سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارى گۆڕان له‌ حكومه‌تدا

سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارى گۆڕان له‌ حكومه‌تدا

298 خوێندراوەتەوە

له‌ ١٠ ساڵى ڕابردوو رێگاى جۆراوجۆر بۆ گۆڕانكارى و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ژموونى یه‌كێتى و پارتى تاقیكرانه‌وه‌، هه‌ندێك له‌و هه‌وڵانه‌ چوونه‌پێش و هه‌ندێكى بێ ئه‌نجام مانه‌وه‌، بۆچوونێكى زۆر هه‌بوون كه‌ ئه‌و دوو حزبه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ بایكۆت و كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى‌و لێدوان‌و راپۆرت، ناڕوخێن‌و ئه‌گه‌ر ئۆپۆزیسیۆن هه‌ر قسه‌ بكات و ده‌سه‌ڵاتیش هه‌ر سته‌م، ئه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ بۆ خه‌ڵكى سته‌ملێكراو ڕوو له‌ باشتر نابێت، ئێستا هه‌وڵدانه‌وه‌ به‌ رێگا تاقیكراوه‌كاندا خولانه‌وه‌یه‌ له‌ بازنه‌دا، خه‌ڵكیش خولانه‌وه‌ى ناوێت، كار و خزمه‌ت و ژیانى شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ى ده‌وێت.

 رێكارى ئۆپۆزیسیۆنى په‌رله‌مانى‌و به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن زۆر به‌ تۆكمه‌یى له‌ ٢٠٠٩تاقیكرایه‌وه‌، حكومه‌تى بنكه‌فراوانیش هه‌ر تاقیكرایه‌وه‌، بێگومان كاتى ئه‌وه‌یه‌ رێگایه‌كى جیاوازتر له‌پێناو گۆڕانكارى تاقیبكرێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ى ره‌خنه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كانى ئێستاى گۆڕان ده‌گرن باش ئه‌و راستییه‌ ئه‌زانن، نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ كارێزماى گه‌وره‌ى و نیو سه‌ده‌ ئه‌زمونى سیاسییه‌وه‌، ئاماده‌بوو ده‌ست بكات به‌ ئاگردا له‌پێناو ئه‌وه‌ى شتێك له‌ ئازادى و ژیان بۆ خه‌ڵك ده‌ستبه‌ربێت، ئه‌وه‌ش ئه‌زانن كه‌ ره‌وانشاد له‌و چه‌ند ساڵه‌ كه‌مه‌دا ئه‌وه‌نده‌ گۆڕانكارى لا مه‌به‌ست بوو چه‌ندین رێگاى جیاوازى تاقیكرده‌وه‌ هه‌تا دۆستایه‌تى و رێككه‌وتنیش، هه‌رگیزیش مه‌بده‌ئى گفتوگۆو چاره‌سه‌رى نه‌رمى ره‌تنه‌كرده‌وه‌.

 ئه‌و لۆژیكه‌ى كه‌ پێى وایه‌ ده‌بێت هه‌موو جومگه‌كانى به‌ڕێوه‌بردن بۆ یه‌كێتى و پارتى جێبهێڵدرێن و پێویسته‌ هه‌ڵبژاردنە ساخته‌كراوه‌كه‌ى ٣٠/٩ بكرێته‌ پێوه‌ر، هاوشێوه‌ى بانگه‌شه‌كردن بۆ بایكۆتى هه‌ڵبژاردن خزمه‌تێكى گه‌وره‌ى چه‌سپاندنى حكومى بنه‌ماڵه‌ ده‌كات، به‌وپێیه‌ى له‌ ئه‌گه‌رى دووركه‌وتنه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئۆپۆزسیۆن له‌ ده‌سه‌ڵات بنه‌ماڵه‌كان چوارچێوه‌و پانتایى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان به‌ دڵى خۆیان داده‌نێن، كارى مه‌ردانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت فه‌رمانگه‌كیش بۆ ئه‌و نێته‌ خراپه‌ چۆڵ نه‌كه‌ن نه‌ك حكومه‌تێك.

 ئه‌و قسانه‌ى له‌سه‌ر خواستى گۆڕان ده‌كرێن بۆ وه‌رگرتنى پۆست ئاقڵمه‌ندانه‌ نییه‌، ئه‌و هێزه‌ له‌ لوتكه‌ى ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێم بوو كاتێك ئاماده‌ نه‌بوو سازش له‌سه‌ر یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بكات تا له‌وپێناوه‌ هه‌موو پێگه‌كانى خۆى له‌ده‌ستدا، رێى تێناچێت بۆ چه‌ند وه‌زاره‌تێك ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌ى بیرچێته‌وه‌ كه‌ گۆڕانكارى و چاككردنى گوزه‌رانى خه‌ڵك و چه‌سپاندنى سیسته‌مێكى خه‌ڵك سالاره‌، كه‌ تێیدا ده‌سه‌ڵاتى كارتۆنى نه‌مێنێت و په‌رله‌مان و دادگا كاره‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ى خۆیان بكه‌ن كه‌ لێپرسینه‌وه، كوا له‌ مه‌نهه‌جى نه‌وشیروان مسته‌فادا ته‌سلیم بوون قاچ له‌رزین و خۆچه‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌.

 

رێگاى دروست ئه‌وه‌یه‌، گۆڕان و كۆمه‌ڵ له‌ ئه‌گه‌رى به‌شدارییان به‌ یه‌ك تیم به‌شدارى ده‌سه‌ڵات بن و له‌ هه‌ركوێیه‌ك بن له‌و شوێنه‌ خزمه‌تى خه‌ڵك بكه‌ن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هیچیشیان پێنه‌كرێت دز نه‌بوون ئه‌مڕۆ زۆر شته‌، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌موو نوخبه‌ى ده‌سه‌ڵاتدار له‌سه‌ره‌تاى ئه‌زمونى حوكمڕانییه‌وه‌ هیچیان نه‌كردایه‌، به‌ڵام ته‌نها دزییان نه‌كردایه‌ ئێستا هه‌ر منداڵێكى ئێمه‌ خاوه‌نى پاره‌و داهات و ئاینده‌ى خۆى بوو، بێگومان به‌شدارى ئه‌مجاره‌ ده‌بێت جیاوازبێت و هه‌نگاوى بێ هه‌ڵه‌و زیره‌كانه‌ى ده‌وێت.