بۆ "عەبدوڵڵای مەلا نوری" نا، تەنیا لەپێناوی گۆڕاندا

بۆ "عەبدوڵڵای مەلا نوری" نا، تەنیا لەپێناوی گۆڕاندا

1038 خوێندراوەتەوە

بەرخوردێکی خراپ خەریکە ئەبێتە فەرهەنگ لەناو گۆڕاندا، کۆمەڵێك دووانە(پنائی) ئەخرێتە بەردەستت، وەك بڵێی تۆ ناچاربیت یەکێکیان هەڵبژێریت، کاك عومەر یان کاك قادر؟ د.یوسف یان ئارامی شێخ محەمەد؟ عەبدوڵڵای مەلانوری یان عەلی حەمەساڵەح؟ پێشتر برزۆ مەجید یان ڕابوون مەعروف؟ د.محەمەد عەلی یان هۆشیار عەبدوڵڵا؟ ڕەش یان سپی؟.... تاد

جیاواز لە ململانێی تەندروست بێگومان حیزب بەزیندوویی ئەهێڵێتەوە، "کە بەداخەوە لەم بابەتەدا نائامادەیە"، بەئەندازەیەکی زۆر هەمیشە تا ئاستی ئێسك شکاندن ململانێکە تاودراوە، کەس و میزاج تیادا ڕۆڵگێڕی یەکەم و دامەزراوە تیایدا شوێن بزر بووە، لەهەموو بارەکانیشدا کەمپەینی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یەکلاکەرەوە بووە، هەرچەندە هەمیشە لایەنی سەردەست بەدەم هاواری" نابێت کێشە ناوخۆییەکان ببرێنە دەرەوە، ئەوە دەرگای گردەکە و هەموو ژوورەکان واڵایە و فەرموو بڕۆ چیت هەیە لە ئۆرگانی تایبەتمەنددا بیڵێ!!" بەڵام بۆ خۆیان هەڵمەتێکی مونەزەمیان ڕێکخستووە و بەرامبەریان وەك پەلکە گیای ژێر قاچی فیل پان و پەرچ کردووەتەوە!

 
هەمیشە ئەوان سوار و خەڵکیتر پیادە بوون!

هەر کەس و دەستە و بگرە ڕۆشنبیر و گۆڤار و سایت و ڕۆژنامەیەك "نا"یەك، یان ڕەخنەیەکی لە ئەدای ئەم تاقمە گرتبێت، ئیتر دەرگای جەهەننەم بەڕوویدا کراوەتەوە، کەمپەینی تەخوین و تەسریق و تەحقیری بەڕوودا هەڵگیرساوە، ئاگاداربن ها ناڵێم ڕەخنە لە گۆڕان بەڵکو تەنیا لەو گروپە، بڕۆن ئەدەبیاتی خۆیان سەیرکەن سەدان ڕەخنەیان لە ڕێکخەر و خانە و جڤات گرتووە، زۆرجار سیاسەتی گشتیی گۆڕانیان شەل و پەت کردووە، مادام ئەو کاستە پێکەوە بوون، ئەم ئەویتریانی کردووە بە پاڵەوان و سەرنج و دیدەکەشی وەك گەوهەری ناو ئاسنی ژەنگاوی مارکێتینی بۆ کراوە!

ناوی کەس نابەم، بەڵام دەیان کەسێتیی و فیگەری ناو گۆڕانیان هاڕی، وەك ئازایەتیی دەرخواردی خەڵکیان دا، تەنانەت لە پەیوەست بە کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت کە کاك نەوشیروان"یادی بەخێر" مابوو، نەخۆشیی و دوورە وڵاتییان بەهەل زانی، هەزاران بۆچوونی ئەویان ساختەکرد، بە تایبەت ئەوەی کە گوایە کاك نەوشیروان قایل نیە بە کشانەوە لە حکومەت، تا لەژێر فشاری بەشێك لە "گروپی تێپەڕاندنی قەیران"دا و لەناو کۆبوونەوەکەدا ناچار کران تا هەر لەوێدا پەیوەندی بەکاك نەوشیروانەوە بکرێت و ڕاستیی بۆچوونەکە چێك بکرێت، کاك نەوشیروان وەك باوەڕی نەگۆڕی شەقی لەو جۆرە بەشدارییە هەڵدا و داوای کشانەوەی کرد.

بەڵام نەك ئەوان سەرپێچییان لەو بڕیارە کرد، بەڵکو هاتن وتیان: جڤاتی نیشتیمانیی مەرجەعە، نەك ڕێکخەر، ئۆکەی ئەمە دەستوری گۆڕان وائەڵێ، بەڵام پاش ئەوەی کە ئەندامی جڤات هەبوو لەتاران نەخۆشی سەر جێگا بوو، بە پەلە هێنایانەوە بۆ دەنگدان بە نەکشانەوە لە حکومەت، هێشتا ۳۱ ئەندامی جڤات(کە زۆرینە بوون) دەنگیان بە کشانەوە دا، کەچی ئەمان هەر ملیان نەدا بەو دەنگدانە و نەیانهێشت ببێت بە بڕیار!

لە ئێستا و دوای ئەوەی کە خۆیان وا بۆ ساڵێك ئەچێت هیچ نەماوە بە جەنابی کاك عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتیی و خانەی ڕاپەڕاندن بیڵێن، بە پێچەوانەوە "عەبدوڵڵای مەلانوری" هاوکارترین کەسی گردەکە بووە کە زۆر هاوئاهەنگ و تەبابووە لەگەڵ ڕێکخەر و خانە و جڤاتەکان، بەڵام بە لیکۆڵینەوە و ڕاوێژ لەگەڵ زۆرێك لە هەڵسوڕاوان و تەنانەت لەگەڵ بەشێکی زۆر لە جڤاتەکان و ئۆرگانەکانیتر لەگەڵ کۆمەڵێك هاوڕێیدا پڕۆژەیەکی ئامادەکردووە، بەتەنیشت ئەم هەوڵە چاکسازییەیەوە، هەڵمەتی دەرگا بە دەرگا و دووکان بە دووکانی بۆ سەرخستنی لیستی گۆڕان کردووە.

دوابەدوای هەڵبژاردنیش گفتوگۆیەکی لە ڕۆژنامەی هاوڵاتیی بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا وەك نەریتێکی ڕاقی و باو لە جیهانی کاری سیاسییدا، داوای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەم پاشەکشێیەی گۆڕانی لەلایەن جەنابی ڕێکخەری گشتیی و خانەی ڕاپەڕاندنەوە کردووە، لەبەرامبەردا وەك هەمیشە پاش چەند ڕۆژ کەمپەینی تەخوین کردنی و سازکردنی زەمینە، کە زۆر لێزانانە کەسێتی کاك عومەر وەك ستەم لێکراو دەرخراوە و کەوتوونەتەوە بەراورد کردن لەنێوان( کاك عومەری سەید عەلی و کاك عەبدوڵڵای مەلانوری)ـدا، هەڵبەت بەو لۆژیکەی کە عەبدوڵڵا وەك حازرخۆر و پۆست ویست و چاوچنۆك و ناپاك وێنا بکرێت، لە هەڵمەتێکدا سەدان پۆستی فەیسبووکی بەدوای خۆیدا هێنا!!

ئێ باشە بۆچی؟! بۆچی ئەم هەلور بەلورە بۆ ئەم فیگەرانەی خۆمان بکەین؟
بۆچی نابێت ئێمە لەیەك کاتدا ڕێز لە ماندوو بوون و قوربانیدانی کاك قادر و کاك عومەر و کاك عوسمان و کاك مستەفا و هەموو کاکەکانیتر بگرین؟
بۆچی نابێت ئەو سەنگ و قورساییەی د.یوسف و کاك ئارام و کاك عەلی و کاك عەبدوڵڵا و کوێستان خان و نەسرین خان و ئێڤار خان و کاك شەماڵ و کاك شۆڕش و هەموو ئەو برا وخوشکانەیتر هەیانە بخەینە خزمەتی گۆڕان و چاکەی گشتییەوە؟!


بۆچی ئەبێت ئێمە مەحکوم بین بەم خەڵك وەدەرنانە؟ با ڕاستگۆ بین ئەمە درێژکراوەی فەرهەنگی یەکێتییە کە لە ساڵی ۱۹۷۵ــەوە دەستە دەستە خەڵکی خۆی فڕێ ئەداتە دەرەوە، هەر لەو مێژووەوە پارتی بەرەی خۆی قەرەباڵغ ئەکات!

ستەم و ناحەقی بەم کاسەیەتییانە ڕاگرن، وەك عەرەب ئەڵێ: ((ئەم سۆز و حەنانەتان بۆ عەلی نیە، بەڵکو لە ڕقی عومەرە)) ئێوەش ئەوەی لەدژی عەبدوڵای مەلانوری ئەیڵێن، لە خۆشەویستیتانەوە نیە بۆ ڕێکخەری گشتی!

عەبدوڵای مەلا نوری

تا دوێنێ عەبدوڵڵا "شێرەکەی پەرلەمان و شکێنەری بت و کوڕە سادەکەی گۆڕان و گەنجە خاکیی و خۆنەویستەکەی گەرمیان" بوو، بۆچی لە شەو و ڕۆژێکدا بوو بەم کوڕە ئینتیهازیی و ڕیابازە؟!


گەیشتن بە ڕێگریی لە عەبدوڵڵا مانا و مەغزای زۆری تێدایە، ڕەنگە سەرەتای کۆمەڵێك تەسفییە و لێپێچینەوە بێت کە چەند مانگێکە ئەوان لەئامادەکارییدان و ئێمەش هۆشدارییمان دابوو!

ئەگەر حیزب بیەوێت بە بەهێزیی بمێنێتەوە، پێش هەرشتێك ڕێز لەسەرنج و ڕەخنەی ئەهلی نەزەر ئەگرێت، ئیتر ئۆتۆماتیکیی ژاوەژاوە دروست نابێت، ئاخر تۆ کە دێیت بە کۆمەڵێك ناو و ناتۆرەی ناشیاو دەمی بیریارانی بەهەڵوێست "مەریوان وریا قانع و ئاراس فەتاح" و زۆربەی ڕۆشنبیران دائەخەیت، چاوەڕێی ئەم بزووتنەوەیە بەرەو کوێ ئاراستە بکرێت؟ چۆن لەشکری تینووی ئازادیی و ئازادیی دەربڕین لێت زیز و دوڕدۆنگ نابن؟!

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك