"لایەنە نارازییەکان نەیانتوانی دەنگدەر لەم بێ هیواییە دەربکەن و دەنگەکانیان بۆ بگەڕێننەوە"

هاوژین عومەر بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی کۆمەڵی ئیسلامیی:

"لایەنە نارازییەکان نەیانتوانی دەنگدەر لەم بێ هیواییە دەربکەن و دەنگەکانیان بۆ بگەڕێننەوە"

742 خوێندراوەتەوە

به‌رپرسى ناوه‌ندى هه‌ڵبژاردنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى پێیوایه‌ خه‌ڵكى له‌ ئێستادا بێهیوان له‌ هه‌ڵبژاردن، هۆكاره‌كه‌شى بۆ هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌رێنێته‌وه‌ كه‌ یارییان به‌ هه‌ست و نه‌ستى خه‌ڵكى كردووه‌ و سندوقه‌كانى ده‌نگدانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان به‌كار هێناوه‌، دەشڵێت ئەگەر  دەسەڵاتیان هەبووایە بۆ گەراندنەوەی دەنگەکانیان ئەوا لەسەرەتاوە نەیاندەهێشت بدزرێت.

 

له‌ میانی چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین كه‌ راسته‌وخۆ له‌ په‌یجی دیپلۆماتیكه‌وه‌ له‌سه‌ر تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان په‌خشكرا، هاوژین عومه‌ر به‌رپرسى ناوه‌ندى هه‌ڵبژاردنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى ده‌ڵێت:" سیناریۆكانى پارتى دیموكراتی كوردستان له‌ دژمان زۆر لاوازن و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا بۆ به‌رژه‌وه‌ندى كۆمه‌ڵی ئیسلامیی ته‌وزیفى ده‌كه‌ین".

 

"نه‌مانتوانی ده‌نگه‌ دزراوه‌كانمان بگه‌رێنینه‌وه‌"

هاوژین عومه‌ر ئاماژه‌شی به‌وه‌ كرد دزرانى ده‌نگی لایه‌نه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایاری په‌رله‌مانی عێراق، هاوڵاتیانى رووبه‌رووى جۆرێك له‌ ره‌شبینى كردوه‌ته‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا لایه‌نه‌ نارازییه‌كان نه‌یانتوانى ده‌نگده‌ر له‌م بێ هیوایه‌ ده‌ر بكه‌ن و ده‌نگه‌كانیان بۆ بگه‌رێننه‌وه‌.


به‌رپرسی ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ لایه‌نه‌ نارازییه‌كان شه‌رێكى مه‌ده‌نیان كردووه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كانیان و ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌مان هه‌بووایه‌ ده‌نگه‌كانمان بگه‌رێنینه‌وه‌ ئه‌وا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ نه‌مانده‌هێشت ده‌نگه‌كانمان بدزرێت".

 

"پرۆژه‌ى ئیسلامى گرنگه‌ نه‌ك كارى ئیسلامى"

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌رنامه‌كه‌دا، هاوژین عومه‌ر به‌رپرسى ناوه‌ندى هه‌ڵبژاردنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى باسی له‌ بێهوایى ده‌نگده‌رى ئیسلامى كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ "ده‌بێت ده‌نگده‌رى ئیسلامیی بێ هیوا نه‌بێت له‌وه‌ی كه‌ لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان پێكه‌وه‌ و به‌یه‌ك لیست به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كان ناكه‌ن، چونكه‌ كار و پرۆژه‌ى ئیسلامیی ته‌نها كارى سیاسى نییه‌ به‌ڵكو رۆشنبیریی و هونه‌ریی و فكریی و زۆر شتى دیكه‌ش ده‌گرێته‌وه‌".

 

DFC
هاوژین عومەر، بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی کۆمەڵی ئیسلامیی


ده‌شڵێت:" ئه‌گه‌ر له‌ رووى سیاسییه‌وه‌ یه‌ك لیست نه‌بین ئه‌وا له‌ زۆر رووى دیكه‌وه‌ هه‌میشه‌ پێكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ین و هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه‌ و گرنگ ئه‌وه‌یه‌ پرۆژه‌ و حاڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت".

،،

هاوژیت عومه‌ر: ده‌كرێت رۆژێك بێته‌ پێشه‌وه‌ ئیسلامییه‌كان بخه‌نه‌ سوچێكه‌وه‌ به‌ بیانووى تیرۆرو ده‌ستى ده‌ره‌كى كاری سیاسیان لێ قه‌ده‌غه‌ بكه‌ن و بچوكیان بكه‌نه‌وه‌. وه‌ك لیبیا و میسر .


داوا له‌ ده‌نگده‌رى ئیسلامى ده‌كات ده‌نگ بده‌ن چونكه‌ مه‌ترسى جدى رووبه‌روى ئیسلامییه‌كان ده‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌ له‌ كارى سیاسى و په‌رله‌مانى و حكومه‌ت سه‌ركه‌وتوو نه‌بن و ده‌نگى پێویست نه‌هێنن.


هاوژیت عومه‌ر به‌دووری نازانرێت كه‌ " ده‌كرێت رۆژێك بێته‌ پێشه‌وه‌ ئیسلامییه‌كان بخه‌نه‌ سوچێكه‌وه‌ به‌ بیانووى تیرۆرو ده‌ستى ده‌ره‌كى كاری سیاسیان لێ قه‌ده‌غه‌ بكه‌ن و بچوكیان بكه‌نه‌وه‌. وه‌ك لیبیا و میسر و هتد".

 

"پارتى له‌هه‌ولێر له‌ كۆمه‌ڵ ده‌ترسێت"

به‌رپرسه‌كه‌ى كۆمه‌ڵ دێته‌ سه‌ر باسى حزبه‌كه‌ى له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كاندا و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ "كۆمه‌ڵى ئیسلامى هه‌ڵقوڵاوى كۆمه‌ڵگایه‌ و به‌ناخى خه‌ڵكدا چووه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌مرۆ له‌ هه‌ولێر پارتى لێى ده‌ترسێت و ده‌زانێت له‌ گه‌شه‌سه‌ندندایه‌".
ده‌شڵێت: "هه‌ر ئه‌مه‌ هۆكارى سه‌ره‌كییه‌ كۆمه‌ڵ سه‌رقاڵ ده‌كرێت به‌ بابه‌تى تیرۆر و تۆمه‌تباركردنى به‌ داعش و گروپه‌ توندره‌وه‌كان".

DFC
کاتی تۆمارکردنی بەرنەماکە لەگەڵ هاوژین عومەر ـ ستۆدیۆی دیپلۆماتیک مەگەزین

،،

هاوژین عومەر: سوپاسى پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌كه‌م كه‌ به‌م سیناریۆ لاوازانه‌ى ئه‌ندامه‌كانى كۆمه‌ڵى گه‌رم كردوه‌ته‌وه‌ و بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌گروتێنێكى گه‌رمه‌وه‌ به‌شدارى ده‌كه‌ن.

 

به‌رپرسی ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردنی كۆمه‌ڵ پێیوایه‌ سیناریۆیاكانی پارتی به‌رامبه‌ریان رزقێكن خوا ناردوونى بۆ كۆمه‌ڵ و ده‌ڵێت:" له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سیناریۆكانى پارتى ته‌وزیف ده‌كه‌ین و بۆ خه‌ڵكى باس ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌گه‌ر به‌راستى ئه‌م كاره‌ روویدا بێت نیشانه‌ى شكستی ئیدارییه‌ كه‌ سێ گه‌نج به‌رزترین باڵه‌خانه‌ى ئیدارى له‌ هه‌ولێر بگرن و ئه‌گه‌ر راستیش نه‌بێت عه‌یبه‌ و گوناهه‌ سێ كه‌س بكه‌یت به‌ قوربانى له‌پێناو سیناریۆیه‌كى حزبیدا".


ده‌شڵێت:" سوپاسى پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌كه‌م كه‌ به‌م سیناریۆ لاوازانه‌ى ئه‌ندامه‌كانى كۆمه‌ڵى گه‌رم كردوه‌ته‌وه‌ و بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌گروتێنێكى گه‌رمه‌وه‌ به‌شدارى ده‌كه‌ن".


كۆمه‌ڵى ئیسلامى پاش جیابوونه‌وه‌یان له‌ بزوتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامیی له‌ 31ی ئایاری 2001 خۆی وه‌ك حزبێكى ئیسلامى سیاسیی راگه‌یاند، ئێستا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان خاوه‌نی 6 كورسین و له‌ خولی به‌سه‌رچووی په‌رله‌مانی عێراقیش دوو كورسیان هه‌بووه‌، بۆ هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلولی په‌رله‌مانی كوردستانیش به‌ لیستێكی سه‌ربه‌خۆ به‌شداریی ده‌كات.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان