له‌باره‌ى دوو ئیداره‌یى و پلانه‌كانى یه‌كێتیى

له‌باره‌ى دوو ئیداره‌یى و پلانه‌كانى یه‌كێتیى

361 خوێندراوەتەوە


له‌ دواى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و ڕێكنه‌كه‌وتنى پارتى و یه‌كێتیى، زۆرجار باس له‌وه‌ده‌كرێت دوو ئیداره‌ى ئه‌گه‌رێكى به‌هێزه‌، له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر پارتى نه‌یه‌ته‌ژێربارى داواكارییه‌كانى یه‌كێتیى، ئه‌وا یه‌كێتیى پلانى دیكه‌ى هه‌یه‌، له‌وانه‌ ڕاگه‌یاندنى دوو ئیداره‌یى و پاشه‌كشه‌كردن له‌م حكومه‌ته‌ى ئێستا.
ئه‌وه‌ى له‌باره‌ى دوو ئیداره‌یه‌وه‌ ده‌وترێ نه‌ پلانى یه‌كێتیه‌، نه‌ بارودۆخه‌كه‌ش گونجاوه‌، كه‌ كوردستان به‌ره‌و دوو ئیداره‌یى بڕوات، سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتیش باش ئه‌وه‌ده‌زانن و لایان ڕوونه‌ له‌ ئێستادا كارته‌كانى ده‌ستیان له‌به‌رامبه‌ر پارتى به‌هێزنین.

 ئه‌مه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ :
1. بارودۆخى یه‌كێتیى له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى، وه‌كو ساڵانى نه‌وه‌ده‌كان و سه‌ره‌تایى ساڵى دووهه‌زاره‌كان نییه‌، تا بیه‌وێ هه‌ڕه‌شه‌ى دوو ئیداره‌یى بكات، چونكه‌ ئه‌وكات یه‌كێتیى جگه‌ له‌وه‌ى حاكمى سه‌ره‌كى بوو له‌م سنووره‌، له‌ هه‌مانكاتدا زۆرێك له‌و حزبانه‌ى، كه‌ به‌شه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌یان له‌و پارێزگایه‌بوو، زۆربه‌یان له‌ چوارچێوه‌یه‌ى به‌ره‌یه‌ك كۆببوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى له‌ دژى پارتى، به‌ڵام له‌ ئێستادا بارودۆخه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى دیكه‌یه‌و، زۆربه‌یان له‌ پارتیه‌وه‌ نزیكن، باشترین نموونه‌ش گۆڕانه‌.


2. له‌ڕووى ده‌ستووریه‌وه‌ دروستكردنى ئیداره‌یه‌كى دیكه‌ كه‌ له‌ ئێستادا ناكرێت، به‌غداش ئه‌وه‌ى قبوڵ نییه‌، تاوه‌كو ئێستاش ئه‌وان له‌گه‌ڵ پارتى و حكومه‌ت مامه‌ڵه‌ده‌كه‌ن، نموونه‌ى دانانى وه‌زیرى داد له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌، دانانى كه‌وتۆته‌ ده‌ست پارتى و بارزانى.


3. له‌ڕووى هه‌رێمیشه‌وه‌، وڵاتانى دراوسێ به‌بوونى كۆمه‌ڵێك هۆكار رێگه‌ به‌ دووئیداره‌یى ناده‌ن.


4. له‌ڕووى نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ ڕووبه‌رووى ئاسته‌نگ ده‌بێته‌وه‌و ڕێگرى هه‌یه‌ بۆ دوو ئیداره‌یى.


5. له‌ڕووى ئیدارى و دامه‌زراوه‌یه‌وه‌، دیسانه‌ سه‌ر له‌ نوێ دروستكردنى كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌ى وه‌كو ( په‌رله‌مان و حكومه‌ت ...هتد)، ئاسان نییه‌و ئه‌و قۆناغه‌ى ڕابردوو به‌سه‌رچووه‌.


6. له‌ڕووى ئابووریشه‌وه‌ دوو ئیداره‌یى گرفتى زۆرى هه‌یه‌، هه‌رچه‌ند به‌شى زۆرى نه‌وت و غازیش له‌ سنوورى ئه‌و پارێزگایه‌ش بێت، ئایه‌ چۆن ده‌كرێت له‌ماوه‌یه‌كى نزیكدا، وه‌كو ئه‌وه‌ى ئێستا، كه‌ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان كردوویه‌تى له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا ئه‌وان ئه‌نجامیبدن. ئایه‌ ئه‌و كۆمپانیانه‌ متمانه‌یان هه‌یه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ن؟!


7. ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ركرده‌و كادیرى یه‌كێتیى، كه‌ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ له‌ ژیانى ئاواره‌یى بوون و دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندیان هه‌یه‌، ئه‌سته‌مه‌ جارێكى دیكه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌و ئه‌و ژیانه‌ى پێشووتر هه‌ڵبژێرن.


8.یه‌كێتیى سه‌ركرده‌یه‌كى وه‌كو مام جه‌لال نه‌ماوه‌، تاوه‌كو بتوانێت قه‌واره‌یه‌كى دیكه‌ له‌ سنوورى خۆى دروستبكات.

,,

ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ باره‌ى دوو ئیداره‌یه‌وه‌ ده‌وترێ راست نییه‌، پارتى ئێستا وه‌كو ئه‌مرى واقع له‌ نوقته‌یه‌كى به‌هێز مامه‌ڵه‌و قسه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌كات، یه‌كێتیى هیچ پلان و كارتێكى به‌هێزى به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌


ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ باره‌ى دوو ئیداره‌یه‌وه‌ ده‌وترێ راست نییه‌، پارتى ئێستا وه‌كو ئه‌مرى واقع له‌ نوقته‌یه‌كى به‌هێز مامه‌ڵه‌و قسه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌كات، یه‌كێتیى هیچ پلان و كارتێكى به‌هێزى به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌، له‌ماوه‌ى ڕابردووش نه‌یتوانیوه‌ هیچ كارتێكى به‌هێز له‌ دژى پارتیه‌وه‌ بجولێنێت. كۆبوونه‌وه‌ فراوانه‌كه‌ى سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كانى پێنجشه‌ممه‌ى ڕابردووى ئه‌و حزبه‌ش، ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌بوو، كه‌ ئه‌و هێزه‌ پلانى دیكه‌ى نییه‌و، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌شدا هیچ پلانێكى ڕانه‌گه‌یاند له‌به‌رامبه‌ر مامه‌ڵه‌كانى ئه‌م دوایه‌ى پارتى.


ئامانجى سه‌ره‌كى یه‌كێتیى هه‌نوكه‌ ئه‌وه‌یه‌، له‌و ڕێككه‌وتنه‌ى سیاسیه‌ى به‌ نیازه‌ له‌گه‌ڵ پارتى ئه‌نجامیبدات زۆرترین ده‌ستكه‌وتى هه‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ى ده‌یه‌وێ پارێزگارێك له‌خۆى بۆ پارێزگاى كه‌ركوك دابنێت، هه‌مووشتیش ده‌كات تاوه‌كو پارتى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح ئاسایى بكاته‌وه‌.
به‌ نسبه‌ت یه‌كێتیى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان گرینگ نییه‌، هه‌ربۆیه‌ش له‌ دواى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كاردانه‌وه‌كانى توند نه‌بوون.
یه‌كێتیى له‌وانه‌یه‌ له‌ خوله‌كانى داهاتووى گفتووگۆكانیدا، داواكارییه‌كانى له‌سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم و دوو وه‌زاره‌تى سیادى له‌به‌رامبه‌ر پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان.

,,

پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ته‌نها له‌رووى سیادیه‌وه‌ گه‌وره‌یه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانى به 21 كورسى هیچ نییه‌، ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیش پارتى قوفڵى داوه‌و سه‌رۆكى حه‌قیقى هێمن هه‌ورامیه‌.


ئه‌گه‌ر یه‌كێتیى ئه‌و پلانه‌ى سه‌ربگرێت ئه‌وا له‌یه‌ك كاتدا هاوسه‌نگى نێو باڵه‌كانى خۆى ده‌پارێزێت، له‌ هه‌مانكاتیشدا له‌ كۆڵ په‌رله‌مانێك ده‌بێته‌وه‌، كه‌ لایه‌ن پارتى و پاشكۆكانى كۆنترۆل كراوه‌، پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ته‌نها له‌رووى سیادیه‌وه‌ گه‌وره‌یه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانى به 21 كورسى هیچ نییه‌، ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیش پارتى قوفڵى داوه‌و سه‌رۆكى حه‌قیقى هێمن هه‌ورامیه‌.


ئه‌گه‌ر یه‌كێتى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم و حكومه‌ت و وه‌زیرى ناوخۆو دارایى وه‌رگرێت، ئه‌وكات پاڵانسێك له‌ نێوان باڵه‌كان دروستده‌كات، ئه‌وكات پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌دات به‌ كه‌سێكى وه‌كو (حاكم قادرو عیماد ئه‌حمه‌د)، كه‌ خواستیانه‌و وه‌ریگرن، قوباد تاڵه‌بانیش ده‌كاته‌ جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، ده‌رباز كۆسره‌تیش بۆ وه‌زیرى ناوخۆ، یاخود دارایى، له‌ كۆڵ ئه‌وه‌شده‌بێته‌وه‌ له‌سه‌ر بێگه‌رد تاڵه‌بانى و رێواس فایه‌ق كێشه‌ى ناوخۆیى دروستبكات.
یه‌كێتیى ئامانجیه‌تى له‌ گفتووگۆكانى داهاتووى، ده‌ست بۆ كۆمه‌ڵێك پۆست ببات، كه‌ پارتى داویه‌تى به‌ گۆڕان، تاوه‌كو كێشه‌ له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوانیان دروستبێت.


پارتى به‌ هێنانى گۆڕان و واژووكردنى ڕێككه‌وتنى سیاسى له‌گه‌ڵیدا، به‌و مه‌رجه‌ى ئه‌و هێزه‌ له‌ هه‌نگاوى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و كاراكردنه‌وه‌ى یاسایى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌شداربێت، گۆڕانى بۆئه‌وه‌ به‌لكێشكرد، تاوه‌كو هێزه‌كانى دیكه‌ش بێن، چونكه‌ به‌ نه‌هاتنى گۆڕان، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌بوو هێزه‌كانى دیكه‌ش نه‌یه‌نه‌ دانیشتنى په‌رله‌مان، به‌مه‌ش پارتى ڕووبه‌ڕووى گرفت ده‌بوویه‌وه‌.

,,

پارتى له‌ دواى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان، پلانى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان به‌بێ یه‌كێتیى یاسایى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كارابكاته‌وه‌، به‌ڵام ڕایگرت و ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى خولێكى دیكه‌ى دانوستاندن ده‌ستپێبكاته‌وه‌


یه‌كێتیى پلانى دوو ئیداره‌یى نییه‌، به‌ڵكو پلانى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ به‌شێك له‌و پۆستانه‌ وه‌رگرێته‌وه‌، كه‌ پارتى له‌سه‌ر حسابى یه‌كێتیى به‌شێكى دایه‌ گۆڕان، چونكه‌ پۆستى وه‌زاره‌تێك كه‌ هى یه‌كێتى بوو له‌ بنه‌ڕه‌تداو بۆئه‌وان دانرابوو، به‌ڵام پارتى له‌ به‌ر خاترى هاتنى گۆڕان بۆ دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مان دایه‌ ئه‌و حزبه‌.
پارتى له‌ دواى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان، پلانى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان به‌بێ یه‌كێتیى یاسایى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كارابكاته‌وه‌، به‌ڵام ڕایگرت و ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى خولێكى دیكه‌ى دانوستاندن ده‌ستپێبكاته‌وه‌.


نێچیرڤان بارزانى له‌ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا، له‌ هه‌رێمى كوردستان نه‌بووه‌و له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه‌ى ناوبراو، دواى سه‌ردانیكردنى بۆ لاى یه‌كێتیى، له‌ماوه‌ى دوو كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كه‌مدا، ئه‌گه‌رى زۆره‌ هه‌ردوولایه‌ن ڕێكبكه‌ون، هه‌ربۆیه‌ش خه‌ونى دوو ئیداره‌یى و به‌رده‌وامبوونى په‌یوه‌ندییه‌كان به‌م شێوه‌ى ئێستا ئه‌سته‌مه‌، ئه‌و دۆخه‌ له‌ماوه‌یه‌كى كورتدا تێپه‌رده‌بێت.

سەرتیپ وەیسی كەریم

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك