بۆچی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌م جۆره‌ بوو؟

سه‌باره‌ت به‌ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەمساڵ و بەراوردکردنی بە هەڵبژاردنی ٢٠١٣

بۆچی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌م جۆره‌ بوو؟

970 خوێندراوەتەوە

یەکەم: ئەوە دەزانم بەگشتی، کەم تازۆرێك تەزویر کراوە، بەڵام هەڵکشانی کورسییەکان لەکۆی گشتیدا پەیوەندی بە تەزویرەوە نیە بەڕێژەیەکی زۆر کەم نەبێت، چونکە دەنگەکانی هەموو هێزەکان کەمی کردووە نەك زیاد، بۆیە ئەو کەمکردن و زیادبوونی کورسی، بەگشتی پەیوەندییەکی زۆری بە بایکۆتکردنی ڕێژەیەکی زۆری خەڵكی کوردستانەوە هەیە. ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە و بەڵگەی بێمتمانەیی خەڵکە بە پڕۆسەی سیاسی و هەرهێزێك بچێتە حکومەت لەسەریەتی بەجیددی بیر لەو ئاریشەیە بکاتەوە.

 

دووەم: دیارە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێژەیەکی کەم دەنگی کەمی کردووەو توانیوەیەتی لەپێشەوە بمێنێتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆچەند هۆکارێك، لەوانەش؛


1. پڕۆسەی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەرو تەوزیفکردنی ئەو ڕووداوانە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پاراستنی دەنگەکانی پارتی هەبووە.


2. خەڵكێکی زۆری گووندنشین و عەشایەر لەناوچەکانی ژێر هەژموونی پارتی، جەماوەری جێگیری پارتین، بەتایبەتیش لەناوچە گوندنشینییەکانی پارێزگای هەولێر و بادینان.
3. هەروەها تا ئەمڕۆ هیچ هێزێك نەیتوانیوە لە دەڤەری بادینان شوێنپێی خۆی بکاتەوەو ببێتە ڕکابەری پارتی، بێجگە لە یەکگرتوو. هۆکارەکانی پاشەکشەی یەکگرتووش، لەخاڵێکی سەربەخۆدا باس دەکەم.


4. لەگەڵ ئەوەی کە پارتی جەماوەری جێگیری خۆی هەیە، پارتی لەناوچە خۆڵەمێشییەکان، نەیتوانیوە دەنگەکانی زیاتر بکات، لەکاتێکدا هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی بەهێزترین هەڵمەت بووە، تەنانەت بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردووشەوە.

،،

 تا ئەمڕۆ هیچ هێزێك نەیتوانیوە لە دەڤەری بادینان شوێنپێی خۆی بکاتەوەو ببێتە ڕکابەری پارتی، بێجگە لە یەکگرتوو. هۆکارەکانی پاشەکشەی یەکگرتووش، لەخاڵێکی سەربەخۆدا باس دەکەم.

 

سێیەم: بۆ یەکێتی نیشتمانی دەرفەتێکی گەورە بوو سوود لە پاشەکشەی بزووتنەوەی گۆڕان وەربگرێت، بەڵام نەیتوانیوە، بۆ ئەمەش کۆمەڵێك هۆکار هەن. لەوانەش:


1. کاریگەری دەرهاوێشتەکانی لەدەستدانی ناوچە دابڕاوەکان و ١٦ ئۆکتۆبەر و شپرزەیی سەرکردایەتی ئەو هێزە و نەبوونی هەڵوێستێكی ڕوون لەو بارەیەوە.


2. سەرهەڵدانی نەوەی نوێ و بردنی ڕێژەیەکی زۆر لەدەنگەکان، وێرای مانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان وەکو هێزێکی سەرەکی لەزۆنی کەسك.


3. بەڵام لەهەمان کاتیشدا بەبەراورد بە ٢٠١٣ یەکێتی توانیویەتی پارێزگاری لەجەماوەری خۆی بکات و هەموو ئەو ڕووداوانە کاریگەرییەکی کەمی لەسەر کەمکردنی دەنگەکانی جەماوەری خۆی هەبووە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە حیزبایەتی و ڕکابەرێتی حیزبی ڕۆڵێكی زۆری لەپاراستنی جەماوەری هەردوو هێزی سەرەکی هەیە.

،،

 سەرهەڵدانی نەوەی نوێ و بردنی ڕێژەیەکی زۆر لەدەنگەکان، وێرای مانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان وەکو هێزێکی سەرەکی لەزۆنی کەسك.

 

سێیەم: بزووتنەوەی گۆڕان، چیرۆکێکی درێژتری هەیە لەپڕۆسەی هەڵبژردندا، کە خۆیان لەکۆمەڵێك هەڵەی ستراتیژیدا دەبیننەوە. لەوانەش:
1. بوونی سەرکردایەتییەکی نادیار و بێ هەڵوێستی جیددی لە ڕووداوەکاندا. بۆی هەیە سەرکردایەتی ب. گۆڕان هێشتاش هەر لەشۆکی ڕووداوەکاندا بژیەت بەتایبەتیش بەهۆی لەدەستدانی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە.


2. نەبوونی ستراتیژیەتێکی درێژخایەنی تایبەت بە پڕۆسەی سیاسی و هەڵپەی گۆڕانکاری خێرا لە جومگەکانی دەستەڵاتدا وایکرد بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بکەوێتە تەڵەی نەخوازراوەوە، کە لەسیاسەتدا پێی دەگوترێت موراهەقەی سیاسی.


3. لۆکاڵیبوونی ئەو هێزەو خۆسنووردارکردنی لە پارێزگای سلێمانی. ئەم لۆکاڵیبوونە پرسێکی جیددیە بۆ ئایندەی ئەو هێزە، ئەگەر نەتوانێت چارەسەری بکات، لەئاکامی هاتنە پێشەوەی هێزی جیددیتر لەئایندەدا مەگەر تەنها لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا بتوانێت دەنگ لە شارەوانی سلێمانی بێنێت، ئەگینا بەتەواوی دەپوکێتەوە.

چوارەم: سەبارەت بە ئیسلامییەکان. دیارە کە ئەوان بەگشتی پاشەکشەی زۆریان کردووە. ڕاستە کۆمەڵ کورسییەکی زیاد کردووە بەڵام دەنگەکانی کەمی کردوون. هۆکاریش زۆرن بۆ ئەو پاشەکشێیەی ئیسلامییەکان. لەوانەش:


1. سنوورداربوونی فیکری ئیسلامی تا ئێرە بڕدەکات و لەوەزیاتر هیچی دیکەی پێ نیە بۆ ئایندەی خەڵك. لەسیاسەتدا سۆزداری و دوعا و پاڕانەوە ناخوات. خاوەندارێتی کردن لە کێشەکانی خەڵك و هەڵویستی جیددی لەڕووداوەکاندا لەچوارچێوەی ستراتیژیەتێكی نیشتمانیدا، ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە خۆپاراستن لە پوکانەوە.


2. هاتنی داعش و ڕاگەیاندنی شەری سەرتاسەری لەدژی کورد، یەکێکە لەهۆکارە سەرەکییەکانی پوکانەوەی هێزە ئیسلامییەکان. هاتنی داعش و نەبوونی سیاسەتێکی ڕۆشن لەئاست هەموو ئەو کاولکارییەی کە داعش لەچوارچێوەی دین و ئیسلامەوە ئەنجامی دەدا، بووە هۆکارێك بۆ دروستبوونی ترس لەهاتنی هەموو هێزێكی دینی بۆ دەستەڵات. بێگومان مەگەر لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەگینا هێزە سیاسییە سەرەکییەکان بەو ئاڕاستەیە پڕوپاگەندەیان لەدژی ئیسلامیزم نەکردووە. ئەگینا چاوەڕوان دەکرا ئەو پوکانەوەیە زۆر زیاتر بێت لەوەی کە هەیە، بەڵام بایکۆتکردنی خەڵك لەو ڕووەوە کاریگەرییەکی زۆری هەیە.

،،

. سنوورداربوونی فیکری ئیسلامی تا ئێرە بڕدەکات و لەوەزیاتر هیچی دیکەی پێ نیە بۆ ئایندەی خەڵك. لەسیاسەتدا سۆزداری و دوعا و پاڕانەوە ناخوات. خاوەندارێتی کردن لە کێشەکانی خەڵك و هەڵویستی جیددی لەڕووداوەکاندا لەچوارچێوەی ستراتیژیەتێكی نیشتمانیدا، ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە خۆپاراستن لە پوکانەوە.

شەشەم: چیرۆکی یەکگرتوو هەندەك تایبەتترە.


1. لەلایەك خەڵك ناوی یەکگرتووی لەسەر لیستی دەنگداندا نەدەدیت و دانانی وشەی (ئیصلاح) بەزمانی عەرەبی بۆی هەیە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دابەزینی دەنگەکان هەبووبێت.


2. یەکگرتوو وەکو حیزبێکی ئایدیۆلۆژیست پێی وایە خەڵك هەموو وەکو ئەوان وەسیەتەکانی حەسەن بەننا دەزانن. خەڵك چووزانێت ئیصلاح چیە. ئەگەر وشەی ئیسلاحیشیان دەنوسی دەبوایە بە (س) بینوسن نەك بە (ص). سەرەڕای ئەوەی کە وشەیەکی جوان و پوختمان بەکوردی هەیە کە (چاکسازی)یە. کاتێك بەزمانی دایك چەمکێك هەبێت، بۆ پەنا بۆ وشەیەکی عەرەبی دەبەن؟


لە تەنزێکی فێیسبوکدا یەکێك نوسیبووی دیارە (ئیصلاح) خێرترە لە (چاکسازی) و بەرەکەتی زیاترە.
3. هۆکارێكی دیکە، چوونە پاڵ هێزێكی پوکاوەی نادیاری وەکو بزووتنەوەی ئیسلامی. خۆخستنە تای تەرازووی هێزێك کە ڕابردوێکی کێشەداری هەیە. هێزێکی تەواو لۆکاڵی و نادیارە، دروشمەکانی جیاوازن لە دروشمەکانی یەکگرتوو کاریگەری لەو بارەیەوە هەبووە.


4. لەهەموو ئەوەش ڕۆشنتر؛ پشتیوانی یەکگرتوو لە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و هێزێكی ئایدیۆلۆژیست و فاشیستی وەکو ئاكەپەی تورکی، بەتایبەتیش لەڕێی کەسایەتی د. عەلی قەرەداغی و مەلا سەید ئەحمەد، وایکرد خەڵك بەتەواوەتی لەو هێزە دڕدۆنگ ببێت‌و دوور بکەوێتەوە.