گۆڕان کەی کۆنگرە ئەبەستێت؟

گۆڕان کەی کۆنگرە ئەبەستێت؟

617 خوێندراوەتەوە


کۆنگرە لەئێستای کاری حیزبایەتییدا، لەزۆربەی وڵاتاندا سەرباری نوێکردنەوەی دەزگا و ئۆرگانەکان و ڕۆحکردنەوە بەبەری ڕێکخستن و کۆمەڵێك کاری دیکەی ڕۆتینات لە هەمووارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆیی حیزب و هەڵبژاردنەوەی سەرکردایەتیی و گۆڕین و هێنانی خوێنی نوێ بۆ ناو سەرچاوەی بڕیار...تد

هاوکات وەك نەرتێك لە ساتی چوونە بەردەم تەحەدیات و کۆمەڵێك پرۆسەی وەك هەڵبژاردنی گشتیی وڵاتدا حیزبەکان کۆنگرە ئەبەستن و بە ورە و حاڵێکی پێرفێکت و ئەرخەیانەوە ئەچنە ناو کێبەرکێی چارەنووسسازەوە.

بە پێجەوانەوە کۆنگرە لە یاداوەریی حیزبی کوردیدا، چیرۆکێکی زۆر عەنتیکەیە، زۆربەی زۆری حیزبەکان سەرەتا و چەند کۆنگرەیەك تا دەستەیەك یان بنەماڵەیەكی دیاریکراو کۆنترۆڵی جومگە هەستیارەکان ئەکەن، مەیدانی ململانێ و دواجار پاساوی زۆربەی ئینشیقاق و لێکترازانەکان بووە.

پاش دەرپەڕاندن و ئاوتکردنی ڕەگەزەکانی مەترسی بۆ تیمە هاودەست و بنەماڵەکان، گەڕاونەتەوە (کۆنگرەی پاکتاوکردن)ـیان بەستووە و حیزبیان کردووە بە سەرزەمینی دڵنیایی خۆیان و هێنانەوەی هەموو کارت و سەرەداوەکان بۆ دەستی خۆیان!

,,

ماڵباتی بارزانیی بەگشتیی و مەلامستەفا بەتایبەتیی خاوەنی نفوز و کاریزمیەتی ناو بنکەی جەماوەریی و ڕێکخستنی پارتی بوون، کەچی هێشتا ترسێکی سەیریان لە بەستنی کۆنگرە هەبووە

کۆنگرەکانی پارتی، لەسەرەتاوە تا کۆنگرەکانی نۆیەم و دەیەم کۆنگرەی پڕ لە مشتومڕ و ململانێ بووە، چەندە ماڵباتی بارزانیی بەگشتیی و مەلامستەفا بەتایبەتیی خاوەنی نفوز و کاریزمیەتی ناو بنکەی جەماوەریی و ڕێکخستنی پارتی بوون، کەچی هێشتا ترسێکی سەیریان لە بەستنی کۆنگرە هەبووە، بەڵام دوای ڕاپەڕین و زیاتر دەستکرانەوەیان لە دەستگرتن بەسەر موقەدەراتی پارتیدا، بەدیاریکراوی لە کۆنگرەی۱۱ بەدواوە، ئیتر کۆنگرە بۆ پارتی زیاتر لە کەرنەڤاڵێکی سەرگەرمیی و ڕۆژانێکی پڕ لە ڕووداوی پێکەنیناویی و چێژوەرگرتن لە مۆزیك و عەرزی عەزەڵاتی کوڕ و کاڵەکانی ماڵباتی بارزانی بووە!

,,

بەخشینی پۆستی جێگری سەرۆك بە نێچرڤان، بێدەنگ بووە لە پاکتاوی لایەنگرانیدا و مەسرور بارزانیی تاك جەمسەرانە تەراتێن ئەکات لەناو ئۆرگانەکاندا!

پارتی وەك ئاو بخواتەوە کۆنگرە ئەبەستێت و تادێت ڕەنگ و بۆنی ماڵی بارزانیی و لەبازنەی بچووککراوەریشدا خێزانی مەسعود بارزانیی بە پارتەکە ئەبەخشرێت، مەگەر سیگناڵی نوێی ململانێی دوو ئامۆزا گەرم و گوڕیی بە کۆنگرە ببەخشێتەوە، کە لە دوو کۆنگرەی کۆتایی پارتەکەدا لەبەرامبەر بەخشینی پۆستی جێگری سەرۆك بە نێچرڤان، بێدەنگ بووە لە پاکتاوی لایەنگرانیدا و مەسرور بارزانیی تاك جەمسەرانە تەراتێن ئەکات لەناو ئۆرگانەکاندا!

,,

یەکێتی دەیان ساڵە بە بیانووی جۆراوجۆر مراوەغە بە پرسی کۆنگرە ئەکات

ئەوە خۆ یەکێتی دەیان ساڵە بە بیانووی جۆراوجۆر مراوەغە بە پرسی کۆنگرە ئەکات، بەجۆرێك کە تەمەنی ئەو حیزبە دابەشی سەر کۆنگرەکانی بکە،۱٠ساڵ زیاتر تەمەنی هەر کۆنگرەیەکی ئەبێت!
ئێستا و پاش جۆرێك لە دڵنیایی کوڕانی ماڵبات، وا خواستی بەستنی کۆنگرە ختوکەیان ئەدات و مەبەستیانە دەرگای پێنجەمین کۆنگرە واڵا بکەن!

ئەم پێشەکییە بەسە بۆ تێگەیشتنی حیزبی کوردی لە کۆنگرە، مەگەر یەکێك بەگومان بێت لەم پێدراوانە و پێی وابێت (ئەوە عەقڵی شاخە و حیزبە نەریتەوان و کلاسیکییەکان بەو جۆرەن، ئەگینا هێزی نوێ و دنیابینیی نوێ لەسیاسەتدا دەرئەنجامیتری ئەبێت!) لە کاتێکدا نەوەی نوێ لە کۆنگرەی دامەزراندنیاندا، بەبیانووی (دەستی دەزگا هەواڵگرییەکانی پارتی و یەکێتی) شاسوار عەبدولواحید و هاودەستەکانی هەستان بە پاکتاوکردنی دەنگە جیاوازەکان و کۆمەڵێك مرۆڤی چالاکیان لەهەموو دەڤەرەکان ئاوت کرد!

,,

بڕیاربەدەستانی گۆڕان (کە ئێستا خەریکە بە تەواوەتیی بۆ کوڕەکانی #کاك_نەوشیروان بەگشتیی یەکلایی ئەبێتەوە) زۆر بێ منەتانە باس لە پرۆسەکە ئەکەن

کۆنگرەی بزووتنەوەی گۆڕان کە کۆنفرانسی_گشتیی پێئەوترێت، بەو پێیەی کە هەڵبژاردنی سەرکردایەتیی(کە جڤاتی نیشتیمانییە) و خانەی ڕاپەڕاندن(کە مەکتەبی سیاسییە) و ڕێکخەری گشتی تیادا ناکرێت، بڕیاربەدەستانی گۆڕان (کە ئێستا خەریکە بە تەواوەتیی بۆ کوڕەکانی #کاك_نەوشیروان بەگشتیی یەکلایی ئەبێتەوە) زۆر بێ منەتانە باس لە پرۆسەکە ئەکەن و جۆرێك لە فێڵ لە لایەنگر و دەنگدەرانی گۆڕان و تەنانەت ڕای گشتیش ئەکەن، گوایە کۆنگرەی ئێمە کۆنگرەیەکی جیاوازە و ململانێی تیادا نیە، بەقەدەر ئەوەی کە پرسی پەسەندکردنی دەستووری بزووتنەوەکە و داڕشتنی بەرنامەی کاری چوار ساڵیی بەردەم کۆنگرە نەبێت!

لەکاتێکدا ئەمە چەواشەکارییەکی مەحزە، چونکە هەر کۆنفرانسی گشتیی گۆڕان خۆی دیاری کردووە کە دوو ساڵ جارێك هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ مەکۆ و ژوورەکان بکرێت کە ڕێکخەری ئەوانە ئەبنە ئەندامی جڤات و لەوێشەوە خانەی راپەڕاندن و ڕێکخەری گشتیی هەڵئەبژێرن، کە ئەوەش ڕوونە چارەنووسی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و کۆنفرانسی گشتیی پێکەوە بەستراون!

,,

زۆر عەیبە کە مرۆڤێك کەمترین ئاستی هۆشیاریی هەبێت بڕوا بە خورافەی کۆنگرە بکات، چونکە ئیتر ئەو ڕۆژە تێپەڕی کە کۆنگرە شوێنی ململانێ و یەکلاکردنەوەی کێشەکان و زۆر جارانیش سەرەتای ئینشیقاقێکیتر بێت

قسەی حسابیی ئەوەیە کە گۆڕان کێشەی بەستن و نەبەستنی کۆنفرانسی نیە، کێشەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی نیە، چونکە بەم حاڵەی ئێستاوە کۆی پرۆسەکە یەکلایە لە بەرژەوەندیی ئەوانەی کە گۆڕانیان گەیاند بەم ڕۆژە تاریکە، لەبنەڕەتدا هەر زۆر عەیبە کە مرۆڤێك کەمترین ئاستی هۆشیاریی هەبێت بڕوا بە خورافەی کۆنگرە بکات، چونکە ئیتر ئەو ڕۆژە تێپەڕی کە کۆنگرە شوێنی ململانێ و یەکلاکردنەوەی کێشەکان و زۆر جارانیش سەرەتای ئینشیقاقێکیتر بێت، بەڵکو کۆنگرە شوێنی پاکتاوکردنی ڕکابەرەکان و دوورخستنەوەی مەترسییەکانە!

لە گۆڕاندا شوێنێك هەیە ناوی (ژووری پەیجوریی)ـیە، کە شوێنگرەوەی مەکتەبی ڕێکخستنی حیزبەکانی دیکەیە، ئەم ژوورە لەلایەن دەستەبژێرێکی هاودەستی ناو گۆڕانەوە، هەمیشە دەستخراوەتە کارەکانیان، هەر یەکێك لە ڕێکخەرەکانی پێشووی کە نەیانویستووە بە ئاوازی ئەو دەستەبژێرە سەما بکەن، خێرا ئاو لەژێر کراون و دەرپەڕێنراون، تا ئەم ڕێکخەری ژوورەی ئێستا کە بەرپرسیاری ئەو تۆمارە پۆخڵەواتەیە کە بڕیارە هەڵبژاردنی ناوخۆیی و هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی کۆنفرانسیشی پێئەنجام بدەن و هەموو هەنگاوێکیش بۆ مانەوەی دۆخ بەم جۆرە یان گۆڕانکاریی لەم ژوورەوە(وەك ئسوڵ و سیلسیلەی حیزبیی) دەست پێئەکات.

,,

تاقم و تیمێك لەناو گۆڕان و هەر حیزبێکدا پارەیان لابێت، پۆست و پلەکانی حیزب و پشکی حکومەت و میدیا و پەیوەندییان لابێت، بێگومان کلیلی ئایندەی حیزبیان لە گیرفاندایە!

تاقم و تیمێك لەناو گۆڕان و هەر حیزبێکدا پارەیان لابێت، پۆست و پلەکانی حیزب و پشکی حکومەت و میدیا و پەیوەندییان لابێت، بێگومان کلیلی ئایندەی حیزبیان لە گیرفاندایە! تێگەیشتن لەم هاوکێشەیە پێیئەوترێت ئەلف و بێ و گڕوگاڵی سیاسیی.بۆیە نەکردنی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و نەبەستنی کۆنفرانسی گشتیی چەندە دوورە لە بنەما سەرەکییەکان و موفرەداتە گرنگەکانی باوەڕی گۆڕان، واوەتر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەستنی کۆنگرە گۆڕان دوورتر ئەخاتەوە لە بنەما و باوەڕەکانیی و ئەو نوزەیەش کە تیادا ماوە بە یەکجاریی ستۆك ئەبێت.

گۆڕانێك کە سەرەکیترین دروشمی بریتی بووبێت لە دژایەتیی کردنی تەوریسی سیاسیی، کەچی ئێستا دەستە دەستە تەدارەکی چین و توێژەکان بۆ لای کوڕی بچووکی کاك نەوشیروان ڕێك بخرێت و هەمان ئەتواری یەکێتی و پارتی لە دەعوەتی دیوەخانی مناڵانی بنەماڵە کۆپی بکرێت، کۆنگرە دەرمانی کامە دەرد بووە تا ئێستا ببێت؟!