ئايا مامی بچوک دەبێتە قوربانیی کورسییەکەی سەرۆك كۆمار

ئايا مامی بچوک دەبێتە قوربانیی کورسییەکەی سەرۆك كۆمار

2599 خوێندراوەتەوە

هەورامان فەریق

کەمتر روویداوە، رووداوێکی مێژوویی رووی دابێت بە بێ قوربانیدان و قوربانیکردن. قوربانیی رووداوی دەرچوواندنی بەرهەم ساڵحیش بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی کەسێک نییە، جگە لە مامی بچووک واتە قوباد تاڵەبانی. بینیمان ئەوە قوباد تاڵەبانی بوو کە ئەمجارە بۆ هەستانەوە یان رێگریکردن لە توانەوەی یەکێتی نیشتیمانی، بە پشتبەستن بە توانا و قورسایی خۆی، قۆڵی لێ هەڵماڵی و ئازایانە شارەوشار و ناوچەبەناوچە، بۆ کۆکردنەوەی دەنگی جەماوەری یەکێتی هاتە مەیدان.

ئەو نیازپاکانە دوای ئەوەی هەستی بە لاوازبوون و تەنانەت تەواوبوونی حزبەکەی کردبوو، خۆی وەک سەرۆک لیست کاندید کرد بۆ ئەوەی حزبەکەی لەو بێهیواییەی باڵی بەسەردا کێشابوو رزگار بکات. ئەو هەموو توانایەکی خۆی خستەکار. وەک لە ئەنجامەکانی دەنگدانەکەشەوە دەردەکەوێت ئەوە مامی بچووک بوو کە توانی زیاترین دەنگ بۆ خۆی و لیستەکەی کۆ بکاتەوە، بەڵام بەری رەنج و هەوڵەکانی جگەرگۆشەکەی مام، بەرهەم ساڵح خواردی.


کێشەکە تەنیا لە دەرچواندنی بەرهەم ساڵحدا نییە دژی خواستی پارتی. ئاریشەکە زۆر ئاڵۆز و فرەڕەهەندە. من تەنیا لەم بابەتە کورتەدا فۆکەس لەسەر یەک رەهەندی رێککەوتنەکە دەکەم. یەکێک لە ئەنجامەکانی ئەو رێککەوتنە بۆ دەرچوواندنی بەرهەم، تێکدانی ئەو هاوپەیمانێتییە لە مێژینەیەیە لەگەڵ هاوپەیمانێکی دێریندا کە پارتییە و راستەوخۆ کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی هەر دوولا جێدەهێڵێت، و زیاترین کاردانەوەشی لەسەر پێگە و پۆستی قوباد تاڵەبانی دەبێت.

دەرچوواندنی بەرهەم ساڵح پارتی تا سەر ئێسقان توڕە و زویر کردووە. توڕەبوونێک کە پارتی خستۆتە دۆخێکەوە کە بیر لە تۆڵەی هەردوو ئۆکتۆبەر بکاتەوە. نزیکترین دەرفەت بۆ ئەو تەسویەحساب و تۆڵەیە، پێکهێنانی حکومەتی ئایندەی کوردستانە - ئەگەر بابەتی حکومەتی خۆجێی سەرنەگرێـت، چونکە ئەوەش ئەگەرێکی کراوەیە - دەی لەم ئایندە نزیکەدا توڕەیی پارتی تەنیا یەخەی قوباد تاڵەبانی دەگرێت.

ئەگەر بڕیار بێت حکومەتێک بە سەرۆکایەتی زۆرینەی پارتی پێک بهێنرێت، کە هەر وا دەبێ و بەبێ یەکێتی -هەم لەبەر ئەمری واقع و هەم لەبەر دەرودراوسێ - حکومەتێک پێک نایەت، هەروەها لەبەرئەوەش کە یەکێتی لەم دەنگدانەکەدا و بە هیممەتی قوباد تاڵەبانی پلەی دووەمی بەدەست هێناوە، دەی کەواتە پارتی دیموکراتی کوردستان راستەوخۆ دەبێ لەگەڵ قوباد تاڵەبانیدا تەسویە حسابەکە بکات.

جگە لە تەسویە حسابی ناوخۆی یەکێتیش، کە لەبەر نزیکی پراگماتیکیانەی قوباد تاڵەبانی لە پارتی و سەپۆرتکردنی پرۆژەی رفراندۆم و ناکۆکبوونی لەگەڵ هەندێک هەڵوێستی ناو یەکێتی و مەیلی بۆ ئارامی و ناتوندوتیژی، بەدڵنیاییەوە تەسویەحسابی پارتی لەسەر کورسییەکەی بەرهەم، تەنیا ئۆباڵی دەکەوێتە ئەستۆی پاشەبەرەکەی مام. بەرهەم ساڵح راستە لە ئێستاوە پەیتا پەیتا فەرشە سورە راخراوە سیمبولیکەکان دەپێوێت و گەشت بە ئاواتە لە مێژینەکەی خۆی، بەڵام ئەوە قوباد تاڵەبانییە کە بێبەزەییانە بووبە یەکەم قۆچی قوربانی بەردەم کورسییەکەی بەرهەم ساڵح و بە خوێنەکەشی فەرشە سوورەکانی بەردەم پێی سەرۆکی خوێناوی کرد.