە شاخ ڕێکمان خستبوون لە یەک سووپادا و بەشێوەی پیشەیی بۆ میللەت ڕێک بخەین. هەر حیزبێک هێزی چەکداری خۆی هێشتەوە؛ بۆ نمونە: یەکێتی نیشتمانی و پارتی و هێزە بچوکەکانی تر هێزە چەکدارەکانی خۆیان هێشتەوە. کەواتە ئەوان نەک تەنها حیزبی سیاسی، بەڵکو حیزبی چەکداریش بوون. لەم ڕووەوە، کاتێک کە هەڵبژاردن ئەنجامدرا، لە هەڵبژاردنەکاندا، حیزبە چەکدارەکانیش بەشدارییان کرد. ئەگەر ڕێککەوتنی نێوان دوو حیزبی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات نەبووایە، دەگۆڕا بۆ جەنگ. چونکە هیچ لایەنێک دەسەڵاتی لایەنەکەی تری قبوڵ نەبوو وە لە کۆتاییشدا کە دەسەڵاتی یەکتریان قبوڵ نەکرد، جەنگ ڕوویدا و چەند ساڵ درێژەی کێشا.

dfc
نەوشیروان مستەفا ئەمین  ١٩٤٤ ـ ٢٠١٧

ئەو کاتەی شەڕی ناوخۆ لە کوردستان ڕویدا- من ئەندامی یەکێتی نیشتمانی بووم و لەو کاتەدا بۆ ماوەیەک لە دەرەوەی ووڵات بووم- ئامانجی یەکێتی نیشتمانی پاراستن و مانەوەی خۆی بوو، ئامانجی پارتیش پاراستنی خۆی و شکستپێهێنانی لایەنی بەرامبەر بوو. هەردوو لایەن دەیانویست لایەنی بەرامبەر بسڕنەوە، بەڵام چونکە هیچ لایەنێکیان سەرکەوتو نەبو بە سڕینەوەی لایەنەکەی تر، ناچار بە شێوازی دوو ئیدارەیی ڕازیبوون.

لەو کاتەیا ڕژێمی بەغداد کەوت. لەدوای ڕوخانی ڕژێم، قۆناغێکی نوێ ڕووبەڕوومان بوویەوە. ئێستا قۆناغی ئەوەبوو کە چۆن بتوانین مافی میللەتی کورد لە دەستووری عێراقدا بچەسپێنین. کاری گرنگی ئێمە لەو قۆناغەدا بەشێوەیەک گۆڕانی بەسەردا ھات. سەرەتا کاری سەرەکیمان دامەزراندنی دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانبوو؛ بەڵام لەم قۆناغەدا، کاری سەرەکی بوو بەوەی کە چۆن مافی میللەتی کورد لە دەستووردا جێگیر بکەین و دانی پێدابنێن کە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕالی، خاوەنی جۆرێک سەربەخۆیی لە ناوەند و خود موختاری بێت. ئێمە دووبارە لەم کاتەدا لە کەموکورتی و خاڵە نەرێنییەکانی یەکدی چاوپۆشیمان کرد، تاکو هەردوولا لە بەغداد لە بەرامبەر عەرەبەکان و ئەمریکا و ئەوانەی کە لایەنی گفتوگۆبوون، یەکدەنگ بین.

خودی خۆم یەکێک بووم لەو کەسانەی کە لە بەغداد و لە گفتۆگۆکاندا ئامادەییم هەبوو وە یەکێک بووم لەو چوار کوردەی کە لەنووسینی دەستووری عێراقدا بەشداریم هەبوو. بە شانازییەوە دەڵێم کە توانیمان هەندێک لە بنەڕەتی ترین بەشەکانی مافی میللەتی عێراق لە دەستووری عێراقدا بچەسپێنین و هەندێک لە مافەکانی میللەتی کوردی تێدا بگونجێنین. بۆ ئێمە جێی شانازییە کە دەستوورێکمان بۆ عێراق داڕێژا کە بەراورد بە دەستووری هەندێک لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر پێشکەوتوترە.

لە قۆناغی سێهەمدا کاتی ئەوە هات کە نێوماڵی هەرێمی کوردستان ڕێکبخەین. بۆچوونی ئێمە ئەوەیە لە ماوە ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی ڕابردوو، سیستەمی یەک حیزبی لە کوردستان حاکم بووە و فرە حیزبی بوونی نەبووە. ناوچەی سلێمانی لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی و ناوچەی هەولێر و دهۆک لە دەستی پارتیی بووە. لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا حیزبەکان هەریەکەیان خاوەنی هێزی پێشمەرگە و هێزی ئەمنی و چەکداری خۆیان بوون کە نەگۆڕابوون بۆ هێزی دەوڵەت. حیزب لە تەواوی کاروباری ژیانی خەڵکدا دەستوەردان دەکات. لە زانکۆ، بازاڕ، دامەزراندن و دەرکردنی کارمەندانی بنەڕەتی هەرێمی کوردستان دەستوەردان دەکات. حیزب لە هەموو کاروبارێکی ژیانی هاووڵاتی کورد دەستوەردان دەکات. ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی کە حیزب و حکومەت تێکەڵ بەیەک ببن.

،،

 "بۆچوونی ئێمە ئەوەیە لە ماوە ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی ڕابردوو، سیستەمی یەک حیزبی لە کوردستان حاکم بووە و فرە حیزبی بوونی نەبووە. ناوچەی سلێمانی لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی و ناوچەی هەولێر و دهۆک لە دەستی پارتیی بووە"

ئێمە لە سلێمانی حکومەتمان هەیە؛ بەڵام حکومەت حزبی یەکێتی نیشتیمانییە. لە هەولێر و دهۆکیش حکومەتی حیزبی پارتییە. ئێمە دەمانەوێت ئەم حکومەتە بکەین بە حکومەتێکی نیشتیمانی. دەمانەوێت پێشمەرگە- کە لە ئێستادا بە شێوەی دوو هێزی پێشمەرگەی یەکێتی و پارتی بوونی ھەیە- ببێت بە هێزێکی نیشتیمانی و هێزە ئەمنییەکانیش ببن بە یەک هێزی نیشتیمانی. پێویستە هەموو کەسێک لەم ووڵاتەدا مافیان هەبێت کە دابمەزرێن بە پۆلیس و هێزی پێشمەرگە وئەمنی ومافیان هەبێت کە ببن بە قایمقام و بەڕێوەبەر و پارێزگار. ئێمە یەشێوەیەکی سروشتی حەزدەکەین کە لە کوردستاندا حیزبەکان چالاکییان هەبێت و باوەڕمان وایە کەپایەی سەرەکی دیموکراسییەو بەبێ حیزبیسیاسی، سیتەمی دیموکراسی بوونی نابێت.

بەڵام ئێستا لەم ووڵاتەدا چالاکی حیزبی بەشێوەی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی پێشوو ئەنجام دەدرێت. لە ڕابردوودا حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەوروپای ڕۆژھەڵاتی بە چ شێوازێک ووڵاتەکانیان بەڕێوەدەبرد؟ هەمان شێوە لێرە بوونی هەیە. خودی خۆم یەکێک لەو کەسانە بووم کە لە دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی بەشداربووم. چ پارتی و چ یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەردوو لە کاتێکدا درووست بوون کە بەرگری چەکدارانە بوونی هەبوو. بەم هۆکارە ڕێکخستنەکانی ئەم حیزبانە، بە جۆرێک ڕێکخستنێکی سەربازییە. لەم ڕووەوە، تەواو وەک حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی هەوڵدەدەن کۆنترۆڵی هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگە بەدەست بێنن.

ئێستا کە لەم قۆناغەدا ئێمە بە ناوی گۆڕان دەناسن، قۆناغی ڕێکخستنی ناوخۆی کوردە. ئێمە هەوڵ دەدەین دادپەروەری کۆمەڵایەتی بێتە کایەوە، هەوڵ دەدەین سنووری گەندەڵی دارایی و ئیداری دیاری بکرێت و سنووری هەموو ئەو شێوانەی کە لەم ووڵاتەدە پێی دەوترێت گەندەڵی، دیاری بکرێت. دەمانەوێت شەفافییەت ی سەربازی و پەیوەندی سیاسی بوونی هەبێت. دەمانەوێت خەڵکی کوردستان بزانن پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا و سوریا وئەمریکا و بەریتانیا و ئەوانی دیکەدا چۆن چۆنییە؟ ئەو گفتوگۆیانەی کە لەنێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ڕوو دەدات نابێت لە ژورێکی داخراودا کە تەنها چوار یان پێنج کەس ئامادەییان هەیە، ئەنجام بدرێت، بەڵکو دەبێت زانیاری بەردەست بخرێت. ئێمە دەمانەوێت پەرلەمان ئاگاداربێت و بەم هۆیەوە خەڵک ئاگاداربن و لەسەری ڕەزامەندی دەرببڕن.

بۆ نمونە، لەوانەیە ئێوە لە ئێران هەندێک ڕەخنەتان هەبێت دەربارەی هەڵبژاردن بەڵام من لە ئێوە دەپرسم ئایا کاتێک بەڕێز ئەحمدی نەژاد ڕۆشتە ناو هەڵبژاردنەوە ١٠ هەزار چەکی کڕی و لەناو هەوادارەکانیا دابەشی کرد بۆ ئەوەی دەنگ بەدەست بێنێت؟ ئایا ١٠ هەزار پارچەزەوی لەتاران دابەشکرد لەنێو ئاشناکانی خۆیدا تا دەنگ بەو بدەن؟ یاخود ١٠ هەزار کۆمپیوتەری بە بودجەی دەوڵەت کڕی و لە نێو خەڵک دا دابەشی کرد بۆ ئەوەی دەنگ بەدەست بێنێت؟ لە کوردستان لەم کارانە ئەنجام دەدرێت. ئێمە دەمانەوێت بۆ ئەم بابەتانە سنوورێک دابنێین.

،،

 "ئەم کۆمەڵه خاوەنی خۆشگوزەرانییەکی باڵان و ئەوانی دیکە لە ئاستێکی نزمتردا دەژین. کەس نازانێت دەرامەتی هەرێمی کوردستان چەندە و لە کوێوە بەدەست دەهێنرێت و چۆن سەرف دەکرێت؟ تەنانەت پەرلەمانی کوردستانیش ئاگادار نییە. زۆرێک لە دەسکەوتەکان، خەرجی حیزبەکان دەکرێت و ئەم جیاوازییە کۆمەڵایەتییەی لێ دروست بووە"

 ــ ئێوە دەڵێن پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستان ڕووبەڕووی چەند ڕێگرییەکە، چۆن گۆڕان لەم بارودۆخەدا دروستبوو؟ ئایا پێشتر هەماهەنگی پێویست لەگەڵ ئیسلامییەکان، کۆمۆنیستەکان و لایەنەکانی دیکەی چالاک کە لە کوردستاندا هەن، ئەنجامدرابوو؟ تکایە پرۆسەی دروستبوونی گۆڕان وە ئەم بابەتەی کە لە کاتی ئێستادا گۆڕان چییە، ڕوون بکەیتەوە؟

 نەوشیروان مستەفا: لەدوای ڕاپەڕین، هەروەک ووتم کارە سەرەکییەکان بۆ ئێمە گرنگبوون، بەڵام ناڕەزایی بە ڕۆژی یەکەمەوە بوونی هەبوو. ناڕەزایەتی خەڵک لە نا دادپەروەری بوو لە دامەزراندندا؛ بۆ نمونە ئێوە وەک کەسێکی خەڵکی سلێمانی، هەرچەند دڵسۆز و مرۆڤێکی گونجاوبیت و خاوەنی بڕوانامەیەکی بەرزیش بیت، ئەگەر ئەندامی حیزبی یەکێتی نیشتمانی نەبوبیت، ناتوانیت لەم ناوچەدا کارێک بەدەست بێنیت وە یا لە هەولێر و دهۆک ئەگەر ئەندامی حیزبی پارتی نەبن، ناتوانیت کارێکی گونجاو بدۆزیتەوە. ئەمە جگە لە بابەتی دیکە؛ بۆ نمونە ئێمە دەزگای ئەمنییەتیمان هەیە کە جگە لە ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی و پارتی، کەسی دیکە نەیدەتوانی بێتە ناو ئەم سیستەمەوە. لە هێزی پێشمەرگەشدا بارودۆخ بە هەمان شێوەیە. جگە لە ئەندامانی ئەم دوو حیزبە کەس ناتوانێت ببێتە وەزیر یا بریکار یا بەڕێوبەری گشتی. شێوازی ژیان و دەرامەتی خەڵک لەگەڵ ئەوانەی کە لە دوو حیزبەکەدا باڵادەست یان لە حکومەتدا لێپرسراون، جیاوازی هەیە. ئەم کۆمەڵەی دووەمە خاوەنی خۆشگوزەرانییەکی باڵان و ئەوانی دیکە لە ئاستێکی نزمتردا دەژین. کەس نازانێت دەرامەتی هەرێمی کوردستان چەندە و لە کوێوە بەدەست دەهێنرێت و چۆن سەرف دەکرێت؟ تەنانەت پەرلەمانی کوردستانیش ئاگادار نییە. زۆرێک لە دەسکەوتەکان، خەرجی حیزبەکان دەکرێت و ئەم جیاوازییە کۆمەڵایەتییەی لێ دروست بووە.

لێپرسراوانی حیزب و حکومەت لە خۆشییەکی زۆردا دەژین. باشترین ئۆتۆمۆبیل و خانوو و بڵند پایەترین پۆستیان هەیە. لە خۆشترین ناوچەدا دەژین و زەوی داگیر دەکەن و لەگەڵ خەڵکی دیکەدا ژیانێکی جیاوازیان هەیە. ئەمانە ناڕەزایەتییەکی زۆریان دروستکردبوو. بەڵام ئێمە نەماندەویست ئەم ناڕەزایەتییانە بەڕێوەبەرین و ڕێکی بخەین. چونکە لەبەر هەمان ئەو هۆکارانەی کە باسم کرد، قۆناغی یەکەم قۆناغی بونیادنانی حکومەتی ھەرێمبوو. لە قۆناغی دووەمدا شەڕی ناوخۆو پاش ئەوەش قۆناغی نووسینی دەستوور بوو. ئێستە کاتی ئەوە هاتووە کە گرنگی بدەین بە بابەتەکانی دیکە. کاتێک ئێمە مەشغوڵی جەنگبووین لەگەڵ حکومەتی بەعسدا، ئەو گەنجانەی کە لە ناوچەکانی جەنگەکەدا دەژیان، تەنها بەشێکی کەمیان بۆ دەرەوەی ووڵات کۆچیانکرد و ئەوانی دیکە مانەوە و بەرگرییان کرد. ئێستاکە پاش بونیادنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، سەدان هەزار گەنجی کورد کۆچیانکرد بۆ ئەوروپا. بابەتی کۆچ لەگەڵ سەردەمی بەعسدا بەراورد بکەن. لەو سەردەمەدا تەنها ١٠ هەزار کەس کۆچیان کرد، بەڵام لەدوای ئازادکردنی هەرێمی کوردستان سەدان هەزار گەنج، کوردستانی عێراقیان جێهێشت. ئەم بابەتە دەرەنجامی هەمان نا دادپەروەری بوو. پاشان چەندین ڕۆژنامە و چاپکراوی ناوخۆیی ناڕەزایەتییان دەربڕی و چەند گروپێکی بچوک خۆپیشاندانیان کرد کە ئێمە زۆر لێی ڕازی نەبووین. خودی ئێمە یارمەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانمان دا تا جێگیربێت و ئارامی بێتەکایەوە تا کارە بنچینەییەکان ببنە کردەیی.

لە کاتی ئێستادا، بە تێڕوانینی ئێمە کارە بنچینەییەکان گۆڕاون. حکومەتی بەغداد چی دیکە دوژمنی ئێمە نییە و ئێمە تێیدا هاوبەشین. سەرۆک کۆمار و چەندین وەزیر و جێگری وەزیر و سەرۆک ئەرکانی سوپا و چەندین فەرماندەی سەربازی و فەرماندەی هێزی ئاسمانی و سەرۆکی دەزگای موخابەرات هەموویان کوردن. بەغداد ئەمڕۆ، بەغدادی جاران نییە و تیایدا هەستی هاوبەشیمان هەیە نەک دوژمنی.

،،

"حکومەتی بەغداد چی دیکە دوژمنی ئێمە نییە و ئێمە تێیدا هاوبەشین. سەرۆک کۆمار و چەندین وەزیر و جێگری وەزیر و سەرۆک ئەرکانی سوپا و چەندین فەرماندەی سەربازی و فەرماندەی هێزی ئاسمانی و سەرۆکی دەزگای موخابەرات هەموویان کوردن. بەغداد ئەمڕۆ، بەغدادی جاران نییە و تیایدا هەستی هاوبەشیمان هەیە نەک دوژمنی"

کەواتە مەترسی گەورە لەسەر کوردستان نەماوە. پەیوەندی هەرێمی کوردستان و ئێرانیش بە شێوەیەک بۆ بابەت گەلێکی وەک پەیوەندی ئابووری و سیاسی گۆڕاوە. ئێمە وا بیر دەکەینەوە کە چیدی ئێران دوژمنی ئێمە نییە. ئێران و تورکیا ئیتر چاوی تەماحیان بۆ ناردنی هێزی سەربازی و داگیرکردنی کوردستانی عێراق نییە. لە دژوارترین بارودۆخدا فشاری ئابووری یان فشارگەلێکی دیکەمان بۆ دروست دەکەن. چیدیکە ستراتیژییەتی داگیرکردنی کوردستانی عێراق لەلایەن هێزی سەربازییەوە لە سیاسەتی ئێران و سوریا و تورکیا جێی نەماوە. بەڵام بۆ نمونە دەتوانن سنوورەکان کۆنترۆڵ بکەن و کێشەی ئابووریمان بۆ دروستبکەن. دەتوانن یارمەتی هێزە توندڕەوەکانی ناوچەکە بدەن.

نەک ئەوەی کە ئەمەی دەیڵێم ڕوودەدات، بەڵکو ئەمانە خراپترین شتانێکن کە لە دژمان ئەنجامی بدەن. بەڵام ئیتر ئێران و تورکیا و سوریا و ووڵاتانی ناوچەکە دوژمنی ئێمە نین. لەوانەیە حەز بە سیاسەتی ئێمە نەکەن. بەڵام وەک شتێکی واقعی، دەستووری عێراق ناوچەی هەرێمی بە ناوچەیەکی فیدرالی قبووڵ کردووە. ئێران و تورکیا و سوریا لەگەڵ ئێرەدا بازرگانییان هەیە. لە هەرسێ ووڵاتدا نوێنەرایەتی یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان و هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە.

 ــ ئایا بزوتنەوەی گۆڕان لەو وڵاتانەدا نوێنەری هەیە؟

 نەوشیروان مستەفا: نەخێر، چونکە باوەڕمان وایە کە سیاسەتی دەرەوە لە ئەرکەکانی حکومەتی ناوەندە. ئێستا وا بیردەکەینەوە کارەکان ئاسانتر بوون؛ ئەوەندە خۆمان بە دوژمنی دەرەکی و یا ئەوەی کە لەوانەیە عێراق جارێکی دیکە کوردستان داگیربکات و ئێران و تورکیا پیلان دەگێڕن، مەشغوڵ ناکەین. ئەم ووتانە ئیتر جێی سوود نین.

لە ئێستادا، بە هەمان شێوەی عەرەب کە بە سوود وەرگرتن لە دۆزی فەلەستین بۆ ڕیکلامی ڕۆژانە سوود وەردەگرن، هەندێک هێزی کوردی لە دۆزی کەرکوک، وەهمێک درووست دەکەن تا میللەت بەشێوەی بەردەوام پشتیوانی دەوڵەت بکات. بەڵام وادەزانم کاتی ئەوە هاتووە تا دەربارەی دۆخی نەوت بە تەرکیزێکی زیاترەوە قسەبکەین: ئەوەی کە ڕێککەوتنەکان بۆ چەند ساڵن؟ بەشی کورد چەنێکە و بەشی کۆمپانیاکانی دەرەوە چەنێکە؟ لە کوێ ئەنجام دراوە؟ بەشی نەوەی ئایندە و بەشی خۆتان چەنێکە؟ ئێستە کەس لەم بابەتانە ئاگادار نییە. زیاتر لە ٢٠ ساڵ لەگەڵ هەندێک کۆمپانیای دەرەکیدا پەیوەندی نەوتی ئەنجامدراوە، بەڵام جگە لە خۆیان و هەندێکی تر، کەس زانیاری لەبارەیانەوە نییە.

ئێستا لەگەڵ حکومەتی عێراق دەربارەی پێشمەرگە گفتوگۆ دەکەن، لەبارەی کەرکوک و بابەتەکانی ترەوە گفتوگۆ دەکرێت، بەڵام جگە لە خۆیان کەس زانیاری لەبارەیانەوە نییە. ئێستا ئەگەر تۆ ئەندامی یەکێتی نیشتمانی یان پارتی نەبیت، ناتوانیت ببیت بە باڵوێز و وەزیر و بریکار. ئێمە ئەمانەوێت کۆتایی بەم شێوەیە بهێنرێت و دەوڵەتی هاووڵاتی دروست بکرێت. دەوڵەتی حیزب نەمێنێت. ئێمە دەمانەوێت دەوڵەتی حبزب بگۆڕێت بۆ دەوڵەتی میللەت، و هاووڵاتی بوون پێوەری پێدانی ئەرک بێت نەک ئەندامبوون لە حیزب دا.

لەلای ئێمە هاووڵاتی بوون زۆر لە ئەندامبوون لە حیزبدا گرنگترە، چونکە کاتی ئەم قۆناغە تێپەڕیوە. ئێوە دەتوانن ئەندامی حیزب بن و لە هەڵبژاردنەکانا بەشداری بکەن و بە هەر کەسێک کە ئەتەوێ دەنگ بدەیت. بەڵام ئیتر ناکرێ و ناتوانرێ لە شوێنێکی وەک وەزارەتی کشتوکاڵ کە ٥٠ هەزار کەس تیایدا چالاکە، بە زۆر هەموویان بکرێن بە ئەندامی حیزبێک. ئێمە ١٣٢ هەزار مامۆستامان هەیە. لەم ژمارەیە لەوانەیە تەنها ٢ هەزار کەس لەبەرامبەر بە زۆر بە ئەندامکردن لە حیزبدا بەرگرییان کردبێت ئەوانی دیکە بە زۆر کران بە ئەندامی یەکێتی نیشتمانی یان پارتی. ئەوانەی کە لایەنگری گۆڕان یان لایەنە ئیسلامییەکانن، زیاتر ئامادەیی نهێنییان هەیە. ئێمە ئەمانەوێت ئەم بارودۆخە بگۆڕین و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بگەڕێتەوە ناوچەکە.

،،

لە کوردستانی عێراق ١١ پلەی کارمەندی بوونی هەیە. پلە یەک مانگانە ١٠ ملیۆن دینار مووچە وەردەگرێت و کۆتا پلە مانگی ٢٠٠ هەزار. ئێوە تەماشای ئەم جیاوازییە بکەن کە چۆن بۆشایی چینایەتی دروست دەکات،. مەترسی سەرەکی ئەوەیە کە لە ناوخۆ بۆشاییەک دروست بووە، یانی هەژار ڕۆژ بە ڕۆژ هەژار تر و دەوڵەمەند ڕۆژ بە ڕۆژ دەوڵەمەندتر دەبێت

نمونەیەکم لەبارەی مافەوە باس کرد. لە کوردستانی عێراق ١١ پلەی کارمەندی بوونی هەیە. پلە یەک مانگانە ١٠ ملیۆن دینار مووچە وەردەگرێت و کۆتا پلە مانگی ٢٠٠ هەزار. ئێوە تەماشای ئەم جیاوازییە بکەن کە چۆن بۆشایی چینایەتی دروست دەکات. ئەمانە دەبنە هۆی نەمانی ئاشتی چینایەتی. ئێمە لەبەڕ ئەم هۆکارە وا بیر دەکەینەوە کە مەترسی دەرەکی نەماوە و تەنانەت ئەگەر هەشبێت لە ئایندەدا دەبێت. مەترسی بە شێوەیەکی شاراوە دەبێت. مەترسی سەرەکی ئەوەیە کە لە ناوخۆ بۆشاییەک دروست بووە، یانی هەژار ڕۆژ بە ڕۆژ هەژار تر و دەوڵەمەند ڕۆژ بە ڕۆژ دەوڵەمەندتر دەبێت.

erd
ئیحسان هۆشمەند و نەوشیروان مستەفا کاتی چاوپێکەوتنەکە

 ــ لێرەدا لە نێوان حیزبی بوون و هاووڵاتی نا حیزبی جیاکاری بوونی هەیە؛ بۆ نمونە، تۆ وەک دەرچوویەکی زانکۆ لە کوردستانی عێراق، ئەگەر لایەنگری یەکێک لە حیزبەکان نەبیت ناتوانیت ماستەر یان دکتۆرا بخوێنیت. ئێمە لە زانکۆی سەڵاحدین لە هەولێر ١٢٠٠ مامۆستامان هەیە کە ٩٠٠ مامۆستایان ئەندامی حیزبی پارتین. لە سلێمانی ١٣٠٠ کەس مامۆستای زانکۆی سلێمانین، لەم بڕە بەلایەنی کەمەوە ٩٠٠ مامۆستایان بە داواکردن یان بە هەر ڕێگەیەکی تر بوونەتە ئەندامی حزبی یەکێتی. ئەمە چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ ئەزموونی حیزبی ڕەستاخیز لە ئێران کە محەمەد رەزاشا دروستیکرد؟

 نەوشیروان مستەفا: بە بۆچوونی ئێمە لە سیستەمێکی سیاسی گونجاودا، مرۆڤی خراپ یان جێگەیەکی نییە وەیا ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێت. لە سیستەمی سیاسی نادروستدا، مرۆڤی چاک یان ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێت وەیا ئەویش گەندەڵ دەبێت. بۆ ئێمە چاکسازی سیستەم زۆر گرنگە.

 ــ لە دیدی ئێوەوە ئایندە چۆن دەبینن؟

 نەوشیروان مستەفا: ئێمە بە کاروچالاکییەکانی خۆمان بەردەوامی دەدەین. کارەکانمان تەنها لە( بەردەرکی سەرا) نابێت ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق درێژە بە کارەکانی خۆمان دەدەین.

 ــ ئایا دەکرێت ئەنجامدار بێت؟ ئێوە ئومێدتان بە ئایندە هەیە؟

  نەوشیروان مستەفا: بەڵێ ئێمە گەشبینین؛ ئێمە سیستەمی ڕاگەیاندنمان هەیە کە لە ئەوروپا کاردەکات. کوردەکانی دیکە کار دەکەن و لە هەموو شوێنێک فشار دەهێنن. ئێوە ناتوانن کوردستانی عێراق خاڵی لە ڕوداوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بهێننە بەرچاو. ئەوەی کە لە میسر و تونس و لیبیا و سوریا ڕوویدا هەمووی کاریگەری هەیە لەسەر کوردستانی عێراق. بارودۆخی ئەمڕۆ وەک ٢٠ ساڵی پێشوونییە. ئەمڕۆ هەمەە دەتوانن ڕووداوەکان لە ڕێگەی سەتەلایت و تەلەفزیۆن و ئینتەرنێتەوە ببینن. پەیوەندی بەهۆی مۆبایل و ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئاسان بووە. کوردستان ناتوانێت کاریگەر نەبێت لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

 ــ بۆچی گۆڕان نەیتوانیووە لە هەولێر و دهۆک و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان بوونی هەبێت؟

 نەوشیروان مستەفا: ئێمە لەوێ مەکۆی نوێنەرایەتیمان هەبوو. بەڵام دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرت و ئاگریان تێ بەردان. دەتوانیت لە کەسێک کە ناوی پشتیوان  کە ئێستا لێرەیە، پرسیاری لێ  بکەیت کە چییان بەسەری هێناوە لە هەولێر.

 ـ یانی هیچ مۆڵەتێکی کارکردن بە ئێوە نەدرا ؟

 نەوشیروان مستەفا: ڕۆژی یەکەم هەندێک ئامادەییان هەبوو کە هەموویان دەستگیرکران. تەنانەت ڕێگە نادەن گروپی بچوکی ٣ یا ٤ کەسی کۆببنەوە، ڕاستەوخۆ هێرشیان دەکرێتە سەر. هەندێک بابەت لەگەڵ مەنتیق جێی دەرک پێکردن نییە. لەوانەیە تۆ بتوانیت لە هەولێر هەزار کەس بهێننە سەر شەقام، بەڵام لایەنی بەرامبەر ٢٠ هەزار هێزی ئەمنی و پێشمەرگە بە جلی مەدەنییەوە ئامادە دەکات و هەر خۆپیشاندەرێک لەلایەن ٢٠ کەسەوە لێی دەدرێت یان ڕاودەنرێت؛ تا ئێستا وابووە.

،،

"لای ئەمریکییەکان دەڵێن کە سوپای قودس و ئێران لەپشت ڕووداوەکانەوەیە. لای ئێرانییەکان دەڵێن کە ئەمریکا هۆکار و پشتگیریکەری ڕووداوەکانە. بە کوردەکان دەڵێن شۆڤێنییەکانی عەرەب پشتگیرییان دەکەن و بە شۆڤێنییەکانی عەرەبیش دەڵێن کە ئەمانە باڵی توندڕەوی بزوتنەوەی کوردن. لەهەر جێگەیەک بەشێوەیەک قسە دەکەن"

 ــ دەوترێت کە ناڕەزایەتییەکان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێ دەکرێت و هۆکاری خۆپیشاندانەکان بوون ئەوان لەسەر چ هۆکار و بەڵگەیەک ئەم قسە و تاوانبارکردنە دەکەن؟

 نەوشیروان مستەفا: ئەوان لای ئەمریکییەکان دەڵێن کە سوپای قودس و ئێران لەپشت ڕووداوەکانەوەیە. لای ئێرانییەکان دەڵێن کە ئەمریکا هۆکار و پشتگیریکەری ڕووداوەکانە. بە کوردەکان دەڵێن شۆڤێنییەکانی عەرەب پشتگیرییان دەکەن و بە شۆڤێنییەکانی عەرەبیش دەڵێن کە ئەمانە باڵی توندڕەوی بزوتنەوەی کوردن. لەهەر جێگەیەک بەشێوەیەک قسە دەکەن.

 ــ لەم ڕووداوانەی کۆتاییدا زۆر کەس دەستگیرکران و چەند کەسێک کوژراو و چەند سەد کەسیش بریندار کراون. ئایا کەس هەیە بەدەم بارودۆخی بریندارەکان و ئازادی دەستگیرکراوەکانەوە بێت؟

  نەوشیروان مستەفا: لە ڕاستیدا ڕابەرایەتیکردنی خۆپیشاندانەکان لە دەستی ئێمەدا نییە و ئێمە تەنها بەشداریمان تیایدا هەیە. ئێوە لە سلێمانی دەتوانن شاهێدی ئەم بابەتە ببن کە خودی خۆپیشاندەران کۆمیتەیەک و ئەنجومەنێکی کاتی لە ٢٠ بۆ ٣٠ کەس دروست کردووە. ئێمە لەو ئەنجومەنەدا تەنها یەک ئەنداممان هەیە. ئێمە تەنها پشتگیری و ڕێنوێنییان دەکەین. ئەوان لە جۆری هوتافەکان و گفتوگۆکان و بەردەوامیدان بە ناڕەزایەتییەکان ئازادن. ئێمە شێوازی دیکەمان بۆ گفتوگۆ هەیە. ئێمە جگە لە کەناڵی ئاسمانی، لە پەرلەمان و بەغداد خاوەنی ووتەبێژ و نوێنەرین.

ـ یانی داواکاریی گۆڕان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دەوڵەتی هەرێم و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نییە؟

 نەوشیروان مستەفا: بەڵێ! ئێمە ئەوانەمان دەوێت. ئەم پەرلەمانە بەهیچ شێوەیەک توانای نییە لە کوردستانی عێراق چاکسازیی سیاسیی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەنجام بدات. ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی لە ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی جددی بن ئەوا پێویستە ئەم حکومەتە بگۆڕدرێت.

