چەند ڕامانێک لە سەر مەرگی شەریف باجوری

چەند ڕامانێک لە سەر مەرگی شەریف باجوری

468 خوێندراوەتەوە

یەکەم، شەریف باجوری مەرگێکی ماناداری کرد. لە دەیەی ڕابوردودا مەرگ لە کوردستان، بە تایبەت کوردستانی باشور، مەرگی مانادارنیە. مەرگی دەرئەنجامی ژیانێکی خراپە. خەڵك بە روداوی هاتوچۆ دەمرن، بە نەخۆشی جەڵتە، شەکرە، شێرپەنجە، فشاری خوێن. هەموو ئەمانە دەرئەنجامی جۆرێک لە ژیان و خواردن و پەیوەندییە بە ژینکە و دەوروبەرەوە. کە لە هەمانکاتدا ئاماژەیە بۆ نەمانی مانا لە ژیاندا، بەڵکو بوون بە قەربانی کەلتوری بەرخۆری. هەبوونی مانایەک بەهێزترین چەکە بۆ بەرگریکردن لە سەختی و ناڕونیەکانی ژیان.

 
دوو، ئەگەر مەرگی شەریف باجوری ماناداربێت ئەوا ژیانیشی ماناداربووە. لێرەدا دوو دیاردە لە ئارادان: یەکەم، ئاگرنانەوە هەمیشە دیاردەیەکی سەربازی دژە خەڵك و سروشت و ژیان بوە. ئەمە ئەمڕۆ لە کوردستانی باکوریش روودەدات بە شێوازێکی رێکخراو. ئاگر یەکێکە لە کۆنترین چەکەکانی دەسەڵاتداران بۆ زیان گەیاندن بە نەیارەکانیان. بەڵام ئەوەی لێرەدا جیگەی بایەخە، وەک هۆکاری دووەم، بە گرنگ وەرگرتنی ژینگەیە. لە ئاگرنانەوەدا تەنها زیان بە مرۆڤەکان ناکەوێت بەڵکو چەندین شێوازی ژیانی تر دەبنە قوربانی. دەبێت ئەوە بزانین کە نەک تەنها مرۆڤ، ڕوەک و گیانلەبەرانیش دەژین.

شەریف باجوری


لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردودا یەکێک لە تیاماکانی ژیانم ئەوەیە کە ئایا ژیانی من چەند مانادارتر دەبێت بە تێگەیشتن لە ژیانەکانی تر. گەر ئێمە خۆمان وەها ببینین کە لە هەناو کۆمەڵێک ژیانی جیاوازدا دەژین ئەوا دیدمان بۆ مرۆڤ بونمان هێندە فاشیزمانە نابێت. دیدی فاشیزمبوونی مرۆیی بریتیە لەبە سەنتەرگرتنی مرۆڤ و باڵادەستکردنی بە سەر ڕوەک و ئاژەڵدا. ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە بنواڕیت دەبینی کە چۆن دار سیاسەت دەکات لە ڕیکخستنی گەڵاکانی لە گەڵ ڕوناکی و با و سێبەردا، چۆن رکەبەری نەیارەکانی دەکات، چۆن حەزدەکات تۆوەکانی بڵاوبێتەوە بەڵام نزیک بە خۆی نا.

،،

داڕشتنی پەیوەندیەکی تر بە سروشتەوە، دەبێت ببێتە بنەمای داڕشتنی جۆرێکی نوێ لە پەیوەندی لە نێوان مرۆڤەکاندا، هەروەها لە گەڵ سروشتدا.


سێیەم، داڕشتنی پەیوەندیەکی تر بە سروشتەوە، دەبێت ببێتە بنەمای داڕشتنی جۆرێکی نوێ لە پەیوەندی لە نێوان مرۆڤەکاندا، هەروەها لە گەڵ سروشتدا. پەیوەندی مرۆیی، مرۆیی، تەنها پەیوەندی نیە، هەروەها هەرگیز فەراهەم نابێت هەتا پەیوەندی مرۆیی، نامرۆیی فەراهەم نەبێت. لێرەوەیە بونی جێگایەکی پاک، هەوایەکی پاک، ژینگەیەکی پاک بەشێکە لە دارایی ونەداری. لە سەردەمی دوای سروشتدا، هەبون یان نەبونی هەوای پاک، جۆرێکە لە هەژاری و دەوڵەمەندی.
چوارهەم، لە کوردستانی باشور پیسکردن، ناشیرینکردن، ژەهراویکردن، بوگەنپێکردن هەموو خەسڵەتی ئەو جۆرە ژیانەیە کە لەوێ هەیە. ئەگەر مەرگی شەریف باجوری ببێتە سمبوڵی ئەوەی کە بۆ ئەوەی ئێمە بژین پێویست ناکات هەموو شتێکیتر بکوژین یان بە کەم سەیر بکەین یان ئیسراف بکەین ئەوا مەرگی ئەو دەبێتە مەرگێکی رزگارکەر.


پێنج، ئایا ژینگە دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی نیشتمانمان هەبێت. ئێمە ناتوانین بگەینە ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتیە کە لە سەر چ بنەمایەک نیشتمانمان هەبێت. نیشتمان بە مانای ئەوەی کە پانتاییەک هەیە هی کەس نیە و هەی هەموانە. نەبوونی ئەم پەیمانە کرۆکی ئەو گەندەڵییە کە ئەمڕۆ کوردستان و عێراقیش بە دەستیەوە دەناڵێنن.

شەریف باجوری لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرێکی دیکەدا

،،

اگرنانەوە هەمیشە دیاردەیەکی سەربازی دژە خەڵك و سروشت و ژیان بوە. ئەمە ئەمڕۆ لە کوردستانی باکوریش روودەدات بە شێوازێکی رێکخراو. ئاگر یەکێکە لە کۆنترین چەکەکانی دەسەڵاتداران بۆ زیان گەیاندن بە نەیارەکانیان

بەڵام لە سەروی هەموو ئەمانەوە، مەرگی ئەو دەرئەنجامی دۆخێکی سیاسیە، کە ئەمرۆ لە دونیادا هێندە جێگای بایەخ نیە. کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەموو بەشەکانی تری کوردستان شاراوەترە بۆ دونیا.

 

author photo

توێژەر و نوسەر

دكتۆرا لە زانستەسیاسیەكان