داستانی خولەپیزەو هاوڕێكانی لە زاری شەریف برای خولە پیزەوە

شەریف پیزە: دایكم لە دادگا 3 دانی عومەر عەلی شكاند

داستانی خولەپیزەو هاوڕێكانی لە زاری شەریف برای خولە پیزەوە

6108 خوێندراوەتەوە

سەڵاح سالار

زۆربەمان چیرۆكی (خولەپیزە)مان بیستووە، ئەو بەیتە فۆلكلۆرییانەی بەسەر داستانەكانی ئەواندا هەڵدراوە ئێستاش زیندوون، كێبێت لەبیری نەمابێت كە دەیانوت: (شاخەكەی كەتوو پلەپلەیە، تەقەی بڕنەوی تالەو خولەیە) یان: (بڵێن بە دایكم خۆی نەكات ئاڵۆز، گوللەی كاك مەحمود دەیكات تەپەتۆز)، هەروەها (بڵێن بە میریی وا من بەتەمام، چاوەڕوانیانم لە ئاشی بارام، یاخوا بەخێربێن پۆلیسی سواریی، تفەنگ و فیشەك دێنن بە دیاریی) و زۆر بەیت و كاسێتی تۆماركراوی گۆرانیی تر بەسەر ئەو ڕووداوانەدا لە ناوچەكانی كوردستان دەستاو دەستیان دەكرد، بەڵام ئەوەی جێگە نیگەرانییە ڕۆژنامە بەڕێزەكەی (ژین)ی زۆر بێویژدانانە و دوور لە هەموو ئیتیكێكی ڕۆژنامەوانی مامەڵەی لەگەڵ كارەساتی بنەماڵەی خولەپیزەدا كردووە. كاتێك هەواڵی ئەو ڕووداوانەو كوشتنی خولەپیزە لە رۆژنامەیەدا دەخوێنیتەوە، وا هەست دەكەیت عومەر عەلی پارێزگاری ئەوكاتی سلێمانی هەواڵنووسی ئەو ڕۆژنامەیە بووە. ئەمەش لەكەیەكە بە ناوچاوانی ئەو ڕۆژنامەیەوە.
ئێوارەیەكی درەنگوەخت بەجادە پێچاوپێچەكانی شارباژێڕ، ئەو ناوچەیەی حەوت ساڵ خولەپیزەو دەستەكەی شاخەو شاخیان تێداكردو شەڕە بڕنەویان لەگەڵ هێزەكانی عومەر عەلییدا كرد، لەو دەڤەرە ئێستاش ناوی پیرۆز و خولەپیزە و كوڕەكانی و دەستەكەی هەر زیندووەو یادەوەرییەكانی هەر دەژیین.
لەوێ‌ ڕوومان كردە گوندی (شەمساوا) و لە ماڵی كاك تەهای كوڕی تالیب پیزە ئەم گفتوگۆیەمان لەگەڵ مام ( شەریف پیزە) كوڕی بچووكی پیرۆزخان و برابچووكی خولەپیزەدا سازدا.

،،
عەریف حەمەئەمین پیاوێكی تفەنگچیی و كارامە بوو، ئەوەبوو شەقێكی هەڵدا لە دایكم و قورئانەكە. كاتێك كاك مەحموودم بینی شەقی لە قورئانەكە هەڵدا و ڕێزی دایكمی نەگرت ئیتر وتی: دایكە خۆتم بۆلادە، ئەوەبوو حەمەئەمین بانیشاریی كوشت، كارەساتی بنەماڵەی ئێمە لەوكاتەوە ڕوویدا و كاكم یاخیی بوو

شەریف محەمەد ئەمین :برا بچوکی خولەپیزە



دیبلۆماتیك: سەرەتا خۆتان بناسێنن؟
شەریف پیزە: من ناوم شەریف محەمەد ئەمینە، لە عەشیرەتی (بێسەری) لە هۆزی (غەوارە)ین، برا بچووكی (خولە پیزەم)، باوكی خۆمم بە چاو نەبینیوە، بیرم نایەت كە مردووە.

دیبلۆماتیك: ئەی دایكت ناوی تەواوی و كەی كۆچی دوایی كردووە؟
شەریف پیزە: ناوی پیرۆز حەمەلاوە، خەڵكی دەوروبەری گوندەكانی: (سوێرە و مكڵ)ە، ئەویش هەر لە عەشیرەتی (بێسەری)یە، ساڵی 1970 بە نەخۆشیی كۆچی دوایی كرد
.
دیبلۆماتیك: ڕووداوی بنەماڵەی ئێوە لە چییەوە سەری هەڵدا و هۆكاری چی بوو كاك مەحموودی برات حەمەئەمین بانیشاریی كوشت؟

شەریف پیزە: حەمە ئەمین بانیشاریی هات بۆ گرتنی كاكم، چونكە ئەو فیراربوو، ئەو سەردەمە ماڵمان لە گوندی (چەمیاڵە) بوو كاكیشم نەخۆشبوو گرانەتای هەبوو وتی: نەخۆشم. وازی لێنەهێنا، دایكم قورئانی برد وتی: بیكە بەخاتری ئەو قورئانە وازمان لێبێنە، بەڵام ئەو وازی نەهێنا و وتی: ئەبێت بیدەم بە پشتی ئەو كەرەدا و بیبەم بۆ مەخفەر. پاشان وتی: خولەپیزە هەر دەتكوژم، ئەوەش بڵێم: عەریف حەمەئەمین پیاوێكی تفەنگچیی و كارامە بوو، ئەوەبوو شەقێكی هەڵدا لە دایكم و قورئانەكە. كاتێك كاك مەحموودم بینی شەقی لە قورئانەكە هەڵدا و ڕێزی دایكمی نەگرت ئیتر وتی: دایكە خۆتم بۆلادە، ئەوەبوو حەمەئەمین بانیشاریی كوشت، كارەساتی بنەماڵەی ئێمە لەوكاتەوە ڕوویدا و كاكم یاخیی بوو
.
دیبلۆماتیك: كاتێك خولە پیزە هەڵات بۆ كوێ‌ چوو، كێی لەگەڵ بوو؟
شەریف پیزە: كە قاچاخ بوو خۆی ‌و دوو برام ڕۆشتنە دەرەوە، كاك تایەر و كاك ڕەحیم لەگەڵی ڕۆشتن، ئیتر بەو شاخ و كێوانەوە دەژیان، دەربەدەر بوون، هەر تاوێك لە شوێنێك بوون، حەوت ساڵ بەردەوامبوون.
دیبلۆماتیك: دواتر ژمارەیان دەگەشتە چەند كەس؟

شەریف پیزە: لە (10) كەس سەرنەكەتوون، حەوت و هەشت و نۆ، چونكە زۆربوونایە نەدەژیان.

،،
بەیانی زووبوو من و میوانێكمان هەبوو بە ناوی (سۆفی عەزیزی سیوەیلی) چووین بۆ مزگەوت نوێژی بەیانییمان كرد هیچمان نەبینی كە هاتینە دەرەوە ڕێك مەچەكیان گرتم ئیتر خۆم و میوانەكەشم گیراین، بەڵام كاك ڕەحیمی برام خۆی نەدا بە دەستەوە، شەڕ دەستی پێكرد دووسێ پۆلیسی كوشت

دیبلۆماتیك: لە كوێ‌ دەژیان؟

شەریف پیزە: ڕووناكییمان نەبوو جگە لەو ئاسمانە، هەر سەعاتە و لە شوێنێك ژیاوین، بە زۆری لە شارباژێڕ بوون، دەشچوونە ناوچەی سیوەیل، هەڵەبجە، سنووری ئێران و زۆر شوێن دەگەڕان.

دیبلۆماتیك: خەڵك چۆن بوون لەگەڵتان؟

شەریف پیزە: خوا نەبێت دۆستمان نەبوو، زۆر بەكەمی دۆستی ڕاستەقینەمان هەبوو، زۆرجار دەچوونە هەر ماڵێك یەكسەر هەواڵیان لێ دەدان.


دیبلۆماتیك: خولە پیزە هیچ پەیوەندیی بە شێخ مەحموودی حەفید و شێخ لەتیفی كوڕیەوە هەبوو؟
شەریف پیزە: كاك مەحموودم كە فیرار بوو هەر لە كن شێخ لەتیف بوو لە ئاوایی سیتەك، تا ئەو كاتەی قاچاخ بوو دوای ئەوەش پەیوەندییان هەر هەبوو، بەڵام نەیان دەتوانی بچن بۆ لای، بەڵام هاوكاریشی نەدەكردن.


دیبلۆماتیك: كێی تر لەو سەردەمەدا یاخیی بووبوو كە دەستەی هەبێت؟
شەریف پیزە: حسە تاقە هەبوو زووتر كوژرا، حەمەجان ناوێك بوو ئەویش كوژرا، سەید عەتاش هەبوو، بەڵام پێش كاكم بوو

دیبلۆماتیك: عومەر عەلی بۆچی هێندە دڵڕەقبوو لەگەڵتان؟

شەریف پیزە: عومەر عەلی موتەسڕیف (پارێزگار)ی سلێمانی بوو، نازانم بۆ ئەوەندە خراپبوو لەگەڵمان! دوای كوشتنی كاك مەحموودیشم هەر وازی لێ نەهێناین، ئێمە هاتینەوە دانیشتین ماوەیەك مووچەیان بۆ بڕینەوە ویستی هێورمان بكاتەوە و بمانگرێت، ڕۆژێك هات دێنییەكی كردین و ڕۆیشت دیاربوو بە مەبەستی چاودێریی و هەڵسەنگاندمان هاتبوو، دوو ڕۆژی پێنەچوو زیاد لە هەزار پۆلیس و چەكداری هێنایە سەرمان و وتی: دەیانگرم و دەیانكوژم، كاتەكەشی بەیانی زووبوو من و میوانێكمان هەبوو بە ناوی (سۆفی عەزیزی سیوەیلی) چووین بۆ مزگەوت نوێژی بەیانییمان كرد هیچمان نەبینی كە هاتینە دەرەوە ڕێك مەچەكیان گرتم ئیتر خۆم و میوانەكەشم گیراین، بەڵام كاك ڕەحیمی برام خۆی نەدا بە دەستەوە، شەڕ دەستی پێكرد دووسێ پۆلیسی كوشت، لە خانووەكەدا گەمارۆ درابوو، عومەر عەلی (10) تەنەكە نەوتی هێنابوو كردی بەسەر خانووەكەدا و كاك ڕەحیممی بە زیندوویی سووتاند لەناو خانووەكەدا. جگە لەوە هەرچی مەڕ و ماڵاتمان بوو ئەوانیشی تیا سووتاند، یەك كەس نەیتوانی بێت بە هاوارمانەوە، لە بانگی بەیانییەوە تا بانگی شێوان شەڕ بوو، كاك ڕەحیمیان بۆ نەگیرا دوای ئەوەی كە كاكم سووتا، من و خاڵۆم و دایكم و براژنەكانم و منداڵەكان قۆڵبەست كراین شەش حەوت مانگ هەموومان لە بەندیخانەی گەورەی سلێمانی زیندانی كراین، بەڵام میوانەكەمان دوای سێ مانگ ئازاد كرا، ئەمەش بە هۆی خیانەتی هەندێك لە هاوڕێكانمانەوە بوو چونكە ئەوان خائین بوون لە ژێرەوە پەیوەندییان بە حكومەتەوە هەبوو ئەو شەوە ڕۆشتبوون خۆیان دابوو بە دەست حكومەتەوە و ئەو هێز و سوپایەیان هێنایە سەرمان، بەڵام خوا حەقی سەندین هەموویان تیاچوون.

خولەپیزە

،،
دایكم ڕۆیشتە بەغدا توانی چاوی بە عەبدولكەریم قاسم بكەوێت، شكاتی حاڵی خۆی كردبوو وتبووی عومەر عەلی كوڕی سووتاندم، ماڵی كاول كردم، داوای هەقی خۆم دەكەم، ئەویش نووسراوێكی بۆ كردبوو بۆ دادگا وتبووی ئەم پیرۆزخانە هەرچی هەقی بەلای عومەر عەلییەوە هەیە بۆی وەربگرنەوە



دیبلۆماتیك: دەڵێن دایكت بە دەمانچەوە چووە بۆ كوشتنی عومەر عەلی، ئەمە كەی بوو؟ چی ڕوویدا؟

شەریف پیزە: دوای كوشتنی كاك مەحموود و براكانی ترم و سوتاندنی ماڵەكەمان، لەم ئاوایی (شەمساوا)یە دانیشتبووین دەمانچەیەكی كڕی و چوو بۆ سەردانیكردنی عومەر عەلی لە سەرای سلێمانی، لە پرسگەی یەكەم چووبووە ژوورەوە، لەوی بەردەرگاكەدا ڕێگەیان لێگرتبوو، وتبوویان: بۆ كوێ‌ دەچیت؟ وتبووی سەردانی پاشا دەكەم ڕێگەیان نەدابوو، عومەر عەلی گوێی لە دەنگە دەنگەكە بووبوو، پرسیبووی ئەوە چییە؟ وتبوویان گەورەم ژنێكە دەڵێت: سەردانی پاشا دەكەم. ئەویش وتبووی: با ژنێك بیپشكنێت ئینجا ڕێگەی بدەن. كە پشكنیبوویان دەمانچەكەیان لە بن باڵیدا دۆزیبووەوە دایكم پێی وتبوو (50) دینارت دەدەمێ‌ باسی مەكە، بەڵام ئاگاداری موتەسەڕیفیان كردبوو، ئیتر دایكمی بانگ كردبوو پێی وتبوو پیرۆزخان ئەو دەمانچەیەت بۆچی هەڵگرتووە؟ وتبووی وەڵا بۆ سێبەری سەری خۆم بگەم بە سێبەرەكەشم دوو فیشەكی پێوە دەنێم، وتبووی سێبەرەكەی خۆم دووژمنمە، وتبووی دانیشە قورئانێكی هێنابوو وتبووی بڵێ بە هەقی ئەم قورئانە بۆ كوشتنی تۆم نەهێناوە، وتبووی بە هەقی ئەم قورئانە بۆ كوشتنی تۆم هێناوە (14) فیشەكی تێدایە هەر چواردەكەم لە مێشكتدا خاڵی دەكردەوە. تۆ كوڕت كوشتم، ماڵت سووتاندم، لە بێخت هێنام. ئەویش وتبووی ئەك ماڵت وێران بێت بە هەقی قورئان تۆ لە من بە غیرەت تریت. من ئەم وڵاتەم كرد بە ماستی مەیو كەس نەیتوانیوە لە ڕووی من قسەیەكی وا بكات، دایكم وتبووی: جا دنیا كە مردنی لە دوایە ترسی بۆچییە، بەخوا ئەو دەمانچەیەم لەسەرتدا خاڵی دەكردەوە تۆ منت ماڵوێران كرد، وتبووی بڕۆ دەرەوە مادام ئەو هەموو شتەم بەسەر هێناویت ناتگرم، بمزانیایە ئەوەندە ئازاو چاونەترسیت كوڕەكانم دەخستە پشت خۆمەوە، بەڵام تازە ڕۆیشت تۆش برۆ خواحافیزت بێت، وتبووی چەكەكەم بدەرەوە، وتبووی چەكەكەت دەستی بەسەردا گیراوە تۆ هێناوتە پاشای ناوچەیەكی پێ بكوژێت، دەمانچەكەی نەدابووەوە، وتبووی باجی پیرۆز ئیتر چاوت پێم ناكەوێتەوە. وتی: دونیا هەزار چەرخی هەیە ئەگەر نەمردین چاوم پێت دەكەوێتەوە و یەخەت دەگرمەوە.


دیبلۆماتیك: دوای ڕووخانی دەوڵەتی مەلیك دایكت شكاتی لە عومەر عەلی كرد، ئایا هیچی بۆ كرا؟

شەریف پیزە: دوای سێ چوار ساڵ كە مەلیك ڕووخا دایكم ڕۆیشتە بەغدا توانی چاوی بە عەبدولكەریم قاسم بكەوێت، شكاتی حاڵی خۆی كردبوو وتبووی عومەر عەلی كوڕی سووتاندم، ماڵی كاول كردم، داوای هەقی خۆم دەكەم، ئەویش نووسراوێكی بۆ كردبوو بۆ دادگا وتبووی ئەم پیرۆزخانە هەرچی هەقی بەلای عومەر عەلییەوە هەیە بۆی وەربگرنەوە، دایكم لە قەفەسی داگای بەغدادا كردی بەشەڕ لەگەڵ عومەر عەلییدا و هەندێكی لێدابوو (3) دانی شكاندبوو، شەش حەوت ڕۆژ دوایانخست تا تۆزێك چاكبووەوە، پاشان دادگا بڕیاری (20) ساڵ زیندانیی بۆ عومەر عەلی بڕییەوە، كەچی (20) دەقیقەی پێنەچووبوو بە دایكماین وت: بمانبوورە ئەو ئەوەندە خزمەت و ڕوتبەی هەیە ناتوانین حوكمی بدەین، دایكیشم وتی نابێت بێتەوە بە سلێمانیدا، وتیان باشە.

،،
ئەو كاتەی ئێمە زیندانیی بووین، من لە بەندیخانە بووم، بەڵام دایكم و براژنەكانم لە ماڵی (ساڵح میراو) كە موختاری سلێمانی بوو زیندانی كرابوون، بەیانییەك بە دایكمیان وتبوو كوڕێكت بە برینداری گیراوە و لە داری دەدەن، ئێستا داوای تۆ دەكات وەرە چاوت پێی بكەوێت، ئەویش وتبووی: كوڕی من نەگیراوە و لێرەش نییە و نایەم

دیبلۆماتیك: حەپسەخانی نەقیب هەوڵی دا كێشەكەتان بۆ چارەسەر بكات، بۆچی سەری نەگرت؟

شەریف پیزە: حەپسەخان جوابی نارد وتی: كێشەكەتان بۆ چارەسەر دەكەین كاك تایەر و كاك ڕەحیمم چوون، بەڵام ئەوجارەیان كاك مەحموود نەچوو وتیان با هەرسێكمان نەچین نەوەك پەڕلە بێت، یەك دوو شەو مانەوە لەوێ‌ حەپسەخان وێنەگرێكی هێنابوو وێنەی گرتبوون، بەڵام دوایی بۆی دەركەوتبوو حكومەت ڕاست ناكات دەیەوێت دوایی بیانگرێت، بە سەیارەیەك هێنابوونی بۆ بناری گۆیژە وتبووی بڕۆنەوە حكومەت فێڵتان لێدەكات با تیا نەچن و منیش نەبم بە هۆكاری فەوتانتان هەمووی كەڵەك و ساختەیە.

دیبلۆماتیك: ئەگەر بێینە سەر كارەساتی كوشتنی خولە پیزە، كەی و چۆن كوژرا و لە كوێ‌؟

شەریف پیزە: لە شاخی كەتوو كوژرا، بەڵام ساڵەكەی نازانم، هێزێكی زۆر بۆیان چووبوون، لە بەیانی تا ئێوارە شەڕ بووبوو خۆی و عەول گوڵچین كوژران كە كوڕێكی دڵسۆزو ئازابوو، دەستەكەی ئێمە لەو شەڕەدا تەنیا سێ یان چوار كەس بوون، بەڵام هێزی پۆلیس زۆر بوون، تا بانگی شێوان شەڕی كردبوو پێشتر عەول گوڵچین كوژرابوو، لای بانگی شێوان كاكیشم فیشەك دابووی لەسەری و كوژرابوو، كە كاك مەحموود و عەول گوڵچین كوژران، هاوڕێكانی تەرمەكەیان دەركردبوو، بردمان لە گوندی (ئاشی بارام) ناشتمان، كەسێك چووبوو ڕاپۆرتی دابوو پۆلیسی هێنا دوای نزیكەی هەشت ڕۆژ تەرمەكەیان دەرهێنا و تەرمی عەول گوڵچینیش، كە پێشتر پۆلیسەكان خستبوویانە گۆمێك، هەردووكیان بردن.

دیبلۆماتیك: دوایی تەرمەكانیان پێدانەوە یان نا؟

شەریف پیزە: تەرمی چی كاكەگیان، (3) برام كوژرا تەرمی هیچیان نەداینەوە و نەمانزانی چییان لێكردن، تەنیا تەرمی ڕەحیمی براممان دەستكەوتەوە كە بە زیندوویی لە خانووەكەدا سووتاندبوویان، ئیتر تەرمی كاك مەحموود و تایەر و تالیب كەس نەیزانی چییان لێكردن.

 


دیبلۆماتیك: ڕووداوی كوشتنی تایەری برات چۆنبوو، بە برینداریی گیرا و لە سێدارە درا؟ یان شتی تر؟

شەریف پیزە: ئەو كاتەی ئێمە زیندانیی بووین، من لە بەندیخانە بووم، بەڵام دایكم و براژنەكانم لە ماڵی (ساڵح میراو) كە موختاری سلێمانی بوو زیندانی كرابوون، بەیانییەك بە دایكمیان وتبوو كوڕێكت بە برینداری گیراوە و لە داری دەدەن، ئێستا داوای تۆ دەكات وەرە چاوت پێی بكەوێت، ئەویش وتبووی: كوڕی من نەگیراوە و لێرەش نییە و نایەم، وتبوویان وەرە چاوت پێی بكەوێت بەیانی لە داری دەدەن و كوڕی تۆیشە، ئیتر دایكم كە چووبوو كاك تایەری بینی بوو ناسیبوویەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەوان نەیناسن و نەیكوژن وتبووی: ئەوە كوڕی من نییە و نایناسم، بە كاك تایەریشیان وتبوو ئەوە دایكتە و دەیەوێت چاوی پێت بكەوێت، وتبووی: نایناسم ئەوە دایكی من نییە، بەڵام حكومەت خۆی دەیازانی و دەیانناسییەوە. ئیتر لە سلێمانی لە داریاندا.

،،
ئەو فلیمەی کە لەسەر خولەپیزە دەرکا تا ڕادەیەك باشە، بەڵام ناڕاستییەكی تێدایە ئەویش ئەوەیە كە پۆلیس لە خولەپیزە نزیك دەبێتەوە، ئەوە ڕاست نییە و لە حوكمی تفەنگ پۆلیس و سەرباز نەیانوێراوە نزیكی كاك مەحموود ببنەوە.

 

دیبلۆماتیك: ئەو لە كوێ بە برینداریی گیرا؟

شەریف پیزە: فیشەك دابووی لە ڕانی. كاك مەحموود وتبووی: با بتبەین بە دیوی ئێراندا، وتبووی: نا مەمبەن لە گوندی (چەمپاراو) لە سنووری ئێران لە ماڵێك دایاننابوو، هەواڵیان لێدابوو لەوێ‌ بە برینداریی گرتیان و هێنایان بۆ سلێمانی ئیتر ئەوەبوو لە سێدارەیان دا.

دیبلۆماتیك: تۆ بەشداریی شەڕت كردووە لەگەڵیان؟
شەریف پیزە: نا نەمكردووە، من مناڵ بووم پێنەگەییبووم، بەڵام لەگەڵیان بووم هاوكارییم كردوون.

دیبلۆماتیك: ئەی دایكت؟
شەریف پیزە: ئەوەی دایكی من كردوویەتی بە سەد پیاو ناكرێت، لە هەركوێ‌ شەڕیان كردبێت ئەو ڕۆژە چووەتە ئەو شەڕە ئەگەر گوللە وەك تەرزە بارییبێت، بەشداری شەڕی دەكرد تفەنگی دەتەقان، بەوخوایەی كە نامرێت غیرەتی سەد پیاوی وەك منی هەبوو، پیاو و ئەو مریشكەی (ئاماژەی بۆ مریشكێك كرد) لا وەك یەك وابوو.


دیبلۆماتیك: ئەوانەی لەگەڵ خولە پیزە بوون كێ بوون؟

شەریف پیزە: جگە لە خزمەكانی خۆمان ناوی كەس نابەم، چونكە زۆربەیان ناپاك بوون، ئەوانی خۆمان كاكم (خولەپیزە، تایەر و تالیب و ڕەحیمی برام. مامم (عەزەی مینە ڕەش، خولە سەلكە) كە ژنبرای كاك مەحموودیش بوو، ئەویش كوژرا. جگە لەمانە كە خزممان بوون عەول گوڵچین و ڕەسوڵ بێورەیی ئەم دووانەش دڵسۆز و ڕاستبوون هەردووكیان كوژران. خولە سەلكە پیاوێكی زۆر ئازا بوو، عومەر عەلی هات گرتی، بەڵام بە فێڵ لەدەست ئەو هەموو پۆلیسە هەڵات و بۆیان نەگیرا.


دیبلۆماتیك: براكەی ترت (تالیب) لە كوێ‌ كوژرا؟

شەریف پیزە: كاك تالیب باوكی ئەم كاك تەهایە كە لەماڵیان دانیشتووین، لە كێوێك لە پشتی (زاخێ‌) تالیب و عەزەی مینەڕەش و خولە سەلكە و ڕەسول بێورەیی لە لایەن چوار هاوڕێی خۆیانەوە دەرمانخواردكران و پاشان كوژران، هاورێكانیان وتبوویان نان و چێشتمان بۆ كراوە، دەرمانی بێهۆشییان كردبووە خواردنەكەوە، چوار كەسەكەی تر نەیانخواردبوو وتبوویان ئێمە پاسەوانی دەكەین تا ئێوە نان دەخۆن كە خواردبوویان بێهۆش بووبوون پاشان هەر چواریان كوشتبوون، ئەم ڕووداوەش لە پاش كوشتنی خولە پیزە ڕوویداوە.

دیبلۆماتیك: ئەو فیلمەی لەسەری دەركرا تا چەند لێی ڕازین؟

شەریف پیزە: تا ڕادەیەك باشە، بەڵام ناڕاستییەكی تێدایە ئەویش ئەوەیە كە پۆلیس لە خولەپیزە نزیك دەبێتەوە، ئەوە ڕاست نییە و لە حوكمی تفەنگ پۆلیس و سەرباز نەیانوێراوە نزیكی كاك مەحموود ببنەوە.

دیلۆماتیك: ئەو گۆرانیی و شیعرانەی بەسەریاندا هەڵدراوە نیشانەی ئەوەیە خەڵك خۆشی ویستوون، تۆ وتت كەس دۆستمان نەبووە، وەڵامت چییە؟
شەریف پیزە: ڕاست دەكەیت مەبەستم ئەوە نییە كە هەر كەس دڵسۆزیان نەبووە، ئەو شیعر و گۆرانییانە هەموو بەڵگەن، گۆرانییبێژێك بەناوی (ئەحمەدی ئەرشەدی) لە شاری (بانە)وە كە بیستبووی برایەكی خولە پیزە ماوە نامەیەك و (3) شریتی گۆرانیی بەسەر كاك مەحمووددا بۆ ناردبووم، بەڵام فەوتا بەهۆی زروفی نالەباری ئێمەوە.

 

author photo

نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس، ئه‌زمونى 17 ساڵ كارى ڕۆژنامه‌وانى