رێگای گەیشتن بە كابینەی نۆیەم

رێگای گەیشتن بە كابینەی نۆیەم

211 خوێندراوەتەوە

فەرید ئەسەسەرد

سەرەڕای پێنج خولی دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، هێشتا هەواڵەكان بە ئاكامی خوازراو نەگەیشتوون. بە دڵنیاییەوە ئەم دۆخە دۆخێكی نموونەیی نیە، بەڵام دەبێ‌ دان بەوەشدا بنرێ‌ كە مەرج نییە پێكهێنانی كابینەی تازە هەموو جار بە ئاسانی بەڕێوە بچێ‌. 

 


ئەوە بۆ خۆی بەڵگەیە كە پێكهێنانی كابینەی چوارەمی ئەنگیلا مێركل لە ئەڵمانیا، شەش مانگی خایاند. كابینەی ئەم دواییەی سەعد حەریریش لە لوبنان پاش زیاتر لە هەشت مانگ لە دانوستان پێك هێنرا. لە هەندێ‌ هەلوومەرجدا دەبێ‌ دانوستانكاران پشوو درێژ بن بۆ ئەوەی بتوانن كابینەی تازە لەسەر بناغەیەكی پتەو پێك بهێنن.

 

،،

كابینەی تازە پێویستی بە پەیكەربەندكردنەوەی سیاسەتی گشتی و دام و دەزگا حكومییەكان هەیە كە ئەمەش دەبێ‌ پێشوەخت بە تێر و تەسەلی تاوتوێ‌ بكرێ‌ و رێككەوتنی لەسەر بكرێ‌. 


دروست نییە بەو جۆرە سەیری پێكهێنانی كابینە بكرێ‌ كە تەنها دابەش كردنی پۆستە وەزارییەكانە بەسەر لایەنە پێكهێنەرەكاندا. دیارە مەسەلەكە لەوە ئاڵۆزترە و پێویستی بە كۆششی زۆرترە. هەموو ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن لە پێكهێنانی كابینەی تازەدا مافی خۆیانە داوای بەشدارییەكی راستەقینە لە پرۆسەی دروست كردنی بڕیاری سیاسی و ئابووریدا بكەن و رۆڵێكی كارایان لە داڕشتنی سیاسەتە گشتییەكاندا هەبێ‌، هەروەك مافی خۆیانە گەرەنتی لەم رووەوە بەدەست بێنن بۆ ئەوەی هەڵە و كەموكوڕییەكانی كابینەی هەشتەم دووبارە نەبنەوە. 


دەبێ‌ سڵ لەوە نەكەینەوە كە هەڵسەنگاندنێكی رەخنەگرانەمان بۆ كابینەی پێشوو هەبێ‌ چونكە لایەنێكی سیاسیی بەشدار لە كابینەكە بە شێوەیەكی نایاسایی دوور خرایەوە و پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ پەك خرا، هەروەك كابینەی هەشتەم لە ناو هەموو كابینەكاندا تاكە كابینە بووە كە نەیتوانیوە موچەی فەرمانبەرەكانی بدات و بەدڵنیاییەوە لە دوای خۆی قەرزێكی زۆر بۆ كابینەی نۆیەم بەجێ‌ دێڵێ‌.كابینەی تازە پێویستی بە پەیكەربەندكردنەوەی سیاسەتی گشتی و دام و دەزگا حكومییەكان هەیە كە ئەمەش دەبێ‌ پێشوەخت بە تێر و تەسەلی تاوتوێ‌ بكرێ‌ و رێككەوتنی لەسەر بكرێ‌. 

،،

هێنانەدی كابینەیەكی بەهێز دەوەستێتە سەر ئەندازەی تەبایی لایەنە پێكهێنەرەكان

 
لایەنە پێكهێنەرەكان بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو پێكەوە وڵات بەڕێوە دەبەن و پێكەوە سیاسەتە گشتییەكان دادەڕێژن و پێكەوە جێبەجێی دەكەن، بۆیە دەبێ‌ هەم لەوە دڵنیا بن كە بەشداری راستەقینە دەبن لە لێپرسراوەتیدا هەم دەبێ‌ لەوە دڵنیا بكرێنەوە كە سیاسەتی پەیڕەوكراوی كابینەكە رەنگدانەوەی گیانی لێپرسراوەتیی هاوبەشی دەبێ‌ و داهاتەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر هەموو ناوچەكاندا دابەش دەكرێن. ئەمەش بەم واتایە دێت كە دەبێ‌ هەمووان رۆڵێكی راستەقینەیان لە داڕشتنی سیاسەتی پەرەپێداندا هەبێ‌ و هەموو دەسەڵاتەكان لە ناوەند چڕ نەكرێنەوە. 


بەدڵنیاییەوە زۆر گرنگە هەموو ناوچەكان بەشدار بن لە لێپرسراوەتیی هاوبەش لە بواری پەرەپێدان.هێنانەدی كابینەیەكی بەهێز دەوەستێتە سەر ئەندازەی تەبایی لایەنە پێكهێنەرەكان. جوگرافیای تەباییش تەنها هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران ناگرێتەوە، بەڵكو سەرتاسەری هەرێم و دەرەوەی هەرێمیش دەگرێتەوە، بە تایبەتی ناوچە جێناكۆكەكان. 

،،

رێگای كابینەی نۆیەم مینڕێژكراو نەكراوە، بەڵام تەگەرەی لەبەردەم دایە. ئەو تەگەرانە تەنها بە دەستەبەركردنی بەشدارییەكی راستەقینە لە دەسەڵات و بڕیار و بەڕێوەبردن و پەرەپێدان رادەماڵدرێن.

 
فراوان كردنی جوگرافیای تەبایی بە چەشنێك كە هەرێم و كەركوك و بەغدا بگرێتەوە، مەرجی سەرەكیی هاتنە دیی كابینەیەكی بەهێز و تۆكمەیە و لە هەمان كاتدا مەرجی سەرەكیی سەركەوتنی كابینەكەشە، بە تایبەتی كە ئەزموونی كابینەی هەشتەم نیشانی داوە كە كێشەی نێوان لایەنە پێكهێنەرەكان لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران سەر هەڵنادەن، بەڵكو لە دەرەوەی هۆڵەكە دروست دەبن، لە شەقامدا و لە ناو دامودەزگاكاندا، لە ناو سەندیكاكان و زانكۆكاندا، هەروەها لە كەركوك و بەغدا. 


پاشان سنووری جوگرافیی خۆیان دەبەزێنن و لە ناو هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران رەنگدانەوەیان دەبێ‌.ناتوانرێ‌ نكوڵی لەوە بكرێ‌ كە دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی تازە رەنگدانەوەی قەیرانی بێ‌ متمانەییە. بەڵام ئەگەر بە چاویلكەیەكی گەشبینەوە سەیری مەسەلەكە بكەین، دەتوانین وا لە دۆخەكە بڕوانین كە سەركەوتنی لایەنەكان لە گەیشتن بە فۆرمێكی گونجاو بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، خۆی لە خۆیدا و لە هەمان كاتدا دەرفەتێكە بۆ گێڕانەوەی متمانە و چەسپاندنی و رەواندنەوەی نیگەرانییەكان بۆ ئەوەی هەموو لایەنە بەشدارەكان پێكەوە لێپرسراوەتییەكە بە هاوبەشی بگرنە ئەستۆ.


رێگای كابینەی نۆیەم مینڕێژكراو نەكراوە، بەڵام تەگەرەی لەبەردەم دایە. ئەو تەگەرانە تەنها بە دەستەبەركردنی بەشدارییەكی راستەقینە لە دەسەڵات و بڕیار و بەڕێوەبردن و پەرەپێدان رادەماڵدرێن.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك