له‌باره‌ى ئه‌نجامى ڕێككه‌وتنه‌كانى پارتى و یه‌كێتى

له‌باره‌ى ئه‌نجامى ڕێككه‌وتنه‌كانى پارتى و یه‌كێتى

399 خوێندراوەتەوە

سەرتیپ وەیسی

دواى ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كانى ڕابردووى پارتى و یه‌كێتیى، بڕیارى كۆبوونه‌وه‌ى 18ى شوباتى په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوكى لێكه‌وته‌وه‌، له‌ ئێستادا ئه‌و بڕیارانه‌ ڕووبه‌رووى چه‌ند گرفتێك بۆته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك له‌ كاتى خۆیدا ئه‌نجامنه‌درێت، یاخود به‌ته‌واوى ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى جێبه‌جێنه‌كرێت.

،،

یه‌كێتیى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردوو كۆبوونه‌وه‌كه‌ى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك له‌یه‌ك ڕۆژدا ئه‌نجامبدرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پارتى گرفت بۆ دانیشتنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك دروستبكات، ئه‌وانیش كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان په‌كده‌خه‌ن.

 

یه‌كێك له‌ ڕێگرییه‌كانى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، یه‌كلاینه‌بوونه‌وه‌ى یه‌كێتیه‌ بۆ دیاریكردنى كاندیدى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، چونكه‌ هه‌ردوو كاندیده‌كه‌ ( ڕێواس فایه‌ق و بێگه‌رد تاڵه‌بانى) له‌ڕووى خاڵى لاوازو به‌هێزیان بۆ بوون به‌سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكن، بۆیه‌ ئاسان نابێت سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌و حزبه‌ ئه‌و پرسه‌ له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا یه‌كلابكه‌نه‌وه‌.

به‌شێك له‌ یه‌كێتى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان، مه‌كته‌بى سیاسى كاندیدى سه‌رۆكى په‌رله‌مان یه‌كلابكاته‌وه‌و به‌شێكیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى ئه‌م كاره‌بكرێت، بۆچوونێكى دیكه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وبابه‌ته‌ له‌ نێو په‌رله‌مان چاره‌سه‌بكرێت، ئه‌وان سه‌رپشك بن كێ ده‌بێته‌ سه‌رۆك له‌و دوو كاندیده‌ى یه‌كێتیى.

تاوه‌كو ئێستا بڕیارى 18ى شوبات، كه‌ واده‌ى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانه‌ وه‌ك خۆیه‌تى، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌نجامنه‌درێت، ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ دانیشتنه‌كه‌و هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان هه‌فته‌یه‌ك دوابخرێت.

یه‌كێتیى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردوو كۆبوونه‌وه‌كه‌ى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك له‌یه‌ك ڕۆژدا ئه‌نجامبدرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پارتى گرفت بۆ دانیشتنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك دروستبكات، ئه‌وانیش كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان په‌كده‌خه‌ن.

،،

ڕێككه‌وتنى پارتى و گۆڕان له‌باره‌ى به‌ژداریكردنى گۆڕان له‌ حكومه‌تى نوێ، كێشه‌ى گه‌وره‌ى له‌به‌رده‌مدا نییه‌، چونكه‌ له‌دواى گه‌یشتنى پارتى به‌ ئه‌نجامێك له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى، له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا ده‌توانن له‌گه‌ڵ گۆڕانیش ڕێككه‌وتنى كۆتایى ئه‌نجامبده‌ن.

 

به‌هۆى ناڕه‌زایى لایه‌نه‌ توركمانی و عه‌ره‌بییه‌كان و ترسى ته‌واونه‌بوونى رێژه‌ى یاسایى بۆ ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئه‌گه‌رى زۆره‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ،كه‌ وابڕیاربوو له‌ ڕۆژى 18ه‌ى شوبات هه‌ولێر ئه‌نجامبدرێت، بگۆڕدرێت به‌ دانیشتنى لیستى برایه‌تى له‌ هه‌ولێر، كه‌ ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه‌ ده‌بێته‌ گرفت له‌به‌رده‌م ڕێككه‌وتنى پارتى و یه‌كێتیى.

پارتى و یه‌كێتیى و هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان له‌و كۆبوونه‌وه‌ى لیستى برایه‌تى بڕیار له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا بدرێت.

به‌شێك له‌یه‌كێتیى به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامبدرێت، چونكه‌ له‌ڕووى سیاسى و یاسایه‌وه‌ كێشه‌ دروستده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌ش هه‌ندێك پێیانوایه‌: پێویسته‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامبدرێت، تاوه‌كو به‌رپرسیاریه‌ته‌كه‌ به‌ته‌واوى بكه‌وێته‌ ئه‌ستۆى پارتى و به‌ ناچارى و به‌زوویى به‌ دانانى پارێزگار ڕازیبێت.

پارتى دیموكراتى كوردستان ئاماده‌نییه‌، ته‌نها یه‌ك كاندید له‌ یه‌كێتیى وه‌رگرێت بۆ پۆستى پارێزگار، مه‌رجیان ئه‌وه‌یه‌ چه‌ند كاندیدێك پێشكه‌شبكرێـت، پاشان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌سێك ڕه‌زامه‌ندى ده‌رببڕن، ئاسان نییه‌ پارتى به‌ رزگار على ڕازیبێت.

له‌باره‌ى رێككه‌وتنى سیاسى نێوانیان، كه‌ وابڕیاره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌ نێوان شاندى باڵاى هه‌ردوولا واژووبكرێت، له‌ ئێستادا زۆربه‌ى ڕه‌شنووسى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ كۆتایى پێهاتووه‌و هه‌ر ئه‌مڕۆش مه‌كته‌بى سیاسى له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ كۆبۆوه‌، چاوه‌ڕێده‌كرێت ڕه‌زامه‌ندى كۆتایى له‌سه‌ر بدرێت.

سه‌باره‌ت به‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌رپرسانى پارتى ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كه‌ن: گۆڕان لارى نییه‌ له‌و نزیكبوونه‌وه‌ى پارتى له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى، هه‌ر هه‌نگاوێكى نزیكبوونه‌وه‌ى پارتى له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى گۆڕانى لێ ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌.

ڕێككه‌وتنى پارتى و گۆڕان له‌باره‌ى به‌ژداریكردنى گۆڕان له‌ حكومه‌تى نوێ، كێشه‌ى گه‌وره‌ى له‌به‌رده‌مدا نییه‌، چونكه‌ له‌دواى گه‌یشتنى پارتى به‌ ئه‌نجامێك له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى، له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا ده‌توانن له‌گه‌ڵ گۆڕانیش ڕێككه‌وتنى كۆتایى ئه‌نجامبده‌ن.