دانیشتوانی کەرکوک لە ساڵی ١٩٤٧

دانیشتوانی کەرکوک لە ساڵی ١٩٤٧

795 خوێندراوەتەوە

لەم ڕۆژانەدا بەکتێبێکی پڕ لە زانیاری بەسوددا دەچوومەوە کە کاک هۆشیار بەکر عەزیز لە سەر گەڕەکی شۆریجەی کەرکوک ئامادەی کردووە. ڕستەیەک سەرنجی ڕاکێشام کاتێ ئاماژە بە وتەی نووسەرێکی تورکمان دەکات کە درۆیەکی زلی لە بارەی شۆریجەوە کردووە، گوایە لە سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧دا ناوی ئەو گەڕەکە نەهاتووە. ئەم جۆرە وتانە بەشێکن لەو هەڵمەتە فراوانەی ناسیۆنالیستانی توندڕەوی تورک و عەرەب بەرپایان کردووە، كە گوایە کورد لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە ئاواییەکانەوە ڕوویان لە شاری کەرکوک کردووەو بەر لەوە هەر نەبوونە، یا لە باشترین حاڵەتدا زۆر کەم بوونە.


ئەم قسانە بۆ ئەوە دەکرێن گوایە کەرکوک شارێکی تورکمانی بووەو هاتنی بەلێشاوی کورد و دواتریش عەرەب سیمای شارەکەی گۆڕیوە. هەندێکیان بەبێ ئاگایی یا مەبەست شتی زۆر سەیرو سەمەرە لە بارەی ئەم شارەو پێکهاتەی دانیشتوانەکەیەوە دەڵێن.


جارێ بەر لە هەر شتێک ناوی شۆریجە لە سەرژمێری ١٩٤٧دا وەک یەکێک لە گەڕەکەکانی کەرکوک هاتووەو ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٣٦٥ کەس بووە، کە بۆ ئەو سەردەمەی کەرکوک، شۆریجەی دەکردە یەکێک لە گەڕەکە گەورەکانی شار.


جارێکیتر بەئامارەکانی سەرژمێری ١٩٤٧دا چوومەوەو لەوێوە هەندێ ژمارەتان لە بارەی پێکهاتەی دانیشتوانەوە بۆ دەخەمەڕوو:

،،


یەکێک لەو فاکتەرانەی وایکردووە شتی نادروست لە بارەی دانیشتوانی ئەو سەردەمەی شاری کەرکوکەوە بوترێت ئەوەیە کە ئامارەکان دانیشتوانیان بە پێی ئاین پۆلێن کردووە نەک ئەتنیک، واتا باسی کوردوعەرەب‌و تورکمان لە ئارادا نییە،


یەکێک لەو فاکتەرانەی وایکردووە شتی نادروست لە بارەی دانیشتوانی ئەو سەردەمەی شاری کەرکوکەوە بوترێت ئەوەیە کە ئامارەکان دانیشتوانیان بە پێی ئاین پۆلێن کردووە نەک ئەتنیک، واتا باسی کوردوعەرەب‌و تورکمان لە ئارادا نییە، بەڵکو باس باسی موسوڵمان، کرستیان و جو و ئاینەکانی دیکەیە.
ژمارەی دانیشتوانی قەزای ناوەندی کەرکوک بە گوندەکانی بەشیر، تازە، یایچی، تسن و تۆپزاوا و ٨٣ ئاوایی ترەوە بەپێی ئامارەکانی ئەو سەرژمێرییە ٩١٥٨٢ کەس بووە، واتا ڕێک ئەوەندی ژمارەی دانیشتوانی ئێستای گەڕەکی شۆریجە. ئەگەر دانیشتوانی ئاواییەکانی سەر بە قەزای ناوەند لە ژمارە گشتییەکە دەرکەین، ئەوا ژمارەی دانیشتوانی شاری کەرکوک تەنها ٦٩٥٢٦ کەس بووە. لەم ژمارەیە ٥٨٦٥٤ کەسیان موسوڵمان بوونە و ٦٧١٥ کرستیان و ٢٨٧٣ جولەکە و ٦٠ کەسیشیان سەر بە ئاینەکانی دیکە بوونە.

ئەمانەی دوایی واتە کرستیان، جو و ئەوانی دیکە هیچیان تورکمان نەبوونە. ڕاستییەکی دیکە کە زۆرجار بەمەبەست پشتگوێ دەخرێت ئەوەیە کە لە کۆی ئەو ژمارەیەی دانیشتوانی شارەکەش ٢٢٧١٢ کەسیان هەر بەپێی ئامارەکانی سەرژمێرییەکە لە دەرەوەی لیوای کەرکوک لە دایکبوونەو دواتر هاتوونەتە کەرکوک. لە تەك ئەوانەدا ١٤٩١ کەسیش لە دەرەوەی عیراق هاتوونەتە دونیاوە، کە ژمارەیەکی بەرچاویان لە تورکیا لە دایکبوونە و بەهەموو پێوەرێک دەبێت پاشماوەی تورکی عوسمانی بووبێتن.
 

شاری کەرکوک

 

ئەگەر ئەم ژمارەیە دوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانی بەبیست ساڵ ئەوندە بووبیتن، ئەی دەبێت ژمارەی نەوەکانیان چەند بووبێتن و چەندێن لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا کۆچی دواییان کردبێت؟. ئەم ژمارەی دانیشتوان کە لە درەوەی لیوای کەرکوکەوە هاتوون بە هۆی دەرکردنی نەوت و گەشەکردنی پیشەسازی نەوتەوە بووە چونکە دەرفەتی کار و پەیداکردنی بژێوی ژیان لە کەرکوك لە هەموو شارەکانی دیکەی ئەو سەردەمەی عیراق باشتر بووە. لە کۆتاییدا دانیشتوانە ڕەسەنەکەی کەرکوک تەنها ٤٦٨١٢ کەس بوونە و لەمانەش وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا نزیکەی دە هەزاریان موسوڵمان نەبوونە، بۆیە دەبێت لە ٣٨ هەزارەکەی دیکەدا بۆ تورکمان و کورد و عەرەبی ڕەسەنی شارەکە بگەڕێین. .

بە پێی هەموو پێورە دیمۆگرافییەکان ژمارەی ئەوانەی کە لەو کاتەدا بە تورکمانی قسەیان کردووە، کە مەرج نیە بە ڕەچەڵەک تورکمان بووبێتن، لە پازدە هەزار کەس زیاتر نەبوونە. هەڵبەتە ئەم ژمارەیە بۆ ئەو کاتە دەیکردە ڕێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی شار، ئەگەر باڵادەستی زمانی تورکمانی بەهۆی دەسەڵاتی پێشووی عوسمانییەوە لە بازاڕ و دەزگاکانی دەوڵەتدای بخرێتە سەر، ئەوا ڕێژەکە زۆر بەرچاوتر دیار دەبێت و هەر ئەمەشە وای لە چاودێران و گەڕیدەی بیانی کردووە باس لە سیمای تورکامنی دانیشتوانی شار بکەن.

،،

لە ساڵانی لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە هەرچی گەشەی دیمۆگرافی لە کەرکوک ڕوویداوە بەپلەی یەکەم بەقازانجی عەرەب بووە و دوای ئەوانیش کورد، واتا لە هەردوو حاڵەتەکەدا لە سەر حیسابی ژمارە و ڕێژەی تورکمان بووە. کۆچی کوردان لە ئاواییەکانی کەرکوكەوە بۆ ناو شار پرۆسە و دیاردەیەکی سروشتی سەدەی بیستەمین بووە

لە ساڵانی لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە هەرچی گەشەی دیمۆگرافی لە کەرکوک ڕوویداوە بەپلەی یەکەم بەقازانجی عەرەب بووە و دوای ئەوانیش کورد، واتا لە هەردوو حاڵەتەکەدا لە سەر حیسابی ژمارە و ڕێژەی تورکمان بووە. کۆچی کوردان لە ئاواییەکانی کەرکوكەوە بۆ ناو شار پرۆسە و دیاردەیەکی سروشتی سەدەی بیستەمین بووە. کەرکوک کە لە هەموو عیراق و تەنانەت دەرەوەی عیراقیشەوە خەڵکی ڕاکێشاوە، زۆر ئاساییە دانیشتوانی گوندەکانی خۆی، کە ٩٠٪یان کورد بوونە، بۆ ناو شار ڕابکێشێ. ئەمە دیاردەیەکی تایبەت بە کەرکوك نیە، بەڵکو لە هەموو شارەکانی کوردستان، عیراق، ڕۆژهەڵات و بگرە دونیاش ڕوویداوە. هیچ شارێکی کوردستان، عیراق و ڕۆژهەڵات پێش پەنجا ساڵ ژمارەی دانیشتوانی چواریەکی و بگرە هەندێ جار دە لە سەدی ئێستا نەبووە. ئەم باسە هەویرێکە ئاوی زۆری دەوێت و ئێرە جێگەی نیە، بۆیە تەنها ئەوەندە دەڵێم کە ئەو درۆ و پڕوپاگاندانە هیچ لە ڕاستییەکانی مێژوو و جوگرافیا ناگۆڕن.


سەرچاوە:
المملکە العراقیە، وزارە الشوۆن الإجتماعیە، مدیریە النفوس العامە، إحصا‌و السکان لعام ١٩٤٧، الجز‌و الپانی، لوا‌و الموصل- لوا‌و کرکوك- لوا‌و السلیمانیە- لوا‌و أربیل، بغداد ١٩٥٤.

 

author photo

نوسەر

دکتۆرا لە مێژووی کورد