دەستور لەخولی نوێی پەرلەمان دا

دەستور لەخولی نوێی پەرلەمان دا

334 خوێندراوەتەوە

عه‌دنان مه‌لا ساڵه‌ح
ماسته‌ر له‌یاساى گشتى

دەستوور بە باڵاترین یاسا دادەنرێت لەوڵاتدا و هەموو ئەو یاسـایانەی کە لە وڵاتدا هەن دەبـــێت لەگەڵ بڕگەو ماددەکانی دەســتووردا بگونجێ و پێچەوانەی نەبێت.

نوسینی دەستوور پرسێکی هەستیاری نیشتمانی و پەیمانێکی کۆمەڵایەتیەو کوردستانیش وەک هەرێمێک بەپێی ماددەی ۱۲۰ دەستوری هەمیشەیی عێراق بۆ ساڵی ۲۰۰٥ لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا دەتوانێت خاوەن دەستووری تایبەت بە خۆی بێت، لەو دەستورەدا دەتوانێت جۆری سیستمی حکومڕانی دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان دام و دەزگاکانی دیاری بکات و ماف و ئازادییە کەسی مەدەنی و سیاسیەکان مسۆگەر بکات، دەتوانرێت ماددەیەک تەرخان بکرێت بۆ مەسەلەی مافی چارەی خۆنووسین و پێگەی یاسایی و ودەستووری هەرێمی پێ بتەوتربکرێت، لەڕێگەی دەستورەوە پایەکانی بەدامەزراوەییکردنی هەرێم ڕەنگڕێژبکرێت.

،،

جێی داخە لەساڵی ۲۰۰٥ ەوە دەستووری هەمیشەیی عێراق ئەومافەی داوە بە هەرێم و کاربەدەستانی ئەم وڵاتە ئاوا کەمتەرخەم بن لەئاست ئەو پرسەو دانانی دەستوریشیان بەدەردی هەموو ئەو کارانە بردووە


ساڵانێکە هەرێمی کوردستان لەبۆشایی بوونی دەستورێکدایە، گرفتی زۆری لەنێوان پەیوەندی خەڵک و دەسەڵاتە گشتیەکان و پەیوەندی نێوان خودی دەسەڵاتەکانی ناو هەرێم دروست کردووە.
لەم ڕوانگەیەوە جێی خۆیەتی  خولی نوێ پەرلەمان بەرنامەی دانانی دەستورێک بکاتە کاری لەپێشینەی خۆی، جێی داخە لەساڵی ۲۰۰٥ ەوە دەستووری هەمیشەیی عێراق ئەومافەی داوە بە هەرێم و کاربەدەستانی ئەم وڵاتە ئاوا کەمتەرخەم بن لەئاست ئەو پرسەو دانانی دەستوریشیان بەدەردی هەموو ئەو کارانە بردووە کە کراونەتە قوربانی بەرژەوەندی کەسی و حزبی.

،،

بەپێی یاسای ژمارە ۱۹ی ساڵی ۲۰۰٨ پرۆژە یاسای دەستووری هەرێم لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکراو بڕیاری لەسەردرا


بەپێی یاسای ژمارە ۱۹ی ساڵی ۲۰۰٨ پرۆژە یاسای دەستووری هەرێم لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکراو بڕیاری لەسەردرا، پاش هەموارکردن لیژنەی بۆ پێکهێنرا بۆ پێداچوونەوە بە ماددەکان و نزیکەی ۳۰ ماددەشی پێداچوونەوەی پێداکرا.
هەروەها لەماددەی(۲) ی یاسای ژمارە(۱۹)ی ساڵی ۲۰۱۳ تایبەت بە درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم ئاماژە بە هەموارکردنی پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان کراوە لەماوەیەکدا کە لە ۱۹ی ٨ی ۲۰۱٥ تێپەڕ نەبێت.

،،

لەمەسەلەی پرسی دەستووردا نابێت هیچ لایەنێکی سیاسی بیری لای ئەوەبێت کراسەکە پڕ بەباڵای ئەو بدورێت


بەڵام دواتر دەرکەوتنی ململانێ و کێشەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم لیژنەکەی لەکارخست.
لەمەسەلەی پرسی دەستووردا نابێت هیچ لایەنێکی سیاسی بیری لای ئەوەبێت کراسەکە پڕ بەباڵای ئەو بدورێت ،بەڵکو ئەمە پرسێکی نیشتمانیەو پەیڕەوی ناوخۆی حزبێک نیە تاوەکو بەگوێرەی بیرو ئایدیای لایەنێکی دیاری کراو دابڕێژرێتەوە!لەگەڵ ئەوەشدا بۆ دانانی دەستوور پێویستمان بەسازانی تەواوی لایەنەکانەو پێویستە لەخۆبوردوانەو دڵسۆزانە کار ئاسانی بۆ دانانی ئەو دەستوورە بکەن.


بۆیە پێویستە پەرلەمانی نوێ دانان و پەسەندکردنی دەستورێک بکاتە پێشینەی کارەکانی کە لەگەڵ گیانی هاوچەرخ و سەردەم بگونجێ وسیستمێکی دیموکراسی و مەدەنی پەرلەمانی لەخۆ بگرێ وکوردستان لەبۆشایی دەستووری دەرباز بکات.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك