بارزانی بەرەو چی و کوێمان دەبات ؟

لە یادی شکستە گەورەکەی ڕیفراندۆمدا

بارزانی بەرەو چی و کوێمان دەبات ؟

892 خوێندراوەتەوە

ئەمەی خوارەوە چەند پەرەگرافێکی کورتە لە وتارێکی ھاوبەشی کاک ئاراس فەتاح و من بەناوی ”بارزانی بەرە و چی و کوێمان دەبات؟“ کە چەندڕۆژێک بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بڵاوکرایەوە. ئەمەش ھەندێک پەرەگرافی ئەو نووسینە:

 

-”پێدەچێت جۆشی حەماسەتی ناسیۆنالیستیی و قوماری سیاسیی دامەزراندنی دەوڵەت و دروستکردنی پاڵەوانی نەتەوەیی ساختە و پێشکەشکردنی بەرائەزیمەی سیاسیی لەلایەن ژمارەیەک ھێز و کەسەوە، ئەو ڕاستییە سادەیەی لە بیربردبێتەوە کە دۆخی کوردستان بە یەکێک لە مەترسیدارترین قۆناغە سیاسییەکانی تەمەنی خۆیدا تێدەپەڕێت و ئەگەری مایەپووچبوونێکی سیاسیی گەورە و تێکچوونێکی ترسناکیی ئەو دۆخە خراپەی کە ھەشمانە، لەگەڵ خۆیدا بھێنێت. ئەمجارە عەقڵییەتێکی تاکڕەوانەی کوردیی خۆی دروستکەری ئەم دۆخە ئاڵۆزەیە، نەک پیلانی ھێزە دەرەکییەکان و دوژمنە جۆربەجۆرەکانی کوردستان. پاڵەوانی ناو ئەم دۆخە ترسناکە و کەسایەتی ژمارە یەکی ناو ئەم شەپۆلی پۆپۆلیزمە ناعەقڵانییەش، بارزانییە.“

،،

بارزانی توانی دۆخێک دروستبکات بۆ یەکەمجار ئێران و ئەمریکای دۆناڵد ترامپ بە یەک بگەیەنێت و دژ بە پرۆژەی ڕیفراندۆم لە سەنگەرێکدا کۆیانبکاتەوە، سوننە و شیعە لە عێراقدا ئاشتبکاتەوە و بیانخاتەوە ناو گوتاری ناسیۆنالیزمی عێراقیی و بەرگرییکردن لە یەکێتی خاکی عێراق.

- ”کاڵفامانە و بێپەروایانە قسە لەسەر مەسەلەیەکی ستراتیژی گەورە دەکات و باس لە گۆڕینی نەخشەی سیاسیی ناوچەکە دەکات، بەبێ ئەوەی دوو وڵاتی رازیکردبێت کە شەرعییەت بەو ھەنگاوە بدەن و پشتیوانی لەو پرسە گەورەیە بکەن. چجای ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاساییش و یەکێتی ئەوروپا. یان لانی کەم یەک وڵاتی دووردۆست. ئەوە با لە ھەڵوێستی عێراق خۆی و وڵاتە ئیقلیمیەکانی تری وەک ئێران و لەم دواییانەشدا تورکیا، بگەڕێین کە بە زمانێکی زۆر سادە و ڕاستەوخۆ ھەڕەشەی گەورە لە ھەرێم و دانیشتوانەکەی دەکەن. “

- ”بارزانی توانی دۆخێک دروستبکات بۆ یەکەمجار ئێران و ئەمریکای دۆناڵد ترامپ بە یەک بگەیەنێت و دژ بە پرۆژەی ڕیفراندۆم لە سەنگەرێکدا کۆیانبکاتەوە، سوننە و شیعە لە عێراقدا ئاشتبکاتەوە و بیانخاتەوە ناو گوتاری ناسیۆنالیزمی عێراقیی و بەرگرییکردن لە یەکێتی خاکی عێراق. تورکیا و ئێران و تورکیا و عێراقی لەزۆر ئاستدا لەیەکتر نزیککردۆتەوە و وایکردوە سیاسەتی دوژمنایەتیکردنی ڕاستەوخۆی ئیقلیمیی ئەو ھێزانە بەرامبەر بە کورد، وەک جاران چالاکببێتەوە. بە کورتیی، بارزانی کارێکی وایکردوە سعودیە و ئێران، تورکیا و عێراق، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتوەکان و بریتانیا، سوید و ئیسپانیا، ئەڵمانیا و ھۆڵەندا، ھەموویان، سەرەڕای دنیایەک جیاوازیی و ململانێ و ناکۆکیی، لە دژایەتیکردنی ئەم ریفراندۆمەیدا ھەماھەنگ بن.“


”ئێمە ڕامان وایە گەرچی ئەم ریفراندۆمە خۆی وەک پڕۆژەیەکی نەتەوەیی نماییشدەکات، بەڵام بە حەتمی دۆڕانی ”ناوچە جێناکۆکەکان“ی لێدەکەوێتەوە، (..) لەباتی ئەوەی نیشتیمانێک دروستبکات بۆ دانیشتوانی کوردستان، دەبێت بە گۆڕێکی نەتەوەیی بۆ ناوچەی کەرکوک و شوێنەکانی تر کە لەسەر ھەرێم نین و لە زۆرینەیاندا کورد کەمینەیە.“

،،

ئێمە ڕامان وایە گەرچی ئەم ریفراندۆمە خۆی وەک پڕۆژەیەکی نەتەوەیی نماییشدەکات، بەڵام بە حەتمی دۆڕانی ”ناوچە جێناکۆکەکان“ی لێدەکەوێتەوە

- ”ئێمە ئەم گوتارە پۆپۆلیستییەی بارزانی بە کردەیەکی نابەرپرسیار و مەترسیدار دەبینین بۆ ئێستا و دواڕۆژی دانیشتوانی ھەرێم، بۆسەر پێگە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکەی کوردستان. بە گەمەیەکی سیاسیی خراپ و ناشیرینیشی دەزانین کە سایکۆلۆژیای بارزانی دروستیکردوە و ھەر ئەو سایکۆلۆژیایەش ئاراستەیدەکات.“

 

author photo

نوسەر و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی هۆڵەندا