ژماره‌ی دانیشتوانی قەزای چەمچەماڵ‌و كفری لە ساڵی ١٩٤٧

ژماره‌ی دانیشتوانی قەزای چەمچەماڵ‌و كفری لە ساڵی ١٩٤٧

726 خوێندراوەتەوە

قەزای چەمچەماڵ لە کاتی سەرژمێری ١٩٤٧ یەکێ لە قەزا گرنگەکانی لیوای کەرکوک بوو، بریتیبوو لە ناوەندی قەزاو هەردوو ناحیەی ئاغجەلەرو سەنگاو. ژمارەی دانیشتوانی ناوەندی قەزاکە کە چەمچەماڵ بوو تەنها ١٨١١ کەس بوو. ژمارەی ئاواییەکانی ٦٤ ئاوایی بوو کە ١٠١٢٥ کەس ژیانیان تێدا دەبردە سەر. هەموو بەسەر یەکەوە دەیانکردە ١١٩٣٦ کەس.

 
گرنگترین ئاواییەکانی چەمچەماڵ لەو کاتەدا ئەمانە بوون: تەکیەی کاکەمەند، بنگرد، گورگەیی خاسە، پریادی، گورگەیی شامار، دانەسۆفی، سەیدانی سەروو، نورە، عەلی مەنسور، قەرەتامور، تاڵەبان، ژاڵەی بەردەربەند، شێردەرە، قەرەوەیس، ئەحمەد لەوەند، قەڵاچوغە، چراغەسوتە، هەڕاوە، خاڵدان، مارولە و فەرقە.


لە ناحیەی ئاغجەلەریش دانیشتوانی ناو ناحیەیەکە تەنها ٦٢٧ کەس بوون، ٥٥ ئاواییش سەر بە ناحیەکە بوو، کە ژمارەی دانیشتوانیان ٨٩٤٠ کەس بوون‌و بەسەر یەکەوە دەیانکردە ٩٥٦٧ کەس. گرنگترین گوندەکانی ئاغجەلەریش ئەمانە بوون: یاوەفەنەری سەروو، قۆجەلەر، قەسرۆک، تلیاز، کزەڵان، جلەمورد، دلاوەرونە، کەڕاد، عەسکەر، نۆکەل، کوێرەدێ، بکۆکی، گۆکتەپە ( ناوی گوندەکان زۆر جار بەهەڵە و بەعەرەبی نووسران).

،،


لە چەمچەمال تەنها پێنج کرستیان و دوو جولەکە ژیاون. ئەوانی دیکە هەموویان موسوڵمان بوون‌و کۆی گشتیی دانیشتوانی قەزای چەمچەمال ٣٠٣٢٨ کەس بوون‌و هەموویان کورد بوون.


هەرچی ناحیەی سەنگاوە دانیشتوانی شارەدێکە تەنها ٥٢٤ کەس بوونە، ٦٦ ئاواییش سەر بەم ناحیە بوونە کە ژامارەی دانیشتوانیان ٧٧٧٧ کەس بووە و لە گەڵ دانیشتوانی شارەدێکەدا هەموو دەیانکردە ٨٣٠١ کەس. گرنگترین ئاواییەکانی سەنگاو وەک لە سەرژمێرییەکەدا هاتووە ئەمانەن: درۆزنە، کچان، دەرەوار، هشەزەنێ، ژاڵە مەملەحە، دێ ڕەشە، ژاڵە و رەبات.


لە چەمچەمال تەنها پێنج کرستیان و دوو جولەکە ژیاون. ئەوانی دیکە هەموویان موسوڵمان بوون‌و کۆی گشتیی دانیشتوانی قەزای چەمچەمال ٣٠٣٢٨ کەس بوون‌و هەموویان کورد بوون.



قەزای کفری
قەزای کفری، لە سەردەمی عوسمانیدا ناوی سەڵاحیە بوو، لە کاتی سەرژمێری ١٩٤٧دا لە ناوەندی قەزاو ناحیەکانی پێباز، قەرەتەپەو شێروانە پێکهاتبوو. شارۆچکەی کفری بە پێی سەرژمێرییەکە بریتی بووە لە دوو گەڕەک: ئیسماعیل بەگ، کە ژمارەی دانیشتوانی ٢٧٨٠ کەس بوونەو گەڕەکی سادەکان(الساده‌) کە ١٩٠١ کەسی تێدا ژیاوە. کۆی گشتی دانیشتوانی ناوەندی قەزاکە تەنها ٤٦٨١ کەس بوونە. هیچ ئاواییەک لە گەڵ ناوەندی قەزاکەدا لەم سەرژمێرییەدا تۆمار نەکراوە.


هەرچی ناحیەی پێبازە(پێواز یا باوەنور) بە هەر ٦١ ئاواییەکەیەوە ژمارەی دانیشتوانی ٥٩٥٩ کەس بووە. گرنگترین ئاواییەکانی ئەم ناحیەیە: تەپەکروز، زەردەلیکاو، جرجەقەڵا، بەکر بایف، کولیتەپە و کۆکس بوون. ناحیەی قەرەتەپە بەگەورەتین ناحیەی قەزای کفری دادەنرا. قەرەتەپەش لە دوو گەڕەک پێکهاتبوو گەڕەکی مزگەوت و گەڕەکی بازاڕ، ژمارەی دانیشتوانی هەردوو گەڕەکەکە دەیکردە ٢٧١٤ کەس. ٩٨ ئاوایی سەر بەم ناحیە بوون، کۆی دانیشتوانیان ١٨٣٣٢ کەس بوون.

گرنگترین گوندەکانی قەرەتەپە ئەمانە بوون: کوڵەجۆ، مەحمولە، عەلی سەرای سەروو، عەلی سەرای خواروو، کارێزەکۆن، کۆشک، ئۆمەر مەندان، گاوری ساڵح محەمەد، گاوری بچوک، کۆکس، شیبان، کاوخۆر، ساریتەپە، خزران، کەشکۆڵی کۆن، کەشکۆڵی تازە، سیبان، شێخ بابا، سەیدەڵان و گلیتەپە. هەموو بەسەر یەکەوە لەو ساڵەدا ٢١٠٦٩ کەس لە ناحیەی قەرەتەپە دەژیان.

 

 
هەرچی ناحیەی شێراونەیە ناوەندەکەی سەرقەڵا بوو. دانیشتوانی سەرقەڵا زۆر کەم بوون و تەنها ٢٧٣ کەس بوون، لە کاتێکدا لە کەلار کە ئاواییەکی سەر بەم ناحیە بوو ١٠٦٤ کەس دەژیان. لە گەڵ کەلاردا ١٣٠ ئاوایی سەر بە شێروانە بوون، ژمارەی دانیشتوانیان ١٦٢٢٩ کەس بوون و هەموو بەسەر یەکەوە ١٧٥٦٦ کەس لە ناحیەی شێروانە ژایانیان بەسەردەبرد. کۆی دانیشتوانی قەزای کفری ٤٩٣٣٦ کەس بوون. لەم ژمارەیە ٤٢٦ جو، ٢١ کرستیان و ٢ سوببی هەبوون، ئەوانی دیکە هەموو موسوڵمان بوون. زۆربەی هەرە زۆری جولەکەکان ٣٣٦ لە شارۆچکەی کفری دەژیان و ٨٧ یانیش لە قەرەتەپە و تەنها ٣ یان لە ناحیەی شێروانە دەژیان. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەوان زیاتر لە شارەکاندا دەژیان و خەریکی بازرگانی بوون، شێروانە وەک دەڤەرێکی کشتوکاڵی بۆ ئەوان دەستی نادا، بەڵام پەیوەندی بازرگانی و ئابوریان لە گەڵ خەڵکەکەیدا زۆر بوو.


هەرچەندە لە سەرژمێرییەکە باس لە پێکهاتەی ئەتنیکی دانیشتوان نەکراوە، بەڵام ئەو زانیارییانەمان هەیە کە ئەو دەمە بەشێکی بەرچاوی دانشتوانی شاری کفری تورکمان بوونەو لە ناو قەرەتەپەش بارەکە زۆر جیاواز نەبووە . لە هەندێ لە گوندەکانیش عەرەب هەبوونە، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی گوندەکان کورد بوونە، لە نزیکەی ئەو پەنجا هەزار کەسەی کۆی دانیشتوانی قەزای کفریان پێکهێناوە، دەتوانین بڵێین زیاتر لە چل هەزاریان کورد بوونە.

،،

هەرچەندە لە سەرژمێرییەکە باس لە پێکهاتەی ئەتنیکی دانیشتوان نەکراوە، بەڵام ئەو زانیارییانەمان هەیە کە ئەو دەمە بەشێکی بەرچاوی دانشتوانی شاری کفری تورکمان بوونەو لە ناو قەرەتەپەش بارەکە زۆر جیاواز نەبووە . لە هەندێ لە گوندەکانیش عەرەب هەبوونە، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی گوندەکان کورد بوون


کاتی خۆی لە بارەی پێکهاتەی ئەتنیکی دانیشتوانی کەرکوکەوە چەندین وتارو لێکۆڵینەوەم بەعەرەبی بڵاوکردۆتەوە، هەندێکیان لە کۆنفرانس و سیمپۆزیۆمدا لە لەندەن‌و شوێنی دیکە پێشکەش کراون. ئەو سەردەمانە ڕژێم مابوو و دەستمان بەئامارە فەرمی و سەرژمێرییەکان نەدەگەیشت، بەڵام ئێستا کە هەندێ لەمانەمان لە بەردەستدان، دەتوانین زۆر وردتر لەو بارەیەوە توێژینەوە بکەین.


ئەم وتارانە بۆیە بە کوردی دەنووسم چونکە دەبنم ژمارەیەكی بەرچاو لە خوێنەران و سیاسەتمەدارانی کورد لە بارەی ڕابردووی کەرکوکەوە شتێکی ئەوتۆ نازانن و باوەڕیان بە لێکدانەوە و بۆچوونەکانی نەیارانی کورد هێناوە. هەندێکیان لەسەر حیسابی کوردی کەرکوک ژمارەو پێگە بە پێکهاتەکانی دیکە دەبەخشنەوە بۆ ئەوەی خۆیان بە کەسانی باش نمایش بکەن، بەقەولی خەڵکی شارە حەیاتەکە "بەئاوی حەمامەوە پیاوەتی دەکەن". ئەم خوێنەوار و سیاسەتمەدارانە، کە بۆ خۆیان ڕۆژێ لە کەرکوك نەژیاون، زۆر جار بەچاوی گومانەوە سەیری ئەم جۆرە نووسینانەی ئێمەومانان دەکەن و بە لێکدانەوەی توندڕەوی کوردانە و ناسیۆنالیستانە لەقەڵەمدەدەن. ئەمە هەندێکی بەرهەمی خۆ بەکەم زانینەو هەندێکی دیکەشی دووڕوویی و کەڵەکەبازییە.

سەرچاوە:
المملکه‌ العراقیه‌، وزاره‌ الشۆون الإجتماعیه‌، مدیریه‌ النفوس العامه‌، إحصا‌و السکان لعام ١٩٤٧، الجز‌و الپانی، لوا‌و الموصل- لوا‌و کرکوك- لوا‌و السلیمانیه‌- لوا‌و أربیل، بغداد ١٩٥٤.

 

author photo

نوسەر

دکتۆرا لە مێژووی کورد