كاریگه‌ریی خێڵ له‌ كه‌مپینه‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا

وتووێژ له‌گه‌ڵ د.سه‌ردار عه‌زیز

كاریگه‌ریی خێڵ له‌ كه‌مپینه‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا

1324 خوێندراوەتەوە

سازدانی: رەزوان زەڵمی

له‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عێراق، زۆرێك له‌ كانید و لیسته‌كان په‌نایان بردووه‌ بۆ  جوڵاندنى هه‌ستى ناوچه‌گه‌ریی و عه‌شیره‌ت و خێڵایه‌تی، ده‌یانه‌وێت ئه‌مه‌ بكه‌نه‌ پردێك بۆ په‌رینه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانی عێراق و مسۆگه‌ركردنی ده‌نگی ده‌رچوونیان، له‌ كاتێكدا هه‌ڵبژاردن بۆ خۆی ره‌گه‌زێكی بنه‌ره‌تی دیموكراسییه‌ له‌ پێناو چه‌سپاندنی بنه‌مای هاوڵاتیبوون.

ئه‌م دیارده‌یه‌ی ناو بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردن، بووه‌ته‌ جێگه‌ی تێبینی و ره‌خنه‌ لای هه‌ندێك له‌ نووسه‌ر و رۆشنبیران، به‌وه‌ش ئه‌و لایه‌نانه‌ پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی رووپۆش ده‌كه‌ن به‌ هه‌ستی خێل و عه‌شره‌تگه‌رایی، د.سه‌ردار عه‌زیز نووسه‌ر و رۆشنبیر له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین به‌ ووردیی ده‌رباره‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌دوێت و وه‌ڵامی پرسیاره‌كان ده‌داته‌وه‌.

د.سه‌ردار عزیز له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى ماڵپه‌ری دیپلۆماتیك كه‌ بۆچى جوڵاندنى هه‌ستى خیڵایه‌تى و ترادسیۆنى خێڵه‌كى له‌ نێو بانگه‌شه‌ى كاندیده‌كان به‌دى ده‌كرێت ئاماژه‌ى به‌وه‌ ده‌كات كه‌ "ئه‌م جۆره‌ له‌ بانگه‌شه‌ و زاڵبوونى هه‌ستى خێل و تایفى ته‌نها له‌ هه‌رێمى كوردستان نییه‌، به‌ڵكو وێنه‌كه‌ له‌مه‌ گه‌وره‌تره‌ و ئه‌گه‌ر له‌م بابه‌ته‌ وورد بینه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ دۆخێكى ئاڵۆزه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌نێو مۆدێرنه‌دا كه‌ له‌ هه‌موو ئاسته‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌دى ده‌كرێت".

سه‌ردار عه‌زیز، كه‌ دكتۆراكه‌ی له‌سه‌ر به‌رێوه‌بردنی كاروباریی حكومه‌ت و حوكمرانییه‌، ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ریشه‌ی مێژووی بابه‌ته‌كه‌ و ده‌ڵێت:" خێڵ و عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌، پێكهاته‌كانى پێش مۆدێرنه‌ن و مرۆڤ پێش دروستبوونى ده‌وڵه‌تى مه‌ده‌نى پشتى پێ به‌ستوون و گرنگ بوون به‌لایه‌وه‌، به‌ڵام دواى دروستبوونى ده‌وڵه‌تى تازه‌ عێراق و هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى مۆدێرنه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقى به‌شێوه‌یه‌كى زۆر به‌هێز نه‌یتوانى مۆدێرنه‌ ببێت، چونكه‌ نه‌ له‌ رووى ئابورییه‌وه‌ عێراق هێنده‌ به‌ پرۆسه‌یه‌كى به‌هێزدا تێپه‌رى تاكو چینى كرێكار و بۆرژوا بهێنێته‌ ئاراوه‌، نه‌ له‌ رووى شاریشه‌وه‌ هێنده‌ پێشكه‌وت تاكو تاكى عێراقى بتوانێت گه‌شه‌ به‌ خۆى بدات و خۆى له‌گه‌ڵ رابردوو به‌هه‌موو شێوه‌یك داببرێت، نه‌ ده‌وڵه‌تیش توانى نه‌ته‌وه‌یه‌كى نوێ بهێنێته‌ ئاراوه‌ تاكو كه‌س پێویستى به‌ نه‌ته‌وه‌ و عه‌شیره‌ت و شوناسى رابردووى نه‌بێت، نه‌ لیبراباڵیش هێنده‌ گه‌شه‌ى كرد تاكو تاك بێته‌وه‌ ئاراو و چیدى پێویستى به‌ شوناسى گروپ نه‌بێت، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ مۆدێرنه‌ له‌ دۆخى شكستیدا جۆرێك له‌ ئاڵۆزى بۆ تاك دروست بكات كه‌ تێكه‌ڵكردنى مۆدێرنه‌ و پێش مۆدێرنه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ عه‌لى وه‌ردى باسى ده‌كات تێكه‌ڵكردنى به‌داوه‌ت و شارچێتى كه‌ ئه‌مه‌ دوالیزم و ئیزدواجییه‌ته‌".

،،

"ئه‌م جۆره‌ له‌ بانگه‌شه‌ و زاڵبوونى هه‌ستى خێل و تایفى ته‌نها له‌ هه‌رێمى كوردستان نییه‌، به‌ڵكو وێنه‌كه‌ له‌مه‌ گه‌وره‌تره‌ و ئه‌گه‌ر له‌م بابه‌ته‌ وورد بینه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ دۆخێكى ئاڵۆزه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌نێو مۆدێرنه‌دا كه‌ له‌ هه‌موو ئاسته‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌دى ده‌كرێت".

 

DC
د.سەردار عەزیز، لە گۆنگرەی عەرەب و کورد ـ قەتەر ـ ئایاری ٢٠١٧

د.سه‌ردار عه‌زیز كه‌ خاوه‌نی چه‌ندین كتێب و توێژینه‌وه‌یه‌ له‌ بواره‌كانی سیاسه‌ت و حوكمرانیی، له‌ درێژه‌ی گفتوگۆكه‌یدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ری دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین، ده‌ڵێت: " شاره‌كانى عێراق ئه‌گه‌ر كه‌مێك سه‌رده‌مى بن و پێشكه‌وتنیشیان پێوه‌ دیار بێت به‌رهه‌مى پرۆسه‌یه‌كى پیشه‌سازى نییه‌، به‌ڵكو كۆچێكى به‌ لێشاوى سیاسیین، بۆ نمونه‌ شارى سەدر له‌ به‌غدا به‌رهه‌مى پرۆسه‌یه‌كی پیشه‌سازى نییه‌، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كى سیاسی ئه‌و شاره‌ى درووستكردووه‌، له‌ كوردستانیش نمونه‌ى ئه‌مه‌ هه‌بووه‌ وه‌ك له‌ سه‌رده‌مى سه‌دام كه‌ تاوانی ئه‌نفال بووه‌ هۆكارى هه‌ڵئاوسانى شاره‌كان و ئۆردوگا شارییه‌كان".

دوای ئه‌و شیكردنه‌وه‌ تیۆرییه‌، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ بۆچى كاندید لیسته‌كان شه‌رى شوناسى خێڵ و عه‌شیره‌ت ده‌كه‌ن له‌ برى شوناسێكى هاوڵاتیبوون.

د.سه‌ردار عه‌زیز ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ " هه‌میشه‌ كه‌مینه‌یه‌ك ده‌ستى گرتووه‌ به‌سه‌ر جومگه‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌كانی سیسته‌مى سیاسی عێراقی و قۆرغى كردووه‌ بۆیه‌ پێكهاته‌ و كه‌مینه‌كانى دیكه‌ى ناچار كردووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات وه‌ك نه‌یار بمێنته‌وه‌ و ده‌ست بگرن به‌ شوناسه‌ كۆنه‌كه‌یانه‌وه‌ و هه‌وڵ بده‌ن بیپارێزن، ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ى سوننه‌دا عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌ رۆڵێكى زۆرى هه‌یه‌ و له‌ ناو شیعه‌شدا به‌هه‌مان شێوه‌ بوونى هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی سوننه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ له‌پێشدا له‌ ده‌سه‌ڵات بوون و له‌ دۆخى به‌رگیردا نه‌بوون بۆیه‌ ئه‌مرۆ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتن ناچارن به‌رگرى بكه‌ن و بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ عه‌شیرت و خێڵ بۆیه‌ ئه‌م هه‌سته‌ زاڵ ده‌بێت له‌ ناویاندا".

،،

" هه‌میشه‌ كه‌مینه‌یه‌ك ده‌ستى گرتووه‌ به‌سه‌ر جومگه‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌كانی سیسته‌مى سیاسی عێراقی و قۆرغى كردووه‌ بۆیه‌ پێكهاته‌ و كه‌مینه‌كانى دیكه‌ى ناچار كردووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات وه‌ك نه‌یار بمێنته‌وه‌ و ده‌ست بگرن به‌ شوناسه‌ كۆنه‌كه‌یانه‌وه‌ و هه‌وڵ بده‌ن بیپارێزن"

 

تا ئێره‌ د. سه‌ردار عه‌زیز زۆرتر وێنه‌ى گشتى عێراقى بۆ كێشاین لێره‌وه‌ ده‌یه‌وێت ووردتر باس له‌ كوردستان بكات، جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستانیش وه‌ك عێراق شاره‌كانى له‌ پرۆسه‌یه‌كى سیاسیدا به‌شاریكران له‌ سه‌رده‌مى سه‌دام و له‌ سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى كوردیشدا، ئه‌و ئابورى ره‌یعی (كرێخۆرى)ش به‌ هۆكارى سه‌ره‌كى ده‌زانێت كه‌ تیایدا نه‌وت وه‌ك تاكه‌ سه‌رچاوى داهاتى سه‌ره‌كى حكومه‌ت هۆكار بووه‌ له‌ فه‌راهه‌مبوونى ئه‌م دۆخه‌دا. هۆكاره‌كانی ئه‌مه‌ش به‌مشێوه‌یه‌ روون ده‌كاته‌وه‌:

"نه‌وت وا ده‌كات پێویستت به‌ كه‌رته‌كانى كشتوكاڵ و پیشه‌سازى و سێكته‌ره‌كانى دیكه‌ نه‌بێت و ته‌نها له‌ رێگه‌ى نه‌وته‌وه‌ ژیان و گوزه‌ران و ئاسایشى خه‌ڵك دابین بكه‌یت و پێویستت به‌تاكى كوردى نه‌بێت، به‌مه‌ش حكومه‌ت گه‌وره‌تر و به‌هێزتر بوو، له‌ به‌رامبه‌ردا كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى دروست نه‌بوو كه‌ بتوانێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى مۆدێرن بێت و هاوڵاتیه‌كانى، هاوڵاتى نیشتیمانى بن و هاوڵاتى عه‌شیره‌ت و خێل نه‌بن، ناچار نه‌بن په‌نا بۆ شوناسى كۆن ببه‌نه‌وه‌".

 

DCV
د.سەردار عەزیز

،،

"یه‌كێتى و پارتى به‌هۆى قه‌یرانى زۆره‌وه‌ ناتوانن ته‌نها له‌رێگه‌ى ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تدارییه‌وه‌ خه‌ڵكى رازى بكه‌ن و ده‌نگى هاوڵاتیان مسۆگه‌ر بكه‌ن بۆیه‌ ئه‌وانیش ناچارن بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ ده‌نگى عه‌شیره‌ت جوڵاندنى هه‌ستى سۆزى خێڵه‌كى و شوناسه‌كانى رابردوو"

 

د.سه‌ردار عه‌زیز، یه‌كێتى و پارتى به‌ تاوانبارى سه‌ره‌كى ده‌زانێت له‌ دروستبوونی ئه‌م بارودۆخه‌دا و ده‌ڵێت:" یه‌كێتى و پارتى به‌ ئاگایی یاخود بێ ئاگایی هۆكارى سه‌ره‌كى ئه‌م بابه‌ته‌ بوون كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى درووست نه‌بێت، چونكه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵیان داوه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات بمێننه‌وه‌ كێشه‌ى سه‌ره‌كیان مانه‌وه‌ و پاراستنى  به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیان بووه‌ نه‌ك دروستكردنى تاكێكى مۆدێرن له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى مۆدێرندا، به‌ڵام یه‌كێتى و پارتى به‌هۆى قه‌یرانى زۆره‌وه‌ ناتوانن ته‌نها له‌رێگه‌ى ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تدارییه‌وه‌ خه‌ڵكى رازى بكه‌ن و ده‌نگى هاوڵاتیان مسۆگه‌ر بكه‌ن بۆیه‌ ئه‌وانیش ناچارن بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ ده‌نگى عه‌شیره‌ت جوڵاندنى هه‌ستى سۆزى خێڵه‌كى و شوناسه‌كانى رابردوو".

د.سه‌ردار عزیز، پێیوایه‌ "سه‌رۆك عه‌شیره‌ت رێگه‌یه‌كى ئاسانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى زۆرترین ده‌نگى پێ كۆ بكه‌یته‌وه‌ چونكه‌ كاتێك له‌ رێگه‌ى پاره‌وه‌ سه‌رۆك عه‌شره‌تێك ده‌كریت ئیدى ده‌توانى بڵێیت كۆمه‌ڵێك ده‌نگ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت ئه‌مه‌ ئاسانتره‌ له‌وه‌ى بگه‌رێیت به‌دواى خه‌ڵكدا و ده‌نگ ده‌نگ كۆیان بكه‌یته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ گه‌ران به‌دواى عه‌شیره‌ت و سه‌رۆك عه‌شیره‌تدا له‌ كوردستان كۆن و به‌سه‌رچووه‌، به‌ڵام ئه‌مرۆ یه‌كێتى و پارتى كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن چونكه‌ وه‌ك عه‌ره‌به‌كان ده‌ڵێن سه‌رۆك عه‌شیره‌ت نێوه‌ندگیرییه‌ بۆیه‌ یه‌كێتى و پارتى ئه‌م نێوه‌ندگریه‌ ده‌كرن و زۆرترین ده‌نگى پێ كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌، سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى عه‌شیره‌ت و خێڵ وه‌ك فۆرم له‌ كورستان كاڵ بوونه‌ته‌وه‌ زۆر كاریان پێ ناكرێت به‌ڵام وه‌ك هه‌ستوسۆز بوونى خۆیان هه‌یه‌، تانه‌ت ئه‌مه‌ له‌ناو حزبه‌كانیشدا بوونى هه‌یه‌ ئه‌ندامى حزبێك وه‌ك ئه‌ندامى خێڵێك كاتێك هه‌ست به‌بوون و به‌هێزى خۆى ده‌كات كه‌ باڵه‌كه‌ى ئه‌و زۆرترین پیاوى تیا بێـت، ئه‌مه‌ش بۆ زۆرینه‌ى حزبه‌كان راسته‌".

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان