بۆچى نه‌وه‌ى نوێ وه‌كو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانى پێناكرێت؟

سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌ تونده‌كانى شاسوار عه‌بدولواحید

بۆچى نه‌وه‌ى نوێ وه‌كو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانى پێناكرێت؟

687 خوێندراوەتەوە
دوای رێككه‌وتنی سیاسی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ لێدوان‌و جوڵه‌یه‌كی سیاسی ده‌ست پێكردووه‌، كه‌ جیاواز له‌ ڕابردوو لێدوانه‌كانی دژی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی‌و  پارتی توندتر كردۆته‌وه‌، ئه‌م لێدوانانه‌ دوای رێكه‌وتنه‌كه‌ ئاماژه‌و مه‌به‌ستی زۆری تێدایه‌ كه‌ باكگراوه‌ندێكی سیاسی بۆ داهاتووی بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌خۆ ده‌گرێت.
 بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت بزانین شاسوار عه‌بدولواحید بۆچی له‌م كاته‌دا به‌ دیاری كراوی ئه‌م لێدوانه‌ توندانه‌ ده‌دات، به‌ ناراسته‌وخۆ چی به‌ گۆڕان‌و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ده‌ڵێت، ئایا نه‌وه‌ی نوێ ده‌بێته‌ به‌دیلی گۆڕان و ده‌توانێت جڵه‌وی شه‌قام بگرێته‌ ده‌ست؟
شاسوار عه‌بدولواحید وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی پۆپۆلیست به‌هۆی ناڕه‌زایی و كه‌موكورتیه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌ركه‌وت، چه‌ند ده‌م و چاوێكی نه‌ناسراوی باو كردو خستیه‌ بازاڕی سیاسیه‌وه‌، ئه‌و ده‌م و چاوانه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌زمونی سیاسیان نییه‌و هێشتا نه‌ناسراون، به‌ڵام به‌ سود وه‌رگرتن له‌ قه‌یرانی دارایی هاتنه‌ مه‌یدانی سیاسی و ده‌یانه‌وێت ببنه‌ به‌دیلی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ داهاتوودا خودی بزووتنه‌وه‌كه‌ گیرۆده‌ ده‌كات و ناتوانێت مامه‌ڵه‌یه‌كی دروستی له‌گه‌ڵ بكات.
شاسوار عه‌بدولواحید بۆ لێدوانه‌كانی توندن؟
لێدوانی سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ نه‌وه‌ی نوێ هێنده‌ی په‌یامێكه‌ بۆ جه‌ماوه‌ر و ئۆپۆزیسیۆنی رابردووی هه‌رێمی كوردستان، هێنده‌ په‌یامێك نییه‌ بۆ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكه‌ ئه‌م لێدوانانه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ رێكه‌وتنی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی گۆران و پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت كه‌  ئه‌مه‌ش واته‌ی كۆتایی هاتنی ئۆپۆزیسیۆن بوونی گۆڕان و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ جوڵانی شه‌قامه‌و نوێنه‌رایه‌تی نه‌كردنی به‌ره‌ی ناڕه‌زایی خه‌ڵكه‌، ئا له‌م كاته‌دا ده‌رفه‌تێكی باشه‌ بۆ سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ كه‌ خۆی بخاته‌ جێی گۆڕان و نوێنه‌رایه‌تی شه‌قامی ناڕه‌زایی بكات و بیه‌وێت شه‌قام بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی به‌كاربهێنێت، به‌ڵام ئایا نه‌وه‌ی نوێ ده‌توانێت ببێته‌ به‌دیلی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و شه‌قام بجوڵێنێت؟
,,

شاسوار عه‌بدولواحید ناتوانێت ببێته‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، چونكه‌ ئه‌و نه‌ خه‌باتی دوورو درێژی هه‌یه‌و نه‌ هێنده‌ی نه‌وشیروان مسته‌فاش سیاسیه‌و  ئاگاداری خاڵه‌ به‌هێزو لاوازه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌

بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ پێویسته‌ به‌راوردێكی وورد له‌ نێوان بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ و سه‌ركرده‌كانیان‌و هه‌روه‌ها  هه‌لومه‌رجی ئێستا و رابردووی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، كه‌ ئه‌مانه‌ن:
1. شاسوار عه‌بدولواحید ناتوانێت ببێته‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، چونكه‌ ئه‌و نه‌ خه‌باتی دوورو درێژی هه‌یه‌و نه‌ هێنده‌ی نه‌وشیروان مسته‌فاش سیاسیه‌و  ئاگاداری خاڵه‌ به‌هێزو لاوازه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ به‌ كارێزما ناوده‌هێنراو لای ده‌سه‌ڵاتیش سه‌نگێكی سیاسی زۆری هه‌بوو.
2. گۆڕان سودی له‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی جه‌ماوه‌ر وه‌رگرت و له‌ دوای 17ی شوباتی 2011 چووه‌ ناو جه‌ماوه‌ر، به‌ڵام پشتگوێ خستنی داواكاریه‌كانی شه‌قام و چونه‌ ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، گۆران نازانێت چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان و  ڕووداوه‌كانی 17ی شوبات بكات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بووه‌ ئه‌زمونێك كه‌ چیتر هیچ پارتێكی سیاسی ناتوانێت سود له‌ رقی هاوڵاتیان وه‌ربگرێت و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كاریان بهێنێته‌وه‌، باشترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆتایی مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2017 چه‌ند خۆپیشاندانێكی ناڕازیی ڕوویدا( كه‌ زیاتر خۆپیشاندانه‌كان كه‌سانی گه‌نج بوون و داواكاریه‌كی ڕوونیان نه‌بوو) ، هه‌ر زوو نه‌وه‌ی نوێ چووه‌ ناو ئه‌و خۆپیشاندانه‌وه‌، به‌ڵام نه‌یانتوانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و ناره‌زایه‌تیه‌ بكه‌ن و جه‌ماوه‌ریش له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌، كه‌ پارته‌ سیاسیه‌كان مه‌به‌ستیان به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌ نه‌ك  به‌رژه‌وه‌ندی و قوتی خه‌ڵكی، بۆیه‌ نه‌وه‌ی نوێ ناتوانێت  به‌ ئاسانی وه‌ك گۆڕان شه‌قام بجوڵێنێت.
,,

نه‌وه‌ی نوێ زیاتر له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ دروست بوو، راسته‌ به‌رنامه‌یه‌كی چه‌ند ساڵانه‌ی داناوه‌، به‌ڵام هێشتا روون نییه‌، ئۆپۆزسیۆنه‌ یان ده‌چێته‌ ناو ده‌سه‌ڵات، نه‌وه‌ی نوێ ئۆپۆزسیۆن بوون به‌واتای ئۆپۆزسیۆن و هه‌روه‌ها چونه‌ ده‌سه‌ڵاتیشه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

3. گۆڕان خاوه‌نی چه‌ندین سه‌ركرده‌ی دیاری سیاسی  وسه‌ربازی بوو، كه‌ له‌جوڵه‌ سیاسیه‌كاندا خاوه‌ن قسه‌ و حساب بۆ كراو بوون، به‌ڵام نه‌وه‌ی نوێ له‌مه‌شدا كه‌موكورتی زۆره‌.
4. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ به‌رنامه‌و ستراتیژیه‌تیه‌كی ڕوون و ئاشكراوه‌ دروست بوو، كه‌ خودی نه‌وشیروان مسته‌فا دایڕشتبوو، به‌ڵام نه‌وه‌ی نوێ زیاتر له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ دروست بوو، راسته‌ به‌رنامه‌یه‌كی چه‌ند ساڵانه‌ی داناوه‌، به‌ڵام هێشتا روون نییه‌، ئۆپۆزسیۆنه‌ یان ده‌چێته‌ ناو ده‌سه‌ڵات، نه‌وه‌ی نوێ ئۆپۆزسیۆن بوون به‌واتای ئۆپۆزسیۆن و هه‌روه‌ها چونه‌ ده‌سه‌ڵاتیشه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌، له‌م نێوه‌نده‌دا به‌رنامه‌یه‌كی نارۆشنی بۆ جه‌ماوه‌ر هه‌یه‌ و ته‌نها باس له‌ (خه‌ونی گه‌وره‌) ده‌كات، كه‌ هێشتا خودی جه‌ماوه‌ره‌كه‌شی نازانیت نه‌وه‌ی نوێ به‌رنامه‌ و پلانی چیه‌ بۆ ئه‌و خه‌ونه‌ گه‌ورانه‌؟!
 
بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری وه‌ك فۆڕمێكی نوێ سه‌ره‌تا له‌ ساڵی 1968 له‌  شۆرشی فه‌ره‌نساوه‌ سه‌ری هه‌ڵدا، له‌و كاته‌دا توانرا گۆڕانكاری گه‌وره‌ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا بێته‌دی، بۆیه‌ بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان سه‌ركه‌وتوو بوون له‌ هێنانه‌دی ئامانجه‌كانیان، ئه‌و كات نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ نه‌مسا بوو زۆر سودی له‌و فۆڕم و  شۆڕشه‌ ڕه‌نگاو  ڕه‌نگانه‌ وه‌رگرت كه‌ شۆرشی په‌مه‌یی و پرته‌قاڵی بوون كه‌ ئامانجی خۆیان هه‌بوو، ئه‌و ویستی ئه‌م فۆرم و شۆرشه‌ جه‌ماوه‌رییانه‌ له‌و وڵاتانه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ ئێره‌، به‌ڵام دوای سه‌رهه‌ڵدانی به‌هاری عه‌ره‌بی و سه‌رنه‌كه‌وتنی ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌و هه‌روه‌ها  كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌نگده‌ری گۆڕان، ده‌بینین ئه‌م بزوتنه‌وانه‌ بۆ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌مان ئه‌نجامیان نابێت و سه‌ركه‌وتوو نابن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌ستی پێده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ده‌یه‌وێت سود له‌ بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری وه‌ربگرێت.
 هه‌مان سیاسیه‌تی پێشووی گۆران دووباره‌ بكاته‌وه‌، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌م بزوتنه‌وانه‌ سه‌ركه‌وتوو نین، له‌ هه‌مان كاتیشدا ناتوانێت وه‌ك گۆڕان بێت كه‌ به‌ چه‌ند هۆكارێك له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێكرد، كه‌واته‌ داهاتووی سیاسی نه‌وه‌ی نوێ به‌ كوێ ده‌گات و گه‌ر حكومه‌ت چاكسازی كرد چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ده‌كات؟  ئه‌و كات چۆن دڵی خه‌ڵكی بۆ لای خۆی ڕاده‌كێشێت؟

 

author photo

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی

ئەزمونی پێنج ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی و وەرگێڕان