بۆچی پوتین دۆستیوڤیسکیە ؟

روسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا

بۆچی پوتین دۆستیوڤیسکیە ؟

1158 خوێندراوەتەوە

کاتێک کیسنجەر لە دیدارەکەی ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزدا پوتینی بە دۆستیوڤیسکی چواند، بۆ من جێگەی سەرنج بوو، ئەمە ناچاری کردم چەند ڕۆژێک بۆ تێگەیشتن لە دیدی دۆستیوڤیسکی تەرخان بکەم بە میتۆدی خوێندنەوەی خێرا.

 
بۆ من کیسنجەر بیرمەندێکی جیهانی ئاست تایبەتە، ئەم جۆرە بیرمەندانە لە ئەمڕۆی دونیادا دەگمەنن. لە داهاتوودا باس لە ئەم جۆرە خەسڵەتەی بیرکردنەوە دەکەم.

کیسنجەر بۆ تێگەیشتنی لە کەسێک، وڵاتێک، کەلتورێک، دێت بە دوای ئەو ڕەوتە مێژووییەدا دەگەڕێت کە ئەو کەسە یان وڵاتە لە میانەی مێژووی کۆن و نوێیدا پیادەی کردوە، بۆ ئەو مرۆڤ تەنها بریتی نیە لە کردارەکانی بەڵکو هەروەها خەونەکانیشی. بە پوختی چییان کردوە، چۆن کردویانە، خەونی چییان هەیە. دیارە هەروەها بنەمای ئەم خەونە لە کوێیوە دێت. بۆ نمونە تێڕامانی لە دیواری چین دەکاتە بنەمای تێگەیشتنی بۆ خۆ وێناکردنی چینیەکان لە دونیادا.

،،

بە پوختی دیدی دۆستیوڤیسکی سەرباری ئاڵۆزی دەکرێت بوترێت بریتیە لە کۆکردنەوەی ڕەگەزی سلاڤ، لە ژێر سایەی روسدا بە ئەخلاقی مەسیحی بۆ دروستکرنی ئیمپراتۆریەتێكی بەهێز.

بۆچی پوتین دۆستیوڤیسکیە؟ ئەگەر دۆستیوڤیسکی بێت یانی چی؟ زانینی ئەم وەڵامانە گرنگن لە کاتێکدا کە روسیا دەبێتە هێز و لایەنێکی کاریگەر لە چارەنوسی وزە و ئابوری و جیوپۆلەتیکی ئێمەدا. دیارە دۆستیوڤیسکی ناوێکی ناسراوە لە دونیای ئێمەدا، زیاتر لە ناوەکانی تر، هەرچەندە ئەمڕۆ ناخوێندرێتەوە و لە ڕابوردودا کە خوێندراوەتەوە، کەس بە قوڵی یان بە سیاسی و جیوپۆلەتیکیانە نەیخوێندوەتەوە، زیاتر وەک ڕۆماننوسێکی گەورە کە کار لە سەر دۆخی دەرونی مرۆڤەکان دەکات ناسراوە. بەڵام دۆستیوڤیسکی دەکرێت لە چەندین چوارچێوەی تردا ببینرێت.


وەک بیرمەندێکی روسی لە بەرامبەر ڕۆژئاوا و پرۆسەی ڕۆژئاوابوون لە روسیا، وەک بیرمەندێکی مێژووگەرای روسی، وەک بیرمەندێک بە تێڕامانی تایبەتەوە لە ئەوروپا، دیارە ئەمانە لە دەقە گەورەکانیدا دیارن بەڵام بە شێوەی ڕاستەوخۆ نا، بەڵام لەو دەقانەی کە ئەدەبی نین: سەفەرگەرا و ڕۆژنامەیین بە زەقی دەردەکەوێت. بە تایبەتی کتێبی تێبینی زستانانە لە سەر ئینتیباعێکی هاوینیانە، کە پاشان دەبێتە بنەما بۆ دەقی ناسراوی تێبینیەکان لە ژێرزەمینەوە.

بە پوختی دیدی دۆستیوڤیسکی سەرباری ئاڵۆزی دەکرێت بوترێت بریتیە لە کۆکردنەوەی ڕەگەزی سلاڤ، لە ژێر سایەی روسدا بە ئەخلاقی مەسیحی بۆ دروستکرنی ئیمپراتۆریەتێكی بەهێز.


ئەم دیدە کە ناسیونالیزم و ئیمپرایالیزم و دژە ڕۆژئاوایی و ئاین لە خۆی دەگرێت، دەکرێت بە هەمانشێوە بە دیدی پوتین تەماشا بکرێت.
وەک دەزانرێت کە پوتین خۆی زۆر سەرسامە بە دۆستیوڤیسکی بە بەراورد بە ئەدیبانی تری روس وەک تۆلستۆی یان تۆرگینێڤ، تۆلستۆی گەرچی ناسیونالیست بوو، بەڵام بروای بە یەکسانی گەلان هەبوو، بەڵام تۆرگینێڤ، وەک لە ڕۆمانی باوک و کوڕدا ڕەنگدەداتەوە کەسێکی ڕۆژئاوا دۆستە.


ململانێی نێوان دۆستیوڤیسکی و تۆرگینێف بۆ چاودێرانی مێژووی ئەدەبیاتی روسی دیاردەیەکی زۆر ئاشکرایە، سەرباری ئەمە دۆستیوڤیسکی خۆی بە جودا لە شارستانی ڕۆژئاوا نابینێت بەڵکو خۆی بەبەشێکی ڕاستەوخۆ نابینێت. ئەوەی هەیە پەیوەندییەکی ململانێی و هەوڵدانە بۆ مانەوە بەڵام هەبوونی پەیوەندی و سودبینین.

کاتێک لەمانە ڕادەمام هەستم دەکرد کە هاوبەشییەکی زۆر هەیە لە نێوان روسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیوەندییان بە ئەوروپا یان ڕۆژئاواوە، هەردوو لە پەراوێزی ڕۆژئاوان، بریندارن بە ڕۆژئاوا، لە پەیوەندی ترس و ئیعجابدان بە ئەوروپا، ئەم جۆرە پەیوەندەی لە گەڵ خۆیدا ئیرەی و خۆشەویستی و رقیش دەهێنێت. بەڵام ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنج بوو شێوازی بیرکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و روسیا، کە بە گشتی تێکەڵییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەدەب و بوارەکانی تردا.

،،

.ململانێی نێوان دۆستیوڤیسکی و تۆرگینێف بۆ چاودێرانی مێژووی ئەدەبیاتی روسی دیاردەیەکی زۆر ئاشکرایە، سەرباری ئەمە دۆستیوڤیسکی خۆی بە جودا لە شارستانی ڕۆژئاوا نابینێت بەڵکو خۆی بەبەشێکی ڕاستەوخۆ نابینێت. ئەوەی هەیە پەیوەندییەکی ململانێی و هەوڵدانە بۆ مانەوە بەڵام هەبوونی پەیوەندی و سودبینین.


زۆربەی گەورە بیرمەندانی روس ئەدیبن، بە هەمانشێوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرسی ئاین و تایبەتمەندێتی و نەبونی توانا بۆ بیرکردنەوەی ئەبستراکتی دوور لە سۆز سەختە. ئەمەش جارێکی تر دەرخەری پێگەی جیوپۆلەتیکیە لەوەی کە چۆن جوگرافیا و شارستانیەت و مێژوو و تەکنەلۆجیا کاریگەری هەیە لە سەری نەک تەنها جۆری دەربڕینی کەلتورەکان بەڵکو چۆنێتی و دەربڕین و میتۆدیان.


لە پاشخانی ئەمەدا ڕێچکە حیکایەتە گەورەکەمان باس نەکرد کە مۆدێرنەیە. چەند هاوبەشییەکی زۆر هەیە لە نێوان رەزاشا، ئەتاتورک و پیتەردا.

 

author photo

توێژەر و نوسەر

دكتۆرا لە زانستەسیاسیەكان