سیاسەت چی یە ؟

سیاسەت چی یە ؟

594 خوێندراوەتەوە

ئەگەر ئەندازەیی سەیری سیاسەت بکرێت زیاتر لەشێوەی بازنەیدایە بەجیاوازی فراوانی تیرەکەی گەورەییەکەی دیاری دەکرێت . سوڕێکە لە گۆشەیەکی ٣٨٠ پلەیدا نە سەرەتای هەیە و نە کۆتایی .

 
ئەگەر فیزیای سەیری سیاسەت بکەین . تەنێکی بێ وەزنە . لەناو جازبیەی هاوکێشەکاندا وەزن و قورسایی بۆ خۆی دروست دەکات . لەبێ وەزنی خۆیدا بەقەد هێزی جازبیە قورسایی وەردەگرێت . ئەگەر ماتماتیکی سەیر بکرێت . سیاسەت ژمارەیەکی بێ نرخە هاوشێوەی سفر هەرخۆی بەتەنیا هیچ ناکات ، بەڵام لەناو ژمارەکانی تردا هەم نرخ بۆخۆی زیاد دەکات و هەم بەزەربی دە ، هەر سفرێکی بێ نرخ بەها ئەدات بەو ژمارانەی کە دەکەوێتە بەردەمیان . هەم خۆی دەبێت بە ژمارە و هەم ژمارەکەش گەورە دەکات .


ئەگەر کیمیایی لە سیاسەت بڕوانین هاوشێوەی ڕەگەزی هایدرۆجینە . ڕەنگ و تام و بۆنی نیە . بەڵام لە سەدا حەفتاوپێنجی غازی گەردوون پێک دەهێنێت . سیاسەت و هایدرۆجین وەک ئەوەی غازێکن نابینرێن ، کەچی لەهەموو شوێنێکدا هەن ، وەکو ئەوەی ڕەگەزێکی ساردکەرەوەی تەزیون کەچی لە تەقینەوەکانیاندا وەک ئەتۆم گەرم و سوتێنەرن .


لەهەرکام لەم گۆشانەوە سەیری سیاسەت بکەین ، دەبینین کردەیەکی لەیەک کاتدا ئاسان و سەختە ، سارد و گەرمە ، بێ بەها و بەهادارە ، هیچە و هەموو شتێکە . بۆیە دەبێت بەوردی و ژیرانە مامەڵەی پێ بکرێت . چونکە چەند بۆ ژیانی کۆمەڵگە پێویستە ، هێندەش مەترسیدار و کوشندەیە . چەند بێ مانایە ئەوەندەش واتادارە .


سیاسەت بەخۆی چەند بێ قیمەتە ، دەبێت بەدەست مرۆڤی قیمەتدارەوە بێت . سیاسەت چەند هیچە دەبێت یاریەکانی پیاوی ژیر و ئازا ئەنجامی بدات . خودی سیاسەت چەند بێ وەزنە دەبێت کەسی مەوزون و خوێندەوار بارەکەی هەڵگرێت .. ئەمەش بۆئەوەی بەها بدات بەسیاسەت و لەهەمان کاتدا لەسیاسەتەوە بەها وەربگرێت .