پەرلەمان كەی‌ و چۆن دەبێتە پەرلەمان؟

پەرلەمان كەی‌ و چۆن دەبێتە پەرلەمان؟

943 خوێندراوەتەوە

بەهاو ڕۆڵی پەرلەمان، ڕەنگدانەوەی سیستمی سیاسی‌و كێڵگەو ژیانی سیاسی‌و تێڕوانینی هێزە سیاسییەكانە بۆ ئەو دەزگایەو بەهاداری‌و پێگەی بەهێزی پەرلەمانیش گوزارشتە لە ئاستی كلتوری دیموكراسی هەر وڵاتێك.

 

لە وڵاتانی دیموكراسی، پەرلەمان كاریگەرترین دەزگای دەوڵەتەو سەرباری یاسادان‌و چاودێریكردن، حكومەتیش ئاڕاستە دەكات.
دیدو بڕوای هێزە دەسەڵاتدارەكان بەتایبەت‌و هێزە سیاسییەكانی دی بۆ پەرلەمان، پێوەرێكی گرنگە بۆ زانینی ئاستی شەفافیەت‌و عەدالەت‌و، ئاستی دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ.


دەسەڵاتە قۆرخكارو خۆسەپێن‌و نا دیموكراسییەكان ئەوەی لێیدەترسن پەرلەمانە، ئەوان هەمیشە لە بێبایەخكردن‌و بێكاریگەركردنی ئەم دەزگایە درێخی ناكەن‌و تا ئاستی بە " كارتۆن" كردنی كار دەكەن.


ڕوانین لە چوار خولی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستان، ڕوون دەبێتەوە كە دیدو بڕوای دەسەڵات‌و دوو هێزە دەسەڵاتدارەكە لەهەرێمی كوردستاندا بۆ پەرلەمان چۆنەو ئەوان دەیانەوێت پەرلەمان پێگەو ڕۆڵی چۆن بێت.

،،

 خولی یەكەمی پەرلەمان نەك هەر نەیتوانی ڕۆڵی ڕاستەقینەی پەرلەمان بگێرێت، بەڵكو بە هۆی شەڕی ناوخۆی پارتی‌و یەكێتییەوە بۆ هەمیشە پەكخراو دەرگاكەی كڵۆم درا.


خولی یەكەمی پەرلەمان نەك هەر نەیتوانی ڕۆڵی ڕاستەقینەی پەرلەمان بگێرێت، بەڵكو بە هۆی شەڕی ناوخۆی پارتی‌و یەكێتییەوە بۆ هەمیشە پەكخراو دەرگاكەی كڵۆم درا.


خولی دووەمیش هەردوو پارتی دەسەڵاتدار تێیدا باڵا دەستبوون‌و ئەو دیدو بڕوایەی كە بۆ پەرلەمان هەیانە بەزیادەوە بەرجەستەیان كرد.
لە خولی سێیەم‌و چوارەمدا هەرچەندە سەركێشی هەبوو لە پێناو ئەوەی پەرلەمان ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی بگێڕێت‌و بەتایبەت ببێتە چاودێر بەسەر حكومەتەوە، بەڵام سەرباری بوونی بەلێشاوی گەندەڵی، نەمانبینی وەزیرێك، بەرپرسێكی باڵای حكومی، بخرێتە ژێر لێپرسینەوەوەو سزای یاسایی بدرێت.

هۆڵی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی یەکێک لە دانیشتنەکاندا ساڵی ٢٠١٧


هەردوو پارتی دەسەڵاتدار، بەردەوام هەوڵی بچووككردنەوەو بێبابەخكردن‌و بێكاریگەركردنی پەرلەمانیان داوەو كارێكیان كردووە كە پەرلەمان بە پێی مەیلی بەرپرسانی باڵای ئەوان هەنگاو بنێت‌و ئەو ئیرادەو ویستەشیان كوشتووە، یان بچوككردوەتەوە، كە پێچەوانەی مەیلی ئەوان لەپەرلەماندا كاری كردووەو هەنگاوی ناوە.


بێكاریگەركردن‌و بچوككردنەوەی پەرلەمان لە لایەن دەسەڵاتی كوردییەوە، بەشی زۆری ئەو بێهیواییەی بەرهەمهێناوە كە لە كۆمەڵگەی كوردیدا بەرانبەر پەرلەمان هەیەو ئێستا لای بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان پەرلەمان ئەو شوێنەیە كە لە پێناو مووچەو ئیمتیازات‌و دەوڵەمەندبووندا شەڕ لە پێناو گەشتنیدا دەكرێت‌و هەردوو هێزی دەسەڵاتداریش تەواو سەركەوتووبوون لەوەی كە وێنەی پەرلەمان بەم جۆرە لای بەشێكی زۆری كۆمەڵگەی كوردی بنەخشێنن‌و تا ئاستێكی كاریگەریش كۆمەڵگە بەرانبەر پەرلەمان بێهیوا بكەن.

،،

بێكاریگەركردن‌و بچوككردنەوەی پەرلەمان لە لایەن دەسەڵاتی كوردییەوە، بەشی زۆری ئەو بێهیواییەی بەرهەمهێناوە كە لە كۆمەڵگەی كوردیدا بەرانبەر پەرلەمان هەیە


تەرخانكردنی مووچەی زەبەلاح‌و ئیمتیازاتی جۆراوجۆر بۆ پەرلەمانتار، یەكێك لەو ڕێگایانەیە كە دەسەڵات پەرلەمانی پێناشیرین كردووەو وایكردووە كە زۆرێك لەپێناو گەشتن بەو نیعمەتە گەورانەدا هەوڵی گەشتنی بۆ بدەن، نەك لە پێناو خەمی گشتیدا، هەر لێرەشەوە هێزەكانی دەرەوەی خۆیانیان خستووەتە داوەكەوەو كارێكیان كردووە كە لەناو ئەو هێزانەشدا هەرا لەسەر كاندیدبوون دروست ببێت.


دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان، لە ڕووی موچەو ئیمتیازاتەوە زۆر لە پێشی پەرلەمانی وڵاتانی دیموكراسییەوەن، بەڵام لە ڕووی گێڕانی ڕۆڵی ڕاستەقینەوە دەیان فرسەخ لە دوای ئەوانەوەن.


بێهیوای خەڵك، چەندە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە هەڵبژاردن گۆڕانكاری سیاسی دروستناكات، لەوە زیاتر پەیوەنددارە بەوەی كە پەرلەمان دەزگایەكی بێكاریگەرەو ناتوانێت ڕۆڵی چاودێری ڕاستەقینە بگێرێت‌و یاسا لە بەرژەوەندی گشتیدا دەر بكات.


ڕاستە گرنگە كە كەسانی شارەزاو پسۆڕی بوارە جیاوازەكان بچنە پەرلەمان، بەڵام هەر چوار خوولی پێشووی پەرلەمان خاڵی نەبووە لەو جۆرە كەسانەو نەیشیان توانیوە ڕۆڵی ڕاستەقینەی پەرلەمانتاری ببینن‌و پەرلەمان بكەن بە پەرلەمان، ئاخر ئەگەر هەیمەنەی دەسەڵات بەسەر پەرلەمانەوە بەرقەراربێت‌و بڕیارەكان لە دەرەوەی پەرلەمان گەڵاڵە بكرێن‌و بڕیاری سیاسییە باڵا دەستەكان لەناو پەرلەماندا نەخشابێت، ئیدی بوونی كەسانی شارەزاو پسپۆڕ چ لە بابەتەكە دەگۆڕێت.

،،

  دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان، لە ڕووی موچەو ئیمتیازاتەوە زۆر لە پێشی پەرلەمانی وڵاتانی دیموكراسییەوەن، بەڵام لە ڕووی گێڕانی ڕۆڵی ڕاستەقینەوە دەیان فرسەخ لە دوای ئەوانەوەن.


زۆریشن ئەوانەی پێیانوایە پێوویست‌و گرنگە كەسانی باڵای حیزبەكان بچنە پەرلەمان، بەڵام لە خولی یەكەمی پەرلەمانەوە دەركەوت‌و ڕوون بوویەوە كە ئەم بۆ چوونەش تیماری بیمارییەكەی پەرلەمان ناكات.

لە خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستاندا، 30 ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و پارتی‌و یەكێتی لە پەرلەمان بوون، ئەو خولەی پەرلەمان نەك هەر نەیتوانی ببێتە چاودێر بەسەر حكومەتەوە، بەڵكو هیچ یاسایەكی بە بێ ڕەزامەندی پارتی‌و یەكێتی دەرنەكرد.

 

بینای پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە هەولێری پایتەخت

 


لەو خولەی پەرلەماندا پەرلەمانتاران كۆكبوون لەسەر دروستكردنی لیژنەیەك بۆ ژنان، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە لەسەر ناوی لیژنەكە ڕێكناكەون، لیژنەكە دروست ناكرێت.


فراكسیۆنی سەوزو پەرلەمانتارانی یەكێتی دەیانووت دەبێت لیژنەكە ناوی " لیژنەی ژنان"بێت‌و فراكسیۆنی زەردو پەرلەمانتارانی پارتیش دەیانووت دەبێت لیژنەكە ناوی " لیژنەی ئافرەتان" بێت، شێركۆ بێكەس هەوڵی نێوەندگیری دەدات‌و دەڵێت با ناوی " لیژنەی خانمان" بێت‌و "فواد مەعسوم"یش پێشنیاری ناوی لیژنەی " سەیدات" دەكات.

،،

هیچ ڕێگەیەكی دیكە نییە بۆ ئەوەی پەرلەمان بكاتەوە بە پەرلەمان، جگە لەوەی كە دەسەڵات دیدو بڕوای بەرانبەر بە پەرلەمان بگۆڕێت


هیچ ڕێگەیەكی دیكە نییە بۆ ئەوەی پەرلەمان بكاتەوە بە پەرلەمان، جگە لەوەی كە دەسەڵات دیدو بڕوای بەرانبەر بە پەرلەمان بگۆڕێت‌و دەست لەیەخەی ئەو دەزگایە بەر بدات‌و ڕازیبێت بەوەی كە پەرلەمان كاری ڕاستەقینەی خۆی بكات‌و بچێتە سەر ئەو هێڵەی كە دەبێت پەرلەمان پێیدا بڕوات.


لەتەك چوونە سەر ئەو بڕوایەی دەسەڵات‌و هێزەكانیتریش بەرانبەر بە پەرلەمان، كەمكردنەوەی مووچەو ئیمتیازاتە زۆرو زەوەندەكانی پەرلەمانتار، هۆیەكی دیكەیە بۆ كارابوونی پەرلەمان‌و لەم دۆخەدا ئەوانە مەیلیان لە چوونە پەرلەمان دەبێت كە تا ئاستێكی زۆرتر خەمی گشتییان هەیەو پاڵنەری ماددی دنەی نەداون بۆ بوون بە پەرلەمانتار.

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی