زاڵم و مافیا لەدیدی  سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانەوە

زاڵم و مافیا لەدیدی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانەوە

607 خوێندراوەتەوە

به‌و پێێه‌ى عه‌لى حه‌مه‌ ساڵه‌ح سه‌رۆكى فراكسیۆنێكه‌ ئه‌ركه‌كه‌ى پێوه‌ندى به‌ژیانى زیاتر له‌ سه‌د هه‌زار ده‌نگده‌رى حزبه‌كه‌ى به‌تایبه‌تى و سه‌رجه‌م خه‌ڵكى كوردستانه‌وه‌ به‌گشتى هه‌یه‌,و له‌ماوه‌كانى ڕابردوشدا یه‌كێك بوه‌ له‌و كه‌سانه‌ى زۆرترین ڕه‌خنه‌ى له‌حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات گرتوه‌ و له‌وانى تر زیاتر وشه‌ى توند و جیاوازى به‌كارهێناوه‌ بۆنمونه‌ ( ئه‌مانه‌ زاڵمن , مافیان, گه‌نده‌ڵ و دزن, كه‌رامه‌تى خه‌ڵكیان شكاندوه‌....تد) ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى به‌رده‌وام به‌داتا و ژماره‌وه‌, به‌به‌ڵگه‌ نامه‌ى فه‌رمیه‌وه‌ و جاروباریش له‌دادگانه‌وه‌ بۆ گه‌یاندنى گه‌نده‌ڵكاران به‌لێپرسینه‌وه‌ ده‌ركه‌وتوه‌, ئێستاش له‌ده‌ورێكى جیاوازترى دا، داواى حوكمى ویژان و دوركه‌وتنه‌وه‌ى خه‌ڵكى له‌ڕق و كینه‌ ده‌كات بۆهەڵسەنگاندنی كارەكانیان بەتایبەتی ڕێكەوتنەكەیان لەگەڵ پارتیدا. دیدار و گفتوگۆ و نوسین و دیبەیت و لێدوان و دروشمەكانی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆران لەماوەكانی ڕابردودا هێندە زۆرن جاروبار بیریانی دەچێ چی دەڵێت و بۆچ وای وتوە،  به‌پێویستم زانى ده‌قاو ده‌ق تەنها چه‌ند وته‌یه‌كى كەمی  خۆى له‌باره‌ى زاڵم و مافیاكانى دوێنى و شه‌ریكه‌كانیى ئێستایانه‌وه‌ بیر بخه‌مه‌وه‌ و چه‌ند پرسیارێكیش بۆ مێژوو به‌جێبهێلیم..

،،

كه‌رامه‌تى تاكى كوردیان تێكشاند, باندى مافیاییان دروست كرد, مۆسه‌ساتیان تێكدا, ژێر خانى ئه‌م وڵاته‌یان هه‌مو وێران كرد,یانى چیان كردوه‌ بۆ ئه‌م وڵاته‌


له‌گفتوگۆیه‌كى دا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى په‌یام كه‌ مێژووه‌كه‌ى دو ساڵى تێنه‌په‌ڕاندوه‌, له‌باره‌ى ده‌سه‌ڵاتدارێتى یه‌كێتى و پارتیه‌وه‌ عه‌لى حه‌مه‌ ساڵه‌ح ده‌ڵیت " هه‌ ر كه‌سێك بێت له‌یه‌كێتى و پارتى باشتره‌,یه‌كێتى و پارتى چیانكردوه‌ ..؟ جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌م وڵاته‌یان توشى قه‌رزركرد, خه‌ڵكیان توشى بێ موچه‌ى كرد, نیوه‌ى خاكه‌كه‌یان دۆڕاند, نه‌وتى ساڵانى ئاینده‌شیان فرۆشت, كه‌رامه‌تى تاكى كوردیان تێكشاند, باندى مافیاییان دروست كرد, مۆسه‌ساتیان تێكدا, ژێر خانى ئه‌م وڵاته‌یان هه‌مو وێران كرد,یانى چیان كردوه‌ بۆ ئه‌م وڵاته‌ ..؟ "

مافیا به‌چى ده‌ڕۆخیت و چۆن دادگاى ده‌كرێت...؟ كه‌رامه‌تى خه‌ڵك كه‌ شكا به‌چى ده‌گه‌ڕییته‌وه‌..؟ ژێر خانى وڵات به‌وانه‌ چاكده‌كرێته‌وه‌ كه‌ وێرانیان كرد...؟

،،

بۆ دیفاع له‌م سته‌مكاریه‌ بكه‌ین, لاى من زاڵم هه‌ر زاڵمه‌, جا ئه‌م زاڵمه‌ كوردبێت , عه‌ره‌ب بێت, فارس بێت تورك بێت , به‌ڕاستى ئه‌مانه‌ هه‌ر زاڵمن

زاڵم له‌دیدى عه‌لى حه‌مه‌ ساڵه‌ح دا نه‌گۆڕه‌, ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كى تر بێت له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ده‌رونێكى پڕ له‌حه‌سره‌ته‌وه‌ ده‌ڵیت " ئینسان ده‌گاته‌ حاڵه‌تێكى نه‌فسى , ئه‌مه‌ نیه‌ به‌س كوردبێت, دزبێت , هه‌رچى بێت من پشتیوانى بكه‌م , من پێـه‌ڵیم یانى مه‌عقوله‌, نه‌وت بفرۆشیت, بڕه‌كه‌ى دیاره‌, پاره‌كه‌ى دیاره‌ , ئه‌م ساڵ یه‌ك موچه‌ت داوه‌ به‌پاشه‌كه‌وت پاره‌ى هى مانگى دوانزه‌ بوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ , ئه‌ته‌وێ به‌غدا پاره‌ى په‌روه‌رده‌ بدات, صحه‌ بدات , ئه‌مریكاش پێشمه‌رگه‌ بدات, خۆت ئاماده‌ نه‌بێت موچه‌ى چه‌ند وه‌زاره‌تێكى كه‌م بده‌یت و به‌شى سه‌ره‌كیش ئه‌و سێ وه‌زاره‌ته‌ن,ئاماده‌ نه‌بێت ئه‌و موچه‌یه‌ش بده‌یت, ئیتر بۆ دیفاع له‌م سته‌مكاریه‌ بكه‌ین, لاى من زاڵم هه‌ر زاڵمه‌, جا ئه‌م زاڵمه‌ كوردبێت , عه‌ره‌ب بێت, فارس بێت تورك بێت , به‌ڕاستى ئه‌مانه‌ هه‌ر زاڵمن"


ئه‌م سته‌مكارانه‌ چۆن گۆڕان و باش بون..؟ چ خول و ڕاهێنانێكیان بینی؟ له‌ژێر فشارى كێیدا بونه‌وه‌ مرۆڤ و به‌رپرسانێكى سه‌لیم...؟ ئیتر بۆ له‌مه‌ودوا خه‌ون و خه‌یاڵیان ته‌نها خه‌مى خه‌ڵك بێت و سوێندیشیان خواردبێت , ئیتر به‌سه‌ و سته‌مكار و زاڵم نه‌بن و ده‌ستیشى لێ هه‌ڵبگرن...؟

،،

به‌ڕاستى ئه‌مانه‌ منه‌تیان به‌حه‌یاتى خه‌ڵك نیه‌, به‌ڕاستى نیوه‌ى خه‌ڵك بمرێت له‌برسا ئه‌م دو بنه‌ماڵه‌یه‌ هیچ باكێكیان پێینیه‌

" ئه‌و پاره‌و ڤیلا و سه‌ره‌وه‌ت و سامانه‌ى كۆیان كردۆته‌وه‌ و به‌غه‌در و گه‌نده‌ڵى و دزى و مافیاى بردویانه‌ به‌وته‌ى په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى گۆڕان ده‌بێت له‌كوێ ڕێكه‌وتنه‌كه‌دا جێگیر كرابێت...؟ بۆ ئه‌وه‌ى هیچ نه‌بێت له‌و سه‌د ڕۆژه‌دا ئه‌و دیارى كردوه‌ بۆ جێ به‌جێ كردنى نیوه‌شى هه‌ر بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ سه‌ر خه‌زێنه‌ى گشتى ئه‌وا هه‌ر باشه‌ !! به‌ڵام ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌و شێوه‌یه‌ بن ئه‌و به‌رپرسانه‌ ده‌چنه‌ ژێر هیچ تێوره‌ و ڕێكه‌وتنێكه‌وه‌ ..؟, عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح ده‌ڵیت " به‌ڕاستى ئه‌مانه‌ منه‌تیان به‌حه‌یاتى خه‌ڵك نیه‌, به‌ڕاستى نیوه‌ى خه‌ڵك بمرێت له‌برسا ئه‌م دو بنه‌ماڵه‌یه‌ هیچ باكێكیان پێینیه‌, ئه‌گه‌ر نا له‌كوێ دونیادا هه‌بوه‌ متقاعدێك سه‌دو سى هه‌زار دینارى هه‌بێ و سێ مانگه‌ نه‌یده‌ێتێ, به‌ڵام مناڵه‌كانى خۆیان به‌سه‌ر پاره‌وه‌ یارى بكه‌ن و وڵات به‌وڵات چیانبوێ بیكه‌ن, بڕۆ سه‌یرى خانو و باخ و ڤێلا و سه‌یرى مناڵه‌كانیان بكه‌ له‌كوێ خه‌ریكى چین"

،،

پاره‌ى ئه‌م وڵاته‌ ده‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ و ئیتر فه‌قیریش كه‌یفى خۆیه‌تى بمرێت له‌برسا, كابرایه‌ گه‌نده‌ڵى فاسدى دز, كردیان به‌وه‌زیرى سامانه‌ سروشتیه‌كان, سه‌د دۆسییه‌مان له‌سه‌رى هه‌یه‌ له‌مه‌حكمه‌ و نایه‌ته‌ مه‌حكه‌مه‌ له‌به‌ریتانیایه‌


تۆ بڵیى ئه‌م حكومه‌ته‌ ئیتر به‌پێى یاسا مامه‌ڵه‌ بكات و پابه‌ندى ڕێكه‌وتنه‌كه‌ى كاك عه‌لى و گروپه‌كه‌ى بێت, پیشتریش ناوبراو به‌م شێوه‌یه‌ى لاى خواره‌وه‌ سكاڵاى له‌بێ یاساى ئه‌م حكومه‌ته‌ ده‌كرد و دەیوت " پاره‌ى ئه‌م وڵاته‌ ده‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ و ئیتر فه‌قیریش كه‌یفى خۆیه‌تى بمرێت له‌برسا, كابرایه‌ گه‌نده‌ڵى فاسدى دز, كردیان به‌وه‌زیرى سامانه‌ سروشتیه‌كان, سه‌د دۆسییه‌مان له‌سه‌رى هه‌یه‌ له‌مه‌حكمه‌ و نایه‌ته‌ مه‌حكه‌مه‌ له‌به‌ریتانیایه‌, ئه‌م حكومه‌ته‌ ئه‌مه‌نده‌ سوكه‌, له‌وه‌زاره‌تى كاره‌با و له‌وه‌زاره‌تى نه‌وت كتابه‌كانى بۆ ده‌بات بۆ به‌ریتانیا بۆ ئه‌وه‌ى بۆى ئیمزا بكات, ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر وه‌زیره‌كه‌ى خۆیدا نیه‌, حكومه‌تێكى وه‌ها هه‌ر بۆ ڕۆشتن باشه‌"

سەد ڕۆژ بۆ چاككردنەوەی سروشتی  كیشوەرێك لە مافیا و گەندەڵ و دز  بەقەولی خۆت كەم نیە..؟

 

author photo

توێژه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس