محهمهد لهتیف محهمهد، لێکۆڵەوەری بواری ئەستێرەناسی و فەلەکی و ساڵنامەیه، بهوتهی خۆی زیاتر لە ۲۰ ساڵە لەو بوارانەدا خوێندنەوەو لێکۆڵینەوەی هەیەو ماوهی ساڵێكیشه لێكۆڵینهوه له ساڵنامهی كۆچیی دا دهكات.
ئهو ئاماژه بهوه دهكات بهڕوونی دیاره كه ساڵنامهی ئیسلام ههتاوی - ههیڤییه نهك به تهنها ههیڤی، ئاماژهش بهوه دهكات كه یهكهم ڕۆژی مانگی ڕهمهزان دهكهوێته سەرەتای مانگی ڕەمەزان دەکەوێتە ۲۰۱۸/۹/۱۱ زاینییەوە.
دیپلۆماتیك : پێورو ساڵنامەی درووست بۆ زانینی مانگەکان چ ساڵنامەیەکەو بۆچی؟
محهمهد لهتیف: پێشتر بڕوام بەساڵنامەی کۆچی هەبوو کەساڵنامەیەکی هەیڤی(قمری)یە، ماوەی کەمتر لەساڵێکە دیراسەی ساڵنامەی ئیسلام دەکەم بەپێی قورئان و ڕیوایات و حیساباتی ساڵنامەی ۲۳ ساڵی پێغەمبەرایەتی، لەهەموو ئەوانەدا بەڕوونی دیارە کە ساڵنامەی ئیسلام هەتاوی-هەیڤی (شمسی-قمری)یە نەک تەنها هەیڤی(قمری)، پاشان بەگەڕانەوەی حیساباتی ورد بۆ ساڵنامەی ۲۳ ساڵی پێغەمبەرایەتی و بەراوردکردنی بەڕوداوەکانی ئەو سەردەمە وەک غەزەواتەکان، بەپێی ڕیوایات و قورئانیش ناکۆک دێنەوە، وەک ئەوەی غەزوەی تەبوک لەکاتێکی گەرمدا بووە بەپێی قورئان و ڕیوایات ،بەڵام کاتێ ساڵنامەی کۆچی بەپێوەرو حیساباتی خۆی دەگێڕینەوە بۆ ڕابردوی ئەو سەردەمە، دەکاتە مانگی ۱۱ ی زاینی و نزیکی زستان! بەڵام بەپێوەری ساڵنامەی هەتاوی-هەیڤی دەکاتە هاوین، ئەمە بۆ هەموو ئەو ڕوداوانەی تریش بەهەمان شێوەیە. بۆیە پێوانەی ساڵنامەی ئیسلام بەهەموو بەڵگەکان هەتاوی-هەیڤییە، واتە ساڵ بەپێوانەی خولی زەوی بەدەوری خۆرو مانگەکانیش بەپێوانەو حیسابی هەیڤ(قمر) بەدەوری زەویدا، واتە بۆ مانگەکان دیسانەوە پێوویستە حیسابی هیلالی نوێ بکەین بۆ هیلالێکیتر، بەڵام پێوویستە بزانین کام مانگ پەیوەستە بەکامە هیلالەوە، واتە هیلالەکان تایبەتمەندیی خۆیان هەیەو بەمەوقیعی فەلەکی هەتاوی جیا دەکرێنەوە، یان بەشێوەیەکی ئاسانتر بڵێین و بەحیسابی ساڵنامەی زاینی گوزارشتی لێبکەین مەوقعی هیلالی مانگێکی وەکو مانگی ڕەمەزان بریتییە لە ۸/۲٥ بۆ ۹/۲۳ زاینی واتە هەر هیلالێکی نوێی ئەو نێوانە هیلالی ڕەمەزانە.
.jpg)
،،
ماوەی کەمتر لەساڵێکە دیراسەی ساڵنامەی ئیسلام دەکەم بەپێی قورئان و ڕیوایات و حیساباتی ساڵنامەی ۲۳ ساڵی پێغەمبەرایەتی، لەهەموو ئەوانەدا بەڕوونی دیارە کە ساڵنامەی ئیسلام هەتاوی-هەیڤی (شمسی-قمری)یە نەک تەنها هەیڤی(قمری)،
دیپلۆماتیك: ئێوە پێتانوایە کە ساڵنامەی کۆچی بۆ زانین و دیاریکردنی مانگ و وادەی عیبادەتەکان هەڵەیە، ئەم هەڵەیە چۆن و لە کەیەوە هاتۆتە ناو ئەو ساڵنامەیەوە؟
محهمهد لهتیف: بەڵێ ساڵنامەی کۆچی بەپێوەری ۱۲ مانگی هەیڤی بۆ هەر ساڵێک جێگیر کراوەو بەمەش نزیکەی ۱۱ ڕۆژ لەکورتی دەدات لەهەر ساڵێکدا، ساڵی ۱۷ ی کۆچی لەسەردەمی خەلیفەی دووەم عومەری کوڕی خەتاب (ر.خ) ساڵنامەی کۆچی بەم شێوەیە کاری پێکراوە، بەپشت بەسـتن بەهەردو ئایەتی التوبە/۳٦-۳۷ بەلێکدانەوەیەکی هەڵەی ئایەتەکە ساڵێک حەسر کراوە لە ۱۲ مانگی هەیڤیداو (شهرالتقویم) لابراوە کەمانگێک بووە بۆ ڕێکخستنەوەی ساڵنامەو تێکڕا لەماوە ۳۲٫٥ مانگدا دانراوە لەساڵنامەدا، واتە لەماوەی ۱۹ ساڵدا ۷ مانگ بۆ ڕێکخستنەوەی ساڵ دانراوە: (۱۹ساڵ × ۱۲مانگ) + ۷ مانگ = ۲۳٥ مانگ ۱۹ساڵ × ۳٦٥٫۲٤۲۱۹۸ڕۆژ = ٦۹۳۹٫٦ ڕۆژ. ٦۹۳۹٫٦ڕۆژ ÷ ۲۳٥ مانگ = ۲۹٫٥۳ ڕۆژ. بەڵام بەلێکدانەوەیەکی هەڵەی ئەم دوو ئایەتە (شهرالتقویم) لابراوە، لەئایەتەکەدا (نسئ) بریتییە لەدواخستنی مانگە حەرامەکان بەمەبەستی هەڵگیرسانی جەنگ، هەرکاتێ خواستیان لەسەر بووبێ بێ ڕەچاوکردنی یاسای (شهرالتقویم) کەپێویستە لەکات و ساتی خۆیدا دابنرێ و هەموو کات لەڕووی فەلەکیەوە دەکەوێتە نێوان مانگەکانی (ربیع اڵاول) تاوەکو (ڕهمهزان)ەوە بەهۆی ئەوەی فراوانی ماوەی مەوقعەکانی ئەم مانگانە ڕووبەرێکی زیاتر داگیر دەکەن لەچاو ماوەی نێوان (ڕهمهزان) تاوەکو (ربیع اڵاول)، واتە لەدوای ڕمهزان تاوەکو (ربیع اڵاول) ناکرێ و یاساغە (شهرالتقویم) دابنرێ، یان پاش و پێشکردنی مانگەکان بۆ دواخستنی مانگە حەرامەکان دیسانەوە یاساغە.
هەروەها ئایەتی ۳٦ بەهیچ شێوەیەک ساڵی حەسر نەکردوە لە ۱۲ مانگدا، چونکە ئایەتەکە تەنها تەرکیزی کردوەتە سەر ژمارەی مانگەکان(إن عده الشهور) نەک ئەوەی ڕێگری بکات لە ۱۰ ڕۆژو ۲۱ کاتژمێرو ۱۱٫۳ چرکەکە بخرێتە سەر ساڵەکە. نمونە: کاتێ دەچیتە مارکێتێک بەکاشێرەکە دەڵێی چەند سێت هێلکەتان ماوە؟ ئەویش لەوەڵامدا دەڵێ ۱۲ سێتمان ماوە، بەڵام جگە لەوە چەند هێلکەیەکی تریشیان ماوە کەهەواڵی بەتۆ نەدا، چونکە تۆ پرسیاری ژمارەی سێتەکانت کردوە نەک دانە بەدانەی هێلکە.
دیپلۆماتیك: ئێوە کام ساڵنامەیە بە دروست دەزانن، بەپێی ئەو ساڵنامەیەی کە ئێوە کاری لەسەر دەکەن و بە دروستی دەزانن، ئێستا لەکام مانگی عەرەبیداین و مانگی ڕەمەزان دەکەوێتە کەیەوە؟
محهمهد لهتیف: بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێوویستە سێ جۆری ساڵنامە بخەینە ڕوو:
۱. ساڵنامەی هەتاوی (التقویم الشمسی). ۲. ساڵنامەی هەیڤی (التقویم القمری).
۳. ساڵنامەی هەتاوی-هەیڤی (التقویم الشمسی-القمری).
هەردو شێوازی یەکەم و دووەم بنچینەن بۆ شێوازی سێیەم و لەڕاستیشدا سـێیەم بریتییە لەتێکەڵکردنی هەردوکیان و ساڵنامەی ئیسلامیش بەپێی دەقی ئایەتەکان و ڕیوایاتیش جۆری سێیەمیانە.
۱. ساڵنامەی هەتاوی: لەساڵنامەی هەتاویدا خولێکی زەوی ئەژمار دەکرێت بەدەوری خۆردا. ئەم جۆرە حیسابە پەیوەسـتە بەلاری تەوەرەی زەوییەوە یاخود بەگۆشەکانی لێدانی تیشکی خۆرەوە بۆ سـەر زەویو بەپێی ئەم حیسابە خۆر لەسـاڵێکدا دوو جار(دوو ڕۆژ) سـتوون دەبێت لەسـەر هێڵی کەمەرەی زەویو شـەوو ڕۆژ یەکسان دەبن لەسەرجەم شوێنەکانی گۆی زەوی، لەم دوو ڕوژەدا فەجرو غروبیش بوونیان دەبێت لەسەرانسەری گۆی زەوی بەجەمسەرەکانیشەوە، بەڵام لەناوچە نیشـتەجێیەکانی سەر زەوی فەجرو غروب جیاوازەو لەزۆربەی شوێنەکانی زەوی وەک هێڵی کەمەرەو بەرەو ژوورو بەرەو خوار تانزیک هێڵی پانی سەرو ٦۰ پلەی باکور و باشور شەو و ڕۆژو فەجرو غروب ساڵ دوانزەی مانگ بوونیان هەیە، بۆیە پێوویسـتە جیاوازی بکەین لەوەی کەدەڵێین ناوچەی نیشتەجێ بوون یان سەرانسەری گۆی زەوی کەئەمەی دووەمیان ڕوبەرێکی فراوانتر لەخۆ دەگرێ. ئەم حیسابەی لاری تەوەرەی زەوی جووتە لەگەڵ وەرزەکانی ساڵ ، ماوەی ئەم حیسابە بریتیە لە ۳٦٥٫۲٤۲۱۹۸ ڕۆژ ، واتە ۳٦٥ ڕۆژو ٥ کاتژمێرو ٤۸ خولەکو ٤٥٫۹ چرکە. گرنگە ئەوە بزانین کەساڵنامەی هەتاوی مەوقعە بۆ ساڵنامەی هەتاوی-هەیڤی ، واتە هەرکات وتمان مەوقعی مانگە هەیڤی یان هەتاوی-هەیڤیەکان ئەوا مەبەست لەمەوقعی خۆرو ساڵنامەو مانگە هەتاوییەکانە.
۲. ساڵنامەی هەیڤی: لەڕاسـتیدا پێویسـتە بڵێین مانگە هەیڤییەکان (الشهور القمریه) نەک ساڵی هەیڤی! ، چون هەر مانگێکی هەیڤی خولێکی تەواوی هەیڤە بەدەوری زەویدا، ئەم جۆرە لەساڵنامە بریتییە لە ۱۲ مانگی هەیڤی، واتە دوانزە جار خولانەوەی هەیڤ بەدەوری زەویدا کەماوەی هەر مانگێکی بەتێکڕا بریتیە لە ۲۹٫٥۳ ڕۆژ ، واتە ۲۹ ڕۆژو ۱۲ کاتژمێرو ٤٤ خولەکو ۲٫۸۸ چرکە، بەمەش ماوەی ساڵێک تێکڕا دەکاتە ۳٥٤٫۳٦ ڕۆژ، ئەم ساڵنامەیە ناتوانێ خۆی بەوەرزەکانی ساڵەوە گرێ بدات و پەیوەسـت نیە پێیانەوەو هەریەکە لەمانگەکانی هەرجارەو لەکات و وەرزێکدانو مەوقعێکی دیاریکراویش وەرناگرن لەفەلەکدا، چون مەوقعی ڕەمەزانی ئەمسـاڵ دەبێتە مەوقعی مانگی شـەوالی سێ ساڵی دواتر!.، پاشان لەخۆڕا نیە قورئانیش مەوقعی فەلەکی یان مەوقعی ئەسـتێرەکانی بەهەند وەرگرتوەو سـوێندی پێ دەخوات: (فَلَا أُقْسِمُ بِمَؤاقِعِ النُّجُومِ * ؤإِنَّهُ لَقَسَمٌ لَوْ تَعْلَمُونَ عَظِيمٌ) سوره الواقعه 75 - 76 هەروەها ئەو ساڵنامانەی کە بەهەیڤی ناسراون و دیاریکردنی مانگەکانیشیان بەهەیڤ(قمر)ە لەڕاستیدا هەموویان لەشێوازی ساڵنامەی (هەتاوی-هەیڤی)ن و هیچکامیان بەتەنها هەیڤ بەکارناهێنن لەساڵنامەدا بەڵکو هەیڤ بۆ دیاریکردنی مانگەکان و خولی زەوی بەدەوری خۆردا بۆ دیاریکردنی ماوەی ساڵ بەکاردەهێنن وەک ساڵنامەکانی (بابلی ، عبری ، هندۆسی ، بەنگالی ، یابانی ، کۆری ، چینی....هتد). هەر ماوەیەکی کاتی(زمنی) بریتییە لەسوڕ یان خولێکی دیاریکراوی فەلەکی: ٭ ماوەی شەو و ڕۆژێک بریتیە لەسوڕێکی زەوی بەدەوری خۆیدا. ٭ ماوەی مانگێک بریتیە لەخولێکی هەیڤ بەدەوری زەویدا. ٭ ماوەی ساڵێک بریتیە لەخولێکی زەوی بەدەوری خۆردا. بەڵام لەساڵنامەی کۆچیدا ماوەی ساڵێک یەکسان کراوە بە ۱۲ خولی هەیڤ بەدەوری زەویدا. ئەم جۆرە لەساڵنامە کەتەنها هەیڤییە بوونی نییە لەهیچ جێگاو شـارسـتانیەتێک جگە لەساڵنامەی کۆچی ئیسلام!.
۳. ساڵنامەی هەتاوی-هەیڤی: پێشـتر وتمان هەر مانگێکی هەیڤی خولێکی تەواوی هەیڤە بەدەوری زەویدا بەڵام لەچاو خۆرەوە ، واتە خولێکی بریتیە لەڕیزبوونی (زەوی-مانگ-خۆر) تاوەکو دووبارە جارێکی دی هەمان شـێوەی ڕیزبوونی ئەم سێ بارسـتە ئاسـمانییە ، واتە هەرچەندە باس لەخولێکی هەیڤ دەکەین بەڵام ناتوانین ڕۆڵی خۆر فەرامۆش بکەین لەڕیزبوون و قۆناغەکانی شـێوەی مانـگ ، لەهیلالەوە بۆ پڕو درەخشانو پاشان بۆ گەڕانەوەی هیلالو ون و تاریکبوونی هەیڤ کەهەموو ئەمانە بەهۆی خۆرو تیشکی خۆرەوە دروست دەبن. لەژێر ڕۆشـنایی ئەم ڕاسـتییانە پێوویسـتە ڕۆڵی خۆر فەرامۆش نەکرێت لەبابەتێکی وەها هەسـتیاردا وەک لەساڵنامەی کۆچیدا ڕویداوە، بۆ ئەم مەبەسـتە پێویسـتە حەق بەهەردو جۆرەکە لەسـاڵنامە بدرێتو هەردو خولی هەیڤ بەدەوری زەویو زەوی بەدەوری خۆردا ڕەچاو بکرێت وەک لەم ئایەتەدا بەڕوونی دیارە کەحیسابی ساڵنامە تەنها بەهەیڤ ناکرێ بەڵکو پێویستی بەخۆرو هەیڤ هەیە: (هُؤ الَّذِي جَعَلَ الشَّمْسَ ضِيَاوً ؤالْقَمَرَ نُورًا ؤقَدَّرَهُ مَنَازِلَ لِتَعْلَمُوا عَدَدَ السِّنِينَ ؤالْحِسَابَ ۚ مَا خَلَقَ اللَّهُ ذَٰلِكَ إِلَّا بِالْحَقِّ ۚ يُفَصِّلُ الْيَيَاتِ لِقَوْمٍ يَعْلَمُونَ) سوره یونس 5 لەپۆستەکانی داهاتوودا ئەم ئایەتەو (قدرە منازل) ڕوون دەکەینەوە لەڕووی فەلەکیەوە. خولی هەیڤ بەدەوری زەویدا بریتیە لەماوەی مانگێک و خولی زەویش بەدەوری خۆردا بریتیە لەماوەی ساڵێک.
.jpg)
،،
بەحیساباتی وردی خۆرو هەیڤ واتە ساڵنامەی هەتاوی-هەیڤی ئێستا لە مانگی (جمادالاول)داین و سەرەتای مانگی ڕەمەزان دەکەوێتە ۲۰۱۸/۹/۱۱ زاینیەوە کەلەساڵنامەی کۆچیدا ئەو بەروارە دەکاتە سەرەتای مانگی (محرم).
خولەکانی هەیڤ لەهیلالەوە دەست پێدەکەن وەک ئایەتی: (يَسْأَلُونَكَ عَنِ الْأَهِلَّةِ ۖ قُلْ هِيَ مَؤاقِيتُ لِلنَّاسِ ؤالْحَجِّ ۗ ؤلَيْسَ الْبِرُّ بِأَنْ تَأْتُوا الْبُيُوتَ مِنْ ظُهُورِهَا ؤلَٰكِنَّ الْبِرَّ مَنِ اتَّقَيٰ ۗ ؤأْتُوا الْبُيُوتَ مِنْ أَبْؤابِهَا ۚ ؤاتَّقُوا اللَّهَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ) البقره 189 لەم ئایەتەدا دەتوانین بڵێین (مواقیت للناس) بواری فراوانتر دەگرێتەوەو قەتیس نابێ لەتەنها حەجدا بەڵکو پێش حەج باسی دیاریکردنی کات دەکات، جگە لەدیاریکردنی مانگەکان بەهیلال دەتوانین لەوەرزی داچاندندا سـود لەکاتی نوێ بوونەوەی هەیڤ وەربگرینو سەرەتای ئەو مانگە هەیڤییەی دەکەوێتە وەرزی داچاندنەوە، جوتیارەکان زەوی بکێڵنو بچێنن تاوەکو بەروبومیان زۆرترو باشتر بێت. خولی زەویش بەدەوری خۆردا وەرزەکانی سـاڵمان بۆ دیاری دەکات ، بەڵام ئەم دوو حیسابە یەکەمیان کە ۱۲ مانگی هەیڤییە دەکاتە ۳٥٤٫۳٦۷۰٦۷ ڕۆژو دووەمیان خولی زەوییە بەدەوری خۆردا بریتیە لەساڵێک و دەکاتە ۳٦٥٫۲٤۲۱۹۸ ڕۆژ ، جیاوازیشیان بریتیە لە ۱۰٫۸۷٥۱۳۱ ڕۆژ ، بەڵام ناکرێ ئەم جیاوازی چەند ڕۆژە هەموو ساڵێک بخرێتە سـەر ساڵنامە ، لەبەرئەوەی دیاریکردنی مانگەکان پێویسـتە بەکاتەکانی نوێ بوونەوەی هەیڤو هیلال بێت ، بۆیە لێدەگەڕێین تا ئەم ماوەی چەند ڕۆژە ژمارەیان دەگاتە ماوەی مانگێکی هەیڤیو پاشان وەک مانگێکی هەیڤی دایدەنێینو بەو مانگەش دەڵێین (الشهر التقویم)، واتە ئەم مانگە هەیڤیە هەموو ساڵێک زیاد ناکرێت تاوەکو بڵێین ژمارەی مانگەکان دەکات بە ۱۳، هەروەها ئەم مانگە(شهر التقویم) بریتیە لەکۆبونەوەی ئەو چەند ڕۆژە زیادەیەی نێوان ساڵ و دوانزە مانگە هەیڤیەکە وەک چۆن لەساڵنامەی زاینیدا بەچوار ساڵ جارێک ڕوژێک دەخرێتە سەر مانگی دووەم، ماوەی خسـتنە سـەری ئەم مانگەش(شهر التقویم) تێکڕا دەگاتە دوای ۳۲ یان ۳۳ مانگی هەیڤیو بەهۆی ئەم مانگەوە چیتر ساڵو مانگە هەیڤییەکان پێش ناکەونو ناخزێن لەچاو وەرزو مەوقعی دیاریکراوی خۆیانداو تەنها جیاوازی نێوان ساڵنامەی هەتاوی-هەیڤی لەگەڵ ساڵنامەی هەیڤیدا خسـتنە سـەری ئەم مانگەیەو بەلابردنی ئەم تاکە مانگە لە ۳۲ یان ۳۳ مانگدا ساڵنامە دەبێتە تەنها هەیڤیو ترازانو خزان دروست دەبێت لەمانگە هەیڤییەکانداو گۆڕانکاری ڕوو دەدات لەکاتو وەرزی تایبەتی مانگەکان. ئەگەر سـەرنج بدەین لەم ئایەتەش کەکراوە بەبەڵگەی لابردنی (شهرالتقویم): (إِنَّ عِدَّةَ الشُّهُورِ عِنْدَ اللَّهِ اثْنَا عَشَرَ شَهْرًا فِي كِتَابِ اللَّهِ يَوْمَ خَلَقَ السَّمَاؤاتِ ؤالْأَرْضَ مِنْهَا أَرْبَعَةٌ حُرُمٌ ۚ ذَٰلِكَ الدِّينُ الْقَيِّمُ ۚ فَلَا تَظْلِمُوا فِيهِنَّ أَنْفُسَكُمْ ۚ ؤقَاتِلُوا الْمُشْرِكِينَ كَافَّةً كَمَا يُقَاتِلُونَكُمْ كَافَّةً ۚ ؤاعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ مَعَ الْمُتَّقِينَ) سوره التوبه 36 . ئایەتەکە بەهیچ شێوەیەک نەیفەرمووە ساڵێک یەکسانە بە ۱۲ مانگ بێ کەم و زیاد ، بەڵکو تەئکید دەکاتەوە کەژمارەی مانگەکان ۱۲ مانگە ، لێرەوە دەکرێ جگە لە ژمارەی مانگەکان ژمارەیەک ڕۆژو کاتژمێرو خولەک و چرکەش هەبن چونکە ئایەتەکە دڵنیات دەکات کەتەنها باسی ژمارەی مانگەکانی کردوە(إن عده الشهور) نەک ڕۆژو کاتژمێرو خولەک و چرکەکانیش ، ساڵنامەی هەتاوی-هەیڤیش هەرگیز نەیوتووە ساڵێک ۱۳ مانگە بەڵکو ساڵێک بریتیە لە ۱۲ مانگ + ۱۰ ڕۆژ + ۲۱ کاتژمێر + ۱۱٫۳ چرکە ، گریمان دەچیتە مارکێتێک پرسیاری هێلکە دەکەیت بەڵام پرسیاری ژمارەی هێکەکان ناکەیت بەڵکو پرسیاری ژمارەی سێتە هێلکەکان دەکەیت و ئەویش دەڵێ ژمارەی سێتەکان ۱۲ سێت هێلکەیە ، هەرچەندە جگە لەسێتە هێلکەکان چەند هێلکەیەکی تریشی لێیە. ئایا بەڕاستی پێتانوایە پێویست بوو قورئان جگەلە مانگەکان باسی ژمارەی ڕۆژو کاتژمێرو خولەک و چرکەکانیش بکات!.. بۆیە بەم هەڵەیەی لەساڵنامەدا کراوە کاتی سـەرجەم بۆنە پیرۆزەکان لەڕیشـەوە گۆڕاون وەک هەردو جەژنەکانو مانگی ڕەمەزانو لیله القدرو کاتی حەجی موسوڵمانان.
بەحیساباتی وردی خۆرو هەیڤ واتە ساڵنامەی هەتاوی-هەیڤی ئێستا لە مانگی (جمادالاول)داین و سەرەتای مانگی ڕەمەزان دەکەوێتە ۲۰۱۸/۹/۱۱ زاینیەوە کەلەساڵنامەی کۆچیدا ئەو بەروارە دەکاتە سەرەتای مانگی (محرم).
دیپلۆماتیك: پێوەری ئێوە بۆ زانینی مانگ و ڕۆژەکان ساڵنامەیەکە کە پێکهاتووە لە ( مانگی هەیڤی و ساڵی هەتاوی)، ئایا ئەم ساڵنامەیە ڕاست دەردەچێت لەکاتێکدا کە ژمارەی ۱۲ مانگە هەیڤییەکە ۱۰ ڕۆژی کەمترە لە ژمارەی ڕۆژەکانی ساڵی هەتاوی؟
محهمهد لهتیف: بەڵێ لەنێوان ساڵێکی هەتاوی و ۱۲ مانگی هەیڤیدا جیاوازی چەند ڕۆژێک هەیە ، ماوەی ساڵێکی هەتاوی نزیکەی ۱۱ ڕۆژی زیاترە لە ۱۲ مانگە هەیڤییەکە، پاشان لەبەرئەوەی مانگەکان بەهەیڤ و هیلال دیاری دەکرێن ناتوانرێ ڕاستەوخۆ هەموو ساڵێک ئەم چەند ڕۆژە زیادەیە بخرێتە سەر ساڵنامە ، بەڵکو ئەم چەند ڕۆژە بۆ ماوەی نزیکەی ۳ ساڵ کەمتر کۆدەبێتەوەو دەکاتە مانگێکی هەیڤی و وەک مانگێکی هەیڤی دادەنرێ، بۆیە ئەو ساڵە بەساڵی (کبس) حیسابەو ژمارەی مانگەکانی دەبێت بە ۱۳ مانگ ، لەم ساڵنامەیەدا لەکۆی ۱۹ ساڵ ۷ مانگ دەخرێتە سەر ساڵنامە واتە ۷ ساڵی (کبس) و ۱۲ ساڵی ئاسایی ، هەرچەندە هەندێک پێیان وایە نابێ مانگەکان بکرێن بە ۱۳ بەڵام ئەم حیسابە ناکاتە ۱۳ مانگ بۆ هەر ساڵێک بەڵکو هەموو حیسابەکە بەتێکڕا حیساب دەکرێ و ساڵێک دەبێت بە ۱۲ مانگ و ۱۰ ڕۆژو ۲۱ کاتژمێرو ۱۱٫۳ خولەک.
.jpg)
،،
پێشتر میدیای فراوانی ئازاد بوونی نەبووە تاوەکو بەئازادی و بێ دوودڵی بتوانرێ ئەم بابەتە وەکو خۆی بوروژێنرێ و بگاتە بەر دیدی خوێنەران، ئەوەی هەبووە بەنهێنی و بەناوی خوازراو بووە لەبەر دیدی کۆمەڵایەتی و تەسکی دیدی ئاینی خودی خۆمان، نەگەیشتووە بەتەواوی کۆمەڵگای موسوڵمانان.
دیپلۆماتیك: مانگ بە هیلالی نوێ دەستپێدەکات و بە هیلالی نوێ کۆتایی دێت، ژمارەی مانگە عەرەبییەکانیش دوازدە مانگەو لەماوەی ۳۳ ساڵیشدا بە وەرزەکاندا خول دەخۆن، ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە مانگی ڕەمەزانیش بە وەرزەکاندا خوول دەخوات، ئێوە بۆچی ڕەخنەتان لەسەر ئەم پێوەرە هەیەو ڕەتی دەکەنەوە؟
محهمهد لهتیف: لەوەدا کێشەیەکمان نیە کەمانگەکان بەهیلالی نوێ دەست پێدەکەن و بەهیلالێکی دی کۆتاییان دێت، لەم خاڵەدا کۆک و تەباین لەگەڵ ساڵنامەکەی ئێستادا، هەرچەندە زۆربەی ئەوانەی ڕەخنەمان لێ دەگرن لەم خاڵەوە دەست پێدەکەن و نازانن لەساڵنامەی هەتاوی-هەیڤیشدا بەهەمان شێوە مانگەکان بەکاتی هیلال دیاری دەکرێن، واتە لەم خاڵەدا هەردو ساڵنامەکە هاوبەشن.
پاشان بەو پێوەرەی کەمانگەکان حەسر کراون لە ۱۲ مانگدا بەبێ زیادەی چەند ڕۆژێک و دەسوڕێن بەوەرزەکاندا، مەوقعی هەتاوی وەلانراوەو هیچ حیسابێکی بۆ ناکرێ سەرەڕای ئەوەی قورئان گرنگی بەمەوقعی هەتاوی داوەو وەک بنچینەی ساڵنامە دایناوە: (الشَّمْسُ ۆالْقَمَرُ بِحُسْبَانٍ) (هُؤ الَّذِي جَعَلَ الشَّمْسَ ضِيَاء ؤالْقَمَرَ نُورًا ؤقَدَّرَهُ مَنَازِلَ لِتَعْلَمُوا عَدَدَ السِّنِينَ ؤالْحِسَابَ ۚ مَا خَلَقَ اللَّهُ ذَٰلِكَ إِلَّا بِالْحَقِّ ۚ يُفَصِّلُ الْيَيَاتِ لِقَوْمٍ يَعْلَمُونَ) (فَلَا أُقْسِمُ بِمَؤاقِعِ النُّجُومِ * ؤإِنَّهُ لَقَسَمٌ لَوْ تَعْلَمُونَ عَظِيمٌ) هەروەها بەم پێوەرە جگە لەکۆمەڵە ئایەتێک سورەتێکی وەک سورەتی قەدر دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە!!.. هەروەها ڕووداوەکانی ۲۳ ساڵی پێغەمبەرایەتی ئەوانەی وەرزەکانیان دیارە پێمان دەڵێن ساڵنامە هەتاوی-هەیڤی بووەو ئەم ڕاستیە حاشا هەڵنەگرە دەسەلمێنن.
دیپلۆماتیك: سەدان ساڵە مسوڵمانان بەم تەرتیبە ڕۆژووی ڕەمەزان دەگرن و له هیچکام لە وڵاتە مسوڵمانەکانیشدا ئیشکالیەت و گومان لەسەر وادەی مانگی ڕەمەزان درووست نەبووە، ئەگەر ئێوە پێتانوایە هەڵەیە بۆچی کەسێک لەو بارەیەوە وەدەنگ نەهاتووە؟
محهمهد لهتیف: ڕاستە سەدان ساڵە لە ۲۰ کۆچیەوە تاوەکو ئێستا ساڵنامە دەسوڕێ بەوەرزەکاندا بەڵام لێرەو لەوێ خەڵکانێکی کەم وەدەنگ هاتوون و ئەوانیش بەڵگەی بەهێزیان نەبووە بەتایبەت لەلێکدانەوەی ئایەتەکان لەڕووی فەلەکیەوە یان حیساباتی وردی ساڵنامەیان نەزانیوەو بۆیان نەکراوە، چون خۆیان شارەزاییەکی ئەوتۆیان نەبووە لەڕووی فەلەکیەوە، ئەوەی کردویانە باسی نەبوون و نەگونجانی فەجرو غروب بووە بۆ شوێنە جوگرافیە جیاوازەکان، وەک نزیکی جەمسەرەکان یان یەکسان نەبوونی شەو و ڕۆژ و دادگەری لەکاتژمێرەکانی ڕۆژودا....هتد، هەرچەندە هەموو ئەمانە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرن بەڵام نەیارانیان بەقیاس بۆ ئەو شوێنانە و فتواکانیان وەڵامیان داونەتەوەو بەتۆمەت و تەشهیرو تەکفیر و پاشان نەگونجانی نوێژ بۆ نەبوونی فەجرو غروب وەڵامیان داونەتەوە کەچۆن دەبێت بوترێ فەجرو غروب نیە لەکاتێکدا نوێژی فەجرو غروبمان هەیە! ئەدی چۆن نوێژەکانیان دەکەن؟! یان ناچار هەموو ئەمانەیان واتە ڕۆژو نوێژەکانیان بەفتواو قیاس داناوە نەک قورئان! ، بێ ئاگا لەوەی ئایەتی قورئان هەیە بۆ نوێژی ئەو ناوچە جوگرافیانە زۆر گونجاوە: (ؤأَقِمِ الصَّلَاةَ طَرَفَيِ النَّهَارِ ؤزُلَفًا مِنَ اللَّيْلِ ۚ إِنَّ الْحَسَنَاتِ يُذْهِبْنَ السَّيِّئَاتِ ۚ ذَٰلِكَ ذِكْرَيٰ لِلذَّاكِرِينَ). بەڵام ڕۆژو بەهیچ پێوانەو پێوەرێ پینە ناکرێت لەکاتێکدا ئەو فەجرەی بۆ ڕۆژو باسکراوە ناگونجێ لەگەڵ هاوین یان زستانی ئەو ناوچانەدا: خيط الَابيض من الخيط الَاسود من الفجر) یان (مطلع الفجر) ئەم دوانە سەرەتای فەجرن و ماوەکەیان زۆر کورتە نەک خودی فەجر کەماوەیەکی زیاترو بوارێکی فراوانتری بۆ نوێژەکان هەیە. پاشان پێشتر میدیای فراوانی ئازاد بوونی نەبووە تاوەکو بەئازادی و بێ دوودڵی بتوانرێ ئەم بابەتە وەکو خۆی بوروژێنرێ و بگاتە بەر دیدی خوێنەران، ئەوەی هەبووە بەنهێنی و بەناوی خوازراو بووە لەبەر دیدی کۆمەڵایەتی و تەسکی دیدی ئاینی خودی خۆمان، نەگەیشتووە بەتەواوی کۆمەڵگای موسوڵمانان.