گۆڕانکارییە مەزنەکە کامەیە؟

گۆڕانکارییە مەزنەکە کامەیە؟

530 خوێندراوەتەوە

خوێنەرانی بواری زانستە ئینسانیی‌و کۆمەڵایەتییەکان زۆرجار لە باسکردنی گۆڕانکارییەکانی سەدەی ھەژدەھەم و نۆزەدەھەمدا چەمکی ”گۆڕانکارییە مەزنەکە“یان دەکەوێتە بەرچاو، ئەوەی بە ئینگلزیی پێدەڵێن Great Transformation. کەم نووسەری سەدەی نۆزدەھەمیش ھەیە باسکردنی دەرکەوتە جیاوازەکانی ئەم گۆڕانکارییە مەزن و ھەمەلایەنە بەشی سەرەکیی کارە فیکریی و تیورییەکانی نەبووبێت. ئەم نووسەرانە ھەستیانکردوە دونیا بە بەرچاویانەوە دەگۆڕێت، ئەوەی ھەبووەو باڵادەستبووە بوونی نەماوەو ئێستا لە شوێنی ئەودا دونیایەکی نوێ دروستدەبێت، لانیکەم لە کۆمەڵگا ئەوروپییەکانی سەدەی ھەژدەھەم و نۆزدەھەمدا.

 پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم چەمکە باس لە کام گۆڕانکاریی گەورە دەکات؟ ئەو گۆڕانکارییە چیه‌ کە لەدایکدەبێت و دەسکارییەکی گەورەی دونیا دەکات؟

 

 

وەڵامە سەرەکییەکان بەو پرسیارانە بەم شێوەیەیە:

یەکەم: لە سەدەی ھەژدەھەم و نۆزدەھەمدا ”کۆمەڵگا کشتوکاڵیی“ەکانی ناو مێژووی ئەوروپا دەگۆڕێن بۆ ”کۆمەڵگای پیشەسازیی“. لێرەدا پێ لەسەر گۆڕان و گواستنەوە لە ئابوریی کۆمەڵگاکان و شێوازی بەرھەمھێناندا دەکرێت، پیشەسازیی شوێنی کشتوکاڵ و ئامێر شوێنی ئیشی دەستی و بەرھەمھێنانی کەم شوێنی بەرھەمھێنانی زۆر، دەگرێتەوە.

 دووھەم: گواستنەوە لە ”کۆمەڵگای تەقلیدیی“ و ”سونەتیی“ ەوە بۆ ”کۆمەڵگای مۆدێرن“. لێرەدا لەباتی باسکردن لە گواستنەوە لە شێوازەکانی بەرھەمھێناندا باس لە گۆڕان لە گشتێتی ژیانی کۆمەڵایەتییدا دەکرێت. ئەوەی ماڵئاوایی دەکات جیھانێکی سونەتیی و کۆنە و ئەوەی لەدایکدەبێت جیھانێکی تەواو تازەیە. لەنێوان ئەم دوو فۆرمە لە کۆمەڵگاشدا دابڕانی گەورە وێنادەکرێت و ھەردووکیان وەک دوو کۆمەڵگای تەواو لەیەکتری جیاواز وێنادەکرێن. لەدایکبوونی تاکەکەسیی مۆدێرن و ھاتنەکایەی تاکگەرایی لەدەرکەوتە سەرەکییەکانی ئەم گوڕانکاریەیە.

 سێھەم: ھەندێک لە نووسەرانی ئەو دوو سەدەیە باس لە گواستنەوە لە ”کۆمەڵگای سیحر“ و ”خورافەت“ و ”نەزانین“ەوە بۆ ”کۆمەڵگای زانست“ و ”مەعریفەی مۆدێرن“ دەکەن. لێرەدا پێداگرتن لەسەر گۆڕانی جۆری بیرکردنەوە و شێوازی بەرھەمھێنانی مەعریفیی باڵادەستە. ئەو کۆمەڵگایەی لە دیدی ئەمانەدا لەدایکدەبێت کۆمەڵگایەک پێگە و کاریگەریی زانستە تازەکان لەناویدا گەورەتر و فراوانتر دەبێت و عەقڵانیەت دەبێتە دەرکەوتە سەرەکییەکەی.

 چوارەم: ھەندێکی دیکە ئە ” گۆڕانە مەزن“ە بە دروستبوونی شارە گەورە و مۆدێرنەکانەوە گرێئەدەن، modern metropolis، سەدەی ھەژدەھەم و نۆزدەھەم سەدەی لەدایکبوونی شاری گەورەیە کە ھەم دانیشتوانەکەی‌و ھەم ھەڵسوکەت و پەیوەندییەکانیان و ھەم چاوەڕوانیی و شێوازی ڕێکخستنی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی‌و فەرھەنگیان تەواو جیاوازە لە دونیای بەر لە دروستبوونی ئەو شارانە. ئەوەی لێرەدا وەک فۆرمی سەرەکیی گۆڕانکاریی کاردەکات پرۆسە گەورە و جیاوازەکانی بەشاربوونە، تا ڕادەی دروستبوونی شارە چەند ملیۆنیەکانی ناو دونیای مۆدێرن.

 پێنجەم: کەسانێکی دیکە ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە بە لەدایکبوونی پرۆسەی بەعەلمانیبوونی دونیا و لاوازبوونی کاریگەرییەکانی دینەوە گرێئەدەن. لای ئەمانە ئەوەی وەک ڕووداوێکی گەورە و گرنگ ڕوودەدات لەدایکبوونی دونیابینییەکی نادینییە کە لە بوار و کایە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا لەدایکدەبێت و سەرجەمی ژیانی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە. ئەمەش تەنھا گواستنەوە نییە لە سیحر و خورافەتەوە بۆ زانست و مەعریفەی نوێ، بەڵکو گواستنەوەیە لە شێوازی ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و دروستبوونی چەندەھا کایە و دەزگا و ڕێکخراو و بکەری مێژووی نوێشدا.

 شەشەم: کەسانێکی دیکە باس لە لەدایکبوونی سیستم و کولتور و ڕێکخستنی سیاسیی نوێ دەکەن کە لە دروستبوونی سیستمی کۆماریی و دیموکراسیەتی مۆدێرندا بەرجەستەیە. لێرەدا چەمکە تازەکانی وەک ماف و ئازادیی و یەکسانیی لەدایکدەبن و ڕۆڵی سەرەکیی لە ژیانی سایسیی و کۆمەڵایەتیدا دەبینن. دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسیی و گۆڕانی تاکەکەسی ئاسایی بۆ خودێکی سیاسیی سەربەخۆ وەک گۆڕانێکی گرنگ و سەرەکی دەبینن. لەدایکبوونی مرۆڤی خاوەن ماف بەرھەمی ئەو گۆڕانکارییەیە.

 حەوتەم: نووسەرانێک ھەن لەدایکبوونی دەوڵەتی نەتەوەو ھاتنەکایەی ناسیۆنالیزم وەک ئایدیۆلۆژیای سەرەکیی بە جەوھەری ئەو گۆڕانە گەورەیە دەبینن کە لە سەدەی ھەژدەھەم و نۆزدەھەمدا ڕووئەدات. لەدایکبوونی چەمکەکانی نەتەوە و نیشتیمان و ھاوڵاتیبوون، وەک چوارچێوەی سەرەکیی بەرھەمھێنانی شوناس و وەک فۆرمێکی نوێ پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا، بە ڕووداوە ھەرە سەرەکیی و گرنگەکە دەبینن. ھەم تاکە کەس وەک خود و بکەرێکی سیاسیی نوێ و ھەم نەتەوە وەک بکەرێکی سیاسیی دەستەجەمعیی لەدایکدەبن.

 ئەوەی پێوسیتە ئاشکرابێت زۆرینەی نووسەرانی ئەو دوو سەدەیە سەرجەمی ئەم گۆڕانکارییانە تەنھا وەک گۆڕانکاری پۆزەتیڤ نابینن و مامەڵەناکەن. ئەگەر پێشیان وابووبێت ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە مرۆڤایەتی لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی بەرزتر و پێشکەوتور بەرزکردۆتەوە، ھاوکات چەندان کێشەو گرفت و بیماریی گەورەیان بینیوە کە شانبەشانی ئەم گۆڕانکاریانە ھاتونەتە کایەوە. ئەم گۆڕانە گەورانە چەندان ئەگەری ناشیرین لەناو دونیای مۆدێرندا دروستدەکەن، لەئەگەری نامۆبوون و نێھلیزم و ڕاسیزمەوە بیگرە بۆ ئەگەری دیسپلین و کۆنترۆڵکردنێی ھەمەلایەن تا بە تۆتالیتاریزم دەگات.

 

author photo

نوسەر و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی هۆڵەندا