 ــ ئایا لێرەدا دژیەکییەک بوونی نییە، کە گۆڕان دەڵێت پەرلەمان ناتوانێت چاکسازی ئەنجام بدات، بەڵام خۆی لە پەرلەمان بوونی هەیە؟

  نەوشیروان مستەفا: نەخێر! هیچ دژیەکییەکی تێدا نییە. چونکە پەرلەمان یەکێکە لە بڵندگۆکانی ئێمە بۆ قسەکردن. ئێمە لە پەرلەمان ئامادە دەبین و دەڵێین ئەم پەرلەمانە هیچ کارا نییە.

 ــ یانی تەنها بۆ قسەکردن و هیچ شتێکی تر!

 نەوشیروان مستەفا: بەڵێ! ئێمە لەو باوەڕەداین کە پەرلەمان ناتوانێت هیچ چاکسازییەک ئەنجام بدات. تەنها لە بڵندگۆکەی سوود وەردەگرین. چونکە بابەتی حوکمدان لە سەرو ئیرادەی ئەوانەوەیە و تەنها لە دەستی مسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی دایە. لە دەستی هێزەکانی حیزبی ئەوان دایە. ئەگەر ئەوان فەرمان بکەن بە پەرلەمان کە هەڵبوەشێتەوە، پەرلەمان سبەینێ خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. سبەینێ بە بەرهەم ساڵح بڵێن دەست لەکار بکێشێتەوە خێرا ئەو کارە دەکات. فەرمانەکان لە سەرەوە دەردەچن.

 ــ هەندێک دەڵێن ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بڕۆنە دەرەوە، دووبارە جەنگی عەرەب و کورد یان شەڕی ناوخۆ ڕوودەدات. تێڕوانینی ئێوە لە ڕۆشتنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ئەگەری جەنگی دووبارە چییە؟

 نەوشیروان مستەفا: گومان ناکەم وەها بابەتێک ڕوو بدات؛ ئەمریکا پێش ئەمەش لە کوردستان بوونێکی سەربازی وای نەبووە.

 ــ لە هەموو عێراق...

 نەوشیروان مستەفا: ئەگەر هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق بڕۆنە دەرەوە؛ دیسان ئەمریکا دەسەڵاتێکی دیپلۆماسی زۆری دەبێت. ئەمریکا گەورەترین باڵوێزخانەی لە جیهاندا لە بەغداد هەیە. ژمارەی کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، بە ئەندازەی یەک لەشکری ئێرانی دەبێت؛ زیاد لە ٢ هەزار کەس. جگە لەمە دەسەڵاتی ئابووری هەیە و هەمیشە لە کەنداوی فارس کەشتی و هێزی دەریایی گەورە بەجێ دەهێڵێت. ئەم بابەتە، هەمووی وەهمەو ڕووداوێک بە چوونە دەرەوەی ئەوان لە عێراق ڕوو نادات. بە هەمان شێوە کە لە زۆرێک لە ناوچەکانی عێراق چوونە دەرەوە و ڕووداویش ڕووی نەدا.

 ــ لە قۆناغی دووەمی کارە بنچینەییەکان کە ئاماژەت پێدا، شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی بوو کە چەند هەزار کەس تیایدا کوژران و چەند دە هەزار کەسیش بریندار بوون. ئایا تا ئێستە لیژنەیەکی سەربەخۆتان داناوە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرهەڵدان و ئەو ڕووداوانەی ڕووی داوە هەڵسەنگێنێت و لایەنی تاوانبار دیاری بکات؟

 نەوشیروان مستەفا: کاتێک لەنێوان یەکێتی وپارتی ئاشتی هاتە کایەوە، لەسەر پەرلەمان ڕێککەوتن و بابەتەکە کۆتایی هات. ئێستا کە ئەم باسە دەخرێتە ڕوو کە مەترسی جەنگی ناوخۆ بوونی هەیە، تاکە هۆکاری ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە یەکێتی، هێزەکانی تایبەت بە خۆی ھەیە و پارتیش بەهەمان شێوە. تا کاتێک کە ئەم دوو حیزبە خاوەنی هێزی چەکداری خۆیانبن مەترسی شەڕی ناوخۆش بوونی دەبێت. کەواتە زۆر بۆ ڕابردوو ناگەڕێینەوە و لەبارەی ئەوەوە قسە ناکەین، تاکو شەڕێکی تر ڕوو نەدا.

 ــ لە ئێستادا ئامارێکی دروست لە کوژراوانی ئەو شەڕە بوونی هەیە؟

 نەوشیروان مستەفا:  نەخێر! ئامارێکی دروست لەم بارەوە بوونی نییە، بەڵام وا بیردەکەمەوە ئەم ئامارانە گەورەکراو بن. لە هەولێر وەزارەتی شەهیدان بوونی هەیە. وەزارەتی شەهیدان ئاماری هەموو شەهیدەکانی کوردستانی لایە؛ ئەوانەی کە لە شەڕی ناوخۆ و ئەوانەشی کە لە جەنگ لەگەڵ عێراقدا شەهیدبوون، چونکە خانەوادەکانیان مووچە وەردەگرن. کەواتە لەوێ ئامار بوونی هەیە.

،،

گرنگترین ئامانجی ئێمە لەم قۆناغەدا بێ لایەنکردنی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانە. ئەمە بابەتێکی گرنگە بۆ ئێمە.

ــ هەڵسەنگاندنی ئێوە سەبارەت بە پەیوەندی فەرهەنگی کوردی عێراق لەگەڵ ئێران و فەرهەنگی ئێرانی چییە؟

 نەوشیروان مستەفا: لەنێوان سیستەمی سیاسی کوردستانی عێراق و سیستەمی سیاسی تورکیا جیاوازی بوونی هەیە. کاتی خۆی کە سیستەمی سیاسی لە تورکیا دروستبوو بەرەو ئەوروپا و سیکۆلاریسم و جێهێشتنی ناوچەکە جوڵاوە. هەندێک جیاوازی لەنێوان کوردستانی تورکیا و کوردستانی عێراق بوونی هەیە. تا جێگەیەک کە لە کوردستانی تورکیا پیتەکانیشیان گۆڕیوە. کوردستانی عێراق بەدرێژایی کات لە جەنگدا بووە. لەلایەکی دیکەوە، کوردستانی عێراق زیاد لە ٦٠٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە. عەشایەری کوردی عێراق و ئێران لەم ناوچانەدا تێکەڵ بەیەک بوون. تەنانەت ناوی زیاتری خەڵکی کوردستانی عێراق، ناوی کۆنی ئێرانییە. بڕێکی زۆر لە کوردەکانی عێراق تا ٦٠ ساڵ پێش، گوڵستانی سەعدی و شانامەیان لە وانەکانیاندا خوێندووە. خوڵکێکی زۆر لێرە زمانی فارسی دەزانن. بڕێکی زۆر لە دانیشتووانی سلێمانی، خەڵکی سنە و بانەن. بەشێکی زۆر لە هەورامانی عێراق خەڵکی مەریوان و پاوە و نەوسودن. بەشێکیشیان خەڵکی سلێمانین. لەگەڵ ئەوەشدا بە تازەیی ئێران کرانەوەیەکی بۆ کوردەکان فەراهەم کردووە. تا چەند ساڵ پێشیش کوردەکانی ئێران و تورکیا و سوریا وەک هەڕەشەیەک بۆسەر ئەمنییەتی ناوخۆیی هەر وڵاتێک سەیر کراون.

ــ گرنگترین بەرنامەی ئێوە بۆ بەرەوپێش بردنی داواکارییەکانتان چییە؟ قۆناغی یەکەم و قۆناغەکانی دواتری بەرنامەکانی ئێوە چییە تا داواکارییەکانتان جێبەجێ بکرێت؟

 نەوشیروان مستەفا: گرنگترین ئامانجی ئێمە لەم قۆناغەدا بێ لایەنکردنی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانە. ئەمە بابەتێکی گرنگە بۆ ئێمە.

 ــ یانی سەربەخۆکردنی ئەوان لە حیزبەکان؟

 نەوشیروان مستەفا: بەڵێ  بە تەواوەتی! بابەتی تر ئەوەیە کە یارمەتییە داراییەکان بۆ حیزبەکان سنووردار بکرێت و دیاری بکرێت چ بڕێک بودجە بە یەکێتی و پارتی و گروپەکانی دیکە دەدرێت، ئەم دیاری کردنانە بە چ پێوەرێک ئەنجام دەدرێن؟ نەک بە ویستی خۆیان هەرچەنێک بودجەیان پێویست بوو وەریبگرن. پێویستە ئەم بابەتانە ڕوون بێت. شەفافییەتی دارایی لای ئێمە زۆر گرنگە. بابەتێکی تر جیاکردنەوەی حیزبە لە حکومەت؛ یانی دەوڵەتی هاووڵاتی بوون درووست بێت و هەرکەسێک بتوانێت تیایدا بەشداری بکات. جیا لەمەش، پێش ساڵ و نیوێک کە دەستوور هەموارکرایەوە بەشێوەیەکی تایبەت بۆ سەرۆکایەتی هەرێمیش نوسرا کە ئێستا بۆ خەڵک سوودێکی وەهای نییە. ئێمە دەمانەوێت کە دەستوور گۆڕانکاری و چاکسازی تێدا بکرێت و بگۆڕدرێت بە یاسایەکی هەمیشەیی کە لە پاش بەڕێز بارزانی هەرکەسێک جێگەی گرتەوە، یاسایەکی گونجاو بێت.

 ـ لەم بابەتە زۆر قسە دەکرێت( شۆڕشی چاکسازیی)، چاکسازییەک لە جۆری چاکسازی قووڵ ؟

 نەوشیروان مستەفا: بەڵام شۆڕش تەنها ئەوەیە کە لە ڕێگەی چەک و جەنگەوە ئەنجام دەدرێت.

 ــ بەڵێ! ئەمە شۆڕشە. بەڵام چاکسازی، داوایەکی بچوکترە و شۆڕشی چاکسازی، چاکسازییە لە چوارچێوەیەکی قبوڵکراوی گەورەتر.

 نەوشیروان مستەفا: دەتوانرێت بوترێت کە داوایەکی ڕادیکاڵییانەیە. حیزبێک کە ٣٠ ساڵ تەمەنی هەیە و خاوەنی ٢٠ یا ٥٠ هەزار پێشمەرگەیە و ئێستا داوای لێ بکرێت کە چاوپۆشییان لێ بکات بۆ حکومەت، کارێکی ئاسان نییە. بەڵام پێویستە ئەنجام بدرێت.

ـ لەگەڵ سوپاس بۆ بەڕێزتان

 نەوشیروان مستەفا: منیش سوپاسی ئێوە دەکەم. سەرکەوتووبن.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك