تونێلێکی تاریکتر یا تروسکایێکی هیوابەخش

تونێلێکی تاریکتر یا تروسکایێکی هیوابەخش

639 خوێندراوەتەوە

د. بورهان یاسین

لە ٣٠ی ئەم مانگەدا جارێکی دیکە دانیشتوانی باشووری کوردستان بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەڕۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ خولی پێنجەم. بەهانە و هۆکارێکی زۆر هەن بۆ ئەوەی پشتگیری ئەو بۆچوونە بکەین کە دەخوازێ بڵێ ئەم هەڵبژاردنە لە زۆر رووەوە یەکلاکەرەوە دەبێت. . . تەنانەت لەوەش ئەولاتر، دەکرێ بە ئاسانی بڵێین کە لەم هەڵبژاردنەدا هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە لەبەردەم دووڕیانێکی مێژوویی دایە: یا ئەوەتا بۆ ئەزموونی سیاسی باشووری کوردستان دەرفەتێکی دیکە دێتە پێشەوەو بە شێوەیەکی ئاشتیانە ئەم ئەزموونە بەردەوام دەبێت، یا ئەوەتا ئەم ئەزموونە دەگا بە بنبەست وە بەم شێوەیەش دەرگا بەرەو رووی سیناریۆی مەترسیدار دەکرێتەوە، کە تیایدا ئەم جارەیان پشێوی و نائارامی دەبیتە بژاردە و تەنانەت مەترسی ئەوەش هەیە کە زەبروزەنگ ببێتە جێگرەوەی سندوقی دەنگدان!

 


دامەزراو لەسەر ئەوەی کە گوترا، گرنگیی دەنگدان و هەڵبژاردنی ئەم جارە ئەو شتە ئاساییە تێپەڕ دەکات کە مەبەست لێی هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی تازەیە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئەم دەنگدانە بە ئەگەری زۆر چارەنووسی ئەم ئەزموونە یەکلادەکاتەوە، واتە ئەمە دەنگادانە لەسەر دواڕۆژی کۆی ئەزموونەکە. کەواتە ئاسانە بڵێین کە ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە دوو دانە دەنگدان لە یەک کاتدا: دەنگدانێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی نوێ، بەڵام گرنگتریش لەوە دەنگدانێکیش بۆ دیاریکردنی چارەنووسی تەواوی ئەزموونی باشووری کوردستان.


لەم نووسراوەی بەردەستدا دەخوازم لەسەر جددیەت و چارەنووسسازیی ئەم هەڵبژاردنە بوەستم. جگە لەوەش هەڵوێستی روونی خۆم لە پشتگیری و لایەنگیری لیستێکی دیاریکراو بخەمە روو:


١) سەرەتا، بە جەختکردنەوەوە، دەڵێم هەر دەنگێک بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا دەنگدانە بە پارتی دیمۆکراتی کوردستان. بەم مانایەش ئەگەر جارێکی دیکە یەکێتی و پارتی بەیەکەوە ئەو قورسایی و دەنگێکی زۆر بەدەست بهێنن، ئەوا بێ سێ و دوو هەرێمەکەمان دووچاری دوو ئەگەر دەبێتەوە: یا ئەوەتا ١) یەکێتی و پارتی بە تەنیا دەتوانن حکومەتی داهاتوو، بە یارمەتی هەندێ هێزی "بچکۆلانەی ئەملاو و ئەولا"، پێکبهێنن؛ یا ٢) ئەوەندە دەنگ بهێنن کە کەم یا زۆر بە پێی خواستی خۆیان هەموو لایەنەکانی تر ملکەچی بەشداربوون لە حکومەتدا بکەن، بەڵام بە مەرجی خۆیان واتە بە مەرجی پارتی و یەکێتی. . .

لەم بارەیەشەوە، هەر لە ئێستاوە، نابێ پرۆگرامی حکومەتی داهاتوو پێوەر بێت بۆ بەشداری پێکردن یا بەشداربوونی هێزەکانی تری دەرەوەی پارتی و یەکێتی، بەڵکو لە ئەزموونی کابینەی هەشتەمدا دەرکەوت،وە بە دڵنیاییەوە ئەوە فێربووین، کە تا ئەو کاتەی هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی خاوەن هێزی راستەقینە نەبن بەرامەبەر پارتی و یەکێتی؛ یا هەر لە سەرەتادا زامنێکی روون و راشکاو نەبێ کە حکومەتی لەسەر دابمەزرێت، ئەوا جارێکی تریش ئەم هێزانە دەبنەوە ئەسیری دەستی بڕیار و رەفتارەکانی پارتی و یەکێتی. . . زەمانەتێک، بۆ نموونە، لە سەلامەتی حکومەتی داهاتوو دەتوانێ مافی ڤیتۆی هێزە بەشداربووەکان بێت وە یا ئەو مافە بێت کە بۆ نموونە "ئەگەر هەر کات هێزێکی وەک گۆڕان، یا هێزێکی تری خاوەن سەنگ، لە حکومەت کشایەوە ئەوا بێ سێ و دوو ئەو حکومەتە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا بکەوێ یا هەڵبووەشێتەوە. . .


بە واتایەکی دیکە، ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا باڵادەستی و رەهاییەتی دەسەڵاتی پارتی، وە بە رادەی دووەمیش هی یەکێتی، تێکنەشکێ، ئەوا نەک هەر نابێ چاوەڕوانی شتێکی نوێ لەم هەڵبژاردنانە بکەین، بەڵکو بە ئەگەری زۆر بەردەوامی دەبێت بە یاریە کۆنەکە؛ یاریێک کە لە رابردوودا بە زیانی کورد تەواو بووە وە بە ئەگەری زۆر لە داهاتووشدا بەردەوامی ئەم یاریە بە ماڵوێرانی بۆ کورد تەواو دەبێت. لەبەر ئەوە شتێکی یەکلاکەرەوە ئەوەیە کە هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی دەنگێکی ئەوەندە زۆر و پێگەیەکی ئەوەندە بەهێز بەدەست بهێنن کە بەشی ئەوە بکات تەرازووی هێز بە تەواوەتی بگۆڕێت وە ئەم هێزانە بکات بە ژمارەی راستەقینە لە هەر حکومەتێکی داهاتوودا، وە تەنها ژمارەی سەر کاغەز و سێبەری دەسەڵاتی مۆنۆپۆڵکراو لە لایەن پارتی و یەکێتیەوەنەبن یا ژمارەیەک نەبن کە تەنها بەشی پاشکۆییبکات بۆ ئەم دوو هێزە؛


٢) ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئەم جارەیان کاری پەرلەمان یەکلاکەرەوە دەبێت لە زۆر دۆسیەدا، یا راستتر بڵێین ئەم جارەیان خولی یەکلاکردنەوەی هەندێک مەسەلەی یەکجار گرنگ و چارەنووسساز لە ناو پەرلەماندا دەبێت، هەر وەک بۆ نموونە مەسەلەی سیستمی سیاسی، سەرۆکایەتی هەرێم وە دەستورێک بۆ هەرێم. . . ئەگەر یەکێتی و پارتی (بە تایبەتی پارتی) بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەنگی زۆر بەدەست بهێنن ئەوا مانای وایە ئێمە بەرەو ئەو وێستگەیە مەترسیدارە دەڕۆین کە تیایدا ئەم بابەتانە بە حەز و ویستی ئەم دوو هێزە، وە بە تایبەتی پارتی، یەکلا بکرێنەوە. . . ئەم مەترسیە یەکجار جددی و گەورەیە؛ لە راستیدا هەر لە ئێستاوە ئاماژەی ئەوە هەن کە پارتی نەک هەر چاوی لەوەیە کە ژمارەی کورسییەکانی بپارێزێ بەڵکو تەنانەت بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەم ژمارەیە زیاد بکات (تەنانەت هەندێک جار باسی ئەوەش دەکرێ کە پارتی چاوی لە ٥١%ی کورسیەکان)، رێک بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی پرسی دەستور و سیستمی سیاسی و سەرۆکایەتی هەرێم:کەواتە ئەوەی تا ئێستا بۆ ئەو حزبە نەچۆتە سەر لەم خولەدا بە ئاسانی بیباتە سەر!


جگە لەمە هەمووی، بۆ پارتی یەکجار گرنگە کە ٢٣ی حوزەیرانێکی تر سەرهەڵنەدات، کە تیایدا جارێکی دیکەئەم حزبە هەرچی تاڵیی ئۆپۆزیسیۆنبوون و کەمایەتییبوون و بایکۆت هەیە بچێژێ: ئاخر کودەتاکەی ١٢ی ئۆکتۆبەریش ئەو کاردانەوەیە بوو کە پارتی "لە شێوازی شۆکدا" ویستی ئەم تاڵییە لە بیر ئەندامان و لایەنگرانی بباتەوە و هێزی خۆیشی بە ئەوانی تر پیشان بدات وە پێیان بڵێت کە پارتی چیتر وە هەرگیز ئۆپۆزیسیۆن بوون و کەمایەتیبوون و بایکۆت قەبووڵ ناکات، چیتر ٢٣ی حوزەیرانێکی دیکە قەبووڵ ناکات. . . ئەزمونی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٥ نەک هەر لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی پارتی و بەشداری ئەم حزبە لەم هەڵبژاردنەدا رەنگدەداتەوە، بەڵکو بۆ ماوەیەکی یەکجار دوور و درێژ لە پێشمانەوە، واتە لە داهاتووشدا، کاریگەری بەسەر سیاسەتەکانی پارتییەوە دەبێت، چ دژایەتی و چ هاوپەیمانیی؛


٣) لە رابردوودا بینیمان کە باڵادەستیی پارتی لە هەرێمی کوردستاندا نەک هەر بە شێوازێکی نەرێنی و نێگەتیڤانە کاری کردۆتە سەر ئەزموونی کوردستان لە ناوەوە، واتە لە ئاستی ناوخۆی سیستمی سیاسی هەرێم و بەڕێوەبردنیو خزمەتگوزاریەکان و... هتد، بەڵکو ئەم باڵادەستییە بۆ کۆمەڵێک بڕیار و رێککەوتن لە ئاستی عێراقی و ئیقلیمی و ئیدارەدانی هەندێک دۆسیەگەلی زۆر هەستیار و ستراتیژییەکلاکەرەوە دەبێت. جگە لەمەش، باڵادەستیی پارتی دەرگا لەبەردەم سیناریۆی هەندێک سەرکێشیی کەمەرشکێن بۆ کورد، لە جۆری سەرکێشییە کاریسە ئامێزەکەی ریفراندۆمی ساڵێک لەمەوبەر، بە کراوەیی بەجێ دێڵێت. . .

روح و کڕۆکی ئەم سەرکێشییەش لە زهنیەتی سەرکردەیەک (واتە مەسعود بارزانی)دایە کە لە دیدی سەرۆک خێڵێکەوە ئیدارەی سەرکێشیەکەی ریفراندۆمی کرد، کەواتە ئیدارەی کۆی ئەم هەموو پەیوەندی و هەڵوێست و کاردانەوە ئاڵۆزانەی ئاستی هەرێم و عێراقی و ئیقلیمی و نێو دەوڵەتی کرد: ١) لە دوو وتاری جیادا،هەر چەند رۆژێکی کەم بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، مەسعود بارزانی حساب نە بۆ دەنگە ناوخۆییەکان، نە بۆ دژایەتییە عێراقییەکان، نە بۆ دژایەتییە ئیقلیمییەکان وە نە بۆ لاری و تەنانەت دژایەتی هێزە نێودەوڵەتییەکان (زۆر بە تایبەتی ئەمریکا) دەکات. زۆر جێگای سەرنج و تێڕامانە کە بۆ هەر هەمووشیان، واتە بۆ هەر هەموو ئاستەکان، دوو وشە بەکار دەهێنێ: "کەیفی خۆیانە". ئاخر ئەگەر بۆ مەسعود بارزانی پێشتر چوبێتە سەر کە بە لۆژیکی "کەیفی خۆیانە" مامەڵەی گۆڕان و سەرۆکی دەست لەکار کێشاوەی سەرۆکی پەرلەمان (د. یوسف محمەمەد) و کۆمەڵ و هێزە ناڕازیەکانی تری هەرێم "سەرکەوتوو بووبێت" ئەوا هەرگیز ریفراندۆم دەریخست کە هەڵەیەکی کوشندەیە ئەگەر بە هەمان "لۆژیکی کەیفی خۆیانە" بەرەو رووی هاوکێشەیەکی ئاڵۆز و جەنجاڵ، لە ئاستی عێراقی و ئیقلیمی و نێونەتەوەیی ببیتەوە؛ ٢) لە تێگەیشتنێکی سۆشیال-ئەنترۆپۆلۆژیانەوە،لۆژیکی مەسعود بارزانی، بە تایبەتی لە رۆژانی بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، تەواو لۆژیکی سەرۆک خێڵ بوو: لۆژیکی "سەرکەوتن عەیبێکە و دابەزین هەزار عەیب".

ئەگەر مرۆڤیش خۆی خستە ئەم شوێنەوە و بەم جۆرە لە زهنیەت ئەوا هەرگیز نە بە نامەی ریکس تیلەرسن وە نە بە هیچ هەڕەشە و ئاماژەی دیکە هەڵوێستی خۆی ناگۆڕێ. ئاخر ئەم لۆژیکی سەرۆک خێڵە هەرگیز رێگا نادات تۆ لە رۆشنایی مۆدێرنترین تیوریەکانی جەنگ و سیاسەت هەڵس و کەوت لەگەڵ دیاردەکاندا بکەیت: ئەگەر جەنگ بە پێی بۆچوونە ناودارەکەی کارل ڤۆن کلاوسۆڤیچ بخوێنینەوە کە ئەو پێی وایە جەنگ بەردەوامی سیاسەتە بەڵام بە ئامرازی تر یا ئەوەی سەرکردەی چینی ماوتسی تۆنگ پێی دەبێژێ "سیاسەت جەنگێکی ناخوێناویەو جەنگیش سیاسەتێکی خوێناویە": واتە چۆن لە جەنگدا هێڕش، بەرگری، کشانەوە و خۆ مەڵاسدان بۆ دەرفەتێکی باشتر هەیە ئەوا بە هەمان پێوەریش لە سیاسەتدا هێڕش، بەرگری، کشانەوە و خۆمەڵاسدان بۆ دەرفەتی باشتر هەیە!


بە هەر حاڵ ئێرە دەرفەتێکی لەبار نییە بۆ شیکردنەوەی شکستی ریفراندۆم بەڵام ئەوەی پێویستە بگوترێ ئەوەیە کە مەسعود بارزانی و پارتی تا رادەیەکی زۆر"سەرکەوتوو بوون" کە شکستەکە بخەنە پاڵ یەکێتی: بەم مانایەش ئەوەی روویدا، هەڵبەتە هەر بە پێی لۆژیکی پارتی، لەدەستدانی کەرکوک خیانەت و شکستی یەکێتی بوو و هیچی تر؛ لە بەرامبەریشدا بە پێی هەمان لۆژیک ئەوەی روویدا فەسل (چاپتەر)ێکی دیکە بوو لە چیرۆکی "سەرکەوتنەکانی" پارتی. بە واتایەکی دیکە، لانی کەم بە پێی لۆژیکی پارتی، "ئەگەر خیانەتەکەی یەکێتی نەبووایە" ئەوا بێ گوومان ریفراندۆم سەرکەوتوو دەبوو وە ئەمڕۆ کورد خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی دەبوو! لە لایێکی دیکەوە، کە ئەمەش جێگای پرسیار و سەرسوڕمانە.

ئەم لۆژیکەی پارتی لە (تەخوین)ی یەکێتی نەک هەر نەبووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەم دوو حزبە، بەڵکو ئەمڕۆش هەر وەک دوێنێ یەکێتی هاوپەیمانێکی راستگۆی پارتییە! لەمەش ئەولاتر، یەکێتی هاوپەیمانی هیچ هێز و کەسی تریش نییە، بگرە ئەستەمە لە داهاتوشدا بتوانێ هاوپەیمانی "راستەقینەی" هیچ هێز و لایەنێکی دیکە بێتجگە لە پارتی: زۆرن ئەو سەرکردانەی کە لە ناو یەکێتیدا کلیلی بڕیار و سیاسەتکردنی یەکێتییان بەدەستەوەیە، بەڵام کلیلی ئەم کەسانەش لە ناو سندوقە رەشەکەی پارتیدایە لە سەری رەش. . . بۆ پارێزگارێک بۆ کەرکوک و سەرۆک کۆماری داهاتووش پارتی کەسانێکی دەوێت کە کلیلی ئەم کەسانە لە سندوقە رەشەکەی سەری رەشدا بێت، نەک بە زەرورەت مەبەستی وەرگرتنی ئەم پۆستانە بێت!


چیرۆکی ریفراندۆم دەریخست کە نە پارتی دەتوانێ دەستبەرداری یەکێتی بێت وە نەش یەکێتی دەتوانێ دەستبەرداری پارتی بێت:بەم واتایەش ئەگەر کەوتنی یەکێکیان کەوتنی راستەوخۆی ئەوەی دیکەش نەبێت، ئەوا بە هەر حاڵ گومانی تیا نییە کەکەوتنی یەکێکیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەوتنی ئەوی تر. . .


هەر ئەوەشە دەمانباتەوە بەهانەو دەرەنجامی خاڵی یەکەم (سەرەوە): دەنگدان بە یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا دەنگدانە بە پارتی، وە دەنگدان بە هەر یەکێکیشیان نەک هەر بەردەوامییە بۆ ئەم دۆخە ناهەموارەی کە هەیە، بەڵکو تەنانەت پاڵدانی باشووری کوردستانیشە بەرەو هەڵدێری نائارامی و تەنانەت سەرهەڵدانی بژاردەی زەبرو زەنگ! بە واتایەکی دیکە بەرجەستەبوونی زیاتری مۆنۆپۆڵی دەسەڵات لە لایەن ئەم دوو هێزەوە، بە تایبەتی مۆنۆپۆڵی دەسەڵات لە لایەن پارتییەوە، هەرێمی کوردستان بەرەو دواڕۆژێکی نەک هەر ناڕوون، بەڵکو بێ سێ و دوو تاریکتر دەبات، لە راستیدا دەتوانین بڵیین کە ئەگەری بەهێز ئەوەیە کە پێشوەچوونێکی ئەوها دوا هیواشبکوژێ!


٤) هەر لە دەستپێکردنی ئەوەی پێی دەگوترێ ئەزموونی باشووری کوردستان (لە ١٩٩٢دا)، کە بە بۆچوونی بەندە ئەم ئەزموونە تێکەڵاویەک بووە لە کۆپیکردنی سێ سیستم: سیستمی سۆڤیەتی پێشوو، شێوازی حوکمڕانی دەوڵەتانی کەنداو (نەموزەجی خەلیجی)، جا سەعودی دەبێت یا هەر یەکێکیان و ئەوەی تریشیان کۆپیێکە لە سیستمە شکستخواردووە "کۆمارییەکانی" جیهانی عەرەبی (بە سوریا و عێراقی بەعسیشەوە). . . بەندە هەر لە سەرەتای ئەزموونی هەرێمی کوردستان، لە راستیدا هەر لە رۆژی یەکەمەوە (١٩-٥-١٩٩٢، واتە رۆژی هەڵبژاردنی یەکەم پەرلەمانی کوردستان) لە کۆڕێکدا لە شاری لوند – سوید، وتم کە چارەنووسی ئەم ئەزموونەی کە ئەمڕۆ دەستپێدەکات بەندە بە شێوازی پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی بەر لە هەشتێکی تر. هەر لەوێدا وتم کە مەترسی بەندە بە راشکاوی ئەوەیە کە نە ئاشتی و هاوپەیمانی داهاتووی نێوان ئەم دوو هێزە وە نەش شەڕی ئەم دوو هێزە بەرامبەر یەکتر هیچیان بە کەڵکی کورد نایەن. . . ئەوە دەڵێم بۆ ئەوەی بە خوێنەری رابگەیەنم کە هەر لە یەکەم رۆژی ئەم ئەزموونە کە لە ئێستادا ماوەی ٢٦/٢٧ ساڵە لەسەر پێییە، هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆن بوون و پێگەی رەخنەگرم بۆ خۆم هەڵبژارد. . .

بەڵام لە ٢٠٠٩دا کە لیستی گۆڕان دامەزرا بەندە، تەنها چەند رۆژێکی کەم بەر لە رۆژی هەڵبژاردن (٢٥/٧/٢٠٠٩) خۆرسک و بە بڕیارێکی پڕ لە هوشیاری و ئاگادارییەوە سەردانی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفام کرد و دەستخۆشی و پیرۆزبایی و پشتگیری خۆم بۆ لیستەکەی پێڕاگەیاند. . . بۆ ئەوەی کەس بە هەڵەدا نەچێت، بۆ یەکەم جار لەو ئەزموونە پڕ خەوشە کە پێی دەگوترێ ئەزموونی هەرێمی کوردستان پشتگیری خۆم بێ دوودڵێ و بە قەناعەتی زۆرەوە بۆ گۆڕان دەربڕی.ئەو باوەرە هەر زوو لای من دروست بوو کە لیستی گۆڕان (دواتر بزووتنەوەی گۆڕان) ئەو رووداوەیە کە دەتوانێ نەک هەر نەخشە و هاوکێشەی دابەشبوونی هێز لە باشووری کوردستان بگۆڕی، بەڵکو زۆر شتی تر بگۆڕێ کە پێویستیان بە گۆرانکارییە. . .

هەر لەسەر ئەم باوەڕەش، یا راستتر بڵێم هەر بەم هۆیەشەوە، متمانە و داواکاری بزووتنەوەی گۆرانم قەبووڵ کرد کە ببم بە کاندید و سەرۆکی لیستی ئەم بزووتنەوەیە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٠ی عێراقدا لە ناوچەی بادینان. . . هەر چەندە ئەم بڕیارەم ئاسان نەبوو، چونکە لە ماوەیەکی دوور و درێژتردا بەر لەم کاندیدبوونەم ئەوە بەرجەستە ببوو کە بەندە کوردستانیی و "نەتەوەیی" بیردەکەمەوە و نیشانەی پرسیاری جددیشم خستبوویە سەر حیکمەی سەرانی باشوور لە زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عێراق دوای کەوتنی دکتاتۆر، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەشدا، یا راستتر بڵێم "نەگونجاو"لەگەل هەموو ئەم هەڵوێستانەی پێشوترم، دیسان هەر خۆم کاندید کرد بۆ پەرلەمانی عێراق.


جێگای داخە کە خەڵکانێک ئەو کاتەو دواتریش (تەنانەت ئێستاش) کەوتنە ژێر کاریگەری پڕوپاگاندەی پارتی کە چۆن دەکرێ بورهان یاسین کوردستانی بێت بەڵام خۆیشی بۆ پەرلەمانی عێراق کاندید بکات. . . ئێرە دەرفەت نییە بۆ ئەوەی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بوەستم، بەڵام هەرنەبێ پێویستە ئەوە بڵێم، وەک بەشێک لە وەڵامدانەوەی ئەم پڕوپاگاندەیە، کە: ١) پەرلەمانی ئەوروپا پڕیەتی لەو جۆرە پەرلەمانتارانە کە نوێنەرایەتی هێزگەلێک دەکەن کە تا سەر ئێسقان دژی یەکێتی ئەوروپان وە تەنانەت لە ناو پەرلەمانی ئەوروپاشدا کار بۆ دەرچوونی وڵاتەکانیان لە یەکێتی ئەوروپا و تەنانەت هەوڵ بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم یەکێتیەش دەکەن!

پەرلەمانی عێراقیش دەکرێ کەسی کوردستانیی تیا بێ کە کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عێراق دەکەن؛ ٢) تا لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق، وە بە تایبەتی لە ناو پەرلەمانی عێراقدا، پشتگیری بۆ سەربەخۆیی بە دەست نەهێنیت ئەوا دەبێ لە باشترین حاڵەتدا جارێکی تریش سەرکێشیێکی ناسەرکەوتوو لە ریفراندۆمێکی ناسەرکەوتوودا بکەیت هەر وەک ئەوەی ٢٥ی سێپتێمبەری ساڵی پار. دەتوانم لەوە دوورتر بڕۆم و بڵێم بوونی خەڵکانێکی کوردستانیی (بەڵام بە راستەقینە کوردستانی) لە ناو پەرلەمانی عێراقدا، دەبێتە هاوکارێکی گرنگ بۆ هەوڵی سەربەخۆیی؛ ٣) خۆ کاندیدکردنم لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا زیاتر گوزارەش بوو لەوەی کە لە مەیداندا (بە کردار) پشتگیری لەو خوشک و برایانەم بکەم کە لە بزووتنەوەی گۆڕان پێویستیان بە پشتگیری بوو. شانازیش دەکەم کە لە ناو جەرگەی "قەڵای پارتیدا" واتە بادینان بە دەنگێکی زوڵاڵ سیستمی ئەو حزبە و یەکێتی رەد بکەمەوەو دژایەتی خۆم بۆ ئەوەی من پێم وتووە "دیواری بەرلینی نێوان بادینان و سۆران" رابگەیەنم:

ئاخر دوو ئیدارەیی لەسەر بوونی ئەم دیوارە نگریسە دەژی؛ ٤) بەشداری خۆم لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٠دا هەوڵێک بوو بۆ وەڵامی بە کردار بۆ ئەو تۆمەتە ناڕەوایەی کە بەردەوام دەیخواست بڵێ "بورهان یاسین تەنها قسە دەکاو رەخنە دەگرێ و توانای چوونە مەیدانی نییە". . .ئەو تۆمەتەش زیاتر هی یەکێتی و، بە رادەی سەرەکیش، پارتی بوو؛ ٥) ئەمڕۆش ساڵانێک دوای ئەو ئەزموونەم لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا وەک هەر کات ئەو متمانەیە بەرز دەنرخێنم کە خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا و هاوڕێیانی بە بەندەیان بەخشی؛ هەڵوێستی سیاسی و تێبینیەکانم هەر چی دەبێ با ببێ، بەڵام ئەم متمانەیە لای من پارێزراوە، وەک بەهایەکی مرۆیی هەرە بەرز، وەک ئەمانەتێک لە داهاتووشدا،وەک هەر کات، ئەو متمانەیە رێز لێ گیراو و پارێزراو دەبێت. . .


ئەم کورتە مێژووەی سەرەوەم دەربارەی هەڵوێستی پێشوترم، لە بزاڤی گۆڕان، گێڕایەوە هەر بە مەبەستی دەربڕینی هەڵوێستی خۆم لەم هەڵبژاردنانەی کە لە پێشمانن، کە بەشێکە لە مەبەست و ئامانجی ئەم وتارەی بەردەست. هەڵوێستی خۆم بەم چەند خاڵە کورت دەکەمەوە:


١- مەسەلەیەکی یەکجار گرنگە، لە راستیدا چارەنووسسازیشە، کە خەڵکی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا بە بڕیار و وریایی و تەواوی هۆشیارییانەوە بەشداری بە گڕ و تین لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا بکەن؛


٢- لەم بەشداریەشدا زۆر گرنگە ئەوە بزانرێ کە بردنەوەی پارتی و یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا، بە شێوەیەک کە ببن بە زۆرینەیەکی رەها لە پەرلەمان،هەروەک پێشتر ئاماژەی پێدرا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەک هەر ئەم دۆخە ناهەموارەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەڵکو ئەم ئەزموونە خوێناویش ببێت؛


٣- بە هەموو هوشیاری و ئاگاداریمەوە لەم هەڵبژاردنەشدا پشتگیریی لە لیستی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەم. زۆر گرنگە، تەنانەت چارەنووسسازیشە، کە بزاڤی گۆڕان لەم هەڵبژاردنەدا نەک هەر سەنگی خۆی لە پەرلەمان بپارێزێ بەڵکو ئەم سەنگە زۆر بەهێزتر بکات لە رێگای زێدەبوونی ژمارەی کوردسییەکانیەوە. ئەزموونی چوار ساڵی رابردوو، لە ئەوەی پێی وتراوە "حکومەتی بنکە فراوان"، ئەوەمان پێ دەڵێت کە هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی پێویستە سەنگێکی زۆر گەورە، زۆر زێتر لە پێشوو، بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی حکومەتێک بێتە بەرهەم کە تیایدا ئەم هێزانە خاوەنی هێز و پێگەی راستەقینە بن، نەک تەنها ژمارەیەک بن لە "جوانکردنی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا". . . بوونی بزووتنەوەی گۆڕان بە هێزی یەکەم لەم هەڵبژاردنانەدا دەتوانێ هیوا بەخش بێت و رێگا بە سیناریۆ تاریکەکانی بەردەم باشووری کوردستان بگرێ و ئاڕاستەی ئەم هەڵدێرە مەترسیدارەش راگرێ!