داعشەکان تەنیا دیل نین سندوقی ڕەشن

داعشەکان تەنیا دیل نین سندوقی ڕەشن

806 خوێندراوەتەوە

دوای ڕزگارکردنی ئەو جێیانەی کە داعش لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە داگیریکرد و خەلافەتەکەی ڕاگەیاند و لە ماوەی ئەم پێنج سالەی دواییەدا و لە دوایین مۆڵگەکانیان کە باغۆز لە باکوری سوریا بوو زیاتر لە  ١٠٠٠ چەتەی داعش و بەشێک لە ژنە داعشەکان و منداڵەکانیان کە زیاد لە نیوەیان لە وڵاتانی ئەوروپا و زۆربەیان لە ڕێی تورکیاوە خۆیان گەیاندۆتە سوریا بۆ پەیوەندی کردن بە ڕیزەکانی داعشەوە کە ئێستا لە دەست هێزەکانی سوریای دیموکراتیدان.

گفتوگۆیەکی چڕ و پڕ هەیە لەسەر ئەوەی کە چی لەو دیلانە بکرێت؟ تا ئەو ئاستەی کە سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ دەستوەردان بکات و داوا لە وڵاتانی ئەوروپا بکات کە بچن دیلەکان وەرگرنەوە و لە وڵاتەکانی خۆیان دادگاییان بکەن. یەکسەر ئه‌ڵمانیا، به‌ریتانیا و دانمارك رەتیان کردەوە کە داعشەکان ببنەوە لە وڵاتی خۆیان دادگاییان بکەن و ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتانە ماوەی چەند ڕۆژە هەراییەکی گەورەیان ناوەتەوە و لە دۆخی تاودانی نەتەوەپەرستی ناوخۆی وڵاتەکانیاندان بۆ ئەوەی کە لە دژی گەڕانەوەننەیان هەڵوێست نیشان بدەن و لە پەیتاش پاساو دێننەوە بۆ هەندێکیان کە مندالەکانیان لە سوریا لە دایک بوون و هەندێکیشیان تەنانەت دەستپێشخەریان کرد لە لێسەندنەوەی مافی هاوڵاتێتی لەو ئەندامانەی داعش کە لە دەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتیدان و بە ڕەگەز هاوڵاتانیانی ئەوروپین.

 

،،

دەستپێشخەرییەکی سەیر لە لایەن ئەرۆدغانەوە هات کە داعشەکانیان ڕادەست بکەن ئەوان دادگاییان دەکەن، یەکسەر هێزەکانی سوریای دیموکراتی و ئیدارەی ئەمەریکی و هێزەکانی ئەمەریکی سەر زەویش لە رۆژئاڤا ئەو دەستپێشخەرییەی تورکیایان ڕەتکردەوە.

 

دەستپێشخەرییەکی سەیر لە لایەن ئەرۆدغانەوە هات کە داعشەکانیان ڕادەست بکەن ئەوان دادگاییان دەکەن، یەکسەر هێزەکانی سوریای دیموکراتی و ئیدارەی ئەمەریکی و هێزەکانی ئەمەریکی سەر زەویش لە رۆژئاڤا ئەو دەستپێشخەرییەی تورکیایان ڕەتکردەوە.

هەندێ لە وڵاتەکانیش نەک هەر ڕەتی دەکەنەوە کە ئەندامانی داعشی وڵاتەکەی خۆیان وەرگرنەوە بەڵکو وڵاتێکی وەک ئەلمانیا رەتی دەکاتەوە کە بە فەرمی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاڤا بکەوێتە پەیوەندی بۆ ئەوەی کە گفتوگۆ لەسەر چارەنوسی داعشە دیلکراوەکان بکات.

میشێل مونته‌فه‌رینگ ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا بە فەرمی لەسەر ئەوە لێدوانیدا، بەڵام ئەو وڵاتە وێرای ئەوەی کە دەزانێت هێزەکانی سوریای دیموکراتی بە فەرمی لە بەرەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا قەڵاچۆکردنی داعشدا بەڵام ئەو داوایە ڕەت دەکاتەوە.

سویسرا داوا ده‌كات داعشەکان لە  سوریا و عێراق دادگه‌یی بكرێن. وه‌زیری دادی سویسرا كارین كێله‌ر-شوته‌ر پێی وایە کە گەڕاننەوەی ئەو داعشانە ژیانی خەڵک لە سویسرا دەخەنە مەترەسیەوە.

پرسیارە گەورەکە ئەوەیە کە دیلکردنی داعشەکان، دادگاییکردنیان و گەڕاننەوەیان بۆ ئەوەندە وڵاتانی ئەوروپایان خستۆتە دۆخی شڵەژاوی تا ئەو ئاستەی کە جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا خۆی بچێتە ڕۆژئاڤا بۆ ئەوەی ئەو دۆخە تاوتوێ بکات.

 

ئەم زانیاریانەی سەرەوە ئەو زانیاریانەن کە کەم زۆر، زۆر کەس دەیزانن بەڵام ئەوەی نازانرێت چیە؟. وا دیارە هەمان سیناریۆی بردنی هەزاران تەن دۆکۆمێنتی دوای شەڕی کەنداوی یەکەم لە عێراق و پرۆسەی دادگایی کردنی سەدام حسێن و لە پڕ بڕیاری لە سێدارەدانی دووبارە دەبێتەوە. ئەو داعشانەی کە لە دوای پرۆسەکانی ڕزگارکردنی جێدگە داگیرکراوەکان دیلکراون بەشێکیان لە ئاستی بەڕێوەبردنی ئەو هەرێمانەن کە لە ژێر دەستەڵاتیاندان بووە  لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا. ئەو هەرێمانە لە سوریا دەوڵەمەندترین هەرێمەکانی سوریان لە پەترۆڵ و مادەی دیکەی کانزایی کە بۆ وڵاتانی پیشەسازی زۆر گرنگن، بە تایبەت وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا. هێلی بازرگانی پەترۆڵ و لە نێوان تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا و بە تایبەتی ئەڵمانیا لەو بابەتان کە لە دادگاییکردنی داعشەکاندا دێنە بەر باس. مەسەلەی غرور لە لای گروپێکی عەقائیدی وەک داعش مەسەلەیەک نیە کە تەنیا بە بە دیلکەوتن و خۆبەدەستەوەدانەوە ڕاوەستن. ئەگەر داعشە دەستگیرکراوەکان لە دادگاییەکی نێودەوڵەتی بێلایەن ( کە من زۆر لەوە بە گومانم) دادگایی بکرێن .

,,

تورکیا زۆر هەوڵی دا کە ڕزگاریان بکات بۆ ئەوەی کە پەردە لەسەر نهێنیەکانی شەش ساڵی پەیوەندییان داپۆشێت و بە دوایین دەستپێشخەری هەمان شتی ویست بەڵام ئیدی تیر لە کەوان دەرچووە

ئەوە لە قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستەی کە بەسەریان هاتووە لە ئاست بەرخودانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی و رەتکردنەوەی وەرگرتنەوەیان لە لایەن وڵاتانی ئەوروپاوە، دان بە زۆر شتدا دەنێن کە پێدەچێت زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەتی ئەڵمانیا و لە سەروویانەوە تورکیا پێیان خۆش نەبێ بینبیستێت. تورکیا زۆر هەوڵی دا کە ڕزگاریان بکات بۆ ئەوەی کە پەردە لەسەر نهێنیەکانی شەش ساڵی پەیوەندییان داپۆشێت و بە دوایین دەستپێشخەری هەمان شتی ویست بەڵام ئیدی تیر لە کەوان دەرچووە. بیرمان نەچێت کە رۆژنامەوانی تورک جان دوندار هەر لە سەر بڵاوکردنەوەی بەڵگەی هاوکاری تورکیا و داعش و ناردنی کاروانی چەک بۆ داعش لە ڕۆژنامەی جمهوریەتدا ، سزای زیندانی بۆ بڕرایەوە و ناچار ما بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵبێت.

پێداگری هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە سەر سازکردنی دادگاییەکی نێودەولەتی بە بەشداری دەستەی دادی ڕۆژئاڤا و باکوری سوریا باشترین ڕێیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە. منداڵ و ژنەکان جگە لە قوربانییەک چ پێگەیەکی دیکەیان نیە کە پێویستی بە پرۆسەیەکی درێژتری چارەسەری هەیە. ئەوەش بابەتێکی ترە.

لە مەسەلەی دیلەکانی داعش، ئێستا تورکیا و ولاتانی ئەوروپا لەگەڵ دەرهاویشتەکانی ئەو سیاسەتەی کە تەنیا پەترۆڵ و پارە و بازرگانی واتە بەرژوەندی سیاسی و ئابوری بۆیان لە پێشە ڕووبەڕوون کە سیاسەتێکی نەگۆڕی ئەوروپایە و بۆ ئەوەش ئەو کیشوەرە لەگەڵ کێشەی گەورەی ویژدانی، ئەخلاقی سیاسی گەورە ڕووبەڕووە.

ئەو دیلانە وێرای ئەوەی کە بارێکی گرانە بەڵام ئیدارەی ڕۆژئاڤا زۆر بە باشی دەتوانێ سودی لێوەرگرێت وەک مەسەلەیەکی گوشار بۆ سەر وڵاتانێکی کە پشتیوانی لە هەلوێستی تورکیای هاوکاری سەرەکی داعش بووە.

نەجیبە قەرەداغی