ژمارەو ڕێژەی عەرەب لە کەرکوک لە ساڵی ١٩٤٧دا

ژمارەو ڕێژەی عەرەب لە کەرکوک لە ساڵی ١٩٤٧دا

651 خوێندراوەتەوە

وەک لە بەشەکانی دیکەی ئەم وتارەدا ئاماژەی پێکراوە، لە سەرژمێری ١٩٤٧دا باس لە پێکهاتەی ئەتنیکی دانیشتوان نەکراوە، بۆیە بەوردی ناکرێت ژمارە و ڕێژەی پێکهاتەکان دیاریبکەین، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدەم بە پێی ئەو زانیارییانەی ئەم سەرژمێرییە دەیانخاتە بەردەستمان، ژمارەو ڕێژەی عەرەب لەو سەردەمەی کەرکوکدا چ شارو چ لیوا بخەمڵێنم.

 

  ئەو کاتە تەنها یەک ناحیە، کە سەر قەزای ناوەندی کەرکوک بوو، دەتوانین بڵێین ناحیەیەکی تەواو عەرەبنشین بووە، ئەویش ناحیەیەی مەلحە بوو، کە شارەدێی فاروق ناوەندەکەی بوو. شارەدێی فاروق تەنها ٩٠٢ کەسی تێدا دەژیا. ژمارەی ئاواییەکانی ناحیەکە ٧٦ ئاوایی بوو، کە ماحوز (١٠١٣)، غەریب (١٠٥٨) لە هەرە گرنگەکانیان بوون.

ئەوانی دیکەش فەتحە، عوبەیدیە، عەبباسیە، سەڵاحیە، جبوریە، تەللزەهەب، غازیە، دبس، مامسە، مەلحه‌ عەرەب، دغێلەی بچوک، تەلعەلی، سەجرە...تاد. ژمارەی دانیشتوانیان بەسەریەکەوە ١٢٣٥٣ کەس بوون. کۆی دانیشتوانی ناحیەکە بەهەموو گوندەکانێوە ١٥٣٢٦ کەس بوون و لە ٢٥٢٨ خێزان پێکهاتبوون.


ئەم ناحیە و دانیشتوانی بەرهەمی نیشتەجێکردنی هۆزەکانی عوبێد، جبور و ئەوانی دیکە بوون لە سێیەکانی سەدەی ڕابردوودا. لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا بوون بەو ژمارە بەرچاوە و سەر بەناوەندی قەزای کەرکوک بوون. دواتر حەوێجەی لێ پەیدا بوو و کرا بە قەزا و ژمارەی دانیشتوانی بەشێوەیەکی زۆر نائاسایی گەشەیدەکرد، ئێستا باس لە چوارسەد هەزار عەرەب دەکرێت لەو قەزایە.

،،

دەتوانین بڵێین لە کۆی گشتیی دانیشتوانی گەڕەکەکانی شاری کەرکوک (٦٧٧٥٦) بەبێ ئاواییەکان، ڕەنگبێ ژمارەی عەرەب لە دەوروبەری دەهەزار کەسێک بووبێت

لە تەک ئەم ناحیەدا لە قەزاکانی داقوق و کفریش چەند گوندێکی تێکەڵاو هەبوون کە دانیشتوانیان کورد و عەرەب بوون. هەموو عەرەبەکانی ئەو گوندانە کاتی خۆی پەنایان هێنابووە بەر ئاغا و شێخەکانی ئەم گوندانە، یا لەبنەڕیتدا ماڵە سەید و شێخ بوون هاتبوونە ئەو ناوانە و دواتر خەڵکیان لێ کۆبووەوە و بوون بەو دێیانە. هەموو ئەمانە لە دەرەوەی شاری کەرکوک دەژیان.


هەرچی شاری کەرکوکە تەنها یەک دوو گەڕەکی بچووک هەبوون، کە دەکرێت وەک گەڕەکی عەرەب ناویان ببرێت، حەدیدییەکان کە وەک ئاواییەک لە قەراخی کەرکوک بوو، سەرژمێرییەکە لە گەڵ ئاواییەکانی بەشیر و تازەدا ئاماژەی پێی کردووە و ژمارەی دانیشتوانەکەی بە ٣٩٥ کەس تۆمار کردووە. کەسە بە تەمەنەکانی کەرکوک دەزانن کە گەڕەکی حەدیدییەکان بریتی بوو لە کۆمەڵێک مال کە بەتەنەکە و دار و دەوەن دروست کرابوون.

کاتێ مەلیک فەیسەڵ سەردانی کەرکوک دەکات و گەڕەکەکە بەو حاڵە دەیینێت فەرماندەدا هەندێ خانووی قوڕیان بۆ دروست بکرێت. لەوە بترازێت لە یەک دوو کەڕەگی کەکوک کۆڵان هەبوون بە ناوی کۆڵانی عەرەبەکان وەک شۆرجە، قسابخانە و عەرەسەکان. زۆربەی هەرە زۆری عەرەبەکانی دیکە ئەوانە بوون کە وەک فەرمانبەر و سەرباز هاتبوونە ئەم شارە، یا وەک کرێکار لە دوای دەرکردنی نەوت و هەناردەکردنێوە ڕوویان کردە کەرکوک لە لیوا عەرەبییەکانی عیراقەوە وەک بەغدا، مووسڵ، بەسرە، دیالە، دلێم (ڕومادی)، کوت، عەمارە، حلە، کەربەلا، دیوانیه‌ و مونتەفیک (ناسریه‌) کە ژمارەیان بەسەر یەکەوە بە پێی سەرژمێرییەکە ١٠٩٥٩ کەس بوون.

هەڵبەتە لە ناو ئەمانەدا بەتایبەتی ئەوانەی لە مووسڵ، دیالە و کوتەوە هاتبوون کوردیش هەبوون، بەڵام پێدەچێت بەڕێژەیەکی کەم بووبێتن. هەر لەو سەرژمێرییەدا باس لە ٣٨٦١ کەس کراوە کە بەشێوەیەکی کاتی لە کەرکوک بوونە، نەک هەمیشەیی. ئەوانەش بەشێکی کەمیان هەر لەو لیوایانەوە هاتبوون، لە تەک هەموو ئەمانەدا ١٣٢٧ کەسیش لە کەرکوک بوون کە هەڵگری ڕەگەزنامەی بیانی بوون و بەشێکی ئەمانەش خەڵکی وڵاتە عەرەبییەکان بوون.


بەم شێویە دەتوانین بڵێین لە کۆی گشتیی دانیشتوانی گەڕەکەکانی شاری کەرکوک (٦٧٧٥٦) بەبێ ئاواییەکان، ڕەنگبێ ژمارەی عەرەب لە دەوروبەری دەهەزار کەسێک بووبێت. لە قەزای کەرکوکیش بە گوندەکانێوە لە کۆی (١٤٦٩٢٦) ژمارەی عەرەب لە دەوری بیست تا بیست و پێنج هەزار کەس بووە. بەم شێوەیە لە هەموو لیواکە بە دانیشتوانی قەزاکانی داقوق، چەمچەماڵ و کفرییەوە کە (٢٨٥٦٠٨) کەس بوونە، ڕێژەی عەرەب دەوروبەری ٢٠٪ دانیشتوان بووە، تورکمانیش ٢٣٪ی دانیشتوانی لێواکەیان پێکهێناوە.

،،

 بە پێی سەرژمێری ١٩٥٧، کە زمانی دایکی کردووە بە بنەما بۆ پۆلێنکردنی دانیشتوان، کورد ٤٨٪ و تورکمان ٢١٪ی دانیشتوانیان پێکهێناوە، بەڵام عەرەب بووە بە ٢٨٪ی دانیشتوانی لیوای کەرکوک.

هەرچی کوردە ڕێژەی لە ٥٥٪ دانیشتوان زیاتر بووە. ئەم ڕێژانە لە ساڵانی دواتردا گۆڕانکاری زۆریان بەسەردا دێت. ژمارەی عەرەب ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵکشاندا بووە و ژمارەی کورد و تورکمان لە کەمی داوە، بە پێی سەرژمێری ١٩٥٧، کە زمانی دایکی کردووە بە بنەما بۆ پۆلێنکردنی دانیشتوان، کورد ٤٨٪ و تورکمان ٢١٪ی دانیشتوانیان پێکهێناوە، بەڵام عەرەب بووە بە ٢٨٪ی دانیشتوانی لیوای کەرکوک. لە سەرژمێرییەکانی دواتردا ڕەوشە خراپتر بووە، بۆ نموونە لە سەرژمێری ١٩٧٧دا ڕێژەی تورکمان دابەزیوە بۆ ١٦٪ و کوردیش بۆ ٣٨٪ لە کاتێکدا ڕێژەی عەرەب بەرزبووەتەوە بۆ ٤٤٪ دانیشتوان.

لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و تا ڕووخانی ڕژێمی بەعس زۆر لەوەش خراپتر بووە. ئەم گۆڕانکارییە دراماتیکیە لە ژمارە و ڕێژەی پێکهاتەکاندا ئەنجامی کۆمەڵێک هەنگاو و سیاسەت بوو: لە لایەکەوە هێنانی عەرەب بەلێشاو بۆ کەرکوک و لەهەمان کاتدا دەرکردنی کورد و دابڕێنی قەزاکانی چەمچەماڵ، خورماتو و کفری لە پارێزگای کەرکوک لە ساڵی ١٩٧٧. هەرچی دابەزینی ڕێژەی تورکمانەکانە بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەمیان بەرزبوونەوەی ناسروشتی ژمارەو ڕێژەی عەرەب و دووەمیش ناونووسکردنی بەشێك لە تورکمانەکان بەعەرەب. لە ئەڵقەکانی داهاتوودا دێمەوە سەر ئەم باسانە.
خشتەی دانیشتوانی لیوای کەرکوک لە سەرژمێری ساڵانی ١٩٤٧ - ١٩٧٧


سەرچاوە:
المملکه‌ العراقیه‌، وزاره‌ الشوۆن الإجتماعیه‌، مدیریه‌ النفوس العامه‌، إحصا‌و السکان لعام ١٩٤٧، الجز‌و الپانی، لوا‌و الموصل- لوا‌و کرکوك- لوا‌و السلیمانیه‌- لوا‌و أربیل، بغداد ١٩٥٤.
سه‌رنج: له‌م زنجیره‌ باسه‌ مێژووییه‌ی دكتۆر "جه‌بار قادر" دا، ژماره‌ی دانیشتوانی كه‌ركووك به‌ قه‌زاو ناحییه‌كانییه‌وه‌ له‌ ساڵی 1947دا ساغده‌كرێته‌وه‌و ده‌خرێته‌ ڕوو.

 

author photo

نوسەر

دکتۆرا لە مێژووی کورد