چەند ڕاستیەكی نەوتراو  لەبارەی شێرپەنجەوە

هیوای درۆینە وەکو بێهیوایی خراپە

چەند ڕاستیەكی نەوتراو لەبارەی شێرپەنجەوە

478 خوێندراوەتەوە

د. سه‌روه‌ر سالار چوچانى

بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەبارەی شێرپەنجە، نابێ هیوای درۆ بدەین بە خەڵک، بۆ نموونە بڵێین شێرپەنجە نەخۆشییەکی سادەیە، یان چیتر کوشندە نییە، یان پشکنینی پێشوەخت هەموو شێرپەنجەیەک دەستنیشاندەکات.هەمانکات نابێ وا لە خەڵک بگەیەنین کە ئەوەی شێرپەنجەی گرت حەتمەن بەو نەخۆشییە دەمرێت، لە راستیدا جۆری شێرپەنجە هەن کە چاکدەبنەوە، یان کۆنترۆڵدەکرێن و کەسەکە بۆماوەیەکی بەرچاو لەگەڵی دەژی..

 

ئەمانە هەندێک زانیارین، کە لە سەرچاوەی بڕواپێکراوی جیهانییەوە بۆم هەڵبژاردوون، تاوەکوو شێرپەنجە وەکوو خۆی ببینن، نە لە خۆی گەورەترین بکەین و بێئومێدبین بەرامبەری، نە لە قەبارەی خۆی بچووکتری بکەینەوە و ئومێدێکی درۆینە بۆ خۆمان و خەڵک درووستبکەین..

،،

خواردنی شەکر نە دەبێتەهۆی تووشبوون بە شێرپەنجە و نە گەشەی شێرپەنجە خێرادەکات

 

زانیارییەکان:

1- خۆپارێزی و پیڕەوکردنی شیوازی تەندروستانەی ژیان رێگە لە هەموو شێرپەنجەیەک ناگرێ: هۆکاری بەشێکی زۆر لە شێرپەنجەکان نە بەهۆی فاکتەری بۆماوەن و نە نەریتی ناتەندروست، بەڵکو بەهۆی رێکەوتێکی نەخوازراوە (ئەمانەش کەم نین بەڵکو بەپێی توێژینەوەی بەرفراوان زۆرینەی شێرپەنجەکان لەم جۆرەن و دەگەنە ٦٥%ی شێرپەنجەکان)...

 

لە هەمان کاتدا نابێ لە بایەخی خۆپارێزی کەمبکەینەوە کە رێگا دەگرێ لە چەند جۆرێکی دیاری شێرپەنجە، بە کورتی خۆپارێزی زۆر گرنگەم بەڵام رێگە لە هەموو شێرپەنجەیەکیش ناگرێت

2- خواردنی شەکر نە دەبێتەهۆی تووشبوون بە شێرپەنجە و نە گەشەی شێرپەنجە خێرادەکات، نە وازهێنان لە شەکر خواردن وادەکات تووشی شێرپەنجە نەبیت یاخود شێرپەنجەکەت بپووکێنێتەوە...دەکرێ بڵێێن ئەگەر کەسێک هێندە شەکری خوارد قەڵەو بوو، ئەگەری زیاترە تووشی ئەو شێرپەنجانە ببێت کە لە قەڵەوەکاندا زۆرترن...

 

،،

لە وڵاتێکی وەکوو بەریتانیا و بە جێبەجێکردنی تەواوی رێوشوێنەکان ئینجا دەکرێت رێگە لە روودانی ٤٠%ی حاڵەتەکانی شێرپەنجە بگیرێت

3- ورەبەرزی و ورەنزمی پەیوەندییان بە تووشبوون بە شێرپەنجە و چاکبوونەوە لە شێرپەنجە نییە...

بەڵام رەنگە ورەبەرزەکان زیاتر پابەندی خوی تەندروستانە بن کە رێگە لە بەشێکی شێرپەنجە دەگرن، یان زیاتر پابەندی دەرمان و چارەسەرەکانی شێرپەنجە بن و بەوەش چارەنووسیان باشتر بێ لە رەشبینەکان

4- ئەگەر ئەندامێکی خێزانەکەت شێرپەنجەی هەبوو مەرج نییە تۆش بیگری، ئەگەر کەسیشتان نەیبوو مەرج نییە تۆ نەیگری...

5- لە وڵاتێکی وەکوو بەریتانیا و بە جێبەجێکردنی تەواوی رێوشوێنەکان ئینجا دەکرێت رێگە لە روودانی ٤٠%ی حاڵەتەکانی شێرپەنجە بگیرێت....

6- تووشبوون بە شێرپەنجە مانای مردن نییە، لە وڵاتێکی وەکوو ئەمریکا کەسێک کە تووشی شێرپەنجە دەبێت بە گشتی، ئەگەری ئەوەی بۆ پێنج ساڵی دیکە بژی دەگاتە ٦٧%...ئەمە تێکڕایە، بۆ هەندێک جۆر دەگاتە ٩٠% و بۆ هەندێکی دیکە ئێجگار کەمە...

 

،،

هەموو زیادبوونێکی ژمارەی حاڵەتەکانی شێرپەنجە (بۆ نموونە وەکوو لەکوردستان) مەرج نییە ئاماژەی خراپ بێ، بەڵکو هەندێکجار نیشانەی ئەوەیە ئێستا لە کوردستان کەرەستەی پشکنین زیاترە و زیاتر لە جاران بە نەخۆشییەکە دەزانرێ و تۆماردەکرێ

7- تەواو ئاستەمە هەموو پشکنینەکان بۆ هەموو خەڵک ئەنجامبدرێن بۆ دەستنیشانکردنی هەموو شێرپەنجەکان، ئەمە هەم کات و هەم تێچوویەکی زۆری دەوێ، تەنانەت ئەگەر لەڕووی تیۆریشەوە هەموویان بکرێن هەر ناکرێت هەمووشێرپەنجەکان زوو دەستنیشانبکرێن، چونکە رێژەیەک لە پشکنینەکان (فۆڵس پۆزەتیڤ)ن واتە تۆ شێرپەنجەت نییە و فەحسەکە دەڵێ هەتە، یان (فۆڵس نێگەتیڤ)ن واتە تۆ شێرپەنجەت هەیە و پشکنینەکە دەڵێ نیتە

 

- ئەوەی لەسەر تۆیە ئەوەیە رێنماییەکانی پزیشک جێبەجێ بکەی بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە هەندێک جۆری شێرپەنجە کە خوو نەریتی ناتەندروستیان لە پشتن (جگەرە، مەیخواردنەوە، خواردنی ناتەندروست، وەرزشنەکردن، ژینگەی پیس)، هەروەها هەندێک پشکنین کە دەکرێت هەندێک جۆری شێرپەنجە دەستنیشان بکەن، ئەوەش بەپێی تەمەن و مێژووی خێزان و رەگەز و هۆکارەکانی دیکە دەستنیشاندەکرێن، نەک هەموو پشکنینێک بۆ هەموو کەسێک.. ئەو پشکنینانەی پزیشک وەکوو سکرینینگ بۆت دیاریدەکات گەلێک گرنگن بۆ هەندێکجۆر کە لە تۆدا ئەگەری روودانیان زیاترە بەراورد بە خەڵکی تر، بەڵام خۆ جۆری دیکە هەن تۆش وەکوو هەر مرۆڤێک ئەگەری هەیە تووش ببی و لە بەرنامەی پشکنینی پێشوەختەشدا نین

9- هەموو زیادبوونێکی ژمارەی حاڵەتەکانی شێرپەنجە (بۆ نموونە وەکوو لەکوردستان) مەرج نییە ئاماژەی خراپ بێ، بەڵکو هەندێکجار نیشانەی ئەوەیە ئێستا لە کوردستان کەرەستەی پشکنین زیاترە و زیاتر لە جاران بە نەخۆشییەکە دەزانرێ و تۆماردەکرێ، دەکرێ پێشتریش ئەم رێژەیە هەبووبێ، بەڵام نەناسرابێتەوە و تۆمارنەکرابێ

10- ئەم زانیارییانە سادەکراونەتەوە و بۆ کەسانی ئاسایین، نەک بۆ پزیشکان، چونکە ئەگەر وەکوو پزیشک لە بابەتی شێرپەنجە بکۆڵینەوە گەلێک لەوە ئاڵۆزترە.
سەرچاوەكان :

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك