تێكسته‌ فیکرییە گەورەکان

تێكسته‌ فیکرییە گەورەکان

413 خوێندراوەتەوە

مه‌ریوان وریا قانع

خوێنەرانی ئازیز، لەم ھەفتەیەوە ھەوڵئەدەم بەپێی کات و دەرفەت و توانا ھەرجارە و باسی یەکێک لە گوتراوە مێژووییە زۆر بەناوبانگەکانی ناو مێژووی فیکر و بیرکردنەوەی ھاوچەرخ بکەم- بەشی یەکەمی ئەم کارەش بە لێکدانەوەی ئەم گوتراوە بەناوبانگەی کارل مارکس دەستپێدەکەم:

 ”مرۆڤەکان خۆیان مێژووی خۆیان دروستدەکەن، بەڵام بەو شێوەیە نا کە دڵخوازی خۆیانە، ئەوان مێژوو لە چوارچێوەی ھەلومەرجێکدا دروستناکەن کە بە حەزی خۆیان ھەڵیانبژاردوە، بەڵکو لە چوارچێوەیەکدا کە پێشوەخت ھەبووە و لە ڕابردووەوە بۆیان ماوەتەوە. ھەلومەرجێک تیایدا کەلەپوریی نەوە مردوەکانی ڕابردوو وەک کابوس خۆی داوە بەسەر ھۆشیاریی خەڵکە زیندوەکانی ئێستادا“

کارل مارکس. کتێبی: ١٨ برۆمیری لویس بۆناپارت

 

 ئەم چەند دێڕە کە مارکس لە ساڵی ١٨٥٢ دەینووسێت دەربڕی دونیابینییە مێژووییەکەی مارکسە. ئەم چەند دێڕە کۆمەڵێک ڕاستیی سەرەکیمان سەبارەت بە پەیوەنیی نێوان مرۆڤ و مێژوو پێدەڵێت کە بەبۆچوونی من گرنگرتینیان ئەمانەن:

 

یەکەم: شتێک بەناوی بوونی یاسای پۆڵایین و ناوەکیی مێژووەوە بوونی نییە کە لە ناوەوە حوکمی مێژوو بکات و بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بیجوڵێنێت. ئەمەش مانای ئەوەیە شتێک بەناوی حەتمیەتەوە بوونی نییە لە دواوە یان لە ناوەوە پاڵ بە مێژووەوە بنێت بەرەو شوێنێکی دیارکراو ئاراستەی بکات. بەپێچەوانەوە مێژوو بەرھەمی کار و چالاکیی و کۆششی مرۆڤەکانە بەیەکەوە. ئەوەی گرنگە لێرەدا سەرنجی بدەین ئەوەیە کە مارکس باسی مرۆڤ ناکات، بەڵکو باسی مرۆڤەکان دەکات، مرۆڤ وەک تاک نا، بەڵکو مرۆڤ وەک کۆ. ئەوەی مێژوو دروستدەکات کار و کۆشش و چالاکیی پێکەوەیی مرۆڤەکانەوە بەیەکەوە.

 

 دووھەم: خەڵک مێژوو لەناو بۆشاییدا دروستناکات و کردەی بەرھەمھێنانی مێژوو کردەیەکی خۆویست نییە مرۆڤ کەی بیەوێت و چۆنی بوێت بەوجۆرە دروستیبکات، بەپێچەوانەوە ئەوانەی مێژوو دروستدەکەن ھەمیشە لەناو ھەلومەرج و ژینگە و کەلەپور و کۆمەڵێک پێدراودی تایبەتدا دروستیدەکەن، کە ھەموویان لە پێشخۆیانەوە ھاتوون و لە ڕابوردووەوە بۆیان ماوەتەوە. ھەموو ھێزێکی کۆمەڵایەتیی کە دەیەوێت دونیا بگۆڕێت، لەناو ئەو پێدراوە پێشنانیەدا دەجوڵێت و بەگژ ئەو پێدراوانەدا دەچێتەوە. ئەوەی لە ڕابردوەوە ماوەتەوە وەک ڕێگرێک کاردەکات کە ھێزە گۆڕانکەرەکان ناچارن لەگەڵیدا دەرگیربن .ئەمەش مانای گرێنەدانی کردەی گۆڕانکاریی تەنھا بە ئیرادەی گۆڕانکاریی خۆیەوە، بەڵکو بەستنەوەشی بە پێدراوەکانی ناو ئەو ژینگەیەشەوە کە خواست و ھێزی گۆڕانکاری تیادا دروستدەبێت.

 سێھەم: ھەرگیز مەسەلەی گۆڕانیی مێژوویی تەنھا ئەوە نییە کە ”چی مومکینە“، بەڵکو ئەوەشە چی ”دەشێت مومکین بێت“، مادامەکی مرۆڤ بە خۆی ھۆشیاریی و خواست و ئیرادەیەوە ئامادەیە، بۆیە دەشێت شتگەلێک ئەنجامبدات کە پێشتر وەک ”مومکین“ نەبینرابن و ئامادەنەبووبن.

 چوارھەم: ئەو خاڵەی سەرەوە مانای ئەوەیە ھێزی گۆڕانکەر ناچارە بە گژ ئەو ژینگە و نەخشە و زمان و خەون و گوتارە باڵادەستانەدا بچێتەوە کە پێشخۆی دروستکراون و ئەم لەناویاندا ئامادەیە. ئەم کردەی بەگژاچوونەوە سەرەتای دروستکردنی ژینگە و دۆخێکی مێژووی نوێ و جۆرێکی تازەش لە خود و خودبوون دەبێت. مرۆڤ تەنھا لەناو مێژوودا کارناکات، بەڵکو خودی خۆشی دروستدەکات و دادەھێنێت.

 پێنجەم: ئەو چوار خاڵەی سەرەوە مانای ئەوەیە کە ھەم دروستکردنی مێژوو، ھەم ئەو ژینگانەی تیایدا مێژوو دروستدەکرێت، ھەم ئەو بکەرانەی کە مێژوو دروستدەکەن، ھەموویان لەناو کردەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی و ئینسانیی زۆر کۆنکریتدا نیشتەجێن. ئەوانەی کۆدەبنەوە بۆئەوەی دەسکاریی مێژووی خۆیان بکەن، کەسانێکی مێژووی دیاریکراو و کۆنکریتن، ئەو ژینگەیەشی کە دەیانەوێت بیگۆڕن ژینگەیەکی تەواو کۆنکریتە و ئەو ڕێگرانەشی لەبەردەمیاندا ئامادەن، ڕێگری کۆنکریتن.

 شەشەم: لێرەوە کردەی گۆڕانکاریی کردەیەکی ئەبستراکتی ناو ئیرادەیەکی ئینسانیی ئەبستراکت و ناو واقعێکی ئەبتراکت نییە، ھەروەھا شتێک نییە پابەست بە ”جەوھەر“ی گریمانکراوی ئەم یان ئەم کەس و گروپ و میلەت و ناوچەیەکەوە گرێدرابێت، بەڵکو ھەمیشە کردەیەکی مێژوویی کۆنکریتە لەناو ژینگەیەکی کۆنکریتدا کە کۆمەڵێک بکەری کۆنکریت پێیھەڵدەستن.

 حەوتەم: ئەم دیدەی مارکس دیدێکە تا دواھەمین خاڵ دژ بە مەسەلەی ”ھیچ نەکردن“ و ”نائومێدبوون“ و ”شکستگەرایی“ە، دژ بە ”بەدەزگاییکردن“ی ھیچ نەکردن، ”بەگوتارکردن“ی پاسیڤبوون و ”بەئەبەدیکردن“ی چاوەڕوانییە.

کافێ بیۆگرافن دانیمارک. شاری ئۆدێنسە ٢٣-١٢-٢٠١٨

 

author photo

نوسەر و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی هۆڵەندا