سعودیە پەندیان نیشاندا، کەچی بوونە پەند

سعودیە پەندیان نیشاندا، کەچی بوونە پەند

837 خوێندراوەتەوە

توانا ئەحمەد

لێکەوتەکانی کوشتنی جەمال خاشقچی زۆر لە و حەکایەتەی تێپەڕاند کە ئەشێ تیرۆری رۆژنامەنوسێک بیخاتەوە، ئەوەی وایکرد پەلپەلکردنی ئەو رۆژنامەنووسە بەو ئەندازەیە دەنگبداتەوە گەورەیی خاشقچی نەبوو، بگرە نرخی ئەو خوێنەش نەبوو کە بۆ گوزارشت لە حەقیقەت رژا، بەڵکو زادەی ئەو عەقڵە ساویلکەیە بوو، کەبڕوای وابوو کوشتنی نەیارێک، ئەشێ بکرێتە پەند بۆ ھەموو ئەوانی دیکە، واش تەخمینیان کردبوو کە پارە و دەسەڵات ئەشێ وابکەن کردەیەکی لەم جۆرە بە ئاسانی بڕوات.


ئەوانەی بەم سیناریۆ گەمژانەیە کۆتاییان بە خاشقچی ھێنا، لەوە گەیشتبوون جیھانێک کە تادێت شوێنی پاراستن و ھەڵگرتنی نھێنیەکانی تێدا بەرتەسک ئەبێتەوە، بایی ئەوەش ئاشکرایە کە ئەو تاوانە بباتەوە بەردەرگای خاوەنەکانی، بەڵام بێباک بوون لە ھەڵگرتنی ئۆباڵەکەی، چونکە پارەو دەسەڵات ھێزی ئەوەیان پێ ئەدات بە ئاسانی بیشارنەوە، رەنگە لەو کاتەیا رێک خەیاڵی ئەو دەرھێنەرە لە کەلەیان بوبێت، کە چۆن فیلمەکەی بەلای بینەرەکانیەوە بکاتە واقیعێکی بەرجەستە، بەڵام گەر دەرھێنەر توانا و تەکنیک و ھێزی بەرھەمھێنانی ھەبێت، ئەوان لەوە زیاتر ھێزو پارەیان لەبەردەستە.


خاشقچی میراتی نووسین و ھەڵوێستەکانی ھی ئەوە نین بە نەمری بچێتە مێژووەوە، بەڵام جۆری کوشتنەکەی وایکرد ببێتە روداوێکی یەکجار گەورە، بکوژانی لەبری ئەوەی خاشقچی وەکو پەند نیشانی ئەوانی دیکە بدەن، خۆیان بوون پەندێکی گاڵتەجارانە، بەجۆرێک دەسەڵاتدارانی سعودیە کۆی ئەو سەرمایە ئیعلامیەی دەیان ساڵە لە رێگەی کەناڵەکانی وەکو MBC و العربیە کەڵەکەی ئەکەن و بەملیۆنەھا دۆلار لەسەریان کەوتووە، بۆ پەردەپۆشی ئەو ئابڕوچوونە بە بایاندا.
بۆیە ئەوەی پێویستە دەرسی لێ وەربگیرێت سعودیەو دەسەڵاتدارەکانیەتی نەک خاشقچی

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